کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێنی گۆڕانخوازەكانو دیموكراسی

Sunday, 27/12/2009, 12:00


لەهەفتەی ڕابردووداو لە ژمارە (203)ی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا، بەدیاریكراوی لەلاپەرە (3)دا ڕۆژنامەی خۆشەویست بەدواداچوونێكی بڵاوكردوەتەوە بەناونیشانی (سلێمانی زنجیرەیەك ڕووداوی گوماناویی بەخۆیەوە دەبینێت). پاش دەستخۆشی بۆ ڕۆژنامەی ئازادو پێشەنگی ئاوێنە لەسەر هندێ سەرنج ڕادەوەستین، دیارە من وەك ڕەخنە سەیری ئەم بابەتە ناكەم. بەڵام بەلاشمەوە سەیرە ئەگەر خەلكی كوردستان بابەتێكی ئاوا روونو ئاشكرا بخوێندنەوەو لەئاست پێشێلكاریەكانیشدا بەردەوام بێدەنگ بن؟ چونكە بەئاشكرا گۆڕان بەرەو خوێن بەخشینو میللەتیش ڕووەو مەترسی شەڕی ناوخۆیە.

لەم بابەتەدا بەڕوونی دیارە كە دیموكراسیەت لەكوردستاندا هێشتا لەسەرەتاشدا نیە نەك ببێتە نمونە بۆ ناوچەكانی تری دەوڵەتی عێراق، چونكە لەدیموكراسیەتدا سادەترین شت ئەوەیە ئیدی شەڕوكوشتار نەمێنێتو لەبری زمانی كوشتنو كوتەداو شۆڕشو ...هتد. زمانێكی تر بێتە ئاراوەو بەڕێگای دێباتو گفتوگۆو هەڵبژاردن ململانێكان بەلادا بخرێن. ئەوەی بەرامبەر چالاكەوانەكانی گۆڕان ئەنجام دەدرێت ئەمڕۆ لەكوردستاندا مێژوویەكی دێرینی هەیەو دووبارەكردنەوەی ڕابردووە. بەو مانایەی لەڕابردووشدا پارتە كوردیەكان پەنایان دەبردە بەر تەێفیەكردنی یەكترو چالاكو لایەنگرەكانی یەكتریان ئازاردەداو دەكوشت كە تائێستاش میللەتەكەمان بەدەست قوربانیدانی شەڕو پێكدادانی ناوخۆوە دەناڵێنێت.

لەم بابەتەدا كەتیشكمان خستەسەر، بەڕێوەبەری ئاسایش دەڵێت ئەوە ئیشی ئێمە نیە، بەڵكو خۆی لەبەرپرسیارێتیەكان ڕزگار دەكاتو دەیكات بەتووشی پۆلیسەوە، سەرەڕای ئەوەش پیاوەتیان بەسەرەوە دەكاتو دەڵێت: "ئەگەر داوای هاوكاریمان لێ بكەن، هاوكاریان دەكەین" دیارە ئەمە لەزاری ئاوێنەوە وەرگیراوە. بەڕاستی بەرپرسیارێتی خوێن لەسەردەمی دیموكراسیدا هەمووی دەچێتە ئەستۆی دەسەڵاتو دەوڵەتەوە، چونكە لەگەڵ هەبوونی بازاڕی ئازادو هەبوونی سیستەمی دیموكراسیەوە ئەركی سەرەكی دەوڵەت دەبێت بەدابینكردنی ئاسایش بۆ هاوڵاتیان. خۆ ئەوەی بەسەر ئەو چالاكەوانانەدا هاتوە دیارە كەلایەنی نەیاریان لەپشتەو بەپێی هەموو لێكدانەوەیەك دەزانرێت كێ بەوكارە هەستاوە.

دەسەڵاتی كوردی بەتایبەتی یەكێتیو پارتی، ئەزموونێكی باشیان لەخوێنڕشتندا هەیەو ئەم ڕووداوانە دەریدەخەن كەسەركردایەتی كردنی تیرۆر لەسەردەمی شۆڕشو شاخیشدا كێ كردویەتیو كێی لەپشتەوەیە؟ ئەوەندەی لە وتەكانی بەڕێز (تاڵەبانی بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بەنەوشیروان مستەفا) تێیدا هاتوە كە نەوشیروان مستەفای سەرۆكی بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام لەسەردەمی شاخدا خەریكی خەڵك كوشتن بووە، بەڵام ئەم ڕووداوانە پێچەوانەكەی دەسەلمێنن. تاڵەبانی بەئاشكرا دەڵێت: "لەناوخۆشماندا، بێ ئاگاداری سكرتێری گشتیو (م.س)و ناوەندی كۆمەڵەش، بڕیاری كوشتنی خەڵكی لەشارو لادێ دەردەكرد" مەبەستی نەوشیروان مستەفایە. بەڵام ئێستاش كەدەسەڵات مەترسیو هەڕەشەی دیموكراسیانەی دەكەوێتە سەر بەنوێ بوونەوەو گۆڕان ڕاستەوخۆ سەركردایەتی یەكێتیو پارتی بیر لەڕێگای سەیردەكەنەوە، ئەوەبوو لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا خەڵكیان دەركردو داپلۆسیو تەقەیان بەسەر بارەگادا كردو چوونە سەرماڵی هاوڵاتیانو هەڕەشەیانكردو خانووی خەڵكیان سووتاند. كاتێك ئەمانە سوودیان نەبوو دەستیانكرد بەگزیو فێڵكردن لەهەڵبژاردندا. بەڵام پێدەچێت ئەمەش سوودی نەبێتو ناچار پەنایان بردە بەر فڕناندنی چەند چالاكەوانێكی دیاری وەك سۆران كۆستە، پاشان هەستان بەبرینداركردنی خەڵكی نووسەر وەك نەبەز گۆران، سەردار قادر، دواتار پەلاماری عەسكەریو كادیرە جەماوەریە چالاكو بێدیفاعەكان دەدەن. هیچكام لەوانەی پەلاماریان دراوە چەكیان هەڵنەدەگرت ڕۆژانە، هیچكام لەوانەی پەلاماریان دراوە پەنایان نەبردوەتە بەر زمانی توندوتیژیو داوایان لەخەڵك نەكردوە چەك هەڵگرێت، كەسیان هەوڵی خۆ تەقاندنەوەو تیرۆریان نەداوە، تەنیا چەكی ئەوان هێزو بازووی خۆیانو پرسی عەدالەتە كەبانگەشەی بۆدەكەنو دەیانەوێت دیموكراسیانە بەشداری گۆڕینو چاككردنی وڵات بكەن. بەڵام دەسەڵاتێكی نادیموكراسی ناهێڵێت گۆڕان بەبێ خوێن ڕووبدات.

خوێن لەلای یەكێتیو پارتی وەڵامە بۆ هەموو هێزێك كەهەڕەشە لەبەرژەوەندیەكانیان بكات. هەركەس دەیەوێت بەرەوڕووی دەسەڵاتی كوردی ببێتەوە، بەمەرجێك هۆشمەندیو بیروبۆچوونێكی هەبێت، یان خەڵكی لەگەڵدا بێت یان پرسیار لەسەروسامانو ڕەفتاری بەرپرسان بكاتەوە یان ترسی سەربازیو توانای سەركردایەتی خەڵكی هەبێت، بەمەرجێك گرێدراوی خۆیان نەبێت، ئەوا بێگومان بەرەوڕووی ململانێی خۆێناوی دەبێتەوە. ئەو پرسیارانەی ئاوێنە دەیانكات لەكۆتایی بەدواداچوونەكەیدا وەڵامەكانی بەئاشكرا دیارە. هەریەك لەوانەی خراپەیان بەرامبەركراوە هیچ دوژمنایەتیو كێشەیەكی كەسییان نەبوە، خەڵكی بێ دیفاع بوون، خەڵكی چالاك بوونو ڕاستیان خستوەتەڕوو، نهێنیان دركاندوە لەدژی دەسەڵات، خەڵكیان كۆكردوەتەوە بۆ دەنگدان دژی یەكێتیو پارتی. ئیتر پێم دەڵێن بۆ پرسیار بكەین بڵێین كێی لەپشتە؟ یان دەستێكی ڕێكخراوە؟
بەڵێ دەستێكی ڕێكخراوە، چونكە ئەگەر بڕوانینە نووسینەكانی كاك سەردار قادر، ئاشكرا دیارە كەكەسێكی هۆشمەندو خاوەن بیروڕایە، سەیری مێژووی ئەم مرۆڤە بكەن زۆر بەئاستەم دەتوانیت هەڵەی جدی لەسەر بدۆزیتەوەو چواردەورەكەی خۆشیان دەوێتو كەسێكی كۆڵنەدەری شاری سلێمانیە، بڕوانە فەریق دارا كەسێكە لەڕووی سەربازیەوە كەسێكی ئەكادیمیەو زۆرترین قوربانی داوەو بەهۆی كاركردنیەوە لەنزیك سەركردایەتی یەكێتی كۆڵێك نهێنی سەربازیو ئەمنی دەسەڵاتی لاهەیە. بڕوانە سۆران كۆستە، كەسێكی چالاكی بواری كۆمەڵگای مەدەنیەو بەهەزاران كەس تامەزرۆی نووسینو لێكدانەوەكانی ئەم نووسەرەن، دەوری باڵای گێراوە لەهەڵبژاردنەكانداو هەموو دیاردە ئەخلاقیەكانی بەرپرسانی لەگەڵ خێزانەكەیدا خستوەتە ڕوو لەكتێبێكداو پاشانیش بەردەوام دژایەتی گەندەڵیەكانی دەسەڵاتی كردوەو هاوكاری ئەمنستی دەكاتو ئاسانكاری دەكات بۆ دەرخستنی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمو...هتد، دواجار دێتە سەر تیرۆركردنی بەرپرسی هەڵەبجەی شەهیدی لیستی گۆڕان و كاك (رەوف زەڕایەنی) شەهید دەكرێت.
گومانی تێدا نیە ئەمانە هەمووی دەستی دەسەڵاتی لەپشتەوەیەو بەپلەی یەكەم یەكێتیو پارتی لێی بەرپرسیارنو نازانن ململانێ بكەن بەبێ ئەوەی ئەوانە ڕابەرو سەركردە بن. هەردوو بنەماڵە دەستیان بەخۆێنی میللەتەكەمان سوورەو ئەمە یەكەمین جاریان نیە بەوجۆرە شەڕی مانەوە دەكەن. ئەوان هێنانی سوپای دوژمنو جاشێتیو خیانەتیان پێ ئاساییە، ئەوان دۆستایەتی ڕژێمی توركیو ئێرانیان پێ ئاساییە كەساڵانە سەدان گەنجی كورد تیرۆر دەكەن، تەنیا بۆ بەرژەوەندیەكی خۆیان. ئەی چۆن پێیان ئاسایی نیە خەڵكێكی چالاك بگرنو بكوژن.
بەڵێ ئاوێنەو خوێنەری خۆشەویست ئەوانە بەدەستی جەلادەكانی حوكم كراون، ئەوانە لەلایەن هێزە داپلۆسێنەرەكانی پارتیو یەكێتیەوە ئەنجام دەدرێن. هەركە زانیان كەسێك خەریكە سنوور دەبەزێنێت، فایلی گەندەڵی كەشف دەكاتو دونیای لێ ئاگادار دەكاتەوە، هەركەس خەڵك خۆشیویستو متمانەی پێ بەخشی، هەركەسی ڕێزی لێگیراو دژی ئەوان ئەم ڕێزەی خستە خزمەت بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەركەس بوو بەمەترسی بۆسەر پارەو پۆستو دەسەلاتی ئەوان ئەوا دەیگرن، ئەگەر نەیانتوانی دەیفڕێننو تیرۆری دەكەنو دوورنیە لەژوورە داخراوەكانیانەوە بڕیاری شەڕێكی ناوخۆیی هێواشیان لەدڵی خۆیاندا نەدابێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە