کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی

Monday, 14/06/2010, 12:00


ئاشكرایە پرۆسەی خوێندنی باڵا لە لە عێراقدا بەگشتی ولە هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتی بە دۆخێكی زۆر ترسناك ودواكەوتودا تێدەپەرێت وە ئەمەش لەئەنجامی چەندین هۆكارەوە سەریهەڵداوە كە ئەوەی پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوەیە تار ادەیەكی زۆر هۆكارەكانی زانراون كە ئەویش خۆی لە دەستخستنە كاروباری زانكۆكانە لەلایەن هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لەهەرێم و پاشان واسیتە و ماستاوكردن و میزاجی كەسی لێپرسراوانی كۆلێج و بەشەكان و چەند هۆكارێكی تریش دەبینێتەوە. بەهەر حاڵ بەڕێزم ئەوەی من مەبەستمە ئەم لایەنە نیە چونكە ئەمە زۆری لەبارەوە وتراوەو وە بەسوپاسیشەوە جەنابتان لەهەوڵی گۆڕینی ئەم بارودۆخە قێزەونەن لەزانكۆكانی هەرێمدا. بەڵكو ئەوەی من مەبەستمە ئەنجامێكی ترسناكی ئەو بارودۆخەیە كەئەویش خۆی لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی خوێندندا دەبینێتەوە لە نمونەیەكی كۆلێجەكانی زانكۆی سلێمانیدا كە كۆلێجی زانستی مرۆڤایەتیەكانە كە دڵنیام لەبەر ئەو بارودۆخەی لەسەرەتاوە باسمان كرد زۆربەی كۆلێجەكانی تریش توشی هەمان دەرئەنجام بونەتەوە. جەنابی وەزیر ئێمە دەزانین تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی خوێندن بۆ هەڵسەنگاندنی قوتابی خوێندكارە لەو بابەتەی كە خوێندویەتی لەو ساڵەدا كە دیارە لەم روانگەشەوە چەندین میتۆدی ستانداردی جیهانی بۆ هەلسەنگاندنی قوتابی خوێندكار هەیە كە یەكێك لەو میتۆدانە، میتۆدی گشتگیری هەڵسەنگاندنە بۆ ئەوەی ئەنجامەكان بەتەواوەتی مانای تێگەیشتن و فێربونی قوتابی خوێندكار بسەلمێنێت، كەئەم رێگەیەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە مامۆستای بابەت دەبێت هەستێت بەدانانی كۆمەلە پرسیارێكی باش كە لەئەنجامدا هەڵسەنگاندنی تەواوەتی قوتابی خوێندكاری لێبكەوێتەوە. بەڵام بەڕێزم ئەوەی لەم كۆلێجەدا من وەكو مامۆستایەكی ئەم كۆلێجە تێبینیم كردوە لە پرسیارەكانی كۆتایی ئەم ساڵدا خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
1- لە 70% ی مامۆستایانی ئەم كۆلێجە بۆ ئەوەی ماندو نەبن بە تەسیح كردنی دەفتەری تاقیكردنەوەكانەوە هەستاون بەدانانی تەنها (3) پرسیار بۆ قوتابیە خوێندكارەكان كە ئەم شێوازە هیچ میتۆدێكی ستانداردی جیهانی لە گەڵیدا نیەو بەڵكو دژی ئەم شێوازە دەوەستێتەوە بەتوندی، وە بە تاوانێكی پەروەردەیی دادەنرێت.
2- راگرایەتی ئەم كۆلێجە ئەوەی لە خەمیدا نەبێت و بیری لێنەكردبێتەوە چۆنێتی بەڕێوەچونی تاقیكردنەوەكان و شێوازی پرسیارەكان و رینمایی دانان بووە بۆ مامۆستایانی لەو بوارەدا.
3- سەرۆك بەشەكانیش بەهەمان شێوە ئەم پرسیارانەیان چوەتە بەردەم بەڵام وەكو هیچ كێشەیەكی تێدا نەبێت چاپیان كردووەو مامۆستاكانیان ئاگادار نەكردوەتەوە كە ئەو جۆرە پرسیارانە مانای هەڵسەنگاندنی قوتابی خوێندكاری لێناكەوێتەوە.
4- دیارە لەم شێوازەشدا سودمەندی یەكەم ئەو مامۆستایەنەیە كەبەو شێوازەی كەلەسەرەوە باسمان كرد جێگەی خۆیان كردووەتەوە لە زانكۆدا چونكە تەنها مەبەستیان و ئامانجیان رایی كردنی تاقیكردنەوەكانە بە شێوەیەك هیچ ماندوو نەبن نە لە وانە وتنەوەدا وەنە لە تەسیحكرنی دەفتەری تاقیكردنەوەكاندا.
5- وەهەروەها زەرەرمەندی یەكەم قوتابی خوێندكارە لەو روەوەی كە دابەشكردنی نمرەكان بەسەر سێ پرسیاردا زۆرینەی قوتابیە خوێندكارەكان دەكەونە بەرمەترسی كەوتن و دەرنەچون چونكە لە مەنهەجی ساڵێكدا تەنها سێ پرسیاری كرچ وكاڵ هەڵبژێری زۆر رێی تێدەچێت دوان لەو سێ پرسیارە لەو بابەتانە بن كە قوتابی خوێندكار باش لێی تێنەگەیشتبێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە كەوا باشترە پرسیارەكان لە (5) كەمتر نەبن.
لەبەر ئەوە داواكارم لەبەڕێزتان ئاگاداری ئەم بارودۆخە ترسناكەش بن كە راستە دەرئەنجامی بارودۆخەكەی سەرەوەیە كە كەسانێكی وەهای كردووە بە مامۆستا لە زانكۆدا ئەگەر بیكەیتە ژێر میكرۆسكۆبیشەوە تەنها سیفەتێكی مامۆستای زانكۆی تێدا نابینیتەوە لەروی زانستی و رۆشنبیری و كەسێتی و دادگەری زانستیەوە، بەڵام هەموو ئەمانە مانای ئەوە ناگەنێت كە جەنابتان نەتوانن رێنمایی پێویست سەبارەت بە چۆنێتی هەڵسەنگاندنی قوتابیە خوێنكارەكان نەكەن بەبڕیار و گشتگیری نەكەن بەسەر سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا.
مامۆستای كۆلێجی زانستەمرۆڤایەتیەكان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە