عەمید عەبدولخالق شایستی ئهمهیه، یان...؟!
Saturday, 26/09/2009, 12:00
ئێمەى كۆمەڵێك ئەفسەرى پۆلیسى شارى هەولێر ئەم بابەتە بۆ ئاسودەكردنى ویژدانى خۆمان بۆ ماڵپەڕى خۆشەویستى كوردستان پۆست دەنێرین، بە هیواین كە وەك میمبەرێكى ئازاد و بوێر هەرگیز چاوپۆشى لە گەندەڵ و خائینان نەكردووە ئەم پەیامەى ئێمەش بڵاو بكەنەوە.
دوابەدواى عەمیدى ماف عەبدولخالق تەڵعەت و بوونى بە بەڕێوەبەرى پۆلیسى شارى هەولێر، كە لە كاتێكدا ناوبراو هاتە سەر كۆمەڵێك كێشە و كەموكورتى، چ لە ناو بەڕێوەبەرایەتى، چ لە رووى ئەوەى كە لە كۆمەڵگاى ئێمەدا پۆلیس بە چاوێكى ترەوە سەیردەكرا و هیچ حسابێكى بۆ نەدەكرا، ئەویش پیاوانى ئاسایش و رێكخراوە حیزبیەكان دەورى كاریگەریان لە تەواوى بوارەكاندا هەبوو، پۆلیس وەك بابەتێكى شكڵى هەبوو، بەڵكو لە كرداردا تەنها بە رووى فەقیر و هەژاراندا دەمانتوانى ئەركى خۆما بەجێ بگەیەنین، بە هاتنى ئەو بەڕێزە وردە وردە ئەو ئەرك و مافەى كە ساڵانێك بوو لێمان زەوتكرابوو، نەماندەتوانى مومارەسەى ئەركەكەمان بكەین بۆى گەڕاندینەوە، ئەویش بە هۆى بە توانایى و نەترسى و لێهاتووى خۆى وەك دڵسۆزێك بۆ ئەرك و خەڵكى شارەكەى ئەركەكەى گرتە ئەستۆ، كە دانیشتوانى شارى هەولێر گەواهیدەرى ئەو راستیەن و ئەوەش بۆ مێژوو دەیڵێین بە عەمید عەبدولخالقى بەڕێوەبەرمانەوە ئێمەى پۆلیس سەنگ و حسابمان بۆ گەڕایەوە و هەستمان بە بوونى خۆمان كرد، هاوكات متمانەى خەڵكى هەولێریشمان بە دەستهێنایەوە، ئەویش بەو پێیەى كە بەڕێوەبەرمان هەمیشە مۆبایلى كراوەیە و هەر هاوڵاتیەك كێشەیەكى هەبێت و لە یەكێ لە بنكەكانمان بۆى چارەسەر نەكرێت، راستەوخۆ هاوڵاتیەكە پەیوەندى بە بەڕێزیانەوە دەكات و ئەویش دەمودەست ئیجرائاتى خۆى دەكات تا كێشەكە بە پێى یاسا چارەسەر نەكات بۆ ساتێكیش ناسرەوێت.
ئەوەش دەزاندرێت كە بەڕێوەبەرەكەى پێشومان كەسێكى مەكتەبى بوو و لەگەڵ دەوام كۆتایى دەهات ئەویش وەك كارمەندەكانى ترمان بۆ ماڵەوە شۆڕ دەبوەوە، كە دەشهاتە بەڕێوەبەرایەتى مەگەر دەستى سەرئاوى هەبوایە لە شوێنەكەى خۆى هەڵدەستا، هاوكات ئیشە گرنگ و بەرچاوەكەى بەڕێوەبەرى پێشومان عەمید فەرهاد تەنها ئەوەبوو كە دەهاتە دەوام لە هەر شوێنێك فلتەرە جگەرەى ببینیایە و شكى لە هەركەس بوایە قەتعە راتبى دەكرد، ئەى لیوا عەبدوڵڵا كە بەڕێوەبەرى گشتى پۆلیسە، ئەویش جیا لە دانیشتنى پشت مێز و قسەى بێمانا و هیچ لەبارا نەبوو و كەسێكى ترسنۆك و عەبدى بەرپرسە حیزبیەكان چیتر نییە، بۆ تەنها جارێك مداهەمەیەكى لەگەڵمان كردووە؟! بگرە لە بەردەم كوڕە بەرپرسێكدا وەك داری بی هەڵدەلەرزێت، بە پێچەوانەى ئەو جۆرە مشەخۆرانەوە عەمید عەبدولخالق بە بوونى بە بەڕێوەبەرمان بە میتۆدێك كارەكانى دەكات، كە ئێمەى ئەفسەرەكانى توشى سەرسوڕمان كردووە و ئێمەشى كردووە بەو ئەفسەرەى كە سڵ لە هیچ كەس نەكەینەوە و تاوانبار هەر تاوانبارە گەر هەر كەسێك بێت.
ئێستا نەیارەكانى بەڕێوەبەرمان لەملاوئەولا كەوتونەتە دیعایەكردن بۆ عەمیدى ماف عەبدولخالق تەڵعەت، كە گوایا شەهادەى نییە! ئێمەى كۆمەڵێك ئەفسەر لەم میمبەرەوە رایدەگەیەنین كە ئەو خاوەنى 4 شەهادەیە، دیارە نەیارەكانى نابینین و نابیستن، یا دەیانەوێت خەڵكى بەلاڕێدا ببەن و وەك خۆیان بودەڵە و نابینایان بكەن و وەك خۆیان چاویان بە لێهاتوویى و شەهامەتى ئەو بەڕێوەبەرە نەكەوێت! نەیارەكان هێندە نەخۆش و سەر لێشێواون تەنانەت دێن و دەیانەوێت مێژووى خەبات و تێكۆشانى كەڵەپیاوێكى وەك عەمید عەبدولخالق بشێوێنن، وەك ئەوەى كە مێژووى ناوبراو وەك مێژووى خۆیان لێڵ و بێ فەڕ بووبێ، دەڵێن ناوبراو پیاوى ئەمن و مخابەرات بووە!! بەڕاستى نەخۆشیەكى دەروونى توندیان گرتووە و لەو بڕوایەشدام كە رۆژێك بە كوشتن و خۆ لە ناوبردن كۆتایى بە ژیانیان دێنن، چونكە ئەو رێیەى كە ئاغاكانیان و خۆشیان داندەنا بۆ لەكەداركردنى عەمید عەبدولخالق هەرەسیان پێهات، ئەوەتا بەڕێوەبەرمان لەسەر كوردایەتى 3 ساڵ زیندانى حیزبی بەعس بووە، تۆ بڵێى لاى ئەو دۆگمایانە زیندانیش بە پیاوى بەعس بخوێنرێتەوە؟! كۆمەڵێك هەڵبەستراوى وەك خۆیان بێمانا كە هەرگیز لەناو شارى هەولێر و ئەوەى ناوبانگى عەمید عەبدولخالقى بیستبێت، جگە لە پێكەنین بە ئەقڵى مەودا كورتى نەیارەكانى چیتر ناكەن. ئێستاش دەركەوتووە بۆ تەواوى خەڵك كە كێ شایستەى ئەو پێگەیە، ئەو شایستەیە، یاخود ئەو كەسانەى كە لەبەرامبەر بەرپرسە گەندەڵ و بگەنەكان لەرزۆك ئاسا كڕنوش دەبەن و تەنانەت بەرامبەر بە منداڵەكانیشان بە ئەزبەنى نەبێت بانگیان ناكەن، بەڵام بەڕێوەبەرمان زۆر لەوە گەورەترە بەرامبەر بە بەرپرسێكى بۆگەن و حەشەرى سەرى بەرزى هەمیشە نەوى نەبووى وەك نەیارەكانى نەوى بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست