دابەشبوونی کورد لە نێوان (ئازادوکۆیلە، بەرخۆدانڤان و دەستەمۆ)دا
Thursday, 25/09/2014, 12:00
ڕاستیەک هەیە نابێت بیشارینەوە ئەویش ئەوەیە کورد دابەشبوەو یەکنیە، واتە کوردی تەسلیمیەت و کوردی بەرخۆدانڤان.
کوردی تەسلیمیەت ئەوانەن پەیمانی لۆزانیان لە گوفتارو کرداردا چەسپاندوەو قەبوڵیان کردوە واتە ئەوانەی سیاسەت لە خۆیان ناخولقێنن وهەردەم چاوەڕوانی هێزێکن لە دەرەوەی خۆیان ڕزگاریان بکات. ئەوانگەل کە هێزی خۆیان بە پشت بەستن بە هێزی مادەوە گرێداوە.
کوردی تەسلیم بوو ئەوانەن کە پێناسەیەکیان نیە بۆ خەباتی ئەخلاقی و لە چوار چێوەیەکی تەنگ واتە پارچەچیەتی و حیزب چیەتیدا دەخولێنەوە، ئەوانەی تا ئاسایش ئارامی هەبێت دەبنە سەردارو بڕیاردەری گەلەکەیان و کاتی تەنگانەش بە تەنیایان دەهێڵن و پاراستنیان ناکەن،
کوردی دەستەمۆو ڕامکراو واتە ئەوانەی هێزی خۆیان لا گومانەو هەردەم دەست بۆ وڵاتانی بێگانە پان دەکەنەوەو بە بوونی هێزی دەرەکی سەریان بوڵندە.
قوڵترین کۆیلەبون لە سیاسەتدا ئەوەیە گەلێک یان بزاڤێک یان وڵاتێک وە یان ڕێبەرێەک نەتوانێت خۆی سیاسەتی خۆی بەڕێوەببات وە یان لە سەر کۆکی خۆی ڕاوەستە نەکات، ئەوانەی پشت دەبەستن بە هێزێک چ لە بواری سیاسی وە چ لە بواری ئابوری و سەربازیشەوە ئەوانە مەحکومن بە کۆیلە بوون و تەسلیم بوون ئیدی ئەو جۆرە هێزانە دورن لە پێناسەی خۆبوون و سەربەخۆ بوون. هەر هێزێک سیاسەت و پاراستنی لە ئیرادەی خۆی پێک نەیەت هەرگیز ناتوانێت ڕەوشێک بخولقێنێت کە حەقیقەتی کۆمەڵگاکەی بەیان بکات و ئازادی ژیان کردنێک بە کۆمەڵگاکەی ببەخشێت کە شایەنە ولە گۆڕ ئەوانە.
سەربەخۆ بونی سیاسی ، ئابوری، سەربازی، کلتوری سەلمێنەری ئەوەیە کە سەربەخۆبونێک هەیەو دەتوانرێت ئیرادەی راستی خۆبوون بنوێنێت دەرەوەی ئەوە دەستەمۆ بونو کۆیلەبوون زیاتر هیچی دیکە نیە.
کوردی بەرخۆدانڤان .
کوردی خۆڕاگر ئەوانن کە لە مێشک ودڵیاندا هەموو سنورە دەستکردەکانیان تێکشکاندوەو سڕیویانەتەوە. واتە ئەوانەی تەنها وە تەنها خەبات دەکەن بۆ پێشخستن وپێشەنگبوونی گەلەکەیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ژیانێکی بە ڕومەت.
کوردی بەرخۆدانڤان واتە کوردی ئازاد ئەوانەن کە پشتبەستو بە هێزی خۆزای گەلەکەیان هێزی پاراستنی خۆیان پێکدێنن و لە سەرکلتوری جڤاکی خۆیشیان سیاسەتەکانیان بەردەوام دەکەن.
کوردی ئازاد بە جێگای ئەوەی لە سیاسەتی دوژمن قوڵببێتەوە لە مێژوی خۆی ورد دەبێتەوەو سیاسەتێکی زانستیانە بە کار دێنێت بۆ مسۆگەر بوونی سەرکەوتنیان.
کوردی هەردەم لە سەر پێو قارەمان واتە ئەوانەی ئامادە بون گڵای داران بخۆن بەڵام تەسلیمی وڵاتانێک نەبن بۆ نان شەرەفیان داگیر بکەن. ١
کوردە ئازاو ئازادەکان ئەوانەی کە لە کام بەشی کوردستان دەبێت با ببێت بە فریای گەلیان دەکەون و خاوەن لە گەلەکەیان لە بست بە بستی خاکی کوردستان خاوەن دەر دەکەون و گەلیان تەنیا ناهێڵن.
کوردانی ئازاد واتە ئەو کوردانەن کە بە مەچەکی پۆڵاینی خۆیان بە باوەڕبون بە ئیرادەی گەلەکەیان لە بەرانبەر داگیرکەران بێ هیچ سڵکردن و ترس و لەرزێک ڕادەوەستن و گیانبازانە پاراستنی وڵاتیان دەکەن،
کوردی بەهەڵوێست و هەردەم لە سەر پێ ئەوانەن کە نە حیزب سالارن و نە حیزب سالاریش قەبوڵدەکەن، نە بیریان تەنگەو نە بیرتەنگیش جێگا دەکەنەوە،
کوردی ئازاد بێ ئیجازەی هیچ هێزێک بەرژەوەندی گەلەکەی چی پێویست بێت بۆیدەکات و لە تەنگانەترین ڕەوش و کەمترین کاتدا خۆیدەگەیەنێتە دورترین شوێن و خۆ بەختانە و خۆ بەخشانە شان دەدەنە بەر ڕەنجی گەلەکەیان و گیانبازانە دەیانپارێزن.
کوردی ڕاستەقینەو بە مانای وشەکەی کوردێکە شوێنکەوتوی بیرێکە کە لە قوڵای ئەو گەلە خولقابێتو هەموو توانایشی بۆ ئەو گەلە بێت و دەرەوەی بەرژەوەندی گەلەکەی چی دیکە قەبوڵ نەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست