کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


شه‌هید ئارام له‌ ته‌نگی سه‌ره‌وه‌ هاته‌وه‌ ! - به‌شی یه‌که‌م

Sunday, 23/09/2012, 12:00







کازێوه‌ یه‌‌ و باڵنده‌ فریشته‌ئاساکانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ که‌مه‌کێکه‌ له‌هێلانه‌کانیان هاتونه‌ته‌‌ ده‌ر . جریوه‌ جریو ،به‌ نه‌رمه‌فڕین له‌ بانێژی ماڵه‌ جوتیاره‌کان ‌ بۆ سپێده‌باشی نزیکده‌بنه‌وه و له‌و گوێسوانه‌ی ڕۆژانه‌ دانیان بۆ ڕۆده‌کرێت چه‌ند ده‌نوکێک له گه‌نم و ‌خۆڵه‌که‌ وه‌رده‌ده‌ن ،دواتر ڕووه‌و ئه‌و دارمێوه‌‌ ترێ ڕه‌شانه‌ی هێشتا نه‌ڕنراون‌ بۆ ساغکردنه‌وه‌ له‌ بازاڕه‌کانی شاردا ده‌ده‌ن له‌‌‌ شه‌قه‌ی باڵ.....

سێبه‌ری په‌نا وپاسێره‌کان به‌ هه‌تاوی گڕئاسا جێی پێ لێژنه‌کراوه‌‌ ، که‌چی واپێده‌چێت تیشکه‌کانی خۆر ،که‌ له‌ ژیله‌مۆته‌ڕه‌کان ده‌چن له‌م سه‌ر ‌له‌به‌یانیه‌وه‌‌‌ په‌یامی یه‌کێک له‌ ڕۆژه‌ هه‌ره‌ گه‌رم وتاقه‌تپڕوکێنه‌کانی گوندی ته‌نگی سه‌ری ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ ڕابگه‌یه‌نن ......

ئارامی سه‌رکرده‌ ، له‌ 31.08.1978 ه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا بزه‌ له‌سه‌ر لێوه‌ئاڵه‌کانی نه‌بڕاون ،هه‌میشه‌ چاوگه‌ش و پڕ هیوا له‌ نێو گۆڕه‌که‌شیدا وه‌ک کاری هه‌موو شه‌وانی تری ،به‌تاسه‌وه‌ جه‌نجاڵی بیرکردنه‌وه‌ ونووسین وداڕشتنی به‌رنامه‌ی هه‌یڤی داهاتووه‌ بۆ ڕێکخستنه‌کانی شاخ وشار. ئه‌مشه‌ویش خه‌ریکه‌‌ شه‌وێکی ده‌یجورانه تێبپه‌ڕێنێت و ‌ له‌ڕاپه‌ڕاندنی زۆری ئه‌رکه‌کانی نزیکبۆته‌وه‌ ،کاتێکی که‌میشی بۆ پشوودان له‌به‌رده‌ستایه‌ و به‌ئه‌سپایی چاوه‌کانی لێکنا به‌ نیازی که‌روێشکه‌خه‌وێک ......

خه‌وێکی ترسناک له‌ هاوار و گریانی خۆی به‌ئاگای ده‌هێننه‌وه‌ ،ترسناکتر له‌ هه‌واڵی مه‌رگی خاڵه‌ شه‌هاب وهاوڕێکانی ، مه‌ترسیدارتر له‌ ئاشکرابوونی ده‌یان تۆڕی ڕێکخستنه‌کان و له‌نه‌کاو به‌دیل گیرانی هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانی هه‌رێمێک ‌ .خه‌وێک ،تیایدا شه‌هیده‌کان سه‌رتاپا ڕه‌شپۆش به‌ کاسکێتی ئه‌ستێره‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌وه‌ له‌ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ ڕیزیان به‌ستوه‌ ودوای وتنه‌وه‌ی سروده‌ مه‌زنه‌کانی شۆڕش و خوێندنه‌وه‌ی په‌یامه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ پێکه‌وه‌ له‌ حه‌سره‌تدا ده‌که‌ونه‌ گریان و بۆ سوکناییش ته‌نها یه‌کتر له‌ئامێزگرتن شک ده‌به‌ن و هیچی تر ..... خه‌وێک ،که‌سوکاری ئه‌و شه‌هیدانه‌ش له‌ داخی دزێوی ڕوخساره‌ ناشرینبوه‌کانی تادوێنێ هاوڕێکانیان، جنێو به مانیفێستی‌ لینین ومارکس و درۆ شاخداره‌کانی سه‌رکردایه‌تی سه‌رجه‌م حیزبه‌کان ده‌ده‌ن .....خه‌وێک ، تیایدا گه‌نجه‌ هۆشمه‌ند وڕۆشنبیره‌کانی کوردستان له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن و ناڕازیبوون به‌ ده‌ست چه‌ند چه‌کدارێکی مل ئه‌ستوری نه‌خوێنده‌واره‌وه‌‌ شه‌ق شه‌قێنی به‌رده‌رکی سه‌رایان پێده‌کرێت ..... خه‌وێک ،کۆمه‌ڵێک سه‌رکرده‌ وکادێری دوێنێی کۆمه‌ڵه‌ وشۆڕشی نوێی گه‌له‌که‌مان له‌ ئێواره‌ی ئه‌رخه‌وانی ده‌ریاچه‌ی دوکان دا وورگیان شۆڕکردۆته‌وه‌ وله‌ کۆشکێکی هاوشێوه‌ی کۆشکه‌کانی سه‌ددامدا به‌قات و بۆینباخ وپێڵاوی مارکه‌وه‌ به‌ چوارده‌وری مێزێکی درێژی ڕازاوه‌ دا خڕبوونه‌ته‌وه‌ و سه‌رقاڵی خواردن و مه‌ی نۆشینن ....

ئارام له‌و خه‌وه‌ دۆزه‌خ هێنه‌ره‌دا نه‌ باوه‌ڕ به‌ چاوی بینین و نه‌ به‌ گوێی بیستنی خۆی ده‌کات ،ده‌ست ده‌خاته‌ سه‌ر دڵه‌گه‌وره‌که‌ی ،ئێجگار خێرا نه‌بزه‌کانی لێده‌ده‌ن .. ئاره‌ق به‌ نێو چاوانی هاتونه‌ته‌‌ خواره‌وه‌و ڕه‌نگی سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌. هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵ هه‌ڵده‌مژێت ، چه‌ند چرکه‌یه‌ک به‌ بێده‌نگی ڕاده‌مێنێ ،پاشان له‌خۆی ده‌پرسێت " ئایا کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ چاوه‌ڕوانی چاره‌نوسی یه‌کێتیه‌ ؟؟؟؟؟؟؟ "

دڵنیانه‌بوون ، ترس له‌ دواڕۆژ ، خه‌می گه‌وره‌ی چینی ڕه‌نجده‌ران وکرێکاران،که‌ ترۆپکی بابه‌ته‌کانی ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌ بوون، ئارامیی له‌ ئارام ده‌بڕێنن و له‌ ئارامگه‌که‌ی ناچاری ده‌که‌ن به‌ تووڕه‌یی و هه‌ڵه‌داوان بێته‌ ده‌ره‌وه‌ .....

ئارام ی هه‌میشه‌ ئارام و دووربین‌ ، خه‌وه‌ ترسناکه‌که‌ سات نا ساتێک وه‌ک گرته‌ی فلیمێکی کورت ، به‌ڵام جه‌رگبڕ دێنه‌وه‌ پێش چاوی و هێنده‌ی تر ئارامی لێده‌بڕن ... له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت " نا ، نا ،نا هه‌رگیز هاوڕێکانم له‌ ڕێبازی کۆمه‌ڵه‌ وکوردایه‌تی لاناده‌ن ، نا ، نابێت ، نه‌بوه‌ ،ئاخر ئێمه‌ به‌ڵێنی ئه‌مه‌کداری و راستگۆیمان له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ر به‌یه‌ک نه‌دا و بڕیار نه‌بوو هیچ هێزێک و له‌ژێر هه‌ر گوشارێکدا بێت به‌ لاڕێدا نه‌مانبه‌ن ؟"

دوای سی وچوار ساڵ جارێکی تر چاویلکه‌‌ خوێناویه‌که‌ی به‌ له‌پی ده‌ستی قڵیشاوی ده‌‌سڕێ ، له‌قاته‌ چرچ ولۆچه‌که‌شی که‌مێک ته‌پ وتۆزی ته‌کان ، به‌په‌له‌ جانتا کۆنه‌ چه‌رمیه‌که‌ی بۆ دوا پشکنین ده‌کاته‌وه‌‌ .دوای ئه‌وه‌ی دڵنیابوو له‌وه‌ی هه‌موو نوسراوه‌کان له‌شوێنی خۆیاندان ... قه‌یتانی پێڵاوه‌دڕاوه‌کانی تووند ده‌کاته‌وه‌ ‌ و یه‌که‌م هه‌نگاوی هه‌ڵهێنا .ئێستا له‌ئاماده‌باشیدایه‌ به‌ره‌و سلێمانی ، به‌ره‌و شاری شه‌هیدان وهاوڕێ وهاوڕێبازه‌کانی . به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی حاجی خان و چرپه‌چرپی به‌رده‌رکی سه‌را و بینینه‌وه‌ی کۆڵانه‌کانی سابونکه‌ران و ................ هتد ....
به‌ ووریایی ده‌ڕوانێته‌ چوارده‌وری . بێشک بوو له‌وه‌ی ‌ته‌نها خۆی ئاگاداری ئه‌م سه‌فه‌ره‌ کتوپڕه‌یه‌ ....


پێشنیار :
به‌شی دووهه‌می ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ مه‌به‌ستێکی دیاریکراو نانوسم . هیوادارم هاوڕێیانی نوسه‌ر له‌ ماڵه‌په‌ڕی کوردستان پۆست ی ئازیز ، هه‌ر هاوڕێیه‌ک به‌ سه‌لیقه‌ی نوسینی خۆی ته‌واوی بکات ، تاوه‌کو بزانین شه‌هید ئارام له‌ دیدو بۆچونی نوسه‌ران ی به‌ڕێزه‌وه‌ له‌ شاره‌که‌ی هه‌ڵمه‌ت وقوربانی ڕووبه‌ڕوی چ دۆخێکی مه‌ترسیدار ده‌بێته‌وه‌ . سوپاستان ده‌که‌م

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە