کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵەبانی لەمێژە مردووە تەنها کاتی ناشتنی نەزانراوە

Saturday, 25/08/2012, 12:00







پەندێکی جوان و پر مانا هەیە کە دەڵێ: بەشێک لە مرۆڤەکان لەتەمەنی گەنجیدا دەمرن بەڵام بەپیری دەیانێژن. بەدرێژای تەمەنی (ینک) تاڵەبانی کەسی یەکەم و کۆتای بووە لەناو ئەو حیزبەدا، بەو پێودانگەش تاڵەبانی بربرەی جەستەی (ینک)بووە، لەهەموو هەڵکشان و داکشانەکانیشیدا، ئەو پێشەنگ بووە. ئەمرۆ لەهەموو کات زیاتر نەخودی تاڵەبانی و نە یەکییەتیەکان ناتوانن ددان بەو راستیدا بنێن کەتاڵەبانی لەمێژە مردووە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها وەستانە لەسەر کاتی ناشتنی جەستەی سکرتێرەکەیان.
راستە ئەمە هەواڵێکی خەمناک و پرگریاناوی دەبێت لە دوا ساتی ماڵئاوای لەجەستەی رابەرەکەیان، بەڵام راستی هەمیشە تاڵە. ئەوەی گرنگە لێرەدا مەرگی تاڵەبانی دەمان گەرینێتەوە بۆ سەردەمی هاوشێوەی مەرگی مەلا مستەفا لەناو پێخەفی نوستندا. کە ئەم جۆرە کارەکتەرانە ناتوانن نەخۆیان و نە هەوادارانیان بروا بەوە بهێنن کەدوا جار مردن لەکورسی خەونەکانیان هەڵدەدێرێ، بەپێچەوانەی مەرگی شەرەفمەندانەی قازی محەمەدو شێخ سەعیدی پیران. یان لانی کەم بەرلەمەرگیان دەسەڵاتی چەنیدین ساڵەیان رادەستی کەسانی دەوروبەری خۆیان بکەن، بەڵام هەرگیز ئەوان رۆژانێک خۆیان فێری ئاڵوگۆرکردنی دەسەڵات نەکردووە، تا ئەم جورئەتەیان هەبێت.
دەشێ مالئاوای لەجەستەی تاڵەبانی هاوزەمان بێت لەگەڵ لەگۆرنانی (ینک) یان هاوشێوە پارتە چەپەکانی کوردستان بەتەنها بەناو یان ببێت بەقەبارەیەکی بچوک.
لەئێستادا سەرتاپای جەستەی (ینک) گیرۆدەی نەخۆشیەکی کوشندە بووە، ئەواتا سکرتێر بەدەم لێواری مەرگەوەو حیزب هەر رۆژەی باڵێکی لێدەبێتەوە، بەشێوەیەک گۆمەکە شڵقاوە، هەموویانی تووشی شۆکک کردووە. ئاخر تاڵەبانیەک نەتوانێت بەخۆی گۆچانەکەی دەستییەوە رێ بکات، چۆن ریگاچارەسەری گەل و حیزبەکەی خۆی لێ چاوەرێ دەکرێت.
تاڵەبانی وەک تاک گەیشت بەگشت پلەکانی دەسەڵات و گەران بەزۆربەی ووڵاتانی جیهان و بینینی زۆربەی دۆست و دوژمنی کورد لەژیانی سیاسی خۆیدا. کەچی هێشتا نێو ماڵی کوردان لەباشور هەر وێران و چارەنوسی دەهاتوو ناروونە.
هەرگیز جێگای بروا پێکردن نیە کەبتوانێت، بەو لاشە مردووەوە ئەمرۆ دارێک بخاتە سەربەردێک لەبەرژەوەندی کورد، هەر وەک چۆن مەلا مستەفا نەییکرد لەرابردوو. ئەم بەناو سەرکردە کورد پەروەرانەی ئێمەمانان لەپێناو بەرژەوەندی تاک و حیزبەکەیان چی لەدەستیان هاتبێت لەکورد کوشتن و ماڵوێرانی بۆ میللەتی بەشمەینەتی کورد، درێغیان نەکردووە، زۆر جار لەسەر رستەیەک یان تەپۆلکەو گردێک، دەیان کەسیان لەکتر قڕکردووە. هەمیشە خۆیان بەهەرزان فرۆش و نۆکەری بیگانە زانیووە. کەچی نەمان بینی بۆرۆژێک لەخوارەوە بۆ سەرەوە هیچ تاکێکیان مەردانەوەو دوور لەبەرژەوەندی ماددی و مەعنەوی دابنیشن و فەرموو لەیەکێکی تر بکەن تا دەوورو دەسەڵات لەحیزب یان حوکمەتدا بگرێتە دەست.
ئەم بەناو سەرۆک و سەرکردانەی کورد شێرپەنجەی جەستەی کوردن نەک فریادرەس. لەوڵاتانی خاوەن عەقڵ و بوونی بەهاو رێز لەمرۆڤ، کاتێک تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە ئیدی هەرلەسەرۆکی ووڵاتەوە تا هاوڵاتیەکی ئاسای، ببێت بەهۆی زیان گەیاندن و لەناو چونی گیانی هاووڵاتیانی ئەو کۆمەڵگایە، ئەوا هەرزوو رووبەری دوورخستنەوەو لێپرسینەوەی یاسای دەبێتەوە، نەک وەک لای ئێمەی کورد تا زۆرترین کەس لەژێر دەسەڵات و فەرمانرەوایدا کوشتبێت، ببیت بەقارەمان و سەرداری ووڵات.

 لەبەریتانیای کانگەی سیاسی و بازرگانی و سەربازی جیهاندا، کاتێک سەرۆک وەزیران دەوری سەرۆکایەتی تەواو دەبێت تەنانەت هیچ کام لەراگەیاندنەکان تاقەتی باسکردنی ئەوانیان نیە، بەڵکو خۆیان یان بەنوسینەوەی کتێب یان کاری خێرخوازیەوە خەریک دەکەن. نەک وەک ئەوانەی لای ئیمە، خۆیان کردووە بەخوداوەندی کورد، پێیان وایە ئەگەر ئەوان نەمێنن لەدەسەڵاتدا ئیدی دونیا کۆتاییە بۆ کورد. تەنانەت هەندێک لەمرۆڤەکان کاتێک دەزانن بوونی ئەوان لەژیاندا ئیدی هیج سوود بەکۆمەڵگا ناگەیەنێت یان بوون بەبار بەسەر کۆمەڵگاوە، کۆتای بەژیانی خۆیان دەهێنن.
ئەوەتا لە هەفتەی رابردوودا زۆربەی میدیاکانی بەریتانیا تیشکیان خستبووە سەر داوای هاوڵاتییەکی بەریتانی بەناوی تۆنی نیکلینسۆن، تەمەن 58 ساڵ کەکەسێکی بازرگان بووەو لە ساڵ 2005 بۆهۆی بەرکەوتنی زەربەیەکی سەختەوە ئیفلیج ببوو. بەو هۆیەوە داوای لە داددگای لەندەن کردبوو بەشێوەیەکی یاسای کۆتای بەژیانی بهێنن، دوای بێئومێد بوونی لەبەردەوامیدان بەژیانی ئیفلیجی وکەمئەندامی خۆی. بەڵام پاش هەفتەیەک لەداوەکەی گیانی لەدەستدا. ئەویش بەهۆی رەتکردنەوەی وەرنەگرتنی دەرمان و خواردنی پێویست. ئەو هاووڵاتیە بەریتانییە، خۆی و خێزانەکەی دەوڵەمەندیش بوون، نەک لەهەژاری بییەوێت کۆتای بەژیانی بهینێت، بەڵکو لەهەست کردن بەئازارو بوون بەبارگرانی بۆ خێزانەکەی ئەو داوایەی کردبوو. کەچی لای ئێمە چەندین مردوو لەدەسەڵاتدا هەن لەسەر هەموو کورد بوون بەهۆی بەبارو نەهامەتی و مۆتەکەی دۆزی کورد .
ئەوەتا ساڵانە هەزاران دۆلار و دینار لەقووتی هەژارو ئەو منداڵانەی لەپێناو ئارەزووەکانی بنەماڵەی بارزانی بێ باوک بوون، بۆگۆری مەلا مستەفا مردوو دەروات. ئەی قور بەسەر کوردی نەگبەت و بەدبەخت ئاخۆ بۆ مەزاری تاڵەبانی چەند ملیۆن دینارو دۆلار لەبودجەی خەڵکی بۆ ببردرێتەوە؟ لەکاتێکدا بۆ جەستەی مردووی تاڵەبانی رۆژانە سەدان دۆلار سەرف دەکرێت کەکەس نازانێت چەندو چۆن و لە کوێووە ئەو پارە دادەبارێ.






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە