كەمپین بۆ پارێزگارى كردن لە میدیاى ئازاد بەرامبەر بە هێرشی ناڕەواى ئیسلامیەكان واژۆ بكە

Saturday, 12/06/2010, 12:00


ماوەیەكە دەستە و تاخمە ئایینیەكان بە تایبەتى حیزبە ئیسلامیەكان كەوتوونەتە خۆ بۆ هێرش كردنە سەر میدیاى ئازاد لەژێر ناوى بەزاندنى(هێڵی سوور) درێژە بەو رەفتارە دوژمنكارانەیان دەدەن لەهەمبەر میدیارى ئازاد، ئەو هێڵە سورانەى كە رەنگە تەنها خۆیان پێناسیان بۆی دانابێت و لەهەگبەى ئایدیۆلۆژیاى بەر تەسكى حیزبەكانیانەوە هەڵقوڵابێ كە هەموو دەزانین ئەو ئایدیۆلۆژیانەشیان لە دەرەوەى سنورەكانى هەرێمەوە ئیستیراد كراون، دانانى هێڵی سور بۆ بیر و هزر ئەو كارەساتە تراژیدیایەى لێ دەكەوێتەوە كە وا بە سەدان ساڵە وڵاتانى رۆژهەڵات پێیەوە دەناڵێنن بە تایبەتى ئەو وڵاتانەى كە لێوان لێون لەوجۆرە هێڵە سورانە وەكو(ئیران و ئەفغانستانى سەردەمى حوكمى تاڵیبان و هەندێ وڵاتى كەنداو و..هتد) ئەم هێڵە سورانەش هۆكارى تەواوى دواكەوتوویی و ئاژاوە و ململانێ و ژێرپێ كەوتنى مافەكانى مرۆڤ بووە، هێرش كردنە سەر هەردوو گۆڤارى(ئێوە) و(ئیسرائیل-كورد) بە بیانووى جیاجیاى بەزاندنى ئەو هێڵانە بە دەستپێكى گەڕاندنەوەى رەورەوەى مێژووى نەتەوەكەمان دەزانین بۆ سەدەكانى ناوەڕاست و پێشێلكردنى راستەوخۆی بەرهەمى عەقڵیەتى مرۆڤەكانە لەو هەرێمە و كە ئیسلامیەكان دەیانەوێت بەهۆیەوە پێگە و جێگەى خۆیانى لەنێو خەڵكى سادە و ساویلكەدا پێ بكەنەوە و درێژە بە كارە تیرۆریەكانیان بدەن چ تیرۆرى جەسەدى و چ تیرۆرى فیكرى.

ئێمە وەكو(دەستەى نووسەران و رۆشنبیرانى كورد لە تاراوگە) ئەم تیۆرە نا مەنتیقیانە بەسەر میدیاى ئازاددا رەت دەكەینەوە و ئیدانەى ئەو هەڵوێستەى ئیسلامیەكان دەكەین، لەپێناو سەركەوتنى میدیاى ئازاد بەسەر شەمشەمەكوێرەكانى جەهالەت دەنگت بخە پاڵ دەنگى ئێمە بۆ ئەوەى حكومەتى هەرێم و پەرلەمان و پارتە سیاسیەكانى باشوورى كوردستان و سەرجەم رێكخراوەكانى داكۆكیكار لە مافەكانى مرۆڤ و كۆمەڵگاى مەدەنى و سەندیكاى رۆژنامەنووسان و یەكێتى نووسەران بە ئاگا بێنین كە ئەم(هێڵە سور)انەى كە ئیسلامیەكان باسیان لێوە دەكەن چ هەڕەشەیەكن بۆ سەر ئایندەى نەتەوەكەمان و بیر و هزرى تاكى كۆمەڵگاى ئێمە، نرخ و بەها و نەریت لە گفتوگۆكردندایە لەسەر چەمكەكان نەك قەدەغەكردنى گفتوگۆكردن لەبارەیانەوە، نرخ و بەها و رەوشت لە دیالۆگ و نووسینى عەقڵانیدایە نەك تەكفیركردن و هەڕەشەلێكردن و سووك و ریسواكردن، بەزاندنى هێڵی سور ئەوەیە تۆ مووچە لە داگیركەر و دوژمنى میللەتەكەت وەربگریت، بەزاندنى هێڵی سور ئەوەیە تۆ پێشێلى ئەمنى قەومى نەتەوەكەت بكەیت، بەزاندنى هێڵی سور ئەوەیە كە دوژمنەكەت سنورەكانت، گوند و شارۆچكەكانت بۆردومان بكات و تۆش بێ هەڵوێست بیت و كۆمەڵگا سەرقاڵ بكەیت بە بابەتى نێو گۆڤار و رۆژنامەیەك یاخود بە هەڵگەڕانەوەى گەنجێك لە ئاینەكەى، بەزاندنى هێڵی سور لەوەدایە كە تۆ دیالۆگ رەت بكەیتەوە و راستەوخۆ بەرامبەرەكەت تەكفیر بكەیت، هاوسۆزى پیشاندان بۆ دوژمنەكەت بەزاندنى هێڵی سورە، بۆیە جارێكى تر داواكارین لەسەرجەم نووسەران و روناكبیر و رۆشنبیرانى كورد لە هەركوێیەكى جیهاندابن هاو دەنگ و هەڵوێستمان بن بۆ ئەوەى ئەمجارەش ئەم هەڕەشەكردنە لەسەر ئیسلامیەكان تێپەڕ نەبێت و ئێمەى رۆشنبیرانیش سنورێك بۆ ئەو سنورانەى ئەوان دابنێین لەپێناو ئازادى، لەپێناو سەربەست بوونى نەتەوەكەمان لە چنگ ئەو هەموو كۆت و زنجیر و هێڵەسورە چەقبەستووەى ئیسلامیەكان، با ئایندەى رۆڵەكانمان لێڵ نەبێت لە چنگ ئەو هێڵە سورانەوە، كێ ناڵێت دەرچوون هێڵی سور یەكسان نییە بە تیرۆركردنى هەموو فیكرە تازە و جوانەكان، تیرۆركردنى هەموو ئازادیخوازە داهێنەرەكان، با هەموو بەیەك دەنگ واژۆ بكەین بۆ(نا بۆ تیرۆرى فیكرى، نا بۆ هێڵی سورى ئیسلامى، نا بۆ خنكاندنى ئازادى و میدیاى ئازاد)..



[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە