مەرگی رۆژانەی قوربانیان و پرسی جینۆساید لەپارلەمانی بەریتانیا
Tuesday, 05/03/2013, 12:00
لەدرێژەی هەوڵی بەفەرمی ناساندن و بەنێودەوڵەتی کردنی کەیسی ئەنفال و کیماباران، وەک وە پرسی جینۆساید، لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەتایبەت ئەوروپا، هاوکات دوای 25 ساڵ گوزەرکردن بەسەر گازبارانکردنی شارۆچکەی"هەڵەبجە" بەشێک لەکوردانی تاراوگە چ وەک تاک یان گروپ و رێکخراو، هەوڵی بێ ووچانیان داوە بەمەبەستی بەیاسایی و بەفەرمی کردنی پرسی جینۆساید، وەک پرۆسەی لەناوبردنی کورد لەسەردەستی رژێمی بەعسی لەناوچوو. هاوکات لەساڵی رابردووەوە، لەووڵاتی بەریتانیا، لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و بەشێوەی ئەلیکترۆنی، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژو ئەکتیڤ کرا لەلایەن "نەدیم زەهاوی"بەرەچەڵەک کوردو ئەندام پارلەمانی بەریتانیا. ئەو شێوازە لەکۆکردنەوی واژو ئێستا زۆرێک لەئەندام پارلەمان و گروپ و رێکخراوەکان، تەنانەت لەسەر ئاستی تاکیش کاری پێدەکرێت، دەربارەی هەر پرسێک کەهاووڵاتیان بخوازن لەمەڕ پرس و داخوازیەکی گرینگ لەپارلەمانی بەریتانیادا، گفتوگۆ یاخود بخرێتە بەرنامەو کاری دانێشتنی پارلەمان. بەبێدەنگی هاتن و تێپەرینیی ئەو کەیسە لەبەریتانیاشدا، رەنگە چەند هۆکارێک هەبێت، بۆ نەجوونە پێشەوەوی ئەو کەیسە، ئەوی جێگای تیڕامانە ساردو سڕی تەواو بەو هەڵمەتەوە دیار بوو، کەتا ئێستاش نەتوانراوە پەنجا هەزار واژو کۆبکرێتەوە، لەکاتێکدا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاد لە دووسەد هەزار کورد، لەهەر چوار پارچەی کوردستان، بوونیان هەیە لەبەریتانیادا. بەگرینگی نەگرتنی لەلایەن میدیای کوردیەوە، ئزیاتر سوچی ئەو لایەنانەی تێدایە، کەلەبەریتانیادا بەم کەیسەوە خەریک بوون. بەحیزبی کردن و پەراوێزخستنی کەسانی بێلایەن، بەلادانی ئەوانەی بەئاوازی حیزبە باڵادەستەکان سەما ناکەن، نەگەیاندنی بەتەواوی دەزگاکانی راگەیاندن، هەموو تیڤیەکان، سایت و رادیۆکان، بەتەواوی ئاخافتنە کوردەیەکان، بەهەموولایەنە جیاوازەکانەوە لەدەرە بەتایبەت، بۆئەوەی زۆرترین ژمارەی کورد لەبەریتانیا، بەشداری واژو کردنەکەیان بکردبایە. ئەوەی مایەی شەرمەنیدەی بوو، بەر لەمیدیای کوردی، میدیا ئینگلیزەکان، بەرواری دێبەتی پارلەمانی بەریتانیان بڵاو کردبووە. تەنانەت ئیمەی کورد، بێ ئاگا بووین لەمەڕ کات و بەرواری دانیشتنەکە. لانی کەم وەک کوردێک بەشێکمان دەمانتوانی ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بین لەو رۆژەدا. ئاخر هەموو هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەریتانیا، داتوانێت لەڕێی پارلەمانتاری ناوچەکەیەوە ئەو داوایە بکات. دواجار رۆژی 28 فێبریوەری دوای هەوڵدانی چەند پارلەمانتار و سەردانی کردنیان بۆ کوردستان، کۆکردنەوەی بیست و حەوت هەزار واژولەلایەن کوردانی بەریتانیا، باس و گفتوگۆو مشت و مڕی زیاتر لە دوو کاتژمێر و نیوی، لەپارلەمانی نەریتانیا، هاتە پێشکەش کردن. ئەوی جێگای تێرامان بوو، ژمارەیەکی زۆرکەمی پارلەمانتار،لەنێو شەش سەدو چل و شەش ئەندام ،نەدەگەیشتە بیست پارلەمانتاری ئامادەی بووی دانیشتنەکەی ئەو ڕۆژە. جگە لەباس کردنی شێوازو قەبارەی تاوانەکە، دەرهەق بەکوردو ئاماژەدان بەنەهامەتیەکانی قوربانیەکان، دوای لێبوردن و شەرمازاری دەربڕینی چەند پارلەمنتارێک وەک ئینگلیزەکان، لەئاست بێدەنگی ئەو تاوانە لەو سەردەمەدا، لەراستیدا ئەوە نەبوو کەئێمە وەک کورد لێمان دەڕوانی و پێشبینیمان کردبوو، وەک بەفەرمی ناساندنی تاوانی نێودەوڵەتی و بەجینۆساید کردنی ئەو کەیسە. راستە باسکردنی ئەو کەیسە لەووڵاتیێکی خاوەن پیگەی گرینگ لەجیهانی وەک بەریتانیا، بۆ ئێمەی کورد دەستکەوتێکی تا رادەیەک باشە، بەڵام هێشتا نابێت بەم باسەی پارلەمان، دڵمان ئاوبخواتەوە. وێرای بەرز نرخاندنی هەر جۆرە کارو چالاکیەک دەربارەی ناساندنی ئەو پرسە لەهەرشوێنیکی ئەم جیهانە، بەڵام ئێمە بەرلەوەی بمانەوێت کارێک بۆ ئەو پرسە بکەین، دەبوو بەر لەهەموو کەس سەرانی کورد لەباشو،ر زۆرتین دەستەکەوتیان بۆ قوربانیانی ئەنفال و کیماباران فەراهەم بکردبووایە، لەپارلەمانی عێراقدا خودی عەرەباکان شەرمەزاریان دەرببریبایەو داوای لێبوردن و قەرەبووی مادی مەعنەوی تەواوی قوربانیان بکردرابایەوە، وەک چۆن لەداهاتی ووڵات، قەرەبووی زیانەکانی ووڵاتی "کوەیت" دەکرێتەوە. ئاخر تەئەم چرکەیەش، هەزاران لاشەی قوربانیان لەژیرخاکدا بەشارەوی ماونەتەوە، هەزارانیش رۆژانە بەدەم ئازارو چاوەرووانیەوە، بەبیدەنگی و لەبێ باکی ئەو دەسەڵاتە خۆپەرسەتەدا، گیانیان سارد دەبێتەو.ە تا ئیستاش دەسەڵاتدارنی کورد، نەیان توانیوە بەفەرمی ژمارەی رەستەقینەو چارەنوسی قوربانیان بخانە بەردەست. خۆ رژێم نەماوە تا چاوەرێ بکەن لەداهاتوویان، ئەمرۆ و لە چەند ساڵی رابردووشدا سەرانی کورد، لەترۆپکی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقدا هەن، ئایا کەی دەتوانن شکۆی مرڤانە بگەڕێننەوە بۆ خانەوادەو تاکی قوربانیان؟ یان هەر خەریکی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبیەکانی خۆیانن. ئایە ئەگەر ئەمڕۆ لەنێو ئەو هەموو دەسەڵەت و سامان و داهاتەی لەهەرێم و بەغداد، لەچنگی سارانی کورد دایە، نەتوانن خانەوادەی قوربانیان قەربوو بکەنەوەو سەبوریان بدەن، یان لانی کەم بەشوەیەکی زانستی، ئیسک و پروسکی قوربانیان بگەریننەوە، تا هیج نەبیت ئەوان بتوانن گۆرانی بۆگڵکۆی ئەزیزانیان بچڕن. کەی دەتوانن؟ ئەوان تائەم ئان و ساتە خەریکی خوێندنەوەی چیرۆک و گوتاری درۆینەن بۆ کەس و کاری قوربانیان، من نامەوێت وابیر بکەنەوە کەمن لەهەوڵ و ماندووبونی تەوای ئەو کەسانە کەم دەکەمەوە، بەهەرجۆرو رێگایەک رۆژانێک هەوڵیان بۆ کەیسی ئەنفال کیماباران داوە، بەڵام بەچی دەچێت کەلەهەموو دینادا ئەنفال و کیماباران بەجینۆساید ناسێنرا، بەڵام لەژێر دەسەڵات و فەرمانڕاوای خودی کورددا رۆژانە قوربانیان نەتوانن ژیانێکی مرۆڤانەو شکۆمەندانە بژین، پاش چەشتنی ئەو هەموو نەهامەتیو ئازارە زۆری بووە قەدەریان. کوا سادەترین شێوە ژیانی ئاسایی هەر مرۆڤێک، لەو ناوچەو جێگایانەی زۆرترین قورباینیان لەپرۆسەی ئەنفال و کیمیاباراندا داوە؟ لەدەیان پۆستی باڵا، لەهەموو جومگە گرینگەکانی دەوڵاتی عێراقدا، لەداهاتی تریلیۆن دینارو دۆلاری هەرێم و بەغدا، لەبوونی هەرێمێکی دەوڵەمەندی پڕ لەنەوت، نەتوانن تەنها کارەبا، ئاوی پاکی خواردنەوە، ڕێگاو بانی سەردەمیانە، خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەیی، کەبەشێکن لەساددەترین مەفەکان بۆ شارو شارۆچکەو دێهات و گوندە وێرانکراوەکان دەستەبەربکەن،کەی دەیکەن؟ دواجار ئەو هەوڵانە جگە لەدەنگدانەوەی نێودەوڵاتی ناتوانن زام و ئازاری قوربانیان قەتماغ بکەن.
http://epetitions.direct.gov.uk/petitions/31014
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست