پەیامی ئەندازیاران بۆ چاكسازی شارەوانی سلێمانی دەهەژێنێ
Tuesday, 08/03/2011, 12:00
بەشی دوەم
لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی سپی بۆ ڕاماڵینی گەندەڵی و چاكسازی لەسەرجەم سیستم و حكومەت و دام و دەزگاكانی كوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی. كە گەندەڵی و دزی و فزی ئەم شارەی داپۆشیوە. هەروەك پرژی لەحیم هەمو دەزگایەكی ئەم شارە پرشیكی بەركەوتوە و بێ بەش نەبوە لە پۆخڵاوات و كۆمپانیای چەوری ئەم بەرپرس و ئەو مەسول و ئەم بەڕێوبەر و...هەتاد هەمو بونەتە كۆمپانیایەكی مشەخۆر بەسەر ئەم شارەوە و شەوانەش لە نادیەكان و لە ژوورە داخراوەكاندا تاو توێ تەندەرەكان دەكەن.
ئێستاش كەكاتی ئەوە هاتوە و هەمو پاشەڵ پیسەكان بدرێنە دادگا و بەسزای یاسای خۆیان بگەنەو دور بخرێنەوە لەهەمو پۆستێكی دام و دەزگاكان. لێرەدا ئێمە وەكو گروپێكی ئەندازیارانی ناو شارەوانی سلێمانی كە دەزگایەكی گرنگی شاری سلێمانی یەو هەرچی پرۆژە و كاری هاوڵاتیانی ئەم شارەیە ڕو لەم دەزگایە دەكەن. چەند جارێك لەڕێگەی ئەم سایتە بەڕێزەوە كەتاكە مینەبەری ڕاستی و ڕونی هەمو ڕاستیەكانە. چەندین پەیام مان ئاراستەی مافیاكانی ناو شارەوانی سلێمانی كرد. بەمەبەستی چاكسازی كردن لەكاری ئەم دەزگایە و پاوان نەكردنی تەندەر بۆ مافیاكان و یاری نەكردن بەموڵك و ماڵی خەڵكی و حكومەتەوە لەلایەن مافیاكانی شارەوانی سلێمانیەوە. بەڵام دیارە هیچ سودێكی نەبو ئیتر لەگەڵ دەست پێكردنی شۆڕشی گەنجان و خۆپیشاندان و شۆڕشی سپی 17 شوبات. ئێمەش وەك ئەندازیارانی ناو شارەوانی چوینە ڕێزی خۆپیشاندەرانەوە و بوینە یەك هەڵوێستی خۆپیشاندەران بۆ ڕزگار كردنی شارەكەمان لەدەستی مافیا ڕەشەكانی ئەم شارە. تا جارێكی تر 31 ئاب و 66 جاشەكان و ئەمنە زەردەكە و تاوانبارانی 17 شوبات نەبنەوە مشەخۆری ئەم شارە.
بۆیە لەم پەیامە ماندا داوا لە سەرۆكی شارەوانی دەكەین كە بەپەلە دەست بكات بەچاكسازی لەشارەوانی سلێمانی یان دەست لەكاركێشانەوەی خۆ ڕابگەیەنێ. ئەمەش ئەو هەنگاوە چاكسازیانەیە كە پێویستە لەشارەوانی سلێَمانی بكرێ و بەپەلە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو ڵافاوی گەندەڵیە بكرێ:
*چاكسازی بكرێ لە خەدەماتی شارەوانی و بەرپرسی ئەو بەشە بگۆڕدرێ و لێ پێچینەوەی توندی لەگەڵ بكرێ بۆ ئەو گەندەڵی و ڕۆتین و پۆخڵاواتیەی كەچەند ساڵە وەك خەرمان مۆڵ بوە.
*چاكسازیەكی خێرا بكرێ لە بەشی حساباتی شارەوانی سلێمانی بەتایبەتی پەروین حەبیب كەبۆتە گەورەترین گەندەڵ و ڕۆتین بۆ سەرجەم ئیشو كارەكانی ناو شارەوانی و ژیانی هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان و سەرجەم بەشەكانی شارەوانی. بۆیەپێویستە سەرۆكی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەن لێكۆڵینەوەی توندی لەگەڵ بكەن و لەو پۆستەش دووری بخەنەوە.
*چاكسازیەكی لەڕیشەی بكرێ لەبەشی قەیری شارەوانی كە ئەندازیار بەرهەم بەرپرسێتی پێویستە بەزورترین كات دوور بخرێتەوە لەو پۆستە. ئەمە گەندەڵ ترین ئەندازیاری ناو شارەوانیە.
*پێویستە ئەو بەرپرسانەی كە دوو پۆستیان وەرگرتوە لەناو شارەوانی و بونەتە هۆی دروست بونی گەندەڵی و ڕۆتین بۆ خەڵكی ئەم شارە و دەزگای شارەوانی. بەزوترین كات لێ یان بسەنرێتەوە. لەوانەش ئەندازیار عەبدول كەریم. كەئێستا دوو پۆستی هەیە یەكێكیان جێگری سەرۆكی شارەوانی و ئەویتریان لێ پرسراوی پرۆژەكانی شارەوانی.
*چاكسازیەكی توند بكرێ لەبەشی نەخشەدانانی ئاوەدانی كەهەرچی ئیشی كۆمپانیا كانە كە ڕودەكەنە ئەم بەشە. هەر خۆیان وای لێ دەكەن لەدەرەوە ئیشەكەی بۆ بكەن. من خۆم ئەندازیارم چەندین هاوڕێ ئەندازیارم هەیە بەبەڵگەوە لایانە كەچۆن ناچاریان دەكەن بەئیشی دەرەوە بۆیان بكەن. دیارە ئەم نوسینگەی ئاوەدانی دەڵاڵە- نەك نەخشەی دانانی ئاوەدانی.
*چاكسازی خێرا بكرێ لەبەشی قەبرستانەكان و بخرێتە ژێر دەستی ئەندازیارێكی پسپۆڕ و لیژنەیەكی نوێ دابنرێ بۆ ئیشوكارەكانی ئەم بەشە. نەك وەك ئێستا مردوەكانیش لەم بەشە پارەیان لێ دەخۆرێ.
*گەورەترین گەندەڵی شارەوانی بەشی هەواری شارە. بەردەوام لەم بەشەدا چەورە خۆری تیا دەكرێ. بۆیە پێویستە چاكسازی تیا بكرێ و سەرجەم ئەو ستافانە بگۆڕدرێ. كەچەند ساڵە لەم بەشەدا بونەتە كاسەلێس.
*یاسایەكی توند و چاكسازی دەربكرێ بۆ ئەو ئەندازیار و بەرپرسانەی كە لەناو سەرجەم بەشەكانی شارەوانی لەپۆستدان و لەهەمان كاتدا نوسینگەی نەخشە كردنیان هەیە. كەپۆست و كارەكانیان بۆ ئەو مەرامە بەكاردەهێنن. بۆیە پێویستە ئەو گەندەڵ خۆرانە دور بخرێنەوە لەو شوێنانە.
*چاكسازی بكرێ لەسەرجەم ئەو شوێنانەی كەپێویستە ئەندازیار بیبات بەڕێوە و ئەندازیار بكرێتە بەرپرسی بەڵام ئەمە لەهەندێك شوێن پێچەوانەیە. چونكە چەندین بەش هەیە لەناو شارەوانی دەبێ ئەندزایار بكرێتە بەرپرسی. بەڵام كەسانی نەشیاو دەكرێت بەرپرسیان ئەمەش بۆتە هەستانی لافاوی گەندەڵی. ئەی تۆ لەكوێ نوستویت سەرۆكی شارەوانی.
*پێًویستە لیژنەی ڕێكخستنی شار هەڵ بوەشێتەوە. چونكە شاری بەرەو گەندەڵی تر بەردووە نەك بەرەو پێشتر.
*پێویستە ئەنجومەنی شارەوانی یان هەڵبوەشێتەوە یان بكرێتە سێ بەش بەسەر هەر سێ شارەوانیەكەی سلێمانی و رۆژانە داوامی ئاسای بكەن وەك فەرمانبەران. نەك هەفتەی شەوێك دانیشن. ئەمەش ئەوەندەی تر بۆتە رائسی گەندەڵی ناو شارەوانی.
*چاكسازیەكی یاسای توندو خێرا بكرێ بۆ سەرجەم ئەندازیارانی ناو پرۆژەكان. كەئێستا بۆتە بەربەلەدێكە. كەس بەكەس نی یە. چۆن ئیش دەكرێ و یان ناكرێ. چون شەریكە بەشی كۆمپانیا دەبی یان نابی.
*چاكسازی بكرێ لە چۆنیەتی ئیشو كاری هاوڵاتیان. هەوڵ بدرێ بكرێتە سیستەمی تەكنەلۆژی. نەك ئێستا 10 نوشتە دەكەی تا كارەكەت بڕوات لەناو سەرجەم بەشەكانی شارەوانی.
*چاكسازی بكرێ لەو لیژنانەی كەبونەتە ڕۆتین دروست كردن بەخەڵكی. هەمو ئەو لیژنە وردانە هەڵبوەشێتەوە.
*پیَِویستە هەر سێ شارەوانیەكە سلێمانی بكرێنە سێ شارەوانی سەربەخۆ. نەك ئێستاش نیوە شارەوانین. یان هەڵ بوەشێتەوە و بكرێنە یەك شارەوانی تۆكمە و كاری هاوڵاتیان باشتر بڕوات. نەك بە دو شارەوانی كاری بكەن. ئایا ئەنجومەن و سەرۆكی شارەوانی لەدنیایەدا لەمە گەندەڵ تر هەیە. بە دو شارەوانی یەك كار تەواو بكەن.
*چاكسازیەكی بەپەلە بكرێ لەسەرجەم باخچەكانی شارەوانی سلێمانی. هەر لەسەرەوە تا خوارە ئەو بەشە هەڵ بوەشێتەوە و سەرلەنوێ لەسەر سیستەمێكی ئەندازەیی دابڕێژرێتەوە.پۆخڵاواتی ئەم بەشە وەك شاخ ڕەگی داكوتاوە.
ئەمە بەشی دوەمی ئەو پێشنیازانەیە كە بۆ چاكسازی ناو شارەوانی سلێمانی خستومانەتە ڕوو پێویستە بەزوترین كات بكرێ و شارەوانی لەو گەندەڵی و دزی و ڕەشیە پاك بكرێتەوە و ئەو گورگە برسیانەی كە بەربونەتە گیانی هاوڵاتیان و ڕاو ڕوتی خۆیان دەكەن. بەزوترین كات بدرێنە دادگا.
گروپێك لەسەرجەم ئەندازیارانی بەشەكانی شارەوانی سلێمانی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست