پارە ئەخلاق دەفرۆشێت بەڵام ئەخلاق ناکڕێت
Saturday, 12/10/2013, 12:00
زۆرن ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی چەن قروش کەرامەت وشەرەفی ئینسانی و نەتەوەی و ئاینیو کلتوری خۆیان هەرزان فرۆش کردوەو سەرگەردانو سەردەرگومن و لە بازنەی مادەپەرەستیدا وەیلان بون.
کەم نین ئەوانەی زۆربەی تەمەنیان فرۆشتوە بۆ بەدەستهێنانی مادەو پارە کەچی بێجگە لە خۆماندو کردن زیاتر هیچ سودێکیشی لێناکەنو هیچ ئامانجێکیشیان بۆی نیە.
ئایا بە ڕاستی پارە بۆ خزمەتکردن و دابین کردنی ژیان دروست بوە یان ئەوەی بۆ ئەوەی ژیان و مرۆڤایەتی بکرێتە خزمەتکاری؟ بە جێگای ئەوەی مادە و یان پارە بڵێن بخرێتە خزمەت مرۆڤەکان بۆ ئەوەی ئەو تەمەنە کەم یان زیادەی مرۆڤ تێپەری دەکات بتوانێت بەڕێوە بچێت و توانای لەزەت وەرگرتنیشی لە دونیای سروشتی هەبێت کەچی بە داخەوە زهنیەتی پارە پەرەستی و خو گرتن و تەماحی زیادو نەبونی قەناعەت وای کردوە لە مرۆڤەکان کە زۆربەی تەمەنیان خۆیان ماندو بکەنو وێڵبنو تاڵی و سوێری زۆر بکێشن بۆ بە دەستهێنانی ئەم پارچە کاغەزە کە نێوی دینار و دۆلار و یۆرۆیە،
مەزنترین دەوڵەمەند ئەو کەسانەن کە قەناعەتیان هەیەو بە ژیانێکی سادە رازین . دەوڵەمەندی یانی پێکەنین ، دەوڵەمەندی بەواتای ئازاری مرۆڤ حس کردنە، دەوڵەمەندی راستگۆی و ڕێزە، دەوڵەمەندی زانابوون و تەسلیم نەبوونە، دەوڵەمەندی هەستی بەرپرسیاریە، دەوڵەمەندی خۆشویستن و خۆشی بەخشینە، دەوڵەمەندی باوەڕیە ، دەوڵەمەندی کۆڵنەدان و ئیسرارە، دەوڵەمەندی ڕەنجە ئەویش ڕەنجێکی بەڕەوێ نەک خۆ کوشتن وخۆنابود کردن.دەوڵەمەندی نیشتیمان پەروەریە، دەوڵەمەندی هەڵوێستە.دەوڵەمەندی خەڵکی بوون وخاکی بوونە،
سەرگەردانترین وئاڵۆزترین ژیان ئەوکەسانە دەیکەن کە لە گیژاوی پارەپەرەستیدا دەخولێنەوەو شەو رۆژ هەڵپە هەڵپیانە بۆ زیاد کردنی چەن قروشێک ،
مرۆڤ چەندە لەپارە نزیک ببێتە ئەوەندەش لە درۆ و فێڵ وناڕاستیەکان نزیک دەبێتەوەو هەمان ئەندازەش لە حەقیقەت و ڕاستی دور دەکەوێتەوە.
بە داخەوە ئینسانەکان لە بەر توشبونیان بە نەخۆشی مادەپەرەستی وایان لێهاتوە خۆیان بکوژن و خۆیان توشی دەیان نەخۆشی جەرگ بڕو ئازار بەخش بکەن ئەویش تەنیا لەبەر زەرەر و زیانی مادە کە هەندێک جار لێیان ڕو دەدات، زۆرن ئەوانەی لە خەفەتی پارە وە یان زەرەری لە دەستدانی پارە خۆیان کوشتوەو زۆرتریشن ئەوانەی لە بەر هەمان هۆ توشی نەخۆشی خەمۆکی بوونو هەندێکیشیان فەلەجی جەستەیانی گرتوە.
ڕاستە هێنانە کایەی ئەم جۆرە بیرەو تەزریق کردنیان بە مێشکی مرۆڤەکان سیستمی سەرمایەداری وکلتوری دەوڵەتە و دورە لە ئەخلاقی جڤاکی سروشتی بەڵام مرۆڤەکانیش دەبێت بە سادی خۆیان گیرۆدەی ئەو نەخۆشیە نەکەنو هەندێک بیرکردنەوەوشیکردنەوەی بۆ بکەنو بە راحەتی خۆیان تەسلیم نەکەن.
ژیان خۆی بە واتای ڕەنج و تێکۆشانە و لەزەتی ژیانیش کاتێک دەردەکەوێت کە هەوڵی بۆ بدەیتو بە ماندو بوونو هێزی خۆت ژیانی خودمودیریەتی واتە خودکەفای دەست بخەیتو بۆ تێر بونی زگێک یان ئەوەی ماڵ و پارەیەک تەسلیمی هیچ لایەن و کەسێک نەبیت کە لە باتیدا کەسایەتیت کۆیلە بگرن و ئیدی بریاردەری ژیانت دەرەوەی خۆت بێت، یان ئەوەی لە نەزانیدا خۆت ببیتە داگیرکەری خۆت و خۆت بۆ خۆت کۆیلەبکەیتو لە خزمەتی پارەپەیدا کردندا هەموو ژیانت فەنا و سەرف بکەیت.
دەبێت ئەوە بزانین کە عەقڵ خاونی پارەیە نەک ئەوەی پارە خاوەنی عەقڵ بێت، زۆربەی یان ئەوەی هەموو ئەو فەیلەسوفانەی کە ژیان ناسو ژیان ئافرێنەربوون زۆربەی کاتەکان برسیان بوەو جلیشیان لە هەرکەس سادەپۆشتر بوە، بەڵام زۆربەی کاتەکانیشیان سەرفی ئەوە دەکرد کە رێگابگرن لەوەی مرۆڤەکان خەتی ئینسانیان لار بکەنو بکەونە نێو کلتوری دەرەوەی خۆیانەوە کە چاوچنۆکی و تێرنەخواردن و تەماح بوو،
دەوڵەمەندی کاتیک واتای هەیە خەرجی مرۆڤایەتی بکرێت ، پارەیەک بە فریای منداڵانی برسی وبێجلوبەرگ نەکەوێت دەبێت چ سودێکی هەبێت وواتاکەی لە کوێدایە؟؟
خۆ لە دونیادا دۆلار دەبارێت و سەرمایەداریش کارگ ئاسا سەرهەڵدەدات ئەدی بۆچی لە ئەفریقا لە هەر کاتژمێرێکدا منداڵێک لە برسان دەمرن؟؟؟؟؟؟ ئەمەیە ئەخلاقی سەرمایە .....
ئەم نەخۆشیە گڵاوە پیرۆزترین خاکی دونیاش کە کوردستانە گرتوێتیەوەو مرۆڤەکانی ئەوێش کە ناوەندی سەرهەڵدانی ژیانو ئەخلاقە وا بەرەو مادەپەرەستی وچاوچنۆکی هەنگاو دەنێن. لە رۆژئاوای کوردستان رۆژانە شەهید دەدرێت کاتژمێر نیە گەلی کورد و شەرڤانانی یەپەگە لە بەرخۆداندا نەبن، لە کاتێکدا گەلەکەمان لەو پارچەیەدا لە لایەن کافرەکانی لە دین لاداو کە بە نێوی دینەوە شمشێریان هەڵگرتوە فتوای کوشتنی ژن و منداڵانی کوردیان داوەو ناموس و کەرامەتی ئەو گەلەیان بۆ خۆیان حەلاڵ کردوە ، دەرگای سنوریەکان بە روی هاونیستیمانیانمان داخراوەو بە هۆی نەگەیشتنی کەلوپەلی خوراکی و کەمبونەوەی خواردن دەیان منداڵی کوردمان بێهۆش و بوراونەتەوە لە برسا ، کەچی سەرمایەدارە چاوچنۆکەکانی کورد کە خاوەنی دەیان ساختومان و هەزاران دەفتەر دۆلارن خۆیان کەر کردوەو لە خەوی بێشەرەفی و بێویژدانیدا هەڵناستن. دەک نفرەت لە پارەو سەرمایەیەک کە نەبێتە فیشەک و توفەنگ بۆ پاراستنی خاک و وڵات،
ئەوەی شەرەف ویژدانی نەبێت سواڵکەرترین مرۆڤی دونیایەو هیجی نیە. وەک مرۆڤێکی ژیر دەڵێت مرۆڤی سەرمایەداروپارە کۆکەر وەک کەرە کە بارەکەی زێڕو زیوە کەچی خۆی گەنمو جۆدەخوات.
تاریق یوسیفی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست