شارە نەخۆشەكەى گەرمیان چاوەروانى نەشتەرگەریە "پاش سەردانەكەى دكتۆر بەرهەم وكاك نیچیر بۆ كفرى "
Tuesday, 04/05/2010, 12:00
هەر لەگەڵ هاتنە ناوەوەى ئۆتۆمبیلەكانى سەرۆكى هەردوو كابینەى پێنجەم وشەشەم بۆ نێو شارى كفرى شاگەشكەیەك گردمى وتم سوپاس بۆ پەروەردگار ئەم دوو پیاوە بەهەڵەى خۆیان چوونەوە وشارێكى دێرینى وەكو (كفرى)یان بە بیر هاتەوە .
ئەوەى بەلاى منەوە سەیر بوو كە ژمارەى ئۆتۆمبیلى خزمەتگوزاری وەزارەتەكانى حكومەتى هەرێم لە ئۆتۆمیلى بەرپرسان زۆرتربوون و وپێم سەیربوو كە وەزیر وبریكارەكان سێ سێ وچوار چوار سوارى تاكە ئۆتۆمبێلێك ببوون بەڵام هەر وەزارەتێك دەیان ئالیاتى هێنابوو ودەست بەجى وتم شەرت بێ هاتوون قەرەبووى كەموكورتى 19 ساڵى رابردوو لە یەك رۆژدا بكەن وخودا بكات هەفتەیەك لە كفرى بمێننەوە وئەم مۆدیلە ببێتە نەریت بۆ سەردان كردنى سەرجەم شارە فەرامۆشكراوەكان .
لە دڵى خۆمدا وتم ئافەرین دەسەڵاتى چوارەم كە رەخنە وگلەیەكانى ئێمەت گەیاندە دەسەڵات وئەوانیش بە پێچەوانەى پێشبینیەكانى من كە دەموت لە ئاستى رەخنە وگلەیى میللەت كەڕن ونابیستن ولە ئاستى نەهامەتى ودەردەسەریەكانى ئەم شارە بێ ساحیبە كوێر دەرنەچوون وچاویان دەبینى ئەوە نیە لەشكرێك ئامێرى خزمەتگوزاری جۆراو وجۆریان هێناوە .
ئەوەى بەلاى منەوە سەیر بوو چۆن ئەو شوفڵانە بى ترس تەجاوزى بەرپرسەكانیان دەروخاند وئاوڕشیان لێ نەئەدایەوە ونایشارمەوە لەوە دەترسام نەوەك سبەى بچنەوە جارێكى تر تەجاوزەكان دروست بكرێنەوە. تیمێكى وەزارەتى ئاوەدان كردنەوە بە یاوەرى دكتۆر بەرهەم وكاك نیچیر سەردانى قەیسەرى كۆنى (كفری) یان كرد ودەستبەجى تێمەكانى وەزارەتى ئاوەدان كردنەوە لەگەڵ تیمەكانى وەزارەتى ئەشغال بە هاوكارى پۆلێك گەنجى كفرى هەستان بە پاك كردنەوەى قەیسەریەكە لە خۆڵ وخاشاك وبەرد وپیسى وهەر لەوێدا دكتور بەرهەم بریارى دا شێوارێكى بە دەورى ئەو بازارە مێژوویە دروست بكرێت وهاتووچۆ قەدەغە بكرێت وتیمەكانى وەزارەت دەستبەجى كارى تێدا بكەن ودەستبەجى كاك نیچیر وتى من هەست بە شەرم دەكەم كە لەماوەى حوكمرانى خۆمدا نەمتوانى ئەم شوێنە خزمەت بكەم وهاتووم قەرەبووى بكەمەوە وئامادەم خزمتان بكەم وەزیرى رۆشنبیریش وتى:"لەم شوێنەدا دەتوانرى چەندین زنجیرەى دراماێى ئەنجام بدرێ ومن نەمدەزانى ئەوەندە مێژوویە"؟
دكتۆر بەرهەم بەچاوى خۆى ماڵى مەجید پاشاى بابانى بینى وبریارى دا ئەوانەى تێوەگلاون بە تێكدانى ئەو ئاسەوارە ولوش كردنى دەیان ملیۆنى تەرخان كراو بۆى دادگاى بكرێن وتێمێكى ئاسەوارى ئەوروپى لەگەڵ خۆیدا هێنابوو وپێ دەچوو ئەوان لە نزیكەوە سەرپەرشتى بكەن .
ئەوەى بەلاى من وخەڵكى شارەكە سەیربوو حكومەت لەشارەكەدا وەك شانەى هەنگ كارى دەكرد وبەرپرسان نەچوونە ژوورە داخراوەكانەوە كۆبوونەوە بە ئەندام ولایەنگرانى خۆیان بكەن بۆیە ماستاوچیەكانى شار دەرفەتێكى ئەوتوویان نەبوو چونكە هاوڵاتیان وبەرپرسان ئەوەندە تێكەڵى یەكترى ببوون دەتوت قیامەتە چونكە جیاوازى لە نێوان دەروێش ومسكێن نەمابوو خەڵكى كفرى هەموو خەم وخەفەتى خۆى لە یاد كردبوو پیرە مێردێك وتى ئەگەر چەندین ساڵە وەهایان بكردایە ئێمە بۆ جوێنمان بۆیان ئەنارد یەكێكى دیكە دەیوت ئافەرین بۆ خۆت حكومەت !!!.
وەزیرى پیشە سازى هێڵى بەتانى بۆ كارگەى كفرى لەگەڵ خۆى هێنابوو ودەستبەجى دەستى بەكار كرد ، وەزیرى كشتوكاڵ 19 هەزار نەمامى وەك قەرەبووى نوزدە ساڵ فەرمۆشى پێشكەش بە شارەكە كرد و5 شوێنى دەستنیشانكرد بۆ ئەوەى بكرێنە پارك لە شارەكەدا ودەستبەجى كاریان تێدا كرد وتەنها ئەوەندەى وت بەسێتى رۆتین وموعاملات دواخستن ،
حاكم رەئوف وەزیرى داد لیژنەیەكى تایبەتى لەگەڵ خۆى هێنابوو بە یاوەرى وەزیرى ناوخۆ بۆ گرتنى سەرجەم ئەو سەرپێچیكارانەى فەرمانى گرتنیان هەیە وخۆیان نادەن بەدەستەوە بۆیە ئەو فس فس پاڵەوانانەكانى شار كونى مشكیان لێى ببوە قەیسەرى وخەڵكى شار ببوونە دارى غەردەق ودەیاندانە دەستەوە ودەیانگووت ئەمانەن ئیسراحەتى ئێمەیان تێك داوە وبە شەوان تەقە دەكەن وحیساب بۆ یاسا وئاسایش وپۆلیس ناكەن؟
دكتۆر بەرهەم وكاك نیچیرڤان ناوە ناوە داواى لێبوردنیان لە خەڵكى شار دەكرد چونكە دەچونە هەر شوێنێك خەڵك گلەیى هەبوو وئەوانیش دەستبەجى فەرمانى چارەسەریان دەدا هەروەها كاك مەسعود ومام جەلال ناوە ناوە تەلفونیان بۆیان دەكرد ونەمدەزانى فەرمانى ئەوان چیە.
شتى سەیرتر ئەوە بوو دكتۆر ئاشتى هەورامى هاتبوو لەگەڵیان چونكە من وەك ئەوەى بیستبووم كارمەندەكانى وەزارەتەكەى خۆى نایبینن بەلام وتم دیارە پاشان دەچن سەردانى ئەو بیرە نەوتیانە دەكەن كە لەدەوربەرى كفرى هەیە وپێ دەچى دكتۆر ئاشتى نەهامەتیەكانى كفرى بە چاوى خۆى بینى وبریارى دا بڕى 1 دۆلار لە هەر بەرمیلێك بۆ شارەكە تەرخان بكات لەنەوتى شارەكە چونكە بینى ژێرەوەى زەوى نەوتە وسەرووى زەوى نەهامەتى وزبڵدانە.
ئەوەى بەلاى منەوە سەیرتربوو چۆن وەزیر ئاوەدان كردنەوە بە یاوەرى وەزیرى گواستنەوە وگەیاندن توانیان سەردانى ماڵ دەیان هاوڵاتى قوربانى رێگاى (كفرى- كەلار)ى بكەن وپرسەى حكومەتیان پێ رابگەینن ولە ماڵى یەكێك لە قوربانیەكان وەزیرى ئاوەدان كردنەوە وتى :"بەراستى ئێمەى بەرپرسانى حكومەت شەرمەزارین لەئاست ئەو هەموو رووداوە دڵتەزێنانەى تووشى خانەوادەكانى ئێوە هاتووە ودەزانین تەنها لە سێ مانگى رابردوو 37 كەس كوژراو وبریندار هەیە تەنها بەهۆى رووداوى هاتووچۆى ئەم رێگایە بۆیە تەنها دەتوانین پێتان بڵێین هەر ئەمرۆ دەست كرا بە جووت ساید كردن ودروستكردنى رێگاى كفرى-كەلار وهەروەها دەستكرا بە قیرتاو كردنى رێگاى (كفرى- سەنگاو-سلێمانى) وخەونەكەتان دێتە دى وروحى مردووەكانیش شاد دەبێتەوە بەڵكو خودا لە بەشێك لە گوناهەكانى ئێمە خۆش بێت ".
تایر هەورامى كە سەردانى مەیدانى نەخۆشخانەى خالد گەرمیانى كرد لە كفرى وتى شەرمەزاریە من وەزیر بم وكەچى تازە بە تازە خەڵكى كفرى بە هۆى ریخوڵە كوێرە گیان لە دەست دەدات وئافرەتى دوو گیان بە سەر منداڵەوە دەچێ بە هۆى نەبوونى پزیشكى نەشتەرگەر وئافرەت ودەست بەجێ وتى لەمەولا نامەى بەرپرسان نایخواتەوە وئەو دكتورەى بریارى گواستنەوەى بۆ كفرى جێ بەجێ نەكات بە كەلەپچە دەێهێنین بۆ شارەكەتان . وتیشى خۆ بە كەیفى خۆیان نیە ئێمە حكومەتین ودكتۆر دەبێ پابەندى بریار بێت وناكرێت لەبەر بەرژەوەندى شەخێى دانیشتوانى شارێك لە مەترسى دا بن وسەیرە ئەم جۆرە كارەساتانە لە سۆماڵیش نەماوە .
لە لایەكى ترەوە دكتۆر دلاوەر عەلادین وەزیرى خوێندنى باڵا بەردى بناغەى چەندین زانكۆى لە كفرى دانا وتى:" هەر ئیستا دەست بە كار دەكرێتە بە دروست كردنى زانكۆكان وئێمە وەك هەندى وەزارەت نابین كە تەنها بەردى بناغەكە دروست دەكەن وكفرى هیچى كەمتر نیە لەو شارانەى زانكۆى تێیدایە".
لەو كاتەدا هەریەك لە كەمال كەركوكى وئەرسەلان بایز داواى لێبوردنیان لە جەماوەرى شارى كفرى كرد كە لە بیناى پەرلەمان ئامادە نەبوون لەكاتى خۆپیشاندانى گەنجانى كفرى بۆیە خۆیان هاتوون بۆ كفرى وبەڵێنیان دا ئەوەى لە دەستى ئەوان بێت بیكەن بۆ گەڕانەوەى كفرى بۆ باوەشى كەركوك وتیان ئێمە دەزانین ئێوە شەقى بێ ساحیبى دەخۆن وبەڵێنیان دا كە پارەى تایبەت بۆ كفرى دابین بكرێت وەك قەربوو كردنەوەى 19 ساڵى وێران كارى.
لەپڕێكدا دەنگى زرمە وتەقە هات ومنیش دەستبەجى راپەڕیم لە شوێنى خۆم بزانم هۆكار چیە وهێندەم زانى لە ناو ماڵ ودەرەوەى خانوو پڕ بوونە لە سەرباز وپۆلیس وئاسایش ودژە تیرۆر وەها پێشبینیم كرد كە حەشارگەیەكى یۆرانیوم دۆزرابێتەوە لە شارەكە بەڵام هێندەم زانى هاواریان كرد خۆیەتى منیش وتم چى بووە ؟ سەد كەس دەبوون هیرشیان كردە سەرم یەكێكیان لیستێكى دەرهێنا كە هەمووى تۆمەت بوون وهەر سكاڵایەكى لەلایەن بەرپرسێكەوە تۆمار كرابوون لە سەرووى هەموویان سەرۆكى هەر شەش كابینەى رابردوو وهەروەها ناوى مام جەلال وكاك مەسعودیش لە ناو سكاڵاكاران بوون ونەمدەزانى بۆ وگەر هەموو تومەتەكانم كۆ بكردایەوە پێویستم بە تەمەنى حەزرەتى نوح هەبوو بۆ تەواو كردنى زیندانیەكەم وتاكە مەرجى دادوەر بۆ ئازاد كردنم بە كەفالەت ئەوە بوو كە نابێ ئیتر تر خەون بە ئاوەدانى كفرى ببینم چونكە لەم هەرێمەدا دەچێتە قاڵبى تاوانى گشتیەوە؟ منیش رازى نەبووم و بریارم دا لە زیندان نزا وپارانەوەى خۆم لەلاى خۆدا زیاتر بكەم بەڵكو خودا هەقمان وەربگرێ؟ خەونەكەشم هەر بەردەوامە بەڵام ئەمجارەیان هەموو شارەكەم لەگەڵمدا رووى لە قیبلە كرد وپێكەوە خەوتینەوە!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست