پرۆفیسۆر عبدولحەمید بەرزنجى خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێر وەسف دەكات
Sunday, 06/03/2011, 12:00
دواى رووداوى 17ى شوباتى شارى سلێمانى و پێشئەوەى زانكۆى سەلاحەدین لە لایەن پاراستنى پارتیەوە دابخرێت، راگرى كۆلیژى ئەدەبیات لە زانكۆى سەلاحەددین، د.عبدالحمید بەرزنجى لە جیاتى وانەوتنەوە دەستى كرد بە باسكردنى بارودۆخى ئێستاى هەرێمى كوردستان و هەڵسەنگاندنى هەلومەرجى ووڵات لە ژێر رۆشنایى سیاسەتى پارتى.
دكتۆر عبدولحەمید بەرزنجى واى پیشاندەدا ئەم رستانەى لە سۆنگەى دلسۆزٍیەتى بۆ ئەزموونى كوردى و نەشڵەزانى بارودۆخەكەو دەیەوێت خوێندكارانى زانكۆ هۆشیاربكاتەوە بۆ ئەوەى هەست بە بەرپرسیاریەتى بكەن بەرامبەر ئەزموونەكە! جەنابى دكتۆر كت و ٍمت وەك حیزبەكەى بیر دەكاتەوەو خۆپیشاندەرانى گەنجانى سلێمانی بۆ داواكردنى مافەكانیان بە گێرەشێوێنى وەسف دەكرد و بەدەستى دەرەكى و كودەتا لێكدەدایەوە.
بەهەرحال ئەگەر وایە ئێمە سوپاسى هەلوێستى دەكەین و كەسمان خوازیارى ئەوەنین ئەم ئەزمونە لەبار بچێت، چونكە میللەتى كورد باجێكى زۆرى بۆ ئاوەدانكردنەوەى داوە و هەموومان كەم تا زۆر بەشێوەیەك لە شێوەكان لەرووى ماددى و بەشەرییەوە قوربانیمانداوە لە پێناو دروست بوونى ئەم ئەزموونە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كێ بەرپرسە لەوەى ئەم ئەزموونەى بەم رۆژە گەیاند؟؟!! دوو حیزبى دەستەڵاتدار كە لە سەرەتاى رۆژانى راپەرینەوە بە دارتەلى كارەبا و شۆڤل ئاودیوكردنە وە دەستیان بە تاڵانكردنى كوردستان كرد، دواتریش جەولەیەكى ترى سەختى شەرى ناوخۆیان هەلگیرساندوە و سیستەمێكى بنەماڵەیى و خێلەكیان هێنایە ئاراوە كە تەحككوم بەم هەرێمە دەكات نەك یاساو رێسایەكى مەدەنى و عەقڵانى.
جەنابى دكتۆر لە درێژەى قسەكانیدا دەڵێ كاتى خۆى لەكۆبونەوەیەكیاندا لەگەڵ بەرپرسێكى ئەوروپى پێیان راگەیاندراوە ئەگەر كوردەكان شەرى ناوخۆیان نەكردایە ساڵى 1997 سەربەخۆیان بە دەست دەهێنا.
(میرابو) كە یەكێك بو لە پیاوە ناودارەكانى شۆرشى فەرەنسى و لە(5)ئایارى سالى1789ز كە دارودەستەى پاشا دەیان ویست بڵاوە بە كۆبونەوەى ئەنجومەنى نیشتمانى بكەن بەدەنگێكى دلێرانە وتى برۆ بە ئاغاكەت بلێ ئێمە بە بریارى میللەت لێرە كۆبوینەتەوە بە نوكى رمیش نەبێت لێرە نارۆین، بەهۆى زمان رەوانى بە وتەبێژى شۆرش ناسراو دواى مردنیشى لە نیسانى 1791بەرێورەسمێكى شایستە تەرمەكەیان لەگۆرستانى نەمران بە خاك سپارد بەڵام دواى لەناوچوونى تەواوى رژێمى پاشایەتى لە فەرەنسا بەڵگە نامەیەك دۆزرایەوە كە پاشا پارەى داوە بە(میرابۆ)بۆ ئەوەى قەرزەكانى بداتەوە و بەرامبەر ئەوەى (میرابۆ)لە ژێرەوە هاوكارى پاشاو خێزانەكەى بكات. ئەمەش بوە هۆى تورەبونى شورشگێران و چونیان بۆ گۆرستان و ئێسك و پروسكى (میرابۆ)یان دەرهێنا وردوخاشیان كردو بۆ گۆرستانى دزو جەردە و خائینان گوازرایەوە.
ئەم نمونە مێژووییە بۆیە باس دەكەم، چونكە جەنابى دكتۆر خۆى دانى پێدادەنێ كە شەرى ناوخۆ
بوە هۆى ئەوەى كورد بە ئامانجى خۆى نەگات كە بونیاتنانى دەوڵەتى نەتەوەییە كەچى لەجیاتى ئەوەى نەفرەت لە هەڵگیرسێنەرانى ئەم شەرەبكات و بەبێ ئەوەى لەخۆى بپرسێ تاوانێكى وا گەورە كە خیانەتێكى مێژوویى بێ وێنەیە وپێویستە ئەم لایەنانە ببرێنە بەردەم دادگاى میللەت و بە سزاى خۆیان بكەن، دێت و بەشێوەیەكى گەمژانە پشتگیریان لێ دەكات و بە شۆرشگێرو سەركردەى ئەفسانەیى وەسفیان دەكات. هەلوێستى شۆرش گێرانى فەرەنسى وهەڵوێستى پرۆفیسۆرێكى كورد كە مەوداى زەمەنى نێوانیان(220)ساڵى رەبەقە بەراوردبكەن چۆنە؟
لێرەوە مافى خۆمانە بڵێین ئەوانە نەك شایانى پشتكیرى نین بەڵكو ئەمرۆ یا سبەى دەبێ بچنە بەردم دادكاى میللەت سزاى خیانەتەكانیان وەركرن.
لەبەشێكى ترى قسەكانیدا دكتۆر وەكو كادیرێكى نەخوێندەوارى پارتى خۆى دەنوێنى و دەیەوێ یارى بە عەقڵى خوێندكاران بكات دەفەرموێ كوفرە بەراورد بكرێت لە نێوان محمد حسنى موبارەك و سەرۆكى هەریم. لە وەڵامى ئەو پرۆفیسۆرەى پارتى دەمەوێ بلێم بێ گومان ناكرێت بەراورد بكرێن چونكە بەدرێژایى سى ساڵى فەرمان رەواى خۆى تانك و زریپۆشەكانى ئیسرائیلى نەهێنایە سەر قاهیرەى پایتەخت بەڵام سەرۆكى هەرێم وە پێش تانك و زریپۆشەكانى بەعسیەكان كەوت و ئاڵاى بەعسیشى لە سەر پەرلەمانى كوردان چەقاند، تا دوا ساتى كەوتنى رژێمى سەدام لە پەیوەندیەكى ئاشكرادابوە لە گەڵیان و بە چەشنێك متمانەیان بە یەكترى بوە پرۆژەى بازرگانى و وەبەرهێنانى گەورەیان بە یەكەوە هەبوە.
نموونەش بۆ ئەوە كۆمپانیاى گازى ئاسیا لە زاخۆ موڵكى عودەى كورى سەددام و نێچیرڤان بارزانى بوو. ئەكەر موبارەكى سەرۆكى پێشووى میسر نیازى ئەوەى هەبووبێت جەمالى كورى لەدواى خۆى بە سەرۆكى میسر دابنێت، ئەوا سەرۆكى هەرێم لە كۆنگرەى سیازدەهەمى پارتیدا كە جەنابى دكتۆریش تێیدا ئەندام بوو، كورەزاكەى خۆى كە تەمەنى نەبۆتە دە ساڵ لە باش كورەكەشى بە میرات گرى عەرشى سەلتەنەت دیارى كرد.
ئەو دەسەڵاتەى كە دكتۆر بەناوى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەى بەرگرى لێدەكات وەكو ئەوەى كە دەسەڵاتى بنەماڵە نەبى ئیتر ئاسایشى نەتەوەیى كورد دەكەوێتە مەترسى لەناو چوون؟
ئەو دەسەڵاتەى كە سەرجەم كایە سیاسى و سەربازى و ئابورى و كۆمەڵایەتى و ئیعلامى ئەم هەرێمەیان مۆنۆپۆل كردووە خاوەنى بریارو هەڵس وكەوتى رەهان و هەرچى بیانەوێ بەبێ سڵەمینەوە ئەنجامى دەدەن.
جەنابى دكتۆر دەزانى بۆ؟ چونكە كەسانى بەناو رۆشنبیرى وەك جەنابت دەهۆڵیان بۆ لێ دەدەن.
بەڵام با كەسانى وەك دكتۆر چاك بزانن میلى كات ژمێر بەوان راناگیرێ! ئەگەر ئەم دەسەڵاتە ملكەچى داخوازیەكانى خەڵكى ئەم وڵاتە نەبێت و هەوڵى چارەسەركردنى گەندەلى و بەرپاكردنى یاساو عەدالەتى كۆمەلایەتى نەدات ئەوا یاساى حەتمییەتى مێژوویى بەسەریاندا دەسەپێ و زوو یان درەنگ دەخرێنە زبڵدانى مێژوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست