دوای تەواو بوونی هەموو شتێك، منیش قسەم هەیە
Saturday, 17/04/2010, 12:00
بەشی خۆمان دنیامان دیوە و كەم تازۆرێك ئاشنا بووین بە ئەدەبیات و ئەتەكییەتی رەخنە و بەباڵا بڕین. بەندە لێرەدا نامەوێ بە لایەنگری هیچ لایەك یان ئەداتی پیاهەڵدان و بوقلێدان بۆ هیچ لایەك بدرێمە قەڵەم... ئەوەی لێرەدا دەیخەمە روو كۆمەڵێ ئینتباعاتی خۆمە و وەكو هیچی تر لێم وەر مەگرن.
1-با لە مریشكە رەشەوە دەست پێبكەین، ماوەیەك بەر لە ئێستا، واتە پێش ئاشكراكردنی ناوی كاندیدەكانی پەرلەمانی عێراق، برادەرێكی چاو رەش تەلەفۆنی بۆ كردم وپێی وتم: ئەزانی پێیان وتووم كە كاندیدم بكەن بۆ پەرلەمانی بەغدا؟ منیش لە وەڵاما وتم: دەی باشە پیرۆزە.. وتی: ئاخر ئیشێكی زەروورم پێتە.. وتم فەرموو: وتی: بەڵكو فێری عەرەبیم بكەی، چونكە من عەرەبییەكەم باش نییە!!!
كەچی دوای ئاشكرا بوونی ناوی كاندیدەكان، دەركەوت لە سەدا نەوەتو پێنجیان سەرە واوی عەرەبی لە سكیانا نییە!!
2-لە كاتی خۆ ناساندنی كاندیدەكانی لیستی كوردستانیدا، یەكێكیان، كە یاسایی بوو، وتی: من حەوت كتێبم هەیە، زۆربەشیان بە زمانی عەرەبی نووسیومن وهەندێكیشیان لە دەرەوەی وڵات چاپكراون!! بەڵام:
أ-تەنها دوو كتێبی عەرەبی هەن، ئەوانیش هەردوو نامەی ماستەر ودكتوراكەیەتی، كەلە دەرەوەی وڵات چاپكراون وهیچیتر. تەنها نامەی دكتۆراكەی، پاش ئەوەی زمانەوانیش هەندێ هەڵەی بۆ چاككردبۆوە، لە كاتی گفتۆگۆكرداندا بە گەواهی هەموو ئەوانەی ئامادە بوون، زیاتر لە 400 هەڵەی زمانەوانی زۆر سەرەتاییان بۆ دەستنیشان كرد، كە نەك ئەو خاوەنی حەوت كتێب بێت، بەڵكو ئەوەی موبتەداو خەبەری عەرەبی بزانێت نابێت ئەو هەڵانە بكات، خوا بكات بەر قەسیدەكەی بێكەس نەكەوێت!!!
ب-لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەو برادەرە (خوا سەلامەتی كا)، تا ئێستا بە (ئیسمی مەعریفە) ئەڵێت (ئیسمی موعریفە)!!!! ئیتر بەغدا وپەرلەمانی چی؟؟؟
خۆزگە ئەو كاندیدانە بهێنرانایە سەر تەلەفزیۆن ویەكی چەند دێڕێك عەرەبییان پێئەخوێندنەوە، ئەوسا دەرئەكەوت كە ئەمانە جگە لەدەست بەرزكردنەوە و موچە وەرگرتن هیچیتریان لەبارانابێت.
3-برادەرێك ئیمتیحانی كاندیدەكانی لیستی گۆڕانی كردبوو، كەلە راستیدا خۆیشی بە ئالێر عەرەبییەكەی وەرئەگرێ، جگە لە حاكم شێخ لەتیف پاكیان كەوتبوون!!! جا ئەمانە چۆن دەرەقەتی ئەو هەموو فوسەحایەی شیعە وسوننەی بەغدا دێن؟؟؟
لێرەدا جێی ئاماژەیە كە بەراستی ئیختیاری گۆڕان بۆ كاندیدكردنی حاكم شێخ لەتیف تەواو لەجێی خۆیدابوو، ئەویش، بەكورتی، لەبەر زمانەكەیی و شارەزایی لە بواری خۆیدا.
4-كاندیدێكی لیستی گۆڕان لەسەر تەلەفزیۆن وتی: من بەردەوام وتار لە رۆژنامەكانی دەرەوە و ناوەوەی وڵات بە عەرەبی!!! وكوردی وفارسی دەنووسم.
جا مەسەلەیەكی كوردی هەیە ئەڵێت: كورد بدوێنە شەرحی خۆی ئەكات، وتی لە زەمانی رژێمدا فەرمانێكم بۆ دەرچوو تیایدا نووسرابوو: (یەتیممو تەعیینهی-یتم تعیینِهِ) فیعلی ئیزافە كرد بۆ ئیسم!!! جا ئەبێ وتارە عەربییەكانی چەند موزەكەری تیا بووبێت بە موئەنەس!! بەڵام ئەوەش رەنگە حوججەیەكی هەبێت، ئەویش ئەوەیە: كە ئەو برادەرە پسپۆڕ بوو لە ئەدەبی كوردیدا، ئێ خۆ قانعیش ئەفەرموێ: فەرقی نییە نێرومێ هەرچی دانیشتووە لە دێ!!!
5-ئەوەی بەندە تێبینی كردبێت لە ژیانی سیاسی وئیداری هەر وڵاتێكدا ئەوەیە، كە دانیشتوانی هەموو مەملەكەتێك رێز وحورمەت لە ریش سپی و سەرۆكی وڵاتەكەیان دەگرن، جگە لە ئێمە!!! ئەوەی سەیرو سەمەرەیشە ئەوەیە كە هەمیشە باس لە هەوڵ وتەقەلای بێ وچانی خۆمان دەكەین لە پێناو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردیدا!!
هەنووكە سەرۆك مام جەلال هەر كەسێك بێت، خاوەنی خەباتێكی دوورودرێژە و ئێستایش سەرۆكی حكومەتی عێراقە، كەچی ئەوەی بەردەوام رەخنەی توندی ئاراستە دەكات و وادەزانێ هەنگوینی لە دارا دۆزیوەتەوە، هەر كوردە و كۆنە هاوەڵەكانی پارتەكەی خۆین، زیاد لەوەش بەندە مولاحەزەی ئەوەم كردوە كە عەرەب زیاتر لە خۆمان نرخی ئەو پیاوە دەزانن!!
لەو ماوەیە لە هەواڵەكان شتێكی سەرم بینی، برادەرێكی گۆڕان زۆر سەیر بەرامبەر دكتۆر بەرهەم دانیشتبوو! وەك ئەوەی كەسی بەرامبەر نەبێت، بێگومان ئەوەش بە سەروەری دەزانرێت كە ئۆپۆزیسیۆن زیندوە لەوڵاتا و چاوی زیتەی دێ!!!
من نازانم هەندێ كەس چۆن زاتی ئەوە دەكەن، ئاخر مرۆڤێك بە قبوڵ خاسی لایەنێك بڕوانامەی هێنابێت و دواتریش وڕكی عەمیدی بگرێت لە زانكۆ، پاشان بۆی نەكرێت.. دەبێت بە چ روویەكەوە بچێتە نێو ئوپوزیسیۆن؟!! ئاخر چۆن رووی دێت خۆی نیشانی كامێرا بدات و لەسەر تەلەفزیون دەربكەوێت!!
لەلایەكی دیكەوە، وەنەبێت من بڵێم حزبەكانمان بێخەوشن، نا.. هەرگیز.. ئەوەندە سەیرە بەلامەوە، كە ئەم شارە سەرچاوەی فیربوونی زمانی عەرەبی و زانستەكانی بووە، چەندەها زانا ودانا عەرەبی زانی تێدابووە، وتا ئێستاش پەرتووكەكانیان وەك پرۆگرامی فێربوونی زمانی عەرەبی لە زانكۆ جیهانییەكاندا دەخوێنرێ، كەچی گڕگڕ بە كۆمەڵێكەوە نیشتوونەتەوە، كە زۆربەیان ناتوانن تەنها دێڕێك بنووسن یان دوو دەقیقە بە عەرەبی قسە بكەن!! دەفەرموون ئەوانەی لە سلێمانی دەرچوون تەنها حاكم شێخ لەتیف ومامۆستا مەلا ماجد ودكتۆر مەحموود نەبێت، بابێنەسەر تەلەفزیۆن نەك قسە بكەن بە عەرەبی بەڵكو چەند دێڕێك بخوێنەوە.. جا دەرئەكەوێ تووشی چ قەیرانێكی سیاسیی و شتی تریش ئەبین لە بەغدا؟!!!
دەبێت لەسەر چ بنەمایەك ئەمان دانرابن ئیلاهی؟!!
ئێستاش تێنەگەشتم لەوەی كە ئایا میللەت چۆن متمانە دەدات كەسێك ببێتە پێشڕەوی گۆڕان كە زۆربەی هەرە زۆری نووسراوەكانی قبوڵ خاس لە مەكتەب رێكخستن ئەو دەیكرد، بەحوكمی ئەوەی كارگێڕی مەكتەب رێكخستن بوو... ئێستا بۆتە یەكەم بەرگری كەری میللەت لە پەرلەمانی كوردستان لە جیاتی جارێك سەد جار حكومەت بە دز وجەردە لەقەڵەم دەدات!!! یان برادەرێكی دیكە دوو دەورەی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی كوردستانی دانرا، دواتر زانی بۆ دەورەی سێیەم مەجالی تیانەمایەوە، ئیتر حكومەتی كرد بە گەندەلأ بووبە دووەم ناو لە لیستی گۆڕان!!! گۆڕان وانەبێ كەی پێی ئەوترێ گۆڕان؟!!!
برادەران:
ئەوەی جێی سەرنجمە بەدرێژایی ماوەی پروپاگەندەی هەڵبژاردن ئەوەیە، ئەو برادەرانەی گۆڕان زۆربەیان بە تەمەنێكەوە لەژێر وێنەكەیان نووسیبوویان: پەنجاكان یان شەستەكان لە دایك بووە، كەچی كۆتایی نەوەتەكان یان ساڵەكانی دووهەزار كۆلیجی یاساو رامیاری تەواو كردوە، بێگومان بە قبوڵ خاس!! باسی گۆڕان وگۆڕانكاری وریفۆرمیش ئەكەن.
خوێنەری هێژا!
هەرگیز واتێمەگەن من شینی هەرسیەكە ئەكەم، و واش تێمەگەن كە من دەمەوێ بە خراپ باسی كاندیدەكان بكەم. نا.. نا بەگۆڕی شەهیدان.. چونكە ئەوان خەتا بارنین، بەڵكو ئەوانە تاوانبار و خەتابارن كە ئەوانیان داناوە، جا لەبەر هەر ئیعتبارێك بێت.
خەڵكینە!
دەزانن كە لە دێر زەمانەوە كورد ئەم ئەزموونانە تێئەپەڕێنێ و بەبێ هیچ گۆڕانكارییەك دوو بارەیان دەكاتەوە، بەبێ ئەوەی دەرس وعیبرەت لەوەی پێشتر وەربگرێت؟ باشە چی تێدەچوو تۆزێك خۆیان ماندوو بكردایە و هەندێ كەسی خاوەن فكر وقەڵەم وزمانیان دابنایە، لەوانە دوو و نزیك هەندێكم بە خەیالأدا دێت، وەك: مامۆستا دانا ئەحمەد ، ودكتۆر هۆكر مەحموود، ودكتۆر نەوزاد حەسەن خۆشناو، و مامۆستا ئازاد بەرزنجی، وكاك ئاوات ئەحمەد، و كاك رەئوف بێگەرد، و مامۆستا مەجید زەنگەنە، و كاك ئەنوەر قادر، و دكتۆر كاوسێن، و خەڵكی دیكەش كە عەرەبەكان رێزیان دەگرن چونكە زمانی عەرەبی لەوان چاكتر دەزانن..
دەبێت بەكام پێوەر ئەمانە دانرابن؟ تەنها خوا و خۆیان دەزانن و كەسی تر.
ئەمە دوو سەدەیە كورد بەم ئەزموونە تاڵەدا تێپەڕ دەبێت، بەبێ كەمترین گۆڕانكاری، تەنها لە رووی زەمەنەوە گۆڕاوە، ئیدی هەمان فكر و هەمان هەڵبژاردن و هەمان سیاسەت!! هەمیشە وتەی یەكێك لە مێژوو نووسان دەمهەژێنێ كە دەڵێ: دیراسەی مێژووی هەشت هەزار ساڵی میللەتانم كردوە، سەرئەنجام گەیشتوومەتە ئەوەی كە هەموو میللەتێك خەتەرێكی دەرەكی بكەوێتە سەریان یەك دەگرن، جگە لە كورد!!!!
هیوادارم ئەم نووسینەم نەبێتە هۆی عاجز بوونی هیچ كەسێك و بەڵكو هەڵنانێك بێت بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونەكان وەربگرین.
*دبلۆمی باڵا لە زمانی عەرەبیدا.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست