گۆپتەپە ، 500 شەهیدی كیمیاباران و ئەنفال ئێستاش پشتگوێ خراو ؟
Thursday, 22/04/2010, 12:00
بەم دروشمەو چەندین دروشمی هاوشێوەی دوێنێ دانیشتوانی دڵشكاوی گۆپتەپە لەباتی بەیانی باش لە ڕۆژێكی بەهاری كوردوستان ، بەبێزاری و دوای بێ هیوا بونیان لە ئیدارە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەت لە دابین نەكردنی سەرەتاییترین خزمەتگوزاری " ئاوی خواردنەوەی پاك ، جادە ، یاریگا " چەندین خزمەتگوزاری دیكە ، ڕویان لەشاری هەولێر كرد بۆ گەیاندنی داواكاری و سكاڵاكانیان بە پەرلەمانی كوردوستان ؟
ئاماجی ئەم سەردانە گەیاندنی پەیام و داواكاریەكانە پێش ئەوەی لە ڕۆژی 3-5 ئەمساڵیش وەك هەموو ساڵەكانی دیكە یادێكی تاڵی ڕوداوەكانی ساڵی 1988 بكەنەوە كە 500 شەهید و ئەنفال لەم گوندەو دەوروبەری بونە سوتماكی شۆڕشێك كە پەیامەكەی ڕێزگرتنە لە هەموو مرۆڤێكی كوردو خزمەتكردنیانە لە هەموو ڕویەكەوە نەك دوای گرتنە دەستی دەسەڵات هەموو ساڵێك لەیادی ئەو كارەساتەدا تەنها بە بەڵێنی بریقەدار و دانانی گوڵی پلاستیكی لەسەر مەزاری قوربانیەكان كەس و كارو نەوەكانی داهاتوی ئەم ناوچەیە هەڵخەڵەتێنرین دواتریش بێ بەش بكرێن لە سەرەتایی ترین خزمەتگوزاری ، بریندارەكان بە زامە قوڵەكانیانەوە بناڵێنن ، پیرەكان هەناسەساردو بێهیوا ، دایكان بەحەسرەتێكی قوڵ ، مناڵە هەتیوە بێنازەكانیش بێ بەش لە باخچە و یاری مناڵان و زەردەخەنە ، گەنجانیش وون .
گۆپتەپە و عەسكەر یەكێكن لە سومبولەكانی شۆڕشی مرۆڤ لەم وڵاتەدا ، لەبەرانبەر سەختترین و دڕندەترین دكتاتۆری جیهان و ڕژێمی بەعسدا بێ منەت بوون ، لەباتی چۆك دادان و خۆبەدەستوەدان ڕوبەڕوبونەوەو پاڵپشتی كردنی شۆڕشیان هەڵبژااد ، سوتان و كیمیاوی و ئەنفال و وێرانكردن نەبونە مایەی بێهیوا بوون و دوركەوتنەوە لە ژیان ویستی " شەرمەزای نیە " ئەو مرۆڤە مەزنانە بێ بەش بن لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری .
لەسەردانەكەی پەرلەماندا ، پێشوازی كران و چەندین بەڵێنی دیكەیان پێ درا ، بەتایبەتی لەلایەن هەموو لیستەكان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان ، بەڵام ئەوان وتیان تا جێبەجێكردنی بەڵێنەكان لەسەر داواكانیان سور ئەبن و لە جێبەجێنەبونیاندا پلانی دیكە بۆ خۆپشاندان ناڕەزایی وە چەندین چالاكی مەدەنی دیكە لە ئارادایە .
جوانترین لایەن لەو خۆپیشاندان و چالاكیەی گۆپتەپەدا ، بەشداری كردنی توێژەكانی " گەنجان لە كوڕان و كچان ، پیر ، كورتەباڵا ، مامۆستا ، قوتابی ، پارتی ، یەكیەتی ، گۆراَان ، ئەنجومەن ، وە تێپەڕاندنی سەرجەم جیاوازیەكان بوو لەپێناو بەردەوامی دان بە ژیان و ڕێزگرتن لە مرۆڤ ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست