ئارامى ئینسان لە ژێر حوكمى زۆرینەدا
Monday, 17/09/2012, 12:00
تێگەیشتن لە مرۆڤ و دامەزراوەكان ئاڵۆزە ئەگەر لە پێشدا نەزانین مرۆڤ چى یە ؟
ئەوە بۆخۆى پرسیارو گومانێكى زۆر بەدوى خۆیدا ڕادەكێشێت كە بەئاسانى لێ ى دەرباز نابین لە هەمان كاتدا هەر ئەو پرسیارانەشە دەمانگەیەنێتە راستى و تێدەگەین پرسیار و گومانەكەمان چەندە گەورەیە كە كردومانە هەروەها سەرە تایەكە بۆ باوەڕبوون بە سروشتى ئینسان و توانا لە راددە بەدەرەكانى بۆ پێشكەوتنى بەردەوام كە زادەى بیر و هۆشیاری یە .
ئەوەى كە لێرەدا دەمانەوێت لەسەرى بوەستین و بیرى تێدا پەروەردە بكەین مرۆڤایەتى یە بە واتاى گەڕان بەدواى ژیانى مرۆڤ و گەڕان بەدواى ئەو پەیمانەى كە لە نێوان مرۆڤەكان و دامەزراندنى دامەزراوەكان بۆ ڕێكخستنى ئەرك و مافەكانى مرۆڤ ، گر نگترین بیركردنەوە ئەوەیە كە بەدواى مەحالأ دا بگەڕێت كۆتایى بە دوا فۆڕمى خۆى نەهێنێت ئەوە دەبێتە نهێنى پێشكەوتنى بیرى مرۆڤ .
ئەوە ئەو شۆڕشە بەردەوامەیە كەمرۆڤ دەبێت بەردوام بێت تاوەكو خۆى بەدور بگرێت لەو دروشمانەى كە بەرزیان دەكاتەوە بە پێچەوانەوە لەو دروشمانەوە دەست پێبكات كەناتوانێت بەرزیانبكاتەوە نهێنى پێشكەوتنى مرۆڤایەتى ئەو دروشمانەى پێویستە كەدەكەونە ئەو بەرى سنورى رێپێدانى كۆمەڵگا وە .
لێرەدا مرۆڤى هوشیار ئەوەیە كە وەك پیتەر ڤیدمەر دەڵێت : [ یەكەمین شتێك كەمرۆڤ لە ژیانیدا توشى دەبێت ئامەژەكانە ] واتا بەر لەوەى لە مانا تێبگەین دەبێت لە ئاماژەكان تێبگەین تاوەكو بتوانین واتاكانیش جیابكەینەوە ،
بەم پێشەكى یە دەتوانین هەندێ لەو ئاماژانە بخوێنینەوە كە هەیە بەناوى دامەزراوەى ئەمنى و ئاسایش بەپێى ڕگەیانراوەكەى میدیاى حیزبى كانە بۆ ئارام ڕاگرتنى بارى ئاسایشى هەرێمە و پاراستنى یەتى لە دەستى دەرەكى و تیرۆر بەڵام گومانەكانمان لەسەر تەواوى كارەكانیان لە دەسەڵات و هەموو ئەو دەسەڵاتەى كە لە پێشدا بەكاریان هێناوە لە شەڕى ناوخۆ و ڕوبەڕوبونەوە كانیان لە بەرامبەر پرۆسەى دیموكراتى و رێكخراوى مەدەنى یەكان و باوەڕنەبونیان بە ژیانى فرەیى و ڕفاندن و لێدان و گرتوخانەى تایبەت و تۆقاندن ئەوانە ئەو ئاماژانەن كە بیركردنەوەمان تیژتر دەكەن بەو نائارامیەى كەهەیە .
بە بونى ئەو گومانانەى كە هەمانە لەڕابردوى ئەم هێزانە كە بەردەوام شانازى پێوە دەكەن و قەرزارى ڕابردومان دەكەن بەرامبەر خۆیان كە سەردەمى شۆڕشگێڕیەتى ى خۆیان بوە بێگومان دەبێت ئەوە بزانین كە تێگەیشتن لە مرۆڤ و سیستم وەك دوو پێكهاتەیەكى ئاڵۆز بە بیرى شۆڕشگێڕى ڕابردوو هێڵكارى و لێكدانەوەى دروستى بۆ ناكرێت بەو سادەیى یە ناتوانن گۆڕانكارى و چاكسازى بكەن هەتاكو واز لە خورافاتى شۆڕشگێڕى ڕابردونەهێنن . وە دەبێت ڕەهەندى دروستكردنى دنیایەكى نوێ ى مرۆڤ لە بیرماندا پەروەردە بكەین و كارى بۆ بكەین تاكو لە دنیاى مرۆڤایەتى دانەبڕێین وەك هەمو و مرۆڤە پێشكەوتوەكان بژین خۆمان دەرباز بكەین لە باوەڕهێنان بە بەستەڵەكى دامەزراوەى سەپاوى زۆرینەى هەرێم و دانانى دامەزراوەى حیزبى حكومى ئیفلیج و بەهەدەر دانى سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە و ونكردنى بنەما سەرەكیەكانى دامەزراندنى سیستم لە ووڵاتدا بەم ڕونكردنەوانەى گومانە وە دەتوانین گومانبكەین لە هەموو ڕفتارێكیان بەرامبەر بە هەنگاوەكانیان چونكە ئەوەى كەمافێكە ناتوانن زەوتى بكەن گومانەكانمانە . بەرامبەر یارى كردن بە دروشمى دیموكراتى داتاشینیان بەئارەزوى مەبەستە تەنگ و تاریكەكان یان و دەستگرتن بەسەر جومگە سەرەكیەكانى حكومەت .بەرامبەر ئەوە پێویستى مان بە گەڕانە بەدواى ژیانى مرۆڤدا بۆئەوەى بتوانێت زیاتر پێشبكەوێت و تواناكانى بەكار بێنێت .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست