کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سڵاو دەسەڵات

Monday, 20/02/2012, 12:00



 
ئەزانم تۆ من ناناسیت و ڕەنگە پێشت سەیر بێت سڵاوت لێ دەکەم، بەڵام من باش تۆ ئەناسم. هەموو ساتەکانم لەگەڵ تۆ لە بیرە و لە بیرم ناچێت. ئەزانم چ ڕۆژێک پێکەوە بوونمان دەستی پێکرد و هەموو قسەیەکیشم لە بیرە کە تۆ بۆ جارێک بە منت وتووە، مەبەستم هەموو ئەو بەڵێنانەیە کە تۆ بە منت داون و هەموو ئەو قسە قەڵەوانەیە لە مێژووی پێکەوەیماندا بە منت وتوون. ئەوەشم لە بیرە کە من تۆم کردووە بەو (تۆ)یەی ئێستا.

ویستم هەواڵت بپرسم و پێشت بڵێم من وەک تۆ بێوەفا نیم بە ئاسانی لەبیرت بکەم. لە هەموو کاتێکی ناخۆش و خۆش لەگەڵت بوومە و دەشبینی لەم کاتە ناخۆشەی ئێستاتدا بەسەرت ئەکەمەوە. تا بزانی هەموو ئەو دوژمنانەی کە تۆ بە دۆستیان ئەزانی سڵاوت لێ ناکەن. ئەزانم کە لەم کاتەدا زۆر حاڵت خراپە و نیشانەکانی پەتایەکی ترسناکت تیا دەرکەوتوون، لەبەر ئەوە ناحەق نیت کە بەم شێوەیەی ئێستات بارودۆخت تێکچوە. هەر کەس تۆ لە شاشەی تەلفزیۆن و وێنەکانی ناو فەیسبووکەوە ببینێت ئەزانێت کە تووشی هەمان ئەم پەتایە هاتووی کە نزیکەی ساڵیکە لە ناوچەکەماندا بڵاو بۆتەوەو چەند دەسەڵاتێکی چەشنی تۆ توشی بوون.

لە سەرای ئەزادی کە گومانم نیە شوێنیی لە گۆڕنانی تۆیە، زۆر ئاسان هەست بەوە دەکرێت کە زۆر ئەترسیت و ڕەنگت مغاویری هەڵگەڕاوە و زراوبردوو بوویت. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە نیشانەی پەتاکە هەمان نیشانەن کە لە خۆتدا ئەیانبینی. هەمان ئەو وڕێنەیە دەکەیت کە دەسەڵاتەکانی ناوچەکەمان کردی. بە هەمانشێوە باسکردن لە چاکسازی و نمایشی هێزی چەکدار و هەڕەشەکردن و هێرشکردنە سەر کەسایەتی شەخسی نەیارەکانت و هەڵدانەوەی مێژووی شۆڕش و باسکردنی سەروەری و هەموو ئەوانە هەمان ئەو وڕێنانەن کە ئەمانی تریش کردیان و دەیکەن. بە جۆرێکی تر ئەتوانم پێت بڵێم کە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنتەوە دەستت کردووە بە جۆرێک لە نماشکردن کە کتومت وەک نیشانە لە توشبوانی ئەم پەتایەدا دەرکەوتووە. لە ڕووی سایکۆلۆژیشەوە زۆر تێکچوویت بە تایبەتی کە ئەبینی هەندێک لە تووشبوان بە هۆی هەمان پەتاوە مردن و کۆتاییان پێهات و هەندێکی تریش لە گیانەڵڵادان.

ئەمەوێ پێت بڵێم کە تۆ ناتوانی خۆت لەم پەتایە ڕزگار بکەیت. چونکە ئەمە جۆرێک لە ڤاکسینی گەرەک بوو کە دەبوو پێشتر بەکارت بهێنایە. ئەم ڤاکسینەی کە پێی دەوترێت (د ڕ) دیموکراسی ڕاستەقینە. فەرموو سەیر بکە ئەم دەسەڵاتانەی کە ئەم ڤاکسینەیان بەکار هێناوە ئێستا باکیان بەم پەتایە نیە و دڵنیاشن کە ئەم پەتایە نایانگرێتەوە. کێشەی تۆ لەوەدایە کە درۆ لەگەڵ خۆتدا ئەکەیت و بڕواش بە درۆکانی خۆت ئەکەی. هەمیشە بانگەشەی بەکارهێنانی ئەم ڤاکسینەت کردووە و لە کاتی سەردانی دکتۆریش واتا لای د. هەڵبژاردن فێڵ لە دکتۆر ئەکەیت و ڕاستی دەردەکانی پێ ناڵێیت. تەنها پشکنینی تەزویر پیشانی دکتۆر ئەدەیت و ئەویش ناتوانێت خزمەتت بکات. ببینە ئەو دەسەڵاتانەی کە لەگەڵ دکتۆرەکاندا ڕاستگۆن چۆن هەموو چوارساڵێك هیچ دەردێک لە خۆیاندا ناهێڵن و هەمیشە بە ساغ و سەلامەت ئەمێننەوە!

تۆ تازە ناتوانی هیچ کارێک بکەی بۆ خۆڕزگار کردن. هەرچەند هەوڵ بدەی ناتوانی. باس لە چاکسازی ئەکەی؟؟ ئومێدت وایە ئەم دەوایە دەرمانت بکات؟ تۆ خۆت پێچەوانەی چاکسازیت خولقاندووە، مەگەر وانیە؟ خۆت دروستکەری گەندەڵیت بەهۆی گەندەڵیەوە کە توانیت پێی خۆت بچەقێنی. بە هۆی دزینی ماڵ و موڵکی من توانیت ویژدانی هەندێکمان بکڕی و ببن بە بەرگریکاری تۆ، ئێستا گەر واز لەم دزیە بهێنی ئیتر ئەم ویژدان فرۆشانە بەرگریت لێ ناکەن و ئیتر تۆ لەناو ئەچیت. ئەم ویژدان فرۆشانە زۆریان هەمان ئەو کەسانە بوون کە ویژدانی خۆیان بۆ دەسەڵاتەکەی پێش تۆ فرۆشت و دوایش نەیانتوانی بەرگری لە دەسەڵاتەکە بکەن. تۆ تازە لە خاڵێکدایت ناتوانی بگەرێیتەوە، ناشتوانی بوەستی چونکە مێژوو هەر پاڵت ئەدات. کەواتە ئەبێ بەردەوام بیت لە گەندەڵی و گەندەڵیش ئەو هۆکارە سەرەکیەیە کە ئەم پەتا کوشندەیە بەدوای خۆیدا ئەهێنێت. تۆ تازە تەواو. تۆ تازە بۆ گۆڕستان ئەچیت و ئەو کەسانەش کە ویژدانی خۆیان فرۆشتووە بۆ هەمیشە سەرشۆڕ ئەبن و زۆریشیان بە تۆڵەی من واتا بە تۆڵەی گەل لەگەڵ تۆدا ڕاپێچی گۆڕستان ئەکرێن.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە