کردار هەزارە بەڵام دووانی شەرتە
Friday, 10/01/2014, 12:00
پەندی پێشینانی گەلان و قسەی زانایانیان گوزارشت و ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانی کۆمەڵ و ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەیە کە ئەندامانەکانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەدایکبووی ئەو تاقیکردنەوانەن کە کۆمەڵ لە ڕێڕەوی ژیانیدا پیایاندا تێپەڕ دەبێت، هەر بۆیە زۆر جار ئەستەمە پەندی کۆمەڵێک، گەلێک وەربگێڕیتە سەر زمانی گەلێکی تر، چونکە مەرج نیە ئەو کۆمەڵە هەمان پەیوەندی کۆمەڵایەتی حوکمی بکات، یان بە هەمان تاقیکردنەوەدا تێپەڕبووبێت، بەڵام زۆر جاریش پەندی چەندین گەل هەیە لە ناوەڕۆکدا یەک مانا دەبەخشن، بەڵام لەڕووی داڕشتنیانەوە جیاوازن.
"قسە هەزارە دووانی بەکارە" قسەیەکی کوردیە، پێموابێت هاوشێوەی نەبێت لای گەلانی تر، تەنانەت لای ئەوانەی دراوسێی کوردیشن. هەرچەندە نازانم ئەم پەندە تەمەنی چەندە، واتە لەکەیەوە بەکاردەبرێت، بەڵام واتاکەی بە دوولایەندا دەتوانرێت تەفسیر بکرێت، کە هەردوکیان گوزارشت لە لایەنێکی نەرێتی و تاڵ و ڕەشبینی کۆمەڵی کورد دەکات، جا مەبەست لێی ئەوە بێت کە کورد لە مێژووی خۆیدا هەزاران قسەی بۆکرابێت و پەیمانی پێدرابێت و دووانیشی جێبەجێ نەکرابێت، یان بە پێچەوانەوە خۆی زۆر دەڵێت و زۆر پەیمان دەدا، بەڵام هیچی جێبەجێ ناکات، لە هەردوو بارەکەدا پەندەکە نەگەتیڤە، پێموایە دووەمیان مەبەستی پەندەکە بێت.
بە درێژایی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردوستان، هاووڵاتییان هەست بە بوونی گەندەڵی دەکەن و بە چاو دەیبینن و تیا دەژین، دەسەڵاتدارانی هەرێمیش خوا حەقە دان بە بوونی گەندەڵیدا دەنێن و لەڕێگەی "تامکردنەوە" هەستیان پێکردوە کە هەیە. هاووڵاتیان چاوەڕێی لەناوبردنی گەندەڵی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی چاکسازین کە "قسەکانی هەزاری تێپەڕاندوە و دووانیشی بەکار نەهاتوە"، تا وای لێهاتوە چاوەڕوانیەکەیان بوە بە چاوەڕوانی "گۆدۆ" و "هاتنی مەهدی". دەسەڵاتدارانیش گەندەڵیان لە دیاردەوە تێپەڕاند و زەنگی بە کولتوربونیان ڕاگەیاند، کە خەتاکەی دەکەوێتە ملی کۆمەڵ و چارەسەرەکەشی بە کردار دەکرێت، کە نازانرێت کام کردار تەنها ئەوە نەبێت کرداری شەرتدار.
تەمەنی حوکمڕانی کوردی لە ساوایەوە تێپەڕی بوە هەرزەکار و کامڵیش بوو، تاقیکردنەوەکانیشی کۆمەڵی کوردیان لە پەند و حیکمەت و عیبرەتدا دەوڵەمەندتر کرد "قسە هەزارە دووانی بەکارە" پێشکەوتنی بە خۆوە بینی و بوو بە "کردار هەزارە بەڵام دوانی شەرتە".
ئەوەتا خاوەنەکانی ووتەی "کردار شەرتە" کە زۆرن، خۆیان مەسئول و خۆیان سەرۆک وەزیران و شالیار و هەمووشتێکن وخاوەنی سەدان پڕۆژەی بەناو "چاکسازین" ، بەڵام دوو کردارمان نەبینی لێیان بە ئاڕاستەی چاکسازی ڕاستەقینە، نە لە حکومەتەکەیاندا و نە لە حیزبەکانیشیاندا ئێستاش لەبەر هۆی کە لەنەفەسی یەعقوبدایە وەک دەڵێن، داوای نزیک بوونەوە لە ئۆپۆزیسیۆن و چوونە دەرەوە لە باری چەقبەستووی هەرێم و چاکسازی ڕاستەقینەو کۆمەڵێ قسەی تر دەکەن بۆ حیزبەکەیان و بۆ حکومەتی داهاتوش، کە خەریکە ژمارەکەی هەزار و دوو و دە و ئەگەر لەگەڵ قسەی سەرکردە دەستەبراکانیشیاندا کۆیبکەینەوە دەگاتە ملیۆنیش، بەڵام بە شەرتی چەقۆش بێت دوانیمان نەبینی بەکاربێت چ جای کرداری لەگەڵ بێت، وە پێموایە ناشیبینین چونکە بەرژەوەندی دۆلار بەهێزترە لە کردار.
جا ئەگەر حەکیمان و زمانزانان و ڕیشسپیەکان قبوڵ بفەرموون پێشنیاز دەکەم ئەو ووتەیە بگٶڕدرێت بۆ "قسە بەلاشە بەڵام بەرهەم شەرتە".
سامان دێکان
10/1/2014
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست