کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


سێ ئه‌ستێره ...

Tuesday, 24/11/2009, 12:00


به‌کر لاوه‌ به‌ده‌یان هۆتێلم بینیوه‌ هیمای 3 یان 4 ئه‌ستێره‌یان به‌ تابلۆیه‌ک هه‌ڵواسیوه‌ وه‌ک هیمایه‌یه‌ک تا گه‌شتیاران هانبده‌ن بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و قازانجیان لێبکه‌ن، به‌ ده‌یان کاسکێتیشم بینیوه‌ له‌گه‌ڵ وێنه‌ی گیڤارا ئه‌ستێره‌که‌ی مارکسیزم _ لینینیزمی پێوه‌نه‌خشێنراوه‌تا لێدانی دڵی گه‌نجانی پێ بزوێنن و کڕیاری زۆری بۆ په‌یدا بکه‌ن.
له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی سه‌رده‌می شاخدا به‌ده‌یان پێشمه‌رگه‌ نازناوی سه‌یریان وه‌ک پاشگر هه‌ڵگرتبوو له‌ نموونه‌ی (به‌راز _ دیموکرات_ کۆمه‌ڵه‌ _ چه‌نه‌باز_ موهه‌ندیس_ جه‌ریده‌ - گه‌محان - وه‌ستا_ خه‌جێ- سووره‌ - لیوا عشرین که‌لان - که‌وێ حیکمه‌ت - فیرار) و سه‌دانی تر به‌ڵام له‌ ئه‌لبومی بیره‌وه‌ری شۆڕشدا که‌سێک نه‌ له‌ شاخدا و نه‌ له‌ڕێکخستنه‌کانی شاریشدا بوونه‌وه‌رێک نه‌بووه‌ ناوی (مامۆستا 3 ئه‌ستێره‌ بووبێت) .
له‌ شاری سلێمانیدا به‌عس به‌ده‌یان ئه‌فسه‌ری پله‌داری به‌ردابووه‌ گیانی خه‌ڵک لێ له‌ناو هه‌موویاندا مولازم موحسین له‌هه‌موویان ده‌سه‌ڵاتدارتر و دڕنده‌تربوو گه‌رچی ته‌نها (1 ئه‌ستێره‌ی) له‌سه‌ر شان بوو که‌چی به‌سه‌ر نه‌قیب و عه‌میدو ڕائیدو موقه‌ده‌مدا فرمانی ده‌رکردو که‌سیشیان بۆیان نه‌بوو فزه‌ بکه‌ن، هۆکاری ده‌ست واڵابوونی موحسین نه‌بوونی شه‌ره‌ف و که‌رامه‌ت و ده‌رچوونی بوو له‌ سیفه‌ته‌کانی مرۆڤایه‌تی نه‌ک ئه‌ستێره‌کانی سه‌رشانی. به‌ده‌یان که‌ڵه‌مرۆڤی ڕێکخستن و پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌ستی ئه‌م جه‌لاده‌ یان شه‌هید کران یان به‌ ناشرینترین شێواز له‌ زیندانه‌کاندا پێش له‌سێده‌راده‌ن بێحورمه‌تیان پێکرا.
ئێره‌ نه‌ سلێمانیه‌ نه‌ هه‌ولێر، نه‌ ئه‌منه‌ سوره‌که‌یه‌ نه‌ هه‌ئیه‌ی که‌رکوک و نه‌ مه‌نزومه‌ی شیماله‌ نه‌ سه‌ناعه‌ی به‌کره‌جۆیه‌، ئێره‌ (فڕانکفۆرت) ه‌ له‌ ووڵاتی ئه‌ڵه‌مانیا، ئێره‌ ئه‌و هۆڵه‌یه‌ له‌ به‌رواری 22-11- 2009 عیماد ئه‌حمه‌دی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی به‌یاوه‌ری یوسف زۆزانی به‌ نیازی چاکسازی و نوێ بوونه‌وه‌ به‌ ده‌یان ئه‌ندامی کۆکردۆته‌وه‌ تا ڕاسپارده‌کانی پلینۆمی چواری یه‌کێتی و ڕاسپارده‌کانی مام جه‌لالی سکرتێر پراکتیزه‌بکات، له‌م هۆڵه‌دا کاک (عیماد ئه‌حمه‌د) پێویستی به‌ پاسه‌وانی پڕچه‌ک نیه‌ له‌ جۆره‌کانی (BKC- RPG) چونکه‌ یاسا لێره‌ هاوڵاتیه‌کی ئه‌ڵمانی و ڕه‌ش پێستێک و وه‌فدێکی نا ڕه‌سمی وه‌ک عیماد ئه‌حمه‌د وه‌ک یه‌ک چاو لێده‌کات و ده‌شیان پارێزێت. هه‌ر له‌م هۆڵه‌دا ده‌رگاوانه‌کانی کاک عیماد ئه‌حمه‌دی سه‌ر به‌ حیزبێکی سۆسیال _ دیموکرات که‌ یه‌کێکیان هه‌ڵگری نازناوی (3 ئه‌ستێره‌یه‌و ناوی خۆی مامۆستا جه‌زای سه‌ناعه‌ی به‌کره‌جۆیه‌و کاتی خۆی ئه‌فسه‌ری ئه‌منی حیزبی به‌عسی ئاماده‌یی پیشه‌سازی به‌کرجۆ بووه‌ به‌ڵام به‌ ڕوتبه‌ی مولازم ئه‌وه‌ل وه‌ک مولازم موحسین نه‌ک وه‌ک نه‌قیبی 3 ئه‌ستێره به‌ خۆی و 30 ئه‌ندامی قوه‌خاسه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر که‌سێکی نه‌یاری خۆیان به‌ ناوی (ئیدریس محه‌مه‌د ئه‌مین) و به‌به‌ر چاوی خێزان و منداڵه‌کانیه‌وه‌ و سه‌رتاپای جه‌سته‌ی خڵتانی خۆێن ده‌که‌ن.
ده‌ستان خۆش ئه‌ی قاره‌مانه‌کانی دوای پلینۆمی چوار، هه‌ر سه‌رکه‌وتووبێت کاک عیماد ئه‌حمه‌د و بڕۆن بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و ووڵاته‌کانی و نه‌مسا و سویسرا و سوید و هۆڵه‌نداو نه‌رویج و فینله‌ندا و هه‌ر که‌سێکی ناڕازیتان بینی سڵ مه‌که‌نه‌وه‌ له‌ به‌کار هێنای چه‌قۆو بۆکسی ئاسن و تێڵاو سه‌ریان ببڕن وه‌ک مه‌ڕ و به‌رخ بۆ سه‌لامه‌تی و پاراستنی سکرتێری یه‌کێتی نێشتمانی کوردستان دوای جه‌لال تاڵه‌بانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە