خه‌ون یان مۆته‌که! دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق(1992 - 2002)-به‌شی شه‌شه‌م
Wednesday, 06/05/2009, 12:00
5ی 4 ی 95:
دانیشتنێکی تر. ره‌مه‌زانی سه‌رپه‌رشتی کۆبونه‌وه‌ی کرد. محه‌مه‌دی ئاماده نه‌بو. پارتی سورن له سه‌ر پێشمه‌رجه‌کانیان: چۆڵکردنی بێ قه‌ید و شه‌رتی هه‌ولێر. داوا ئه‌که‌ن چه‌کداری حیزبه‌کان پارێزگاری ماڵی مام جه‌لال و باره‌گاکانی م س و مه‌ڵبه‌ند و داووده‌زگاکانی یه‌کێتی بکه‌ن و ئاڵای ئه‌وانی له سه‌ر هه‌ڵ بکرێ.
*
6 ی 4 ی 95:
ئه‌م بروسکه‌یه‌م نارد بۆ مام جه‌لال: کۆبونه‌وه‌کان سودیان نه‌بو چونکه پارتی هه‌ر سوره له سه‌ر چۆڵکردنی هه‌ولێر له یه‌کێتی و هه‌مو هێزه‌کان به ماڵه‌که‌ی جه‌نابت و مه‌کته‌بی سیاسی و هه‌مو مه‌قه‌ڕه‌کانه‌وه. پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نی سێیه‌م حه‌راسه‌ت له مه‌قه‌رات و مه‌سئوله‌کان بگرێت. واته چه‌کداری موع و به‌ره. رازی نابن هیچ چه‌کدارێکی یه‌کێتی تێدا بمێنێ. تاکو ئێستا ئاماده نین باسی راگرتنی شه‌ڕ و گومرگ و پێکهێنانه‌وه‌ی حکومه‌ت بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر وا بڕوا گفتوگۆ به شکان ته‌واو ئه‌بێ.
*
له سه‌ر داوای حیزبه کوردیه‌کان بارزانی له رۆژی 7 ی 4 ه‌وه بۆ ماوه‌ی 15 رۆژ "هودنه" ی راگه‌یاندوه. بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وان بۆ ناوبژی تێ بکه‌ون. هودنه‌ی یه‌کلایه‌نه له لایه‌ن بارزانیه‌وه به ته‌نیا راگه‌یه‌نراوه نه‌ک له ئه‌نجامی رێکه‌وتنی هه‌ردولای شه‌ڕ له به‌ر ئه‌وه:
هه‌ر کات ویستی ئه‌توانێ هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه.
بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراوه که ته‌واو بو ئه‌توانێ په‌لاماری لاکه‌ی تر بدا.
چاودێریکه‌ری بێلایه‌ن له به‌ینا نیه هه‌ر لایه ئه‌توانێ پێشێلی بکا و تاوانی تێکدانه‌که‌ی بداته پاڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر.
"هودنه" وشه‌یه‌کی جیاوازه له "وقف اگلاق النار" ی عه‌ره‌بی و "ئاگربه‌ست" و "راگرتنی شه‌ڕ" ی کوردی. پێم وایه به ئه‌نقه‌ست به کار هێنراوه.
*
ناوبژیوان ئاگاداری کردین: نوێنه‌رانی پارتی پێیان وتون ئه‌وان بۆ "سوڵح" نه‌هاتون ئه‌بێ بۆ راوێژ به سه‌رکردایه‌تی خۆیان بچنه‌وه بۆ کوردستان گۆیا 3 رۆژیان پێ ئه‌چێ.
*
وه‌فدی تورکی چۆته سه‌لاحه‌دین مه‌سعود بارزانی‌یان دیوه داوای راگرتنی شه‌ڕیان کردوه. داوایان له مام جه‌لالیش کردوه بچێ بۆ هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی له گه‌ڵ بکه‌ن. نه‌یتوانیوه بچێ. پێشنیاریان کردوه تاڵه‌بانی و بارزانی بچن بۆ تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی ناوبژی‌یان له به‌ین دا بکه‌ن.
*
خانه‌خوێ پێشنیاری بۆ کردین تا نوێنه‌رانی پارتی له کوردستان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ تاران ئێمه که‌ڵک له‌و بۆشاییه وه‌ربگرین گه‌شتێ بۆ مه‌شهه‌د بکه‌ین.
به فڕۆکه چوین بۆ مه‌شهه‌د له ئوتێلی "ئه‌تره‌ک" دایان به‌زاندین. سه‌ردانی "ئاستانی قودسی ره‌چه‌وی" مان کرد. ئه‌مه دامه‌زراوێکی ئاینی هه‌مه لایه‌نه‌یه بۆ سه‌رپه‌رشتی وه‌قف و سه‌رمایه‌ی ئیمام ره‌زا. ئیمام ره‌زا نازناوی عه‌لی کوڕی موسایه و، هه‌شته‌مین ئیمامی شیعه‌ی 12 ئیمامیه. ئه‌م دامه‌زراوه له پاش ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌وڵه‌مه‌نترین دامه‌زراوی ئێرانیه. چه‌ندین کارگه و دامه‌زراوی فه‌رهه‌نگی، پیشه‌سازی، کشتوکاڵیی هه‌یه. له ناو مزگه‌وته‌که‌دا جگه له ئارامگه‌ی ئیمام ره‌زا موزه‌یه‌ک، زانستگایه‌ک، کتێبخانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی تێدایه. کتێبخانه‌که تازه نوێ کرا بوه‌وه. سیسته‌می کۆمپیوته‌ری تێ خراوه. ئێستا یه‌ک ملیۆن کتێبی تێدایه به ته‌مان بیکه‌ن به چوار ملیۆن.
له‌م سه‌فه‌ره‌دا سه‌ردانی ئارامگای فیرده‌وسی مان کرد. فیرده‌وسی دانه‌ری شاهنامه‌یه. عه‌ره‌ب شاهنامه‌ی به قورئانی عه‌جه‌م باس کردوه. لێکۆڵه‌ره‌وه‌کانی مێژوی ئێران فیرده‌وسی به باوکی بیری نه‌ته‌وایه‌تی ئێران دائه‌نێن. ئارامگه‌که شایسته‌ی فیرده‌وسی بو. "مه‌هدی ئیخوانپالپ" یه‌کێ له شاعیرانی نوێکه‌ره‌وه‌ی شیعری فارسی له ناو چیمه‌نێکی نزیکی فیرده‌وسی نێژراوه.
له کاتی زیاره‌تی ئارامگه‌ی ئیمام ره‌زا مه‌ولانا خالیدی شاره‌زوریم بیرکه‌وته‌وه. مه‌ولانا خالید له گه‌شته‌که‌ی دا بۆ شاری ده‌هلی له هندستان به مه‌شهه‌دا تێپه‌ڕیوه. له‌م سه‌فه‌ره‌دا چه‌ند قه‌سیده و غه‌زه‌لی هۆنیوه‌ته‌وه. له مه‌شهه‌د سه‌ردانی باره‌گای ئیمام ره‌زای کردوه. یه‌کێ له قه‌سیده درێژه‌کانی له ستایشی ئیمام ره‌زا و باره‌گاکه‌ی دا داناوه و "قگعه" یه‌کیشی بۆ ماڵئاوایی وتوه.
له ستایشه‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
این بارگاه کیست که از عرش برتر است
و زنور گنبدش همه عالم منور است
له خواحافیزی دا ئه‌ڵێ:
"خالد" بیا و عزم سفر زین مقام کن
بر روچه‌ی رچا ز دل و جان سلام کن
مه‌ولانا خالید له قه‌نده‌هار غه‌زه‌له شیرینه به‌ناوبانگه‌که‌ی هۆنیوه‌ته‌وه که له سه‌ره‌تاکه‌ی دا ئه‌ڵێ:
رۆژی جه‌ژنه من ته‌ریک و بێبه‌شی دیداری یار
خه‌ڵکی خوڕه‌م، من به خوڕه‌م ئاو له چاوم دێته خوار
گشت له گه‌شتی ده‌شته داوێن پڕ گوڵاڵه‌ی ئاڵ و سور
ئه‌شکی سوری، داخی دوری، ده‌وری کردمه لاله‌زار
مه‌ولانا شیعره‌که‌ی به فارسی داناوه. پیره‌مێرد کردویه‌تی به کوردی. سالم، له سه‌رده‌می خۆی دا، له رۆژگارێکی ده‌ربه‌ده‌ری دا فارسیه‌که‌ی "ته‌خمیس" کردوه. ئه‌م شیعره هه‌موی تاسه‌ی دوری نیشتمان و سۆزی خۆشه‌ویستی خه‌ڵک و داروبه‌ردی وڵاته‌که‌یه‌تی.
مه‌ولانا دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه کوردستان مه‌حمود پاشای بابان بۆ رێزلێنانی له سلێمانی مزگه‌وتێکی بۆ دروست کرد، که ئێستا به "خانه‌قای مه‌ولانا خالید" ناسراوه. مه‌ولانا به هۆی نائارامی هه‌لومه‌رجی کوردستانه‌وه دو جار سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت بۆ به‌غداد. جاری یه‌که‌م به رجا و تکای پاشای بابان و چه‌ند که‌سێکی تر گه‌ڕایه‌وه کوردستان. جاری دوه‌م که رۆیشت، ماوه‌یه‌ک له به‌غداد مایه‌وه، ئینجا به یه‌کجاری کۆچی کرد بۆ شام. له‌وێ جێگیر بو تا له 1242 ی کۆچی دا، له ته‌مه‌نی 51 ساڵی دا، به تاعون له ده‌ربه‌ده‌ری دا سه‌ری نایه‌وه. به‌شێکی گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قام به ناوی خانه‌قاکه‌ی مه‌ولاناوه پێی ئه‌ڵێن: "به‌رخانه‌قا". بنه‌ماڵه‌که‌ی ئێمه‌ش وه‌کو هه‌ندێ له بنه‌ماڵه کۆنه‌کانی سلێمانی له‌و زه‌مانه‌وه له به‌رخانه‌قا نیشته‌جێ بون.
له سه‌رده‌می شه‌ڕدا، حیزبی به‌عس بۆ جنێودان به "کۆمه‌ڵه" کابرایه‌کی نه‌ناسراوی به ناوی مه‌لا ئه‌حمه‌ده‌وه دۆزی بوه‌وه، له خانه‌قاکه‌ی ئه‌م پیاوه هه‌ڵکه‌وتوه‌ی کوردا به "خه‌تیب" ته‌عینی کرد بو. له دوای راپه‌ڕین پارتی ئه‌م کابرایه‌یان له شوێنه‌که‌ی خۆی دا هێشته‌وه بۆ جنێودان به یه‌کێتی و به من و، له گه‌ڵ ده‌سپێکردنی شه‌ڕی ناوخۆدا بردیان بۆ سه‌لاحه‌دین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو به‌شێ له شه‌ڕی راگه‌یاندن، جنێوه‌کانی به رادیۆ بڵاو بکه‌نه‌وه.
*
نوێنه‌رانی پارتی هاتنه‌وه بۆ تاران. ئه‌مجاره‌ش ئاماده نین روبه‌ڕو له گه‌ڵ ئێمه دابنیشن. لایه‌نی سێیه‌م ئاڵوگۆڕی قسه‌کان ئه‌که‌ن.
*
19 ی 4 ی 95:
محه‌مه‌دی پرۆژه‌یه‌کی هێنا بو بۆ لێدوان به‌نده سه‌ره‌کیه‌کانی بریتی بو له:
1. راگرتنی شه‌ڕ. راگرتنی هێرشی راگه‌یاندن. راگرتنی ئیجرائات دژی یه‌کتری.
(ماوه‌ی 3 رۆژ)
2. هێزه‌کانی هه‌ولێر به مه‌سافه‌یه‌کی مساوی له هه‌ولێر دور بخرێنه‌وه. به ئیتیفاقی هه‌ردولا هێزێکی هاوبه‌ش پارێزگاری ئاسایشی شار بکا. گیراوه‌کان به‌ر بدرێن.
(ماوه‌ی 7 رۆژ)
3. پارله‌مان بکه‌وێته کار. کابینه‌یه‌کی تازه بنکه‌یه‌کی فراوانی هه‌بێ به سه‌رۆکایه‌تی بێلایه‌نێک بکه‌وێته کار. گومرگ ته‌سلیم بکرێته‌وه.
(که‌متر له 1 مانگ)
4. له هه‌مو شوێنه‌کان ته‌تبیع بکرێ. هه‌مو کاره‌کان له رێگه‌ی حکومه‌تی مه‌رکه‌زیه‌وه بکرێ. هه‌ردولا باسی ته‌عاونی سیاسی و دانانی رێوشوێنی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن.
(به زوترین کات)
داوای لێ کردین بیروڕای خۆمان بڵێین.
*
20 ی 4 ی 95:
له گه‌ڵ محه‌مه‌دی کۆبوینه‌وه. هه‌ندێ ده‌سکاری که‌ممان پێشنیار کرد . به لایه‌وه په‌سند بو.
*
مام جه‌لال به ته‌له‌فۆن ئاگاداری کردین:
"وه‌فدی 17 حیزبی کوردستانی چونه‌ته لای بارزانی بۆ ناوبژی. بارزانی ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه بۆ: 1. درێژکردنه‌وه‌ی (هودنه) بۆ مانگێکی تر. 2. به‌ردانی دیل و گیراوه‌کانی هه‌ردولا. 3. راگرتنی شه‌ڕی راگه‌یاندن. 4. ده‌سهه‌ڵگرتن له ئازاردانی لایه‌نگرانی یه‌کتری. هه‌روه‌ها پێی وتون ئه‌و نایه‌وێ رێککه‌وتن له ئێران بکرێ. ئه‌یه‌وێ له کوردستان بێ."
"هه‌ر ئه‌مڕۆش له واشنتۆن نوێنه‌ری هه‌ردولایان بانگ کردوه ده‌رباره‌ی کاره‌کانی وه‌فدی هه‌ردولا له تاران داوای رونکردنه‌وه‌یان لێ کردون، نوێنه‌ری پارتی وتویه‌تی: "وه‌فدی ئێمه له تارانه بۆ پێوه‌ندی دوقۆڵی ئێران و پارتی نه‌ک بۆ گفتوگۆ له گه‌ڵ یه‌کێتی. هیچ رێککه‌وتنێ له تاران له گه‌ڵ یه‌کێتی ناکرێ."
تاڵه‌بانی به نوێنه‌رانی 17 حیزبه‌که‌ی وتوه: "موافیقه له سه‌ر هودنه و راگرتنی شه‌ڕی راگه‌یاندن و به‌ردانی گیراوه‌کانی هه‌ردولا به‌ڵام حیزبه کوردستانیه‌کان توانای چاودێری جێبه‌جێکردنی رێککه‌وتنه‌که‌یان نیه بۆیه ئێمه رێککه‌وتنمان له تاران پێ باشه به تایبه‌تی چونکه سابیقه‌مان هه‌یه."
*
21 ی 4 ی 95:
بارزانی بۆ ماوه‌ی 1 مانگ هودنه‌ی تازه کردۆته‌وه. ئه‌م راگه‌یاندنه‌ی بڵاو کردۆته‌وه:
"بۆ به پیره‌وه‌چونی داخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران، که له‌م پێناوه‌دا وه‌فدێکی سه‌رکردایه‌تی پارتیمانی له تاران پێشوازی کردوه، هه‌روه‌ها بۆ به پیره‌وه‌چونی کۆشش و ته‌قه‌لای دۆستانی دیکه‌ی گه‌لی کورد و بۆ رێزلێنان له کۆششی حیزبه کوردستانیه‌کان و هێزه نیشتمانپه‌روه‌ره‌کانی عیراق و زانایانی ئاینی و شه‌خسیاتی کۆمه‌ڵایه‌تی بڕیار درا که ئاگربه‌س له رۆژی 21 ی نیسانه‌وه درێژه‌ی پێ بدرێ تا 1 ی حوزه‌یرانی داهاتو.
ئومێده‌وارین به‌وه هه‌ل بڕه‌خسێت بۆ کۆتایی هاتن به داگیرکاری عه‌سکه‌ری‌یانه‌ی شاری هه‌ولێر و دوایی هێنان به‌و باره نائاساییه تا هه‌ولێر ببێته‌وه به پایته‌ختی پارله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم و ئاشتی ناوخۆ، تا ئه‌وه‌ش ببێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری گشت گرفته‌کان و ئاسایی بونه‌وه‌ی بار‌و دۆخی هه‌مو ناوچه‌کانی کوردستان. سه‌لاحه‌دین له 21 ی نیسانی 1995"
*
کاک مه‌سعود نایه‌وێ رێککه‌وتن له ئێران و به ناوبژی ئێران بێ، ناتوانێ زه‌ق و ره‌ق ناوبژی ئێرانی ره‌ت بکاته‌وه. ناشیه‌وێ دڵی ئه‌مه‌ریکا و تورکیا بڕه‌نجێنێ. له باتی ره‌تکردنه‌وه‌ی راسته‌وخۆی ناوبژی ئێرانی کۆسپی سه‌رنه‌گرتنی دائه‌نێ:
رێککه‌وتن هه‌ر ئه‌بێ له کوردستان بکرێ.
وه‌فده‌که‌یان له گه‌ڵ وه‌فدی یه‌کێتی روبه‌ڕو دانه‌نیشێ.
پێشمه‌رجی سه‌خت دابنێ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێتی قبوڵی نه‌کا.
وه‌فده‌که‌یان هه‌رچه‌ند رۆژ جارێک بۆ راوێژ له تارانه‌وه بانگ بکاته‌وه بۆ سه‌لاحه‌دین.
تاکتیکێکی زیره‌کانه‌یه بۆ په‌کخستنی "موباده‌ره" که‌ی ئێران.
*
مانه‌وه‌مان له تاران سودێکی نه‌مابو. گه‌ڕاینه‌وه بۆ کوردستان، به‌ڵام به ده‌ستی خاڵی.
*
24 ی 4 ی 95:
به سێ قۆڵی د فوئاد مه‌عسوم، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر و من، چوین بۆ سه‌ردانی مام جه‌لال ئه‌نجامی سه‌ردانه‌که‌مان گفتوگۆی خۆمان و نوێنه‌رایه‌تی ئێرانمان بۆ گێڕایه‌وه،
*
1 ی 5 ی 95:
ژماره‌ی ئه‌مڕۆی "کوردستانی نوێ" گفتوگۆیه‌کی تێروته‌سه‌لی له سه‌ر ئه‌نجامی گفتوگۆکانی تاران له گه‌ڵ فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، که ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی بو بۆ گفتوگۆ له گه‌ڵ ئێران و پارتی و، له هه‌مان کات دا سه‌رنوسه‌ری "کوردستانی نوێ" یه بڵاو کردۆته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست