لە كۆنفرانسی كفری حزبی شیوعی دا هاورێ (قاید) كودەتایەكى ترى دژی هاورێكانی بەرپا كرد
Monday, 11/10/2010, 12:00
لە دوای راپەڕینەكەى ساڵی 1991وە حزبی شیوعی تاكە حزب بوە كە بەشێوەیەكى ڕێكوپێك و لەئان و ساتى خۆیدا كۆنفرانس و كۆنگرەكانى خۆی ئەنجام داوە و باوەڕی بە گۆڕانكارى هەبووە لە ڕیزەكانیدا چ لە رووی سیاسەت و بەرنامەو پەیڕەوى ناوخۆوە چ لە گۆڕانكاری لە كادرو بەرپرسەكانى شارو ناوچەكان بە سكرتێرو ئەندامانى سەركردایەتیشەوە ئەمەش وای كردوە كە كەس نەتوانێ دەست بەسەر پۆستە حزبی یەكاندا بگرێ و شەرعیەت بدات بەخۆی كە تا لە ریزى ئەم حزبەدابێ و تا دوا هەناسەى ئەو بەرپرسیارێتییە بۆ خۆی بە ڕوا بزانێ و نەهێلێ كەسانى تر نزیكى بكەونەوە . بەڵام ئەوەى كە ماوەیەكە بەشێوەیەكى ڕوون و ئاشكرا لە سنوورى گەرمیاندا و بەتایبەتى لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە بەرچاو دەكەوێ لە ریزەكانى ئەم حیزبەدا بە دی دەكرێ دیاردەى كوتلە بازى و دەستە گەراییە كە بەداخەوە لە چەندین شوێن بە زەقی بەرچاو دەكەوێ. محەللى گەرمیان كە لە دوای پرۆسەى ئازادی یەوە هاتە درووستبوون و رێكخستنەكانى هەرسێ شارۆچكەى كەلار و كفری و ڕزگاری و ناحیەى جەبارەشى لە خۆگرت توانى پێگەیەكى باش لەناوچەكەدا بۆخۆی پەیدا بكات و بووبە خاوەنى چەندەها كادیر و ئەندامى دڵسۆز و لێهاتوو كە زۆربەیان لە دوای ڕاپەرینەوە پەروەردەكران ؛ كەچی زۆر بەداخەوە بە هۆی ئەو دەستە گەرایی و كوتلە بازى و تەنانەت شەڕی بنەماڵەكانیشدا لە كۆنفرانسەكانى پێشووى دا چەندین كەس ریزەكانی حیزبیان جێهێڵاو ئێستا زۆرێك لەو كادیرو ئەندامانە لە حیزب دوور كەوتوونەتەوە یاخود لە بەر هەندێ هۆكاری تایبەتى خۆیان ماونەتەوە و باوەڕیان بە حزبایەتى لەو شێوەیە نەماوە . ئەوەى لەم نووسینەدا دەمەوێ باسی لێوە بكەم و بیخەمە پێش چاوى دڵسۆزان و سەركردایەتى ئەم حیزبە كوتلە بازی و خزم خزمێنە و بنەماڵە پەرستى یە لە رێكخستنى كفریدا كە لە لایەن كەسێكەوە بەڕێوە دەچێ بە ناوى (قاید) كە مەگەر هەر خۆی خۆی بە قاید بزانى ئەگینا هیچ سیفاتێكى قایدی تێدا نییە . بەڵێ نزیكەى سێ ساڵ لەمەوبەر هاورێ قاید لە كۆنفرانسی قەزای كفریدا توانى لەڕێگەى هەڵبژاردن و (دیموكراتی) ەوە ئەوانەى كە لەگەڵیدا هاوڕا نین و نابنە دەروێشی ئەو وەلاوە بنێ و دوریانخاتەوە لە دەورى خۆی چەند كەسێكى بنەماڵكەى خۆی بخاتە جێگەیان كە ئامۆزاو خوشكەزاو كەسی نزیكى خۆی بوون . ئەم كارەى هاورێ قاید بوو بە جێگای ناڕەزای هاورێیان و تەنانەت رێكخستنەكانى تریش . ئەوەبوو لە كۆنفراسی كۆمیتەى محەللى دا(هاورێ قاید)باجی ئەم كارانەى خۆیدا و نەیتوانى خەونە گەورەكەى بهێنێتى دى و ببێتە ئەندامى محەللی و دەنگى نەهێنا بەڵام هاورییانى محەللی بۆ دل دانەوەى هاورێ قاید و بە ئومێدی ئەوەى كە خۆی بگۆڕیِ و ئەو كارانە دووبارە نەكاتەوە تەنسیبیان كردەوە بۆ محەللی بێ ئەوەى گوێ بدەنە ئەنجامی شەرعی هەڵبژاردن و كۆنفرانس.ئەویش وەكو ئەوەى نە بای دیبێ نە باران بە شانازییەوە پۆستەكەى وەرگرت و قبولی كرد. لەو ماوەیەدا چەندین نامە بەرز كرایەوە لە دژی كردەوەكانی هاورێ قاید و چەندین ئەندام لە ریكخستنى كفریدا دەستیان لە كار كێشایەوە بەڵام كاریگەرییان نەبوو چونكە هاورێیانی محەللى پێیان وابوو كۆنترۆل كردنى رێكخستن لە لایەن بنەماڵەى هاورى َ قایدەوە شەرعییەو لە رێگای هەڵبژاردنەوە بوە هاورێ قاید تەقەبولی محاسەبەو محاسەبەكاری ناكات و لەوانەیە خۆی گوتەنى شەق هەڵباتە كوولەكەكەو دۆو دۆشاو بەیەكا بكات.. هەرچەندە بەرپرسیارێتیەكانى رێكخستن بە تەواوى لە ژێر دەستى یەك بنەماڵەدا كۆ كرایەوە بەڵام دیسان بە هۆی پێكەوە نەگونجاندنیان لە گەڵ یەكتردا چەندینجار لەناو خۆیاندا بەیەكدا هاتن و كار دەگەیشتە ئەوەى یەكتر خوێناوى بكەن و جارێكیش سەرو چاوى شۆفێرى بارەگایان تێك شكاند و تۆرانی كارگێڕێكى قەزاش لەولاوە بوەستێ كە لە مانگێكدا (4) رۆژی ی تەواو
سەردانى بارەگای نەدەكرد.. ئەمانە هیچیان نەبوونە وانە بۆ هاورێ قایدو بچووكترین گۆڕانكاری لە خۆیدا نەكرد و لە و هەموو هەڵانە پەندى وەرنەگرت و دواهەمین كۆنفرانسی ریكخستنی كفریش ویستگەیەكى تر بوو بۆ هاورێ قاید . سەرەرای ناكۆكییەكانى نێوان خۆیان وەكو بنەماڵە توانى قەناعەتیان پێ بهێنی و یەكیان بخاتەوە بەو مەبەستەى جارێكى تر رێكخستن بۆ بنەماڵەكەى پاوان بكات ، ئەو قایدە هەر پێش هەڵبژاردنى لیژنەكان كەوتە خۆ و تاكڕەوانەو بێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئەندامانى لیژنەى قەزا كەوتە جێ گۆڕكىِ ى ئەو هاوڕێیانەى كە نەیدەویست بێنە ناو كۆنفرانسی قەزاوە و بەو شێوەیە هەندێ هاورێى بەتواناو لێهاتووى لە بەشدارى كردنى كۆنفرانس بێ بەش كرد و لە جێگای ئەمانیش چەند كەسێكى ترى هێنایە پێشەوە كە خۆشیان نەیاندەزانى بۆ چی هاتوون و كۆنفرانس بۆچی و لە پێناو چی دا دەبەسترێ.تەنها ئەوەى فێر كردبوون كە دەنگ بە و كەسانە بدەن كە لە بنەماڵەى منە و بە هیچ شێوەیەك ڕازی نابم كەسی تر بگاتە ئاستى ئێمە .و من دەستم هەڵبڕی دەبێ ئێوەش دەستان هەڵبڕَن دیسان لەم كۆنفراسە پڕ لە فڕوفێل و گاڵتە جاڕییەشدا هاوڕێ قاید بەبەر چاوى هاوڕێیانی سەركردایەتى و محەللى یەوە كۆمەلێ هاوڕێی خاوەن بڕوانامەى بەرزو خاوەن ئەزموون و كادیری رێكخراوەیی و لێهاتوى پەراوێز خست و لە جێگای ئەوانیش چەن كەسێكى بنەماڵەكەى سەرخست لە ڕێگەى ئەو دیموكراسی یەى كە شیوعییەكان پێیان وایە دوو دەمى هەیە و ئەگەر بەباشی بە كاری نەهینین خۆمانى پێ لە ناو دەبەین بە بێ ئەوەى لەلایەن هاوڕێیانی موشریفەوە رێگەى لێ بگیرێ ئێستا لیژنەى قەزای كفری كە دەبوایە و بە پێی ژمارەى ئەندامانى بێت 9 یاخود 11 ئەندامى لیژنەى قەزاى بۆ هەڵبژێردرێت نەك 7 ئەندام دیسان ئەو بریارەش لە بەرژەوەندى هاورێ قاید دا نەبوو چونكە چانسی كەسانى تریش زیاتر دەبوو بۆیە قبول نەكرا بۆیە لەم كۆنفرانسەشدا هاوڕێ قاید سەرلەنوێ گۆڵی خۆی كرد لە ئەندام و كاریر و تەنانەت هاوڕێیانى سەركردایەتیش .ئەمجارە هاوسەرەكەی خۆشى كە لە هەڵبژاردنە پەڕلەمانیەكانى عێراق و كوردستانیش دەنگى بە لیستە توركمانییەكان دەدا گەیاندە لیژنەى قەزاى كفری بێ ئەوەى بزانێت كە ح ش ك لە چ ساڵێك دامەزراوە ..بەلێ ئیستا لیژنەى كفری 7 ئەندامە وتەنانەت بە قایدیشەوە كەسیان نازانن كۆمپیوتەرێك بخەنە كار ..لە كۆی 7ئەندامى لیژنەى نوێی قەزاى كفری ئێستا تەنها 1 كەس موڵكى بنەماڵە نیە و چاوەڕوانى ئەوەى لێ ناكرێ كە بتوانێ دەنگ و ڕەنگى خۆی هەڵبڕێ چونكە لە ڕابردووشدا وشەیەكى (نەخێر) مان لێ نەبیست.بەلێ ئیستا لە شاری كفریدا بارەگای حیزب بوە بە بارەگای بنەماڵەیەك و تەنانەت خەلكانى شار ئەوانەى ئاگادارى ئەم رووداوە بن بە بارەگای ئال ێوباح یاخود ئال زاید ناوى دەبەن یان دەیشوبهێنن... بۆیە من وەكو ئەندامێكى خاوەن مێژوویەكى دوور و درێژ لە ڕیزەكانى ئەم حیزبەدا لە ڕێگای ئەم نووسینەوە و لەم سایتە خۆشەویستەوە مشتێك لە خەروارى ئەو گەندەڵی و خۆ سەپاندنەى قایدتان دەخەمە پێش چاو بەو هیوایەى ئاسۆی چاكسازى و گۆڕانكاری بە دى بكەم لە ریزەكانى ئەم حیزبەداو بگەڕێتەوە دۆخەكەى جاران و زیاتر ببێتە جێی متمانەی جەماوەر و لێرەشەوە بانگەواز دەكەم و دەلێم :هۆ سەركردایەتى و دڵسۆزانى حیزب ،تاكەى سنورێك دانانێن بۆ ئەم دیاردە بۆگەنانە؟ وا دەستە گەرایی و خزم خزمێنەو بنەماڵە پەرستی خەریكە لە ناخى حیزب دەخوات ... پێشنیاریش دەكەم بۆ لیژنەى محەللى گەرمیان كە بڕیارە بەم زوانە كۆنفرانسی خۆی ببەستێ و پێیان دەلێم تكایە چیتر ڕێگە مەدەن ئەم حیزبە كەوا لە گەرمیاندا پێگەی بەهێزى هەبوو بە دەستى كەسانى خۆ پەرست بپوكێتەوە ؟تاكەى دیوە خراپەكەى دیموكراسى لە نێو حیزبدا پەیڕەو بكریِ و بە چەپڵە رێزان كۆتایی بە كۆنفرانس بێت؟تاكەى نەخویندنەوەى نامەى ناڕەزایی و پشتگوێ خستنى كا غەزى سپی دەنگ دانى كۆنفرانس؟ ئەم حیزبە ئەمانەتەولە لایەن بنەمالەى شەهیدەكان و تێكۆشەرە دێرینەكان دراوەتە دەستى ئێوە .. بەسە پشتگوێ خستنى كەسانى بەتواناو شارەزاو دلسۆز..بەسە دەنگ دان بە بتەكانى ناو كۆنفرانس وكۆبوونەوەكان ..تكایە كەسانێك مەكەنە سۆپەرمان و دلى دەیان هاورێی دڵسۆز و بە توانا مەڕەنجێنن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست