کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌ون یان مۆته‌که‌! دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق(1992 - 2002)-به‌شی پێنجه‌م

Wednesday, 06/05/2009, 12:00


خولی دوه‌م: (26/3 22/4/95)
11 ی 1 ی 95:
به‌ پێی ئه‌و بروسکانه‌ی له‌م دوسێ رۆژه‌دا پێم گه‌یشتون:
نێچیروان بارزانی چۆته‌ ئێران سه‌رکردایه‌تی هێرشی هێزه‌کانی پارتی بکا بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی یه‌کێتی له‌ سنوری سلێمانی.
فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر چۆته‌ تاران بۆ ئه‌وه‌ی ئیرانیه‌کان قانع بکا له‌ شه‌ڕی یه‌کێتی و پارتی دا بێلایه‌ن بن و ده‌وری ئیجابی بگێڕن له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی دا.
شه‌هلایی، به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئێران هاتۆته‌ کوردستان له‌ نێوان مام جه‌لال و کاک مه‌سعود دا هاتوچۆی مه‌کۆکی ئه‌کا بۆ ئه‌وه‌ی: یه‌کێتی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی به‌ سه‌رۆکایه‌تی به‌نده‌ و پارتی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی به‌ سه‌رۆکایه‌تی نێچیروان بنێرن بۆ تاران. پێشمه‌رجی ئێران، له‌ زمانی شه‌هلاییه‌وه‌، بۆ راگرتنی شه‌ڕی ناو کوردستان راگرتنی په‌خشی رادیۆی دیمۆکراته‌.
حیزبی دیمۆکرات ئاماده‌ نیه‌ گوێ له‌ یه‌کێتی بگرێ. نه‌ چالاکی چه‌کدار رائه‌گرێ و نه‌ په‌خشی رادیۆکه‌ی رائه‌وه‌ستێنێ.
نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریکا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هه‌ردولا، مام جه‌لال و کاک مه‌سعود، کردوه‌ که‌ نابێ ناوبژی ئێران قبوڵ بکه‌ن، ئه‌گینا ئه‌وان ده‌س له‌ پاراستنی کورد به‌ر ئه‌ده‌ن.
دیمه‌نی سیاسی ئه‌م رۆژانه‌ی کوردستان له‌ تابلویه‌کی سوریالی ئه‌چێ!
*

1-2 ی 2 ی 95:
کۆسره‌ت، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌و له‌ هه‌ولێره‌ و من له‌ سلێمانی، ئه‌مڕۆ نامه‌یه‌کی بۆ نوسیوم، ئه‌ڵێ:
"به‌ ره‌ئی ئێمه‌:
1. پارتی به‌ پشتیوانی ئێران ئیدامه‌ به‌ شه‌ڕه‌که‌ ئه‌دات هه‌روه‌هاش عه‌لاقه‌شیان هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ عیراق بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان باشه‌ جه‌نابتان بچن بۆ ئێران هه‌م بۆ وه‌زعی ئیقتیسادی و هه‌م ده‌رگایه‌کیشمان هه‌بێ.
پارتیش ناتوانێ هه‌نده‌ ئیبتیزازمان بکات له‌ سه‌ر گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل.
له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مو کوردستانیش دایه‌ ئێمه‌ ده‌رگایه‌کمان هه‌بێ ئه‌م حه‌ساره‌ له‌ سه‌ر سۆران وا به‌رده‌وام بێ شه‌ڕیشمان نه‌که‌ن هه‌ر ناتوانین بژین.
2. سیاسه‌تی خیارات المفتوحه‌ به‌ کار بهێنین بۆ هه‌مو لایه‌ک.
3. جه‌بهه‌کانیش قایم بکه‌ین له‌ دیفاع دابین تاکو جه‌نابتان له‌ سه‌فه‌ره‌که‌تان دا مۆفه‌ق ئه‌بن هیچ حه‌مله‌یه‌ک نه‌که‌ین.
چه‌ندی زو له‌ گه‌ڵ ئێران ئیتیفاق بکه‌ین چاکه‌."
*

10 ی 2 ی 95:
به‌ پێی هه‌واڵێکی ژماره‌ی ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌ی "الحیاه" ی له‌نده‌نی، ده‌یڤید له‌یت، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی سه‌روی خه‌لیج له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا، له‌ کۆڕێک دا له‌ سه‌ر هه‌لومه‌رجی کوردستان له‌ "دامه‌زراوی واشنتۆن بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نزیک" دا، هۆشیاری داوه‌ به‌ هه‌ردو حیزب که‌ ناوبژی ئێرانی قبوڵ نه‌که‌ن چونکه‌ "ئێران لایه‌نێکی بێلایه‌ن و پاک نیه‌... ئامانجه‌کانی به‌ هیچ جۆرێ له‌ گه‌ڵ ئامانجی عیراقیه‌کان یا ئامانجی حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی ناگونجێ."
ده‌ڤید له‌یت له‌ رۆژانی 24-27 ی کانونی دوه‌می ئه‌مساڵ دا سه‌ردانی کوردستانی کرد و، سه‌رانی موع و یه‌کێتی و پارتی دی. منیش له‌ کۆیه‌ له‌ گه‌ڵی دانیشتم. له‌ دانیشتنه‌کانی دا هه‌ڕه‌شه‌ی کردوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ درێژه‌ بکێشێ یا ناوبژی ئێرانی قبوڵ بکرێ، ئه‌وان ده‌س له‌ پاراستنی کورد هه‌ڵئه‌گرن، واز له‌ "پرۆڤاید کۆمفۆرت" ئه‌هێنن، کورد بۆ سه‌دام به‌ جێ ئه‌هێڵن!
*

19 ی 2 ی 95:
ئه‌مڕۆش کۆسره‌ت دیسان نامه‌یه‌کی تری بۆ ناردوم به‌ هه‌مان ناوه‌رۆکی نامه‌ی پێشو ‌نوسیوێتی:
"ئه‌م نامه‌یه‌ تاریخه‌ بۆ جه‌نابتان ئه‌نوسم چونکه‌ دو مانگه‌ هاوار ئه‌که‌م که‌س به‌ قسه‌م ناکات ئه‌ویش بێ ته‌ره‌فکردنی ئێرانه‌ ئێستاکه‌ش مه‌جال ماوه‌ تکایه‌ تکایه‌ مام جه‌لال به‌ دیمۆکرات بڵێ ئیزگه‌که‌ دابخه‌ن.
دواجار ئه‌شکێین هیچمان پێ ناکرێ نه‌تیجه‌ موهیمه‌ له‌ هه‌مو شتێک دا.
جاشی تورکیا موهاجیره‌کان داخل یان کردوه‌.
ئێران ته‌داخول بکات میزانه‌که‌ ئه‌گۆڕدرێت بۆیه‌ پێویسته‌ تاکو کاتمان له‌ ده‌ست ماوه‌ عیلاجێک بکه‌ین.
مه‌سعود به‌ قسه‌ی ئێران ئه‌کات به‌ قسه‌ی ئه‌مه‌ریکا ناکات دوێنێ به‌و ئه‌مریکیه‌ی له‌ گه‌ڵ د. ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی بو قسه‌م کرد ئه‌ویش ره‌ئی وا بو مه‌سعود به‌ قسه‌ی ئه‌مریکا ناکات به‌ قسه‌ی ئێران ئه‌کات.
ئه‌وجا خۆت نامه‌یه‌ک بۆ مام جه‌لال بنوسه‌ و ئاگاداری دیمۆکرات بکه‌ن ئیزگه‌که‌ دابخه‌ن و کاک فه‌ره‌یدون له‌ تارانه‌ له‌ گه‌ڵ نێچیروان و ئازاد به‌رواری به‌ هۆی ئێرانه‌وه‌ ئه‌توانن کۆبونه‌وه‌یان پێ بکه‌ن.
ئه‌م نامه‌یه‌ بۆ مێژو بۆتانم نوسی چونکه‌ پێش 20 رۆژ نامه‌یه‌کی له‌م بابه‌ته‌ بۆ جه‌نابی مام جه‌لال نوسی دیار بو به‌ کورتبین حسابی کردین له‌ کۆبونه‌وه‌ی م س گوتی تۆ هه‌ر به‌ر لوتت ئه‌بینی باشه‌ با جه‌بهه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌مۆ و پێنجوین و قه‌ڵادزێ مان لێ بکه‌نه‌وه‌ حاڵمان چی ئه‌بێ و دیمۆکرات چیمان بۆ ئه‌کات. بزانم ئه‌و کاته‌ش ئه‌مریکا ته‌عامول له‌ گه‌ڵ ئه‌مری واقیع ئه‌کات یان نه‌و. ئه‌مریکا هیچ عه‌لاقه‌ی نیه‌ به‌ ی ن ک و پ د ک هه‌ده‌فی سه‌دامه‌. پارتی له‌ کوردستان بێ یه‌کێتی له‌ کوردستان بێ عه‌لاقه‌ی نیه‌.
باشه‌ ئه‌مریکا با پاره‌مان بداتێ خۆ ئه‌توانێ.
به‌ هه‌رحاڵ قسه‌ زۆره‌ مه‌سه‌له‌کان هه‌ر عه‌سکه‌ری نیه‌ ئه‌گه‌ر عامیلی ئێرانی و تورکی تێدا نه‌بێ پارتی ئه‌و هێز و حیزبه‌ نیه‌ بتوانێ شه‌ڕی ی ن ک بکات به‌ڵام به‌ پشتیوانی ئێران و تورکیا میزانه‌که‌ ئه‌گۆڕن."
*
11 ی 3 ی 95:
جه‌عفه‌ری سه‌حرارودی، نێردراوی ئێران بۆ گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی گه‌یشتۆته‌ کوردستان. پێشنیار ئه‌کا نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردولا بۆ گفتوگۆی ئاشتی به‌ چاودێری ئێران بچن بۆ تاران.
ئێران که‌وتۆته‌ به‌ینه‌وه‌ ئه‌یه‌وێ رێکخستنه‌وه‌ی پێوه‌ندی یه‌کێتی و پارتی خۆی رێکی بخاته‌وه‌ ئه‌م کاره‌ له‌ ده‌س ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیز و تورک ده‌ر بهێنێ.
ئه‌مه‌ریکا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ توندی دژی ناوبژیوانی ئێران بو. ئاگاداری هه‌ردولایان کرد بو که‌ نابێ قبوڵی بکه‌ن، به‌هانه‌یان ئه‌وه‌ بو ئێران بێلایه‌ن نیه‌ و پلانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ خۆ تێ هه‌ڵقورتان له‌ کاروباری کوردستان.
تورکیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ دژی ناوبژی ئێرانیه‌. پێی وایه‌ نفوزی ئێران له‌ کوردستان دا به‌هێز ئه‌کا.
*
ته‌جروبه‌ی رابوردو سه‌لماندویه‌تی که‌ رێککه‌وتنی کوردی کوردی ئه‌گه‌ر هێزێکی ده‌ره‌کی له‌ پشت نه‌بێ، یا چاودێری جێبه‌جێکردنی نه‌کا، سه‌رناگرێ. یه‌کێتی و پارتی چه‌ند ساڵ شه‌ڕیان بو نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ پێکهاتن تا ئێران تێکه‌وت هه‌ردولای له‌ تاران کۆکرده‌وه‌ رێککه‌وتنێکی پێ ئیمزا کردن (تشرینی یه‌که‌می 1986). ئه‌و ئاشتیه‌ له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتی دا درێژه‌ی کێشا تا هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئه‌مجاره‌.
*
20 ی 3 ی 95:
رۆژێ پێش نه‌ورۆز 35 هه‌زار سه‌ربازی تورکیا به‌ پشتیوانی فڕۆکه‌ و تۆپ و زرێپۆش به‌ درێژایی 220 کیلۆمه‌تر بۆ راونان و له‌ ناوبردنی بنکه‌کانی پ ک ک له‌ سنوری کوردستانی عیراق تورکیا له‌شکرکێشیان ده‌س پێ کردوه‌.
پێش هێرشه‌که‌یان هێزه‌که‌یان له‌ سیلۆپی به‌ ئاشکرا مۆڵ دا بو.
کاک مه‌سعود سه‌ردانی سیلۆپی کرد و له‌ گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ جه‌نه‌راڵه‌کانیان کۆبۆته‌وه‌.
*
21 ی 3 ی 95:
ئه‌مڕۆ نه‌ورۆزه‌. ئه‌م به‌یانیه‌ پارتی هێرشی کردۆته‌ سه‌ر پێنجوین گرتویه‌تی.
*
23 ی 3 ی 95:
ئه‌مڕۆ گه‌یشتینه‌ کرماشان.
نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی: د فوئاد مه‌عسوم، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، شێخ محه‌مه‌دی شاکه‌لی، موحسین عه‌لی ئه‌کبه‌ر و، من.
نوێنه‌رایه‌تی پارتی وه‌کو ناوبژیوانی ئیرانی ئه‌ڵێ پێک هاتوه‌ له‌: نێچیروان بارزانی، سامی عه‌بدوڕه‌حمان، بروسک شاوه‌یس، ئازاد به‌رواری.
*
24 ی 3 ی 95:
له‌ کرماشان ماینه‌وه‌.
*
25 ی 3 ی 95:
گه‌یشتینه‌ فڕۆکه‌خانه‌ی میهراباد له‌ تاران.
دو رۆژه‌ له‌ پێنجوین شه‌ڕه‌. ئێواره‌که‌ی یاوه‌ره‌که‌مان داوای لێ کردین داوا له‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بکه‌ین شه‌ڕ رابگرن گۆیا پارتی ئاماده‌یه‌ شه‌ڕ رابگرێ.
*
26 ی 3 ی 95:
شه‌وی رابوردو تا به‌یانی له‌ پێنجوین شه‌ڕ بوه‌ یه‌کێتی خه‌ریکی ده‌رکردنی هێزه‌کانی پارتیه‌ له‌ پێنجوین. پارتی شکاوه‌ چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌کیان کوژراوه‌. هه‌ڵاتون بۆ ناو ئێران.
ئه‌مڕۆ یه‌که‌م دانیشتن له‌ گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی ده‌ستی پێ کرد.
نوێنه‌ری ئێران له‌ قسه‌کانی دا چه‌ند بابه‌تێکی دیاریکراوی باس کرد:
ئێران ئه‌یه‌وێ بارودۆخی دراوسێکانی ئارام بێ.
هه‌ردولا، یه‌كیتی و پارتی، دۆستی ئێرانن کوژرانی هێزه‌کانیان به‌ قازانجی دوژمنه‌.
ئه‌گه‌ر کێشه‌ی زدی ئینقیلاب نه‌بێ ئێران نایه‌وێ پشێوی "ئیختیشاش" له‌ سه‌روی عیراق دا هه‌بێ.
ئێران له‌ پارتی دا مه‌سعود بارزانی و له‌ یه‌کێتی دا جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌ناسێ. ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌رچی بکه‌ن ئێران هه‌ر ئه‌وان به‌ لێپرسراو ئه‌زانێ.
ئێران قبوڵ ناکا لایه‌ک لایه‌که‌ی تر "حژف" بکا.
جارێکی تریش ئه‌وه‌ی دوباره‌ کرده‌وه‌، که‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌ی داڵده‌دانی زدی ئینقیلاب نه‌بێ، ئێران ده‌س وه‌ر ناداته‌ کاروباری ناوخۆی کوردستان و خۆیان هه‌ر شێوه‌یه‌کی حوکمڕانی حکومه‌تی کوردی یا فیدراڵی هه‌ڵئه‌بژێرن، ئه‌وان دژی ناوه‌ستن.
ئه‌گه‌ر بێته‌ سه‌ر پارچه‌ پارچه‌ کردن ئه‌وسا ئێران ره‌ئی خۆی هه‌یه‌
دوای راپه‌ڕین یه‌کێتی خۆی بارگه‌وبنه‌ی له‌ ئێران پێچایه‌وه‌. ئێران له‌ هه‌ڵبژاردن دا یارمه‌تی دان و، داوای لێ کردن په‌یوه‌ندی باشتر بکه‌ن.
دوای سپاسی میوانداری ئێمه‌ پێخۆشحاڵی خۆمان ده‌ربڕی بۆ ناوبژیوانیی ئێران. پێمان وتن هیچ مه‌رجێکی پێشه‌کی مان نیه‌ بۆ گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ پارتی. ئاماده‌ین بۆ باس و چاره‌سه‌رکردنی هه‌مو ناکۆکیه‌کان.
پاشماوه‌ی کاتی دانیشتن باسی له‌شکرکێشی تورک و رێگای روخانی رژیم کرا.
مام جه‌لال، وه‌کو داوامان کردبو، له‌ سه‌عات 7 ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 26 ی مانگه‌وه‌ فه‌رمانی راگرتنی شه‌ڕی له‌ هه‌مو مه‌یدانه‌کان دا ده‌رکرد. نازانین کاک مه‌سعود و پارتی هه‌مان شتیان کردوه‌ یا نه‌!
*
27 ی 3 ی 95:
سه‌عات 4.5 به‌یانی پارتی له‌ قۆڵه‌کانی: سێبه‌ردان، شاوه‌یس، کانی قرژاڵه‌، به‌حرکه‌، هێرشی کردۆته‌ سه‌ر هه‌ولێر. تۆپبارانی شار و ئۆردوگاکانی کردوه‌. هێرشه‌که‌ شکێنراوه‌. فاقه‌ مه‌خموری، یه‌کێ له‌ فه‌رمانده‌ ناسراوه‌کانی پێشمه‌رگه‌کانی هه‌ولێر، کوژراوه‌. دیاره‌ پارتی پابه‌ندی ئاگربڕه‌که‌ نه‌بوه‌،
عه‌سره‌که‌ی له‌ گه‌ڵ ئاغامحه‌مه‌دی دانیشتین باسه‌کان له‌ ده‌وری دو بابه‌ت ئه‌خولایه‌وه‌: ناوبژی ئێران له‌ نێوان ینک و پدک و، رێگای روخانی رژیم.
*
28 ی 3 ی 95:
کۆبونه‌وه‌ درێژه‌ی پێ درا.
نوێنه‌رایه‌تی ئێران پێک هاتوه‌ له‌: عه‌لی ئاغامحه‌مه‌دی، موجته‌با تورابی له‌ (ستادی فه‌رمانده‌یی کول)، هاشمی له‌ وه‌زاره‌تی ئیتیلاعات، ره‌مه‌زانی له‌ نه‌یروی قودس، مه‌حمود ره‌حیمی له‌ قه‌رارگای ره‌مه‌زان.
*
29 ی 3 ی 95:
کۆبونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌مان ده‌سته‌ درێژه‌ی پێ درا. باسه‌کان:
پێوه‌ندی دوقۆڵی و یارمه‌تیدانی گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش
زدی ئینقیلاب
حزوری بێگانه‌ له‌ کوردستان
هه‌ڵوێست له‌ رژیمی عیراق
*
پارتی هێرشی کردۆته‌ سه‌ر کانی قرژاڵه‌، که‌ ده‌روازه‌ی داگیرکردنی هه‌ولێره‌، شکاوه‌. غازی فه‌یسه‌ل، یه‌كێ له‌ فه‌رمانده‌کانی یه‌کێتی، بریندار بوه‌ له‌ سه‌ر مردنه‌. له‌وه‌تی ئێمه‌ گه‌یشتوینه‌ته‌ تاران پارتی 3 هێرشی گه‌وره‌ی کردوه‌ جارێک بۆ سه‌ر پێنجوین و دو جار بۆ سه‌ر هه‌ولێر. هه‌ر سێ جار شکاوه‌.
*
نێچیروان به‌ بیانوی کاری پێویسته‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ کوردستان. ناوبژیوان گفتوگۆکانی دواخست تا ئه‌و ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌. خانه‌خوێ پێشنیاری کرد له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌شتێ بۆ ئه‌سفه‌هان بکه‌ین.
*
1 ی 4 ی 95:
به‌ فڕۆکه‌ چوین بۆ ئه‌سفه‌هان له‌ "میهمانسه‌رای عه‌باسی" دایان به‌زاندین.
ئه‌سفه‌هان پایته‌ختی هه‌ندێ له‌ شاهه‌کانی سه‌فه‌وی بوه‌. شا عه‌باسی که‌بیر له‌وێوه‌ حوکمڕانی کردوه‌. ئێرانیه‌کان ئه‌وه‌نده‌ به‌م شاره‌وه‌ نازیون وتویانه‌: "اێفهان نێف جهان" واته‌ ئه‌سفه‌هان نیوه‌ی دنیایه‌. ئێرانی شانازیه‌کی زۆر ئه‌کا به‌ رابوردوی وڵاته‌که‌یه‌وه‌. پیاو که‌ ئێران ئه‌بینی هه‌ق ئه‌دا به‌ ئێرانی شانازی به‌ رابوردوی خۆیانه‌وه‌ بکه‌ن. سه‌ردانی پرده‌کانی خواجه‌ و 32 پول و دو کۆشک و چوار مزگه‌وتمان کرد. یه‌کێ له‌ کۆشکه‌کان هی شاعه‌باس بو. نه‌خشه‌ی هه‌ندێ له‌م شوێنانه‌ به‌هادینی عامیلی کێشاوێتی که‌ زانه‌یه‌کی شیعه‌ی لوبنانی بوه‌.
*
ئه‌بێ ئه‌مڕۆ وه‌فدی پارتی بگه‌ن: نێچێروان بارزانی، سامی عه‌بدوڕه‌حمان، ئازاد به‌رواری، بروسک شاوه‌یس.
*
2 ی 4 ی 95:
پاشنیوه‌ڕۆ به‌ فڕۆکه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ تاران.
ئه‌مڕۆ رێکه‌وتی سیانزه‌ به‌ده‌ره‌. خه‌ڵکی شاره‌کان که‌س له‌ ماڵ نامێنێ بۆ سه‌یران ئه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کان. ئێمه‌ چوین بۆ سه‌ردانی مزگه‌وته‌ کۆنه‌کان.
دو که‌س له‌ سه‌رانی موع ئێستا له‌ تارانن:
‎د محه‌مه‌د به‌حره‌لعلوم، ئه‌ندامی سه‌رۆکایه‌تی موع، له‌ کوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ تارانه‌. ئێواره‌که‌ی هات بۆ سه‌ردانمان نائومێد بو له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان.
هانی فکێکی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی راپه‌راندنی موع،‌ چه‌ند رۆژێکه‌ له‌ له‌نده‌نه‌وه‌ هاتۆته‌ تاران به‌ نیازی سه‌ردانی کوردستان. دوێنێ به‌یانی ئازاد به‌رواری، سامی عه‌بدوڕه‌حمان و بروسک شاوه‌یسی دیوه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌و بینینه‌ ئومێدێکی به‌ ئاشتی نه‌بو.
17 حیزبی کوردستانی عیراق، پێکه‌وه‌ یادداشتێکیان داوه‌ به‌ یه‌کێتی ناڕه‌زایی ده‌رئه‌بڕن له‌ سه‌ر داخستنی رادیۆی دیمۆکرات. داوایان کردوه‌ رێ بدرێ رادیۆکه‌یان سه‌رله‌نوێ بکه‌وێته‌وه‌ کار. له‌ ناو ئه‌م حیزبانه‌دا هه‌ن ئاگاداری و ده‌نگوباسی نه‌یارانی ئێران، به‌ تایبه‌تی دیمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌، کۆ ئه‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌یده‌ن به‌ ئێران و له‌ ناویان دا هه‌یه‌ که‌ لێکۆلینه‌وه‌ی پۆلیس و دادگا ساخی کردۆته‌وه‌ ده‌ستیان له‌ کوشتنی کادره‌کانیان دا هه‌بوه‌ و هێرشی چه‌کداریان کردونه‌ته‌ سه‌ر. که‌چی ئێستا بۆ پرۆپاگانده‌ی سیاسی بونه‌ته‌ پارێزه‌ری ئه‌وان.
ئێواره‌ ره‌حیمی و عیبادی هاتن وتیان رادیۆی دیمۆکرات که‌وتۆته‌وه‌ قسه‌.
*
3 ی 4 ی 95:
پاشنیوه‌ڕۆ سه‌ردانی سه‌ید محه‌مه‌د باقیر حه‌کیم، سه‌رۆکی مه‌جلیسی ئه‌علای سه‌وره‌ی ئیسلامی‌مان کرد.
ئێواره‌که‌ی له‌ گه‌ڵ محه‌مه‌دی کۆبوینه‌وه‌. 5 سه‌عاتی خایاند.
پارتی ئاماده‌ نیه‌ له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ روبه‌ڕو دابنیشێ. لایه‌نی سێیه‌م قسه‌کانی ئێمه‌ و ئه‌وان ئاڵوگۆڕ ئه‌که‌ن.
*
4 ی 4 ی 95:
له‌ گه‌ڵ محه‌مه‌دی و هه‌یئه‌ته‌که‌یان دانیشتین.
چه‌ند بیروڕایه‌کمان ئاماده‌ کرد بو ده‌رباره‌ی: راگرتنی شه‌ڕ، چه‌کداماڵینی هه‌ولێر، داهاتی حکومه‌ت، پێکهێنانه‌وه‌ی حکومه‌تی هاوبه‌ش، بۆ محه‌مه‌دی مان باس کرد.
*

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە