له هاوخه‌باتیه‌وه بۆ ته‌خوین
Tuesday, 05/01/2010, 12:00
له رۆژانی 29-31/10/2009 دا یه‌کێتیی نیشتمانی له هۆڵی ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی به ئاماده‌بونی 1600 که‌س چواره‌مین پلینۆمی به‌ست. هه‌ندێ که‌س، چاوه‌ڕێی ئه‌وه بون له‌م پلینۆمه‌دا پلانی چاککردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی حیزبه‌که‌یان له گه‌ڵ خه‌ڵک دابنێن، به‌ڵام ده‌رکه‌وت پلینۆمه‌که بۆ مه‌به‌ستێکی تر رێک خرا بو.
پێشتر قسه‌کانی "فه‌خامه‌تی سه‌رۆکی کۆماری عیراق و به‌ڕێز سکرتێری گشتی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان" تاڵه‌بانی، كه له پلینۆم دا دژی من و هاوڕێكانم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دا كردبوی، به‌شێوه‌ی جیاواز به من گه‌یشتبو. هه‌ندێك له‌و قسانه له رۆژنامه‌كاندا بڵاوبونه‌وه و به‌ر گوێی زۆر كه‌س كه‌وت. به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی قسه‌كان به‌شێویه‌كی فه‌رمی بڵاونه‌كرانه‌وه، منیش وه‌ك شتێكی نه‌بو حسابم بۆ كردن و به توڕه‌بون و هه‌ڵچونێكی كاتیم له قه‌ڵه‌م دان كه پێویست نه‌كات وه‌ڵام بدرێنه‌وه. به‌ڵام ئێستا كه كۆی ئه‌و قسانه له هه‌مو ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیدا بڵاوكرانه‌وه ناچارم و به پێویستی ئه‌زانم وه‌ڵامی زۆری ئه‌و تۆمه‌تانه بده‌مه‌وه كه تاڵه‌بانی بۆ خودی خۆم و هاوڕێكانم له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ریزی كردوه.
لێره‌دا به راشکاوی ئه‌ڵێم: پێم ناخۆشه ئاستی په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا گه‌یشتۆته ئه‌م ئاسته‌ی وتوێژ كه هه‌ر هه‌موی تۆمه‌تباركردن و "ته‌خوین" ه. پێم ناخۆشه پاش 40 ساڵ له ته‌مه‌نی هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چیتر له ژێر چه‌تری یه‌ک رێكخراودا پێکه‌وه كار ناكه‌ین، به "زمانی ته‌خوین" قسه له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ین.
من نه تاڵه‌بانی و نه هیچ سه‌ركرده و نه هیچ سیاسیه‌كی كوردم به خائین و دژی كوردستان و به "كلكگرێدان له‌گه‌ڵ جاش و به‌عسیه‌كاندا" تاوانبار نه‌کردوه وه‌ك ئێستا تاڵه‌بانی من و هاوڕێكانمی پێ تاوانبار ئه‌كات. ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌مانه ئه‌وه‌یه سیاسه‌تی تاڵه‌بانیمان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حیزب و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات پێ راست نه‌بوه و پێ دروست نیه. بڕوامان وایه ئه‌م سیاسه‌ته نابێته هۆی به‌دیهێنانی ئه‌و دروشمه سه‌ره‌كیانه‌ی هه‌زاران رۆڵه‌ی كورد خۆیان له‌پێناویدا کرده قوربانی که ئه‌ویش: "دروستبونی وڵاتێكی دیموكرات و دادپه‌روه‌ر و ئازاد كه كه‌رامه‌تی هه‌مو هاوڵاتیانی تیا پارێزراو بێت."
ئێمه سیاسه‌تی تاڵه‌بانیمان پێ راست نیه و چه‌وته. به‌ڵام نه به خائین و نه به دوژمنی خۆمان و نه به به‌كرێگیراو و نه به ده‌ستی ده‌ره‌كی ئه‌زانین. که‌چی ئه‌و ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند كورسیه‌كی په‌رله‌مانی به ئێمه دۆڕاندوه، پێ له 40 ساڵ هاوخه‌باتی و هاوسه‌نگه‌ری ئه‌نێت و وه‌ك دوژمن و ناحه‌زی كوردستان وه‌سفمان ئه‌كات. چونكه ئه‌و قسانه‌ی تاڵه‌بانی له پلینۆم دا له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خودی خۆم کردویه‌تی سنوره‌كانی ره‌خنه‌ی سیاسی به‌زاندوه و سه‌رئه‌كێشێ بۆ تۆمه‌تباركردنێكی سه‌رتاسه‌ری كه ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌كێكیشیان راست بێ، هه‌ڵسوڕاوانی بزوتنه‌وه‌كه و لایه‌نگرانی په‌لكێشی دادگا ئه‌كات و ره‌نگه روبه‌روی حوكمی له سێداره‌دانیشیان بكاته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه تاڵه‌بانی كه‌سێكی ئاسایی نیه و ناكرێت قسه‌كانی بێ وه‌ڵامدانه‌وه بڕۆن، ناچارم لێره‌دا وه‌ڵامی هێڵه گشتیه‌کانی ئه‌و تۆمه‌تانه بده‌مه‌وه كه له راپۆرته‌كه‌ی پلینۆم دا بۆ خۆم و هاورێكانمی هۆنیوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌رچی تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا روداوه‌کانی زیاتر له 30 ساڵی به تێکه‌ڵوپێکه‌ڵی گێڕاوه‌ته‌وه که وه‌ڵامدانه‌وه‌ی لێدوانی زۆر زیاتری هه‌ڵئه‌گرت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه درێژتر نه‌بێ هه‌ڵم گرت بۆ کاتی خۆی.
#
ئه‌شی کوژێ و بۆیشی ئه‌گری
تاڵه‌بانی له‌راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
"له‌ناو خۆشمان‌دا، بێ ئاگادارى سكرتێرى گشتى و نیوه‌ى (م.س)و ناوه‌ندى كۆمه‌ڵه‌ش، بڕیارى كوشتنى خه‌ڵكى له‌شارو له‌لادێ ده‌رده‌كرد. ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆیه‌كى گه‌وره‌ى ناكۆكى ئێمه‌مانان له‌گه‌ل هێڵى نه‌وشیروان له‌ساڵى (1981)هوهلهناو كۆمه‌ڵه‌دا. تا كار گه‌یشته ئه‌و راده‌یه‌ى هه‌ڕه‌شه‌مان كرد بهبهجێهێشتنى ولات ئه‌گه‌ر كوشتار له‌شارو له‌لادێ رانه‌وه‌ستێت، هه‌رچه‌نده، سه‌ره‌تا ئه‌نجامدانى ئه‌و تاوانانه‌و گه‌لـێ بڕیارى ترمان لـێ ده‌شاردرایه‌وه، به‌لام سه‌ره‌نجام، دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م، له‌رێگه‌ى به‌رپرسانى گه‌وره‌ى ناو شاره‌وه، راستیه‌كانمان هه‌موو زانى و چیكهفڕوفێل دادى نه‌ده‌دا. ئه‌م راستیانه‌ش واى لێكردین بتوانین دوا سنوور بۆ پاكتاوى جه‌سته‌یى ناڕه‌وا دابنێین! ئه‌مه یه‌كه‌مین ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى ناڕاسته‌وخۆى گرنگى نێومان بوو، له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وانى توندوتیژى."
#
له سه‌ره‌تاوه ئه‌ڵێم: من وه‌کو هه‌ندێ که‌س نامه‌وێ پاکانه‌ی درۆ بکه‌م!
له‌ساڵی 1975 ه‌وه که، له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی و ئه‌ندامانی تری ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتیی نیشتمانی، ده‌ستمان کرد به‌دانانی رێوشوێنی خه‌باتی سیاسی - چه‌کدار و، له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش دا هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی کورد، من وه‌کو یه‌کێ له به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه، له‌ساڵی 1975 ه‌وه تا ساڵی 1991 که به راپه‌ڕین کۆتایی هاتوه، به‌ئه‌ندازه‌ی مه‌سئولیه‌تی خۆم لهجوڵانهوهکهدا، ئۆباڵی ئه‌ده‌بی و ئه‌خلاقی و سیاسی هه‌مو روداوه‌کانی شۆڕشه‌که و، هه‌مو ئه‌وانه‌ی که له ئه‌نجامی ئه‌م شۆڕشه‌دا کوژراون یا زه‌ره‌رمه‌ند بون، له هه‌ر لایه‌ک بوبن، له ریزه‌کانی یه‌کێتی دا بوبن، یان له ریزه‌کانی لایه‌نه‌کانی تری شۆڕشی کوردا بوبن، یان هاوڵاتی ئاسایی بوبن، یان له ریزه‌کانی حکومه‌تی عیراق دا بوبن، هه‌ڵئه‌گرم و، له‌به‌رده‌م که‌سوکاری ئه‌وانه‌دا و، له‌به‌رده‌م دادگای مێژوی نه‌ته‌وه‌که‌م دا و، له‌به‌رده‌م دادگای خوای گه‌وره‌دا ئاماده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌م.
ئه‌بو هه‌ر که‌سێ ئه‌و قسه‌یه‌ی بکردایه تاڵه‌بانی قسه‌ی وای نه‌کردایه!
ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی من و چه‌ند که‌سێکی که تاوانبار بکات به کوشتنی چه‌ند که‌سێ له شار و له لادێکانی کوردستان دا، ئه‌ی کێ به‌رپرسه له کوشتنی سه‌دان هه‌زار کورد که به درێژایی ساڵانی 1961 1975 و 1975 1991 و 1991- 2001 کوژراون؟
#
کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه: کێ به‌رپرسه من یا سه‌دام؟
تاڵه‌بانی له راپۆرته‌که‌ی دا ئه‌ڵێ:
"له‌ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه سیاسى و فكرییهدا، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى تاقیكردنه‌وه‌ى زۆرمان له‌گه‌ل سهدامییهكاندا هه‌بوو، به تایبه‌تى سیاسه‌تى سه‌دام له جه‌نگى عێراق- ئێران‌دا، سروشتى فاشیانه‌ى رژێم ئاشكرا ده‌ركه‌وتبوو، ده‌ریش كه‌وتبوو كه ئه‌م فاشیستانه له هیچ تاوانێك نهدهسڵهمینهوه، مفاوهزاتهكهشمان له‌گه‌ل رژێم ساڵێك بوو به‌هۆى شۆڤێنیه‌تى به‌عسى سه‌دامى و ته‌كنه‌لۆژیاى جه‌نگی و فشاره ئیقلیمیهكه، شكستى خواردبوو، ئه‌و هه‌موو راستیانهمان ده‌زانى، بۆیه ده‌بوو ژیرانه‌تر ههڵبسوڕێین و كه‌مترین پاساو بده‌ینه ده‌ست فاشیه‌كان، كه‌چى له‌و كاته‌دا، نه‌ك نه‌مانتوانى جیاوازیه‌كان و هه‌ڵه‌كان سه‌باره‌ت به سكرتێرى كۆمه‌ڵه كه‌مبكرێنه‌وه، به‌ڵكو ناوبراو ناكۆكیه‌كانى له مه‌یدانى سیاسهتو فكره‌وه، گه‌یانده ئاستێكى ترسناك، ئه‌ویش بوارى عه‌سكه‌رییه، بڕیارى ههرهمهترسیداریش له‌و كاته‌دا، ئه‌وه بوو به‌بێ ره‌زامه‌ندى سكرتێرى گشتى، كه فه‌رمانده‌ى گشتى هێزى (پ.م)ش بوو، به‌ڵكو به‌بێ ره‌زامه‌ندى زۆربه‌ى مه‌كته‌بى سیاسی و سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیش، فه‌رمانى عه‌سكه‌رى دابوو به فه‌رمانده‌و هه‌ڤالانى ده‌ڤه‌رى هه‌ڵه‌بجه، كه وه‌كو به‌شێك له هاوكێشه عهسكهرییهكانى جه‌نگى عێراق ئێران هه‌وڵى رزگاركردنى هه‌ڵه‌بجه بده‌ن. گوایه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى گوشار بوو بۆ سه‌ر سه‌ركردایه‌تى كه رژێم په‌لامارى ده‌دا. ئه‌م بڕیاره‌ش به‌و شێوه‌یه، به‌بێ لێكدانه‌وه‌ى هه‌لومه‌رجى جهنگهكهو سروشتى فاشیانه‌ى سه‌دامیه‌كان له دوو ساڵى كۆتایى جه‌نگه‌كه‌دا، پاساوى دایه ده‌ست سه‌دام كه سروشته فاشیهكهى به‌رۆژى روناك، به‌بێ دوودڵیى له شارى هه‌ڵه‌بجه‌دا جێبه‌جێ بكات. كه ئه‌گه‌ر هاتباو ئه‌م نه‌خشه‌یه له مه‌كته‌بى سیاسی و له‌گه‌ڵ سكرتێر‌و فه‌رمانده‌ى گشتی (پ.م)دا، باسكراباو تاوتوێ بكرایه، بێگومان رێگه نه‌ده‌درا رێگه‌ى وا بگیرێته به‌ر. به‌ڵكو هه‌ول ده‌درا نه‌خشه‌و تاكتیكى عه‌سكه‌رى گونجاوتر له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بگیرێته به‌ر. به تایبه‌تى حكومه‌ت پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ى بۆ ناردبوین كه هه‌ر په‌لامارێك له‌گه‌ل پاسداران بۆ سه‌ر هه‌ر شوێنێك، به به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاوى جوابى ده‌بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر شارى سلێمانیش بێت. سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌م راستیانه‌ش، ئۆباڵى تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رانسه‌رى كوردستان، له ئه‌ستۆى به‌عسى سهدامدایه.
كه كاره‌ساته‌كه روویداو حوكمى دیكتاتۆرى هه‌ڵه‌بجه‌ى دایه به‌ر چه‌كى كیمیاوى، ناڕه‌زایى له‌سه‌ر سه‌پاندنى بڕیاره‌كه، كه به‌بێ ره‌زامه‌ندى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌ركرابوو، له‌لایه‌ن چه‌ندین هه‌ڤاڵه‌وه به‌رزبۆوه. به‌لام تازه كار له كار ترازابوو."
#
له‌مێژه وتویانه سه‌ركه‌وتن هه‌زار باوكی هه‌یه به‌ڵام شكان هه‌تیوه.
تاڵه‌بانی له‌مێژ بو گه‌یشتبوه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی رژێمی به‌عس له عێراق ئه‌وه‌نده به‌هێز بوه كه موعاره‌زه‌ی عیراقی، به کورد و بهئهویشهوه، له توانایدا نیه بیرۆخێنێ. باوه‌ڕی وابو روخانی رژێمی سه‌دام به "عامیلی خاریجی" و به "هێزی ده‌ره‌کی" ئه‌كرێت. هه‌ر بۆیه بایه‌خێكی تایبه‌تی ئه‌دا به سوریا‌و لیبیا به هیوای سازدانی ئینقیلابی عه‌سکه‌ری. كه له‌وان بێ ئومێد بو په‌نای برده به‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران كه ئه‌و کاته له‌گه‌ڵ جه‌یشی عێراق، له جه‌نگێكی خوێناویه‌وه گلا بو، به‌شکو به هاوكاری جه‌نگی و سیاسی ئیران، عێراق بروخێ.
له چوارچێوه‌ی ئه‌م ستراتیجیه‌دا هێشتا مفاوه‌زاتی یه‌کیتی به ته‌واوی له‌گه‌ڵ عێراق کۆتایی نه‌ها تبو، له هه‌وڵی دامه‌زراندنی پێوه‌ندی دا بو له‌گه‌ڵ ئێران.
دوای چه‌ندین هاتوچوی نوێنه‌رانی هه‌ردولا و، دوای چه‌ندین هه‌ڵکشان و داکشان له دانوستانه‌کانی نوێنه‌رانی هه‌ردولادا زه‌مینه‌ی پێکهاتن ساز بو. تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ شاندێکی یه‌کێتی که پێک هات بو له فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، دکتۆر که‌مال خۆشناو، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، شێردڵ حه‌وێزی... چوه تاران.
له‌مانگی 10 ی 1986 دا له‌تاران، به نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی له لایه‌ن تاڵه‌بانی و به نوێنه‌رایه‌تی ئێران له لایه‌ن محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در (فه‌رمانده‌ی ئه‌وسای قه‌رارگای ره‌مه‌زان) رێککه‌وتنێکی جه‌نگی و سیاسی و لۆجستی بۆ هاوکاری و هاوئاهه‌نگی هێزه‌کانی هه‌ردولا دژی جه‌یشی عێراق له هه‌مو بواره‌کان دا ئیمزا كرا.
به پێی ئه‌م رێكه‌وتنه ئه‌بو هێزه‌كانی یه‌كێتی له هه‌مو بوارێكی جه‌نگی دا، هاوكاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێران بكا و، تا روخانی سه‌دام درێژه به شه‌ڕ بدا و بێ ئاگادرای ئێران و ره‌زامه‌ندی ئه‌و هیچ مفاوه‌زه‌و ئاشتیه‌ک له‌گه‌ڵ عیراق نه‌کا.
دوای ئه‌م رێککه‌وتنه زنجیره‌یه‌ک عه‌مه‌لیاتی عه‌سکه‌ری هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی و لایه‌نه‌کانی تر له‌گه‌ڵ سپای پاسداران به ئاشکرا له ژێر ناوه‌کانی "فه‌تح" و "نه‌سر" و "فه‌جر" ... ده‌ستی پێ کرد‌و به‌دوی ئه‌ویش دا ده‌یان عه‌مه‌لیاتی تر ئه‌نجام درا، که‌یه‌کێکیان "داستانی رزگاری" بو له ناوچه‌ی چوارتا نزیک باره‌گاکانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، که له ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی خودی تاڵه‌بانی دا بو، به هاوکاری و هاوئاهه‌نگی راسته‌وخۆ له گه‌ڵ محه‌مه‌د باقیر زولقه‌در، دواتر سه‌رۆکی ستادی سپای پاسداران، و عه‌لی شه‌مه‌خانی، دواتر فه‌رمانده‌ی نیروی ده‌ریایی ئینجا وه‌زیری دیفاع.
هه‌ر هاوكاری‌و هاوئاهه‌نگیه‌ك له نێوان من یان هه‌ر سه‌ركرده یان فه‌رمانده یا پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئیران كرابێ، به پێی ئه‌م رێكه‌وتنه بوه، كه ئاغای تاڵه‌بانی ئیمزای كرد بو. پاکانه به بیانوی بێئاگاییه‌وه له‌م عه‌مه‌لیاته، له لێپرسراوێتی سیاسی و قانونی ئه‌و که‌م ناکاته‌وه، هیشتا سه‌دان که‌س له ئاگاداره‌کانی ئه‌و په‌یوه‌ندی و هاوکارییانه شایه‌تی زیندون و، پاکانه‌ش بۆ سه‌دام و رژێمی به‌عس، به بیانوی ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی پێشه‌کییان لێ کردوه، هیچ له لێپرسراوێتی سه‌دام و هاوڕێکانی که‌م ناکاته‌وه، ئه‌وه دادگای تاوانه‌کان له به‌غداد خه‌ریکی لێپرسینه‌وه‌یه.
پێش هه‌ڵه‌بجه له چه‌ندین مه‌یدانی جه‌نگیدا له پارێزگاكانی سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ولێر، دیاله... كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران كرابو،ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه كه به وێرانكردنی هه‌ڵه‌بجه و قڕکردنی خه‌ڵکه‌که‌ی ته‌واو بو به‌شێك بو له نه‌خشه‌یه‌كی جه‌نگیی فراوان بۆ ئازادكردنی ناوچه‌کانی هه‌ڵه‌بجه، قه‌ڵادزه، رانیه، دوكان‌و چوارتا... كاتێك كه ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه له ئه‌نجامی كیمیابارن دا بو به كاره‌سات، واز له جێبه‌جێكردنی ته‌واوی نه‌خشه‌كه هێنرا.
پێش هه‌ڵه‌بجه حكومه‌تی به‌عس که‌م جێگه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه هه‌بو کیمیابارانی نه‌کردبێ، چه‌ندین ناوچه‌ی له خۆشناوه‌تی، بیتوێن، پشده‌ر، به‌ری مه‌رگه، دۆڵی جافه‌تی، به‌ری قه‌ره‌داغ، بادینان، ده‌شتی كۆیه، ده‌شتی كه‌ركوك... كیمیاباران كردبو. حكومه‌تی به‌عس ته‌نیا به ته‌سلیمبون و کۆتاییهێنان به شۆڕش ده‌ستی له كیمیاباران هه‌ڵئه‌گرت، به تایبه‌تی له سایه‌ی بێده‌نگی ئهمهریكاو زلهێزه‌كانی دنیادا.
ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی تاڵه‌بانی باسی ئه‌كات ئه‌گه‌ر به‌و گه‌یشتبێت، به من نه‌گه‌یشتوه، چونکه ئه‌و زه‌مانه به‌عس هیچ رێگه په‌یوه‌ندیه‌كی له‌گه‌ڵ من نه‌بو تا ئه‌و هه‌واڵه‌م پێ بگه‌یه‌نێ، ئاغای تاڵه‌بانیش شتی وای به ئێمه نهوتبو.. ئۆباڵی گوێنه‌دان به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه، ئه‌گه‌ر راست بێ، له ئه‌ستۆی ئه‌ودایه.
پێویست ناكات له سه‌ر كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه درێژه‌ی پێ بده‌م، چونكه خوالێخۆشبو شه‌وكه‌تی حاجی موشیر كتێبێكی له ژێر سه‌رناوی "کاره‌ساتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه - به‌هاری 1988" له سه‌ر نوسیوه و ساڵی 1998 له‌سه‌ر ئه‌ركی تاڵه‌بانی له سلێمانی چاپی كردوه.
هه‌ركه‌س ئه‌و كتێبه بخوێنێته‌وه ئه‌زانی كه:
فه‌رمانده‌ی عه‌سکه‌ری عه‌مه‌لیاته‌كه شه‌وكه‌تی حاجی مشیر بوه و،
لێپرسراوی سیاسی عه‌مه‌لیاته‌که دكتۆر فوئاد مه‌عسوم و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بون و،
لێپرسراوی لۆجستی عه‌مه‌لیاته‌که ساڵح محه‌مه‌د ئه‌مین بوه.
یه‌کێ له‌و به‌ڵگانه‌ی له‌م کتێبه‌دا بڵاو کراوه‌ته‌وه وێنه‌ی نامه‌یه‌کی فوئاد مه‌عسومه بۆ شه‌وکه‌ت که تیا نوسیوه: "هومێدی سه‌رکه‌وتنت بۆ ده‌که‌م له کاره پیرۆزه‌که" دا که ناڕاستیی هه‌مو قسه‌کانی تاڵه‌بانی ئه‌سه‌لمێنێ.
ئه‌و زه‌مانه مه‌كته‌بی سیاسی پێكهاتبو له 5 ئه‌ندام: سكرتێری گشتی، دو نوێنه‌ری شۆڕشگێران - كه فوئاد مه‌عسوم و نازم عومه‌ر بون و، دو نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه - كه یه‌كێكیان من‌و ئه‌ویتریان فه‌ره‌یدون بو.
عه‌مه‌لیاتی وا گه‌وره كه سه‌دان فه‌رمانده و بهرپرسو چه‌ندین لایه‌نی سیاسی كوردستانی‌و عێراقی (پارتی، سوشیالیست، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، فه‌یله‌قی به‌در) ی تێدا به‌شدار بێت، باره‌گای چه‌ندین لایه‌نی سیاسی ئێرانی (له‌وانه دیموكرات‌و كۆمه‌ڵه) بکه‌وێته به‌ر مه‌ترسی، نه‌ئه‌كرا بێ ئاگاداری‌و ره‌زامه‌ندی سه‌ركردایه‌تی یهكێتیو به تایبه‌تی شه‌خسی تاڵه‌بانی ئه‌نجام بدرێت. خۆ بێئاگاكردنی ئاغای تاڵه‌بانی له‌و مه‌سه‌له‌یه چه‌واشه‌كاریه‌كی ئاشكرایه له‌به‌رده‌م ته‌وژمی روداوه‌كاندا خۆی ناگرێت.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه ئێمه به دڵی شکاو و ده‌رونی برینداره‌وه باسی ئه‌وه‌مان ئه‌كرد چۆن هه‌وڵی "ئازادكردنی هه‌ڵه‌بجه" بو به "كاره‌ساتێكی ئینسانی"، ئاغای تاڵه‌بانی بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ئه‌یوت: "کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه مه‌سه‌له‌ی كوردی برده ناو مه‌یدانی ناودهوڵهتیهوه... ئاخ بۆ دووسێ هه‌ڵه‌بجه‌ی تر".
بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی وتاره‌که تکایه کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه بکه:
http://www.sbeiy.com/ku/Article_Detail.aspx?ArticleID=2561&AuthorID=36
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست