بەیاننامەیەك لە (ڕێكخراوی ڕا بۆ پرسە نەتەوەییەكان) لە بارەی تۆپبارانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
Wednesday, 26/08/2009, 12:00
بۆ بەڕێزان/ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
ماوەیەكە تۆپخانەكانى سوپاى ئێران تۆپبارانى خەڵكی بێ گوناهی گوند و ئاواییەكانى ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و بە دەیان لە هاووڵاتیانی كوردی ئاوارە و دەربەدەر كردووە و زەرەرێكی زۆری گیانی و ماددیشی بە دوای خۆیدا بەجێهێشتووە، لە بەرانبەریشدا تەواوی بڕیاربەدەست و دەسەڵاتەكانی عێراقی فیدراڵی بێ هەڵوێستن لە بەرانبەر ئاوارەبوون و شەهیدبوون و زەرەری خەڵكی كوردستان.
ئێمە وەكوو ڕێكخراوی ڕا بۆ پرسە نەتەوەییەكان لە كاتێكدا ئەو تۆپباران و كارە دڕندانەیەى كۆماری ئیسلامی ئێران مەحكووم دەكەین، هاوكات داوا لە لایەنە ناوهێندراوەكان دەكەین كە بە جددی هەوڵ بدەن بۆ ڕێگرتن لەو پەلامارە ناڕەواییانەى كۆماری ئیسلامی ئێران و بە هانای ئەو خەڵكە لێقەوماوەوە بچن، لە كاتێكدا كە سەدا حەفتا و هەشتى خەڵكی كوردستان دەنگیان بە پەرلەمان و سەرۆكایەتى هەرێم داوە، پێویستە سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمان كە نوێنەرى راستەقینەى خەڵكن ، وەكو خاوەنی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان بێنە دەست، هاوكات خەڵكی بێنازی سەر سنوورەكانی ئەو وڵاتەش جگە لەو ناوهێندراوانەی سەرەوە كەسێكی دیكەیان نییە كە بە هانایانەوە بچێت، لە حاڵەتی بە دەنگ نەهاتن و بێهەڵوێستی دەسەڵاتەكانی ئەم وڵاتەش، ئەوا مانای بە كەمزانینی هاووڵاتییان كوردە لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان.
ئێمە وەكوو ڕێكخراوی ڕا پێمان وایە كە پێویستە دەسەڵاتی هەرێم، بە هەر رێگەیەك بێت سنوورێك بۆ ئەو پەلامارانەى ئێران دابنێت، چونكە باجەكەى لە ئێستا قورستر نابێت و دووپاتیشی دەكەینەوە كە هەموو شێوازێكی دیموكراسی دەگرینە بەر بۆ ئەوەی كە دەسەڵات ناچار بكەین بە قسە بێت و هەڵوێست لەو كارە بێمانا و فاشیستیانەی دەسەڵاتی ئێران وەربگرێت.
ڕێكخراوی ڕا بۆ پرسە نەتەوەییەكان
هەولێر ــ 25/8/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست