کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حەقیقەتی ژن، ژین وژیانە، ژنی ناڕاستیش ژان وشێرپەنجەی ژیانە

Tuesday, 05/03/2013, 12:00







من لە ئەوبڕوایە دا نییم کە ژن و پیاو یەکسان بن و مافەکانیان وەکیەک بپارێزرێن، بەڵکو لە ئەو باوەڕە دام کە ژن وەک سروشتی خۆی خاوەن ڕێز و خاون مەزنیی خۆیەتی، ئەگەر ڕێسای ژیان بپارێزرێت؛ ئەوا دەبێت ژن وەک ئافرێنەری ژیان لێی بنواڕرێت، بەپلەی ئەوەی کە ڕاگری ژیانە و داهێنەری ژیانە.
کاتێک باسی "مافی ژن و یەکسانی و نیوەی کۆمەڵ" دەکرێت؛ ئیدی وادەبینم کە خۆمان لە ڕاستییە جەوهەرییەکان دووردەخەینەوە، و پاڵدەدەین بە یاسادەستزاکانی سیستمی دەوڵەتی و لە ڕاستی و بوونی هێزی خۆزای ژنان خۆ دەرباز دەکەین.
ژن وەک یاسای سرووشتی خۆی و ژیانی مرۆڤایێتی؛ ڕێزدارە و فەرماندەری ژیانە، چون ژن؛ ژیان لە منداڵدانی خۆیەوە بەرهەم دەهێنێت و پێشکەشی ژیانی مرۆڤایێتی دەکات، ئەگەر ژن نەبێت؛ نەژیان درێژەی هەیە و نە واتای ژیانیش دەبینرێت.

ئەوین، سۆزداری، ئیرادە، بەرپرسیارێتی، ڕێزداری، ئەمەک، هەوڵدان و دانبەخۆداگرتن؛ هەموو ئەمانە نەریتی ژنانەن و ژن پێشکەشی مرۆڤایێتی کردووە، بەبێ ئەم تایبەتمەندییانەش داخۆ ژیان چی یە و چ واتایەکی هەیە!؟، هەربۆیە ئەگەر بەچاوێکی کراوەوە سەیری مەسەلەکە بکەین؛ قەزاوەتەکان وەک ئەوەی کە هەیە بیکەین، دەردەکەوێت کە ژن نەک هەرئەوەی کە نیوەی کۆمەڵە، بەڵکو خوڵقێنەر و پەروەردەکەری نیوەکەی دیکەشە، و لەسەر دەستی ژن و لەئامێزی ژن دا ژیانیان پێ بەخشراوە، بۆیە لێرە دا من پێم وایە؛ کە ژن تەنانەت پلەیەکیش لەسەرەوەی ڕەگەزی بەرامبەر دایە، ئەگەر ئێمە وەک مرۆڤ بمانەوێت یاسای سروشت بپارێزین، ئەوا نابێت بەچاوی یەکسانیش سەیریان بکرێت، ئەرک و ڕاستییەکە؛ ژن وەکچۆن پێشەنگی ژیانە، ئاوهاش دەبێت پێشەنگی کۆمەڵگا بێت بۆ ژیانێکی ئارام و سۆزداریی دەبێت ژنان ڕۆڵی کلیلی بگێڕن.

مێژوو شاهیدی ئەوەیە تا ئەوسەردەمەی ژن پێشەنگی ژیان بوو، مرۆڤایێتی هیچ چارەڕەشییەکی بەخۆیەوە نەبـیـنـیـبوو، هەموو مرۆڤەکان بە یاسای سرووشتیی خۆیان و کلتووری مرۆڤبوونی خۆیان ژیانیان بەڕەنگاوڕەنگی و وەکخۆی دەبینی و بەئاشتی و بەئارامی و بەئەوپەڕی چێژوەرگرتنەوە تەمەنی خۆیان بەتەواویی لەژیانی جەوهەریی دەبردە سەر.
بەڵام هەر لە سەرهەڵدانی نەریتی باوکسالاریی و نەمان و ڕووخانی ڕێوەبەری ژیان، واتا ژیان بەپێشەنگی "تیامات" خواوەندی ژنان و جێگرکردنی هێز لەلایەن "مەردۆک"ی خواوەندی پیاو لە پـێـنجهەزار ساڵ پێش، ئیدی لە ئەوساوە ژیان ڕوویەکی دیکەی بەخۆیەوە گرت و هێدی هێدی دەستەڵاتدارێتی کۆیلەبوون و کۆیلەکردن، خوێنڕشتن، خۆبەگەورەدیتن و خۆسەپاندن بوون بە کلتوور و لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە برا، لە ئەو سەردەمەوە کە دەستەڵاتی ژیان کەوتۆتە دەست پیاو، مرۆڤایێتی خۆشی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە هێشتاشی لەگەڵ دا بێت؛ کوشتوبڕ و ماڵوێرانی مرۆڤەکان لەلایەن سیستمی دەوڵەتەوە کە هەمان سیستم و زیهنییەتی پیاوانەیە، بەردەوامە.

سیستمی سەرمایەداریی" کاپیتاڵیزم"، مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی بۆ مەبەستی گەیشتن بە قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیان، بازیان دا بەسەر ڕاستییەکان دا و هەموو ئەو کلتووری ڕێزدارییەیان شکاند و بەپلانەکانیان ژنیان خستە ژێر دەستەڵاتی خۆیان و بەکاریان هێنان، ئیدی لە ئەم سەردەمە دا ژن بۆ ڕیکلامکردنی شتێکی هەرزان؛ بەنرخترین شت کە جەستەیەتی ڕووتیدەکاتەوە بۆئەوەی قازانج بگەیێنێت بە ئەربابەکانی کە بەکرێیان گرتوون.
ژن؛ ئەمڕۆ لەزۆربەی وڵاتان لەجامخانە دا دادەنرێ و سەودای پێوە دەکرێ، ژن کراوە بە نانەوا و جلشۆر و منداڵبەخێوکەر، ژن ئیدی چیتر ئەو ژنەی کە پێشتر ڕێوەبەر و فەرماندەری ژیان بوو نەما، و بووە بە کەنیزە و لە ماڵ و لە هۆتێل لە ماڵەدەوڵەمەندەکان دا بەنرخی تێربوونی نانی زگی؛ هەموو جەستەی خۆی خستۆتە گرەو و هەرزانفڕۆشی کردووە.

لە ئەم سەردەمە دا؛ ئەو پیاو و ژنانەش زۆرن کە خەبات دەکەن لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و ئاسوودە، ژیانێک کە نرخی مرۆڤەکان بەژن و بەپیاویشەوە پارێزراو بێت و ڕێزلەیەکتریگرتن و یەکتریپەسەندکردن
بنچینەی ژیان بێت، بەڵام بەداخەوە، زۆرکەمن ئەوانەش کە بەزیهنییەتێکی پاک و باوەڕێکی پتەوەوە خەبات لەپێناو ڕزگاربوونی مرۆڤ دا بکەن، و شێلگیرانە تێکۆشانیان بەردەوام بکەن.
ژن؛ ئەگەر جەوهەری ژنێتی خۆی بپارێزێت، ئەوا وەک پـێـنجهەزار ساڵ پێش؛ پێشەنگی ژیانە و دەتوانێت ئافرێنەری ژیانێکی ئازاد و بەڕوومەت بێت، ئەگەریش ئەو ژنە بێت کە سیستەمی پیاوسالاریی درووستی کردووە، و کردوویێتی بە کۆیلە، ئەوا نەک ژین نی‌ یە، بەڵکو ژان و شێرپەنجەی ژیانیشە، ژنبوون بە ڕەگەز نی یە، بەڵکو بە ڕەوشتی ژنبوونە، و لەدەرەوەی ئەمە؛ ناتوانێت خۆی وەک ژنێکی ڕاستی بناسێنێت.

لە کوردستان ژنگەلێکمان هەن کە خەبات دەکەن و لە پۆستەکلیلییەکانیش جێگایان گرتووە، زۆر ژنیشمان هەن کە خەبات بۆ ژنان دەکەن و کات و تەمەنی خۆشیان بەسەر دەبەن لەپێناوی ئازادیی ژنان دا، بەڵام بەداخەوە کە زۆربەیان ئامانجیان خۆدەرخستن و ناودەرکردنە، ئەو ژنانەی کە کلتووری ژنێتیی خۆیان ناپارێزن و ناخ و کرداریان یەکناگرنەوە، ئەوا نەک قازانجی کۆمەڵگای تێ دا نی یە، بەڵکوو کۆمەڵگاش وەک خۆیان تووشی قەیرانی دووکەسایێتی دەکەن، ژن؛ ئەوکاتە دەتوانێت ناسنامەی ژنبوونی خۆی بسەلمێنێ کە جەوهەر و ڕەوشتی ژنبوونی خۆی بپارێزێت.

ژن؛ هێزی ڕێوەبەریی هەیە نەک دەستەڵات، بۆیە ئەو ژنانەی کە لەپێناو دەستەڵات و پێگە دا تێکۆشان دەکەن و بەرچاوە، ئەوە هەمان ئەو ژنانەن کە سیستمی باوکسالاریی درووستی کردوون و کلتووری خۆی پێیان بەخشیوە.
م؛ ئەو کەسەی کە ژنبوونی خۆی ناسەلمێنێت و دەیەوێت تەنیا لە ڕەگەز دا ژنبوونی خۆی پیشان بدات؛ جێگەی باوەڕم نی یە، و وەک ژنیش سەیری ناکەم، بە خاونڕێزی نابینم، ئەگەر بڕیاربێت ژنبوون تەنیا ڕەگەز بێت، ئەوا دەبێت هەموو سۆزانییەکان و ئەو ژنانەش کە بایەخی ژنیان کەمڕەنگ کردووە وەک ژن بـبـیـنـم!

ژن؛ دەبێت ڕێکخستن و ئیرادەی سەربەخۆی خۆی هەبێت، ژن لەپێناو گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دایکایێتی و سۆزداریی دا، دەبێت هێزی خۆی لە ڕاستینەی خۆی وەربگرێت و پشت بە زانستی خۆناسینی خۆی بگرێ، ژن؛ ئەگەر لە مۆراڵ و هێزی خۆزای خۆی کەڵک وەربگرێ، ئەوا دەتوانێت ژیان سەرڕاست بکا و ژیان بگەڕێنێتەوە سەر دۆخی خۆی، با ئیدی خەبات ڕووی لە مرۆڤایێتی بێت نەک ڕەگەز، چون تا هەردوو ڕەگەز نەگەنە ژیانی هاوبەش و باوەڕبەیەکتریکردن، ئەوا لاربوونی ژیان بەردەوام دەبێت، با ئیدی ژنی سیاسی و خەباتکار بەدڵ و بەگیان و بەباوەڕی خۆی تەڤلی تێکۆشان ببێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناو یان ناوبانگ و خۆدەرخستن، چون ئەمە خۆگۆڵ دانە، ڕاستیی خەبات و تێکۆشان ئەرکێکی ڕەوشتی و مرۆیی و ویژدانی یە، با پیاوان سەری ڕێز و خۆشەویستی بۆ دایکان کە پێکهێنەری ژیانن دانەوێنن و پێشەنگایێتی ژیانی سۆزداریی و ئەوین و ئەمەکداریی و ئارامیی؛ بەڕێزەوە ببەخشرێتەوە پـێـیـان.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە