سەرکەوتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، لەگرەوی چی دایە؟
Tuesday, 03/05/2011, 12:00
نەسیمی شۆڕشەکانی دنیای عەرەب، تەکانێکی گەورەی بەخشییە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و دوخێکی شۆڕشگێڕانەی هێنایە ئاراوە. بروا بەخۆبوون، جەسارەت بەخشین، ئیرادە نواندن، بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی حزبی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی" ناسیونالیزمی کورد"، کردە سەرلەوحەی خۆپیشاندانەکان و هاتنە سەرشەقامەکان.
دوو مانگ زیاترە، کۆمەڵگای کوردستان پێی ناوەتە دەورەیەکی تازەوە، دەورەی وەستانەوە و وەرێکەوتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕاوەدونانی دەسەڵای حزبی یەکێتی و پارتی و موسیبەت و کوێرەوەریەکانی سەرچاوەگرتووی ٢٠ ساڵەی ڕابردوویان.
دیارە پێشتر ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان، بەتایبەتیش دوای کەوتنی بەعس لەدەسەڵات سیمای زۆرێک لە شارو شارۆچکەکان و دیمەنی هاتنەمەیدانی کرێکاران، لاوان و خوێندکاران و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا بوو، بەڵام ئاستی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە، لەگەڵ ئاست و خواستی ئێستای نارەزایەتی خۆپیشاندانەکاندا، جیاوازن.
سەرچاوەی زوربەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکای پێشوو، گەندەڵی، گرفتی ئاو و کارەبا، رێگاوبان نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، پێشێلکردنی ئازادییە سیاسیەکان و ئازادی ڕۆژنامەگەری بوو. ڕووی لە چاکسازی بوو. لەکاتێکدا سەرچاوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دەورەیە، ڕیشەی لە ڕەتکردنەوەی تەواوی سیستەمی سیاسیدایە، بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و ڕووی لە شۆڕشە. خۆپیشاندان و هاتنە مەیدانی پێشوو، سنوردارو، کاتی، لێرەولەوێ بوو، لە کاتێکدا خۆپێشاندانەکانی ئەم دەورەیە، فراونترە، هاوکاتییە، پانتایەکی فراوانتری گرتۆتەوە. خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی پێشوو لە توانایەکی کەم و ئیرادەیەکی ناپایەدار بەهرەمەند بوو، کە کاتێکدا خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونەوەکان و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا، سەرچاوەکەی ئیرادە نواندنە، هەر بەوهۆیەشەوە توانایەکی غولئاسای هەیە.
ئەم بزوتنەوەیەی ئیستا کەوتۆتە بەردەم گوشارێکی زۆری دەسەڵات و کەش و دۆخی میلیتاریزەکراوی
شارو شارۆچکەکان و شوێنی کارو ژیانی خەڵکی، وە کەوتۆتە ناوبەرداشی ململانێی توندی سیاسی و مناوەراتی دانوسانەکان و کێبەرکێی ڕاگەیاندن و میدیایەکی هەوسارپچراوی بێپرانسیب و ئاگراوی لایەنە سیاسیەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی ناسیونالیست و ڕەوتگەلی کرێگرتەی ئیسلامی کە رۆژانە ڕەنگڕیژی ژینگەی جەنگی، دەکەن.
بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کە ئێستا لە نمایشی توانایەکانی خۆیدا، لە خۆدەرخستن و شێوازەکانی هاتنەمەیدانیدا، هەوڵدراوە ڕێگەکانی لەبەردەم دابخرێ و ڕێگە لەڕابەران و هەڵسوڕاوانی، رێگە لە کۆبونەوە جەماوەرییەکانی، لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی، دەگیرێ. وە دەزگای هەمەچەشنی جاسوسی و هێزی هەمەڕەنگی سەربازی ئاشکراو نهێنی پارتی ڕێگەی لەوە گرتووە خۆپیشاندان و هاتنەمەیدانی جەماوەری ژێر جوغرافیای زەردی لەژێرەوە کوڵاو بێتە مەیدان. بەڵام ئەگەر ئەمانە هەموویان ڕاستی بەزۆر خوڵقێنراوی دەستی چەک و زۆرو فریوکاری دەسەڵات و حزبەکانی گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکانن. ئەوا ڕاستیەک هەیە کە ناتوانرێ دانی پیانەنرێت.
تازە هەلومەرجی سیاسی کوردستان، ناتوانرێ بگێردرێتەوە بۆ پێش دۆخی شۆڕشەکانی تونس و میسرو بۆ پێش دۆخی ١٧/٢، ئەمە ئەو ڕاستیەیە، کە خۆلادان هەڵناگرێت. بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی وەرێکەوتووی کوردستان ڕەوتی ڕوو لەسەر دەپێوێ و دەرگاکانی ڕەوتی ڕوو لەنشێوی داخراو و بنبەستن. ئەگەر بەزۆری چەکو لەناودۆخی جەنگی و ململانێی لایەنە سیاسیەکان و بەندوبەستەکانیاندا، بتوانرێ دەنگ و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان، بۆ ماوەیەک بلۆک بکات و خاوی بکاتەوە، بەڵام بەتوانایەکی گەورەترو بەشێوازی باڵاترو بەدروشم و ئیبتکاراتی نوێ و بە خۆدەرخستنی هێزێکی شاراوەی گەورەترەوە، دوبارە دێتەوە مەیدان.
زەمینەکانی بەردەوامبوونی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە، هەنگاوهەڵگرتنی بە ئاقاری شۆڕش و ئاڵوگۆڕی ڕیشەییدا، لە پایەترین ئاستی خۆیدا، ڕیشەی لە هەلومەرجێکی شۆڕشگیرانەدایە. دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان توانای وەڵامدانەوەی بە داواو خواستەکانی خەڵکی لەدەستداوەو خەڵکی کوردستانیش هەم پەتی تەحەمولیان پچڕاوەو هەم متمانەیان بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و بە بەڵین و وادەکانیان، نەماوە. ئەم هەلومەرجە تەنها بەهەڵگێڕانەوەی ڕیشەیی ئەم دۆخەو ئەم سیستەمە سیاسی و میلیشیایی و حزبییە، بەکۆتا دەگات.
بەڵام ئەم دۆخە یان ئەم ئاڵوگۆڕە ڕیشەییە لە دژی سیستەمی باو خود بەخود، ناتوانێ بە سەرکەوتن بگات، وەمەرج نییە ئاکامەکەی بە قازانجی زوربەی زۆری خەڵکی کوردستان تەواو ببێت، زەمانەتێک نییە بۆ ئەوەی لەرێڕەوی خۆی دەرنەچێت، یان نەکرێتە سەکۆ و پەیژەیەک بۆ پیاهەڵگەڕانی باڵێک و بزوتنەوەیەکی دژی خەڵکی تر، یان ئەگەری جەنگی ئەحزاب یان دەستێوەردانی دەرەکی، لەباری نەبەن.
ڕاستە تایبەتمەندی هەلومەرجی شۆڕشگێرانە، ئیرادەی زوربەی تیا وەگەر دەکەوێ، وە زەمینەکانی لەخوارە هەڵسانی جەماوەرییە لەدژی دەسەڵات لەسەرەوە، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوەش نییە، هێزەکانی دژی ئیرادەی زوربەی خەڵکی، پاڵی لێبدەنەوە و دەوری چاودێر بگێرن. هەوڵی لایەن و بزوتنەوە بۆرژوایی و کۆنەپەرستەکان، زلهیزەکان و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیان، وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە... بەنەخشەوە ئاراستە دەکرێن. بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بۆ ئاڵوگۆری ڕیشەیی و بەمەبەستی زامنکردنی ژیانێکی ئازادو تەسەل و خۆشگوزەران و پشت بەستوو بەدەورو بەشداری چالاکانەیان لە پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی و ئیداری و قەزایی و یاسایی و حقوقی ...تاد، بە بێ ناسینی هەڕەشەکانی سەر دۆخێ شۆڕشگێرانە، بەشوێنی جێ نیاز ناگات.
مەرجەکانی سەرکەوتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان
بزوتنەوەی ناسیونالستی کورد، کە لەبنەڕەتدا بە هۆی ستەم و زوڵمی قەومی سەر خەڵکی کوردستان و بەرەنگاری و وەستانەوە لەدژی ئەم ستەمە، زەمینەو هۆکاری سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و حزب و هێزەکانی بووە. ئەم بزوتنەوەیە لەلایەکەوە بەهۆی نەمانی ستەمی میللی سەر خەڵکی کوردستان و هەڵپەسێردراوی ئەم کەیسەوە، تاڕادەیەکی زۆر زەمینەکانی مانەوە و دوبارە بەرهەم هێنانەوەی خۆی لەسەر ئەم پایەیە لەدەستداوە. هەروەها دەسەڵاتە سیاسیەکەی "دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی" کەوتۆتە ژێر پرسیارو خەڵکی کوردستان خوازیاری کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتەن. بەڵام ئاسۆی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد تا ئێستا سایەی بەهێزی بەسەر خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستانەوە هەیە. هاوکات باڵێكێ سەر بەهەمان بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، ئامادەیی هەیە. باڵێک کە خۆی لەدامێنی باڵێکی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد" یەکێتی" کەوتۆتە خوارەوە. ئەم باڵە کە ئێستا لە حزبی بزوتنەوەی گۆڕاندا خۆی ڕێکخستووە، ئامادەیی هەیەو دەیەوێت بەتەواوەتی سواری بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان بێت، ئەم رەوتە زوربەی نوسەرانی دیار و بژاردەی کۆمەڵگای کوردستانی لەدەورە و بونەتە زوڕناژەنی فاشیزمی توندڕەوی جیابوەوە لە فاشیزمی یەکێتی.
بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بەدیاریکراوی بزوتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی، لەدڵی هەلومەرجی پر ئاڵوگۆڕو خێرای ئەم دەورەیەی شۆڕشەکاندا، دەتوانێ هەنگاوی گەورەو خێرا بنێت. یەکێک لەمەرجە سەرەکیەکانی ئەم هەنگاونانە لەگرەوی دابڕانی کۆمەڵانی کرێکارو زەحمەتکێشە لە ئاسۆو ئامانج و سیاسەتەکانی حزبە بۆرژوازیە ناسیونالیست و ئیسلامیەکانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆران بە تایبەتی. پێویستە نامۆ بوون و بێگانەبوونی بزوتنەوەی گۆڕان بەداواو داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان و داخوازییە چینایەتیەکانی بێبەشانی کۆمەڵگا کە بنەمای بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئیستایە، لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵایەتیدا، نیشانبدات و تەریکی بخاتەوە. ئاسۆی سۆسیالیستی و رزگاریبەخش بکاتە ئاسۆی زاڵێ بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان. ئەمە زامنی بەهێزبوون و پەرەگرتنی ئاسۆی سۆسیالیستی و حزبی ڕزگاری بەخشی چینی کرێکارو بێبەشانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا.
رێکخراوبوونی کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژە بێبەشەکان لە ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەری و پیشەیی ڕادیکاڵی خۆیاندا، لەشوێنی کارو ژیانیاندا یەکێکیتر لەمەرجەکانی سەرکەوتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی وەرێکەوتووی خەڵکی کوردستانە، پێكهاتنی ئەم رێکخراوانە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتین بۆ خەباتی چینایەتی و زامنکردنی پێشرەوی سەرکەوتن لە ڕاستای بردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا، بۆ ئاستی سەراسەری و فراوانکردنەوە و کاریگەری دانانی کەمەرشکێن لەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی بۆرژوازی کورد بە گشتی. هەڵسوراون و ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری لە دڵی هەلومەرجی ئێستادا، کە پایەکانی دەسەڵاتی بۆرژوزی وەلەرزین کەوتووە، بواری پیکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان، باشتر بۆ ڕەخساوە تا هەرچی زووە رێکخراوە جەماوەریەکانی خۆیان پێکبهێنن و خۆیانی تیا یەکگرتوو رێکخراو بکەن. پێكهاتن و بەهێزەوە دەرکەوتنی ئەم رێکخراوانە مەرجێکی سەرەکییە لەڕاستای کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بورژوازی کورد و هاوکات پڕ کردنەوەی بۆشایەکی گەورەی بزوتنەوەی کریکارییە.
هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارتی جەماوەری لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان و لەهەر شوێنێک کە هاوسەنگی هێز بواردەکاتەوە، بۆ دامەزراندنیان، پێویستە دەستی بۆببرێت. هاوکات داواو داخوازی و بەرنامەی کاری خۆی ڕابگەیەنێت، ئەمە نەتەنها زامنی هەڵپێچانی دەسەڵاتی یەکیتی وپارتی و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردە، هاوکات پێش گرتنە بە تەقەلای بزوتنەوەی گۆڕان و هەر هێزو لایەنێکی سیاسی تر کە بیانەوێ هەمان سیستەمی پێشوو لە بەرگێکی تردا، دامەزرێنەوەو ئیرادەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بکەنە دەستمایەی سات و سەودا و پردەبازی دەست ڕاگەیشتنی خۆیان بەدەسەڵات.
لێکهەڵپێکانی خەباتی جەماوەری، ئابوری و سیاسی و فکری و... بەمەبەستی گۆشاری هەمەلایەنە بۆسەر دەسەڵات و پاشەکشەپێکردنی لەسەرجەم زەمینەکان و نەبەردەکانی ڕوبەروبونەوەدا، مەرجێکی تری سەرکەوتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە. ناکرێ و نابێ بزوتنەوەو ناڕەزایەتی خۆپیشاندانەکان تەنها بەکۆبونەوەی مەیدانەکانی سەرا، یان تەنها بەخۆپیشاندان و مانگرتنی زانکۆکان قەتیس بکرێتەوە، بەڵکە هاوکات پێویستە کە مانگرتنی کرێکاران، کارمەندان، فەرمانبەران، لە شوێنی کاریاندا، بۆ داخوازییە ئابوریەکانی و خۆیان و باشکردنی هەلومەرجی کارو زیادکردنی کرێ و دەرماڵە...تاد، دەستی بۆببرێت و هێز بدات بە خۆپیشاندان و کۆبونەوە سیاسیەکان شەقام و کۆمەڵگا. وە دەسەڵات لە پانتایەکی فراونتری کۆمەڵگادا، ڕوبەڕووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بێت، بەتایبەتیش دەبێ بکەوێتە بەرامبەر بە بزوتنەوەو هەڵسانی جەماوەری کرێکاران، کە شادەماری جوڵەو چەرخاندنی کۆمەڵگایان بەدەستە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە خۆپیشاندانەکانی کوردستانی لە جغرافیای سەوزدا قەتیس کردو دەسەڵات توانی مەیدانەکانی ئازادی، بکاتە سەربازگەو هەڵسوڕاوانی بخاتە بەردەم هەڕەشەوە، ئەوە بوو کە ئەم شێوازانەی خەبات دەستیان بۆنەبراو لێک هەڵنەپێکران.
مەسەلەیەکی تر، ئامادەیی سازییە بۆ وەڵامی چەک و زۆری دەسەڵات. هیچ لەو درۆیە گەورەتر نییە، کە لای وایە ئەم دەسەلاتە و دەسەڵاتی بۆرژوازی لە دنیادا و بەخۆشی خۆی، دەستبەرداری دەسەڵات دەبێت. هیچ بزوتنەوەیەکی شۆرشگێڕانە و بزوتنەوەیەکی کرێکاری نییە، خوازیاری توندوتیژی بێت، خوازیاری دەست بۆ چەک بردن بێت، خوازیاری پشێوی... بێت. ئەوەی کە ئامادە نییە دەست بەرداری زمانی چەک و توندوتیژی و سەدان دەزگای سەرکوتی ژێر ناوی جیا جیا بێت، دەسەڵاتی سیاسییە. نایشارنەوە کە بۆ بەرگری لەدەسەڵاتیان و لە ژێر ناوی بەرگری لە نەزم و نیزام و بەرژەوەندی گشتیدا ئامادەی هەموو خوێنڕێژی و کوشتارو سەرکوتێکن. یەکیتی و پارتی نایشارنەوە و دەڵین بەخوێن هاتووین و خوێمنان داوە، تا ڕەسمیەتی خوێنڕشتن و کوشتار، لەدژی خەلکی کوردستان دەست بۆببەن، تا ڕێگە لە پاراستنی دەسەڵاتیان بگرن و بەربگرن لەوەی خەڵکی کوردستان ئازادانە ئۆرگانەکانی بەڕێوەبرنی کۆمەڵگا دابمەزرێنن. هەر ئەم لۆجیکی چەکەشە کە کوشتاریان پێکردو ئامادەش نین، تۆمەتبارانی بدەنە دادگا!. خەڵکی کوردستان و بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکەی دەبێ ئامادەیی وەڵامدانەوەو بەرگری لەخۆکردن بخەنە دەستوری خۆیانەوە و بەربگرن لەوەی خوێنی رۆڵەکانیان، بڕژێت. هەر ڕیگاو شێوازیک کە دەتوانیت بەر بگریت بە ڕژانی خوێنی خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی ناڕازی، دەبێ بەوریاییەوە، دەستی بۆ ببرێت. ئەمەش یەکێکی تر لەمەرجی سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستانە، لەڕاستای بەرگرتن بە خوێنڕێژی و بەرگری لەخۆکردن و پاراستنی دەسکەوتە بەدەست هاتوەکان.
[email protected] کۆتایی ئەپرلی ٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست