نامه‌یه‌كی كراوه بۆ به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م ..تكایه ده‌ست له‌كاربكێشه‌وه
Sunday, 06/03/2011, 12:00
له‌سه‌ره‌تاوه ده‌مه‌وێت ئه‌وه بیری جه‌نابتان بخه‌مه‌وه كه پێش ئه‌وه‌ی ببن به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت، له‌ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا نووسیم: ئه‌گه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م به لۆجیكی عه‌قڵ بیر بكاته‌وه، ئه‌وا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت وه‌رناگرێت، دوای ئه‌وه‌ش كه بوون به سه‌رۆكی حكومه‌ت، دوو به دوو له‌ماڵی خۆتاندا پێم گوتیت كاركردنی تۆ زۆر زه‌حمه‌ته‌و پێموانیه شتێكت پێبكرێت له‌پێشتر جیاواز بێت. دوای ئه‌وه‌ش له‌چه‌ند رۆژی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا به‌ئاماده‌بوونی سه‌رووی بیست كه‌سی به‌ڕێزه‌وه، له‌نووسینگه‌كه‌ی خۆت له‌سلێمانی به دورو درێژی باسی كۆسپه‌كانی به‌رده‌مم بۆ كردیت‌و پێشم گوتیت ئه‌گه‌ر ئه‌مه بارودۆخی حكومه‌ته‌كه‌ی تۆ‌و سیاسه‌تی پارتی‌و سیاسه‌تی حیزبه‌كه‌ی خۆشت بێت، چیت پێده‌كرێت؟ به‌داخێكی زۆره‌وه هه‌موو ئه‌وه‌ی كه من ته‌سه‌ورم ده‌كردو نووسیوومه‌و پێمگووتوویت، ئێستا به جۆرێكه، زۆر خراپتره له‌وه‌ی من ئه‌وسا ته‌سه‌ورم ده‌كرد.
ئه‌وسا نووسیم: به وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت یه‌كێتی له‌و شكسته خنكێنه‌ره‌ی تێی كه‌وتووه رزگاری نابێت‌و تۆش نه‌ك نا‌توانیت باری تێكشكاوی حیزبه‌كه‌ت له‌ڕێگای حكومه‌ته‌وه راست بكه‌یته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و سومعه‌یه‌ی كه له‌به‌غداو له‌ژیانی دیپلۆماسیدا به‌ده‌ستت هێناوه، ئه‌وه‌ش ده‌هێنیته خواره‌وه‌و ده‌یڕوخێنیت. بێگومان له‌به‌رئه‌و هۆكارانه‌ی كه ئه‌وسا من نووسیمن، حكومه‌ته‌كه‌ی تۆ گه‌یشتۆته ئاستێك كه جه‌ماوه‌ر به ته‌واوی لێی بێزاربوون، چونكه حكومه‌تێكی ناكارایه‌و له‌بری حكومه‌تی ئیش، حكومه‌تی قسه‌و موناسه‌بات‌و به‌ڵێندانی دوور له‌جێبه‌جێكردنه. ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه تۆ پیاوێكی بێتوانایت، نه‌خێر، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌و كۆسپانه‌ی كه له‌به‌رده‌متدان كه بریتین له‌باڵاده‌ستبوونی پارتی كه له‌سنووری خۆیاندا ئه‌سڵه‌ن تۆ به‌سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و به خاوه‌نی هیچ بڕیارێك نازانن، ئیتر گرنگ نییه تۆ خۆت دان به‌وه‌دا بنێت یان نا، گرنگ ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌بینرێت. دووه‌م له‌سنووری ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كه‌ی خۆتدا به‌شی هه‌ره زۆری مه‌كته‌بی سیاسی‌و سه‌ركردایه‌تی‌و ئه‌ندامانیش پێیان وایه تۆ هاتوویته‌ته سه‌رحازری، چونكه نازانیت ده‌مانچه بته‌قێنیت‌و له‌شه‌ڕی براكوژیدا كوڕی كوردت به كوشت نه‌داوه. من ده‌زانم سه‌رباری ئه‌وه‌ی جێگری سكرتێری گشتیت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ت گوێت لێناگرن‌و پێیان وایه بۆ هاوسه‌نگكردنی هاوكێشه‌ی شارچێتی ئه‌و پۆسته‌تان پێدراوه. سێیه‌م جوگرافیای سه‌وزی یه‌كێتی ئێستا له‌ده‌ستی یه‌كێتیدا نه‌ماوه‌و بێجگه له‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و ئیسلامیه‌كان كه رووبه‌رێكی فراوانی ئه‌و جوگرافیایان داگیركردووه، به‌شێكی تریش له‌و جوگرافیایه كه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن نییه، له‌گه‌ڵ یه‌كێتیش نییه‌و ده‌شزانین نفوزی پارتی له‌م جوگرافیایه‌دا ته‌نیا نفوزی بۆماوه‌یی‌و كه‌لتوورییه‌و بازنه‌یه‌كی زۆر ته‌سكه، له‌به‌ر ئه‌وه له‌م رووبه‌ره‌شدا یه‌كێتی به ته‌واوه‌تی جه‌ماوه‌رو شه‌قامی دۆڕاندووه‌و ته‌نیا وه‌كو سه‌ركردایه‌تی‌و كۆمه‌ڵێ خه‌ڵك ماوه‌ته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی پێكه‌وه‌ی به‌ستوون. چواره‌م له‌سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای یه‌كێتیدا بێكاری‌و رۆتین‌و گه‌نده‌ڵیه‌كه له‌لای جه‌ماوه‌ر ئه‌وه‌نده ئاشكرا بووه، حكومه‌ت‌و یه‌كێتی متمانه‌ی خۆیان دۆڕاندووه. ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی كه جه‌نابتان ناتوانن هه‌زار كوڕ‌و كچی گه‌نج كه كۆلێژیان ته‌واو كردووه دابمه‌زرێنن، له‌كاتێكدا پارتی كه هیچ نفوزێكی ئه‌وتۆی نییه له‌سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ریدا رۆژانه به لیستی جیاجیا لایه‌نگرانی خۆی لێره داده‌مه‌زرێنێت‌و تۆش ئاگات لێی نییه یان ده‌سه‌ڵاتت نییه. له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌موو گه‌نج‌و لاوه بێكاره، كه‌چی له‌سای حكومه‌ته‌كه‌ی جه‌نابتاندا نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س موچه‌ی وه‌زیرو وه‌كیل وه‌زیری خانه‌نشین وه‌رده‌گرن كه هی وایان تێدایه له‌ساڵی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا كه من‌و تۆ له‌دایكبووین ئه‌و مردووه، له‌لایه‌كی تره‌وه به لیسته نه‌خوێنده‌وارو قوتابی ناو پۆله‌كانی خوێندن له‌سای حكومه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌دا داده‌مه‌زرێن به ته‌زكیه‌ی حیزب‌و ئاغا‌و به‌گ‌و شێخه‌كان، به‌ڵام ده‌رچووی به‌شی زمانی ئینگلیزی -كه كوردستان ئێستا پێویستی به سه‌دان مامۆستای ئینگلیزی هه‌یه- دانامه‌زرێنن.
له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی‌و حكومه‌تی ئیداره‌ی سلێمانیدا، گه‌وره‌ترین دزی له‌كۆی موچه‌خۆرانی سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای یه‌كێتی كراوه كه ئه‌وه مایه‌ی شه‌رمه له‌كۆی هه‌ژده پارێزگای عێراق، له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبێكدا ئه‌و غه‌دره له‌خه‌ڵك بكرێت كه دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان بووبێت. ئه‌وه له‌هه‌ر وڵاتێكی تردا بووایه ئێستا هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌رپرسن له‌و دزیه گه‌وره‌یه، ده‌بوو له‌زینداندا بوونایه‌و حكومه‌تیش به داوای لێبووردنه‌وه مافی خوراوی خه‌ڵكی بدایه‌ته‌وه، به‌ڵام با بپرسین جه‌نابتان وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم‌و وه‌كو جێگری سكرتێری یه‌كێتی -كه ئه‌م كێشه‌یه حیزبه‌كه‌ت لێی به‌رپرسیاره- چ هه‌نگاوێكت ناوه؟ كه دڵنیام له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا یه‌كێك له‌هۆیه سه‌ره‌كیه‌كانی دۆڕاندنی ته‌واوی یه‌كێتی ئه‌م غه‌دره داراییه‌یه كه له‌خه‌ڵكتان كردووه.
به‌ڕێزم ئێستا بارودۆخه‌كه گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی ترسناك‌و حكومه‌ته‌كه‌ی ئێوه‌ش به‌رپرسیاره له‌تووڕه‌ییه‌كانی جه‌ماوه‌رو شه‌قام. ده‌بێ ئه‌و راستیه‌ش بزانین كه هه‌میشه ده‌نگی شه‌قام‌و ده‌نگی جه‌ماوه‌ر ده‌نگی راسته‌قینه‌یه، كێشه‌كان نه به گوتار‌و به‌ڵێنه‌كانی جه‌نابتان‌و نه به‌كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و نه به كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان‌و نه به رووی گولله‌كردنه جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیوو نه به شیكاری زۆرێك له‌ڕۆشنبیرو سیاسییه حیزبییه‌كان‌و نه به كۆكردنه‌وه‌ی هێزو نه به ته‌خوینكردنی یه‌كتری‌و نه به توهمه به‌خشینه‌وه چاره‌سه‌ر ناكرێت، من خۆم گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه له‌نێو سه‌ركردایه‌تی پارتی‌و یه‌كێتیدا ئه‌گه‌ر نیه‌تی چاكسازیش هه‌بێت، ئه‌وه هیچ ئیراده‌یه‌ك بۆ چاكسازی نییه‌و وای بۆ ده‌چم جه‌ماوه‌ریش گه‌یشتووته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه هیچ بڕوایه‌كی به گفت‌و به‌ڵێنه‌كانتان نه‌ماوه. بۆیه داوا له‌به‌ڕێزتان ده‌كه‌م كه مانه‌وه‌تان له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت ناشرینتان ده‌كات‌و تا چه‌ندێ له‌و پۆسته‌دا بمێنیته‌وه زیاتر متمانه‌ی خه‌ڵك له‌ده‌ست ده‌ده‌یت‌و ره‌نگه مانه‌وه‌ی زیاترتان له‌و پۆسته‌ی ئێستادا ببێته هۆی كوشتنی ئاینده‌شتان. بۆیه داواكارم بوێرانه‌و ئازایانه دان به‌و راستیه‌دا بنێن كه نه‌تان توانی لایه‌نی هه‌ره كه‌می ئه‌و به‌ڵێنانه جێبه‌جێ بكه‌ن كه له‌شاڵاوی هه‌ڵبژاردندا بانگه‌شه‌تان بۆ كرد، بۆ پاراستنی مێژووی خۆشتان باشتروایه ئازایانه ده‌ست له‌كار بكێشیته‌وه، چونكه هیچ رێگایه‌كی تر ده‌رگا له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا ناكاته‌وه، ته‌نیا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌ت نه‌بێت. له‌گه‌ڵ رێزمدا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست