دراما کۆرییەکان
Tuesday, 01/07/2014, 12:00
(ئەو سەرکردەى نەتوانێ بە باشى خزمەتى گەلەکەى بکات ، شایانى ستایش نیە)
(دام دیۆک) پاشاى گۆگۆریۆ
دەگوترێت سوود وەرگرتن لەخوێندنەوەی کتێبێکى بژاردەو دانسقە، بارتەقاى سود وەرگرتنو خوێندنەوەى چەندین کتێبی ترە، دیارە ئەو قسەیە بۆ کۆى رەهەندە روناکبیرییو فەرهەنگىو ئەندەبییەکانى دیکەش هەر راستە، لەنێویشیاندا دراماو زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان. دراما کۆرییەکان کە پتر گوزارشت لە قۆناغە مێژووییەکانى مێژووى گەشەسەندنو شەڕو ئاشوبی وڵاتانى باشوورى رۆژهەڵاتى ئاسیا دەکەن، کەچی وەک پەندو ئەزموونى سیاسیو شتگەلى دیکەش، لەئێستاى پاش چەند سەدە لەو روداوانە مرۆڤ شتى زۆریان لێوە فێردەبێت. بێگومان لەکۆى ئەو درامایانەش، لەرواڵەتە سەرەکییەکانىو دیمەنە جەوهەرییەکانى خۆشەویستى وڵاتە، بەچەشنێک کە خۆشەویستى وڵات یەکێکە لەسیما دیارو تایبەتمەندییەکانى ئەو گەلانە، هەموویان بەگەورەو بچووکەوە وڵاتى خۆیان خۆشدەوێو ناپاکى کردن لە نشتیمانیش لەلای هەمووان هێڵى سوورو خیانەتى گەورەیە.بەڵام بەپێچەوانەوە لەناو خۆیاندا ناپاکى لەیەکترکردنو پاشقۆڵگرتن، بوختان، ستەمى لەرادەبەدەر، ئەمانە سیماى پەیوەندى نێوان بەرپرسانو دەسەڵاتدارانە، بەتایبەتیش بەرپرسە باڵاکانى کۆشک. لەزۆربەى ئەو درامایانە کۆشک خاڵى لاوازى هەموو دەسەڵاتەکانەو خیانەتو پاشقوڵگرتن ناسەقامگیریی هەمیشە لەسیما دیارەکانى بووە. کارى من نییە، یان واباشترە بڵێم لەتواناى منیشدا نییە ئەو بەدواداچوونە وردەشم بۆ دراماکان نەکردووە، تابێم قسە لەسەر هەموویان بکەم، بەڵام ئەوەى زۆر بەلاى منەوە گرنگ بوو چێژوو سودێکى زۆرم لێوەرگرت، بە تایبەتیش لە هەردوو دراماى (بازرگان)و دراماى ئەو دواییەش (گوانگیتۆ) پاشا (دامدیۆک) بوو ، هەربۆیە بە درەنگەوەش بێ نوسینى ئەو چەند دێرەم بە هزر داهات. لەدراماى بازرگاندا ململانێ لەنێوان رەوشتو بیرکردنەوەی بازرگانیدایە، (دایکین) کچی (پارک جۆنیۆنگ)ى سەرۆکى بازرگانى (سۆنسانگ) کە هەمیشە بە(شیسۆ)ی یاریدەدەرى باوکىو (سانجۆک)ى بازرگانى (مانسانگ) دەیگوت"مەبەست لە بازرگانى سەرکەوتوو بەدەستهێنانى متمانەى خەڵکە نەک پارەکانیان" هەمیشە ئامۆژگارى دەکردنو داواى لێدەکردن کە لەدزیکردن، بەتایبەتیش لەدزیکردن لە هەژاران دووربکەونەوەوەو بەبێ رەوشتى پارە پەیدا مەکەن، تەنانەت دەیگوت "دزیش کاتێک دزى لەکەسێک دەکات، کە بزانێ ئەو کەسە هەیەتى"، لەبەرامبەردا بیروڕاى (شیسۆ) بەپێچەوانەوە بوو، ئەو پێیوابوو "کەس پێی ناڵێت دز، ئەگەرى پارەى پەیداکرد"، چونکە بەقسەى خۆى پارە چاوى خەڵک لەبەرامبەر رەوشتیش کوێر دەکاتو هەموو کەس لەبەرامبەر پارەدا چۆک دادەن، سەرەنجامى ئەو ململانێ ئاکارییە (سانجۆک) گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە چاوچنۆکى مرۆڤ بۆ پارەو دەسەڵات سنوورى نییە، بۆیە بەقسەى خۆى گوتى هەتا هەموو شتێکم لەدەستنەداوە، دەست لەکار دەکێشمەوەو (شیسوش) کە هەر بەردەوام بوو لەسەر درۆو دزىو ساختەکارییەکانى خۆى سەرەنجام خۆى کوشتو خەڵکێکى زۆر لێی رزگاربوو. سەبارەت بەزنجیرە ئەفسانەى (گوانگیتۆ)ش واتە (دامدیۆک)ی پاشاى (گۆگریۆ ـ کۆریاى ئێستا) ئەوەى زۆر کاریگەر بوو بەلامەوە دوا ئەڵقەى ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە بوو کە چۆن دواى سەرکەوتنیش بەسەر دوژمنەکانیدا پاشا (دامدیۆک) رقو قینەو تۆڵەکردنەوەى وەلاناو پێیوابوو هیچ کات بەرقو قینە و توڕەیی کێشەکان چارەسەر نابنو خەونى پاشاش بۆ هەمیشە دەبێت خەونى خەڵکەکەى بێت، ئەوەش بەرقو تۆڵەکردنەوە نایەتەدی، هەر بەم بیرکردنەوەش لەشەڕەکاندا توانی سەربکەوێتو وڵاتەکانى (هۆیان، بیرۆو بایکجی، بیۆو موهىو شیلا) بخاتە ژێر سایەى دەوڵەتى گۆگریۆوە، لەوێشەوە گۆگریۆییەکى بەهێز دابمەزرێنێ، لەبەرامبەر هەموو ئەو سەرکەوتنە گەورانەشدا کە پاشا دامدیۆک لەدامەزراندنى گۆگریۆیەکى بەهێز بەدەستى هێنا، کاتێ دەوروبەرەکەى (جەنەڕاڵەکانى) وەک دەوروبەرى هەموو پاشاو سوڵتانەکانى تر بۆ ستایشکردن نازناوى (خاوەن شکۆى پایەبەرزیان) پێبەخشی، ئەو لەمەشدا وەک زۆر لەو پاشاو سوڵتانانەى نەکرد، بەڵکو بەپێچەوانەوە نازناوەکەى رەتکردەوەو پێیوتن ئەمەتان زیادەڕوییە. گۆگریۆ کە وڵاتى کۆریاى ئێستایە وەک یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانى دونیا هەر لەسەر ئەو بنەما فیکریو گیانى خۆنەویستییە پێشکەوت، وڵاتى (کۆتسوسون) کە وڵاتى کۆریاى ئێستایەو وەک یەکەم وڵاتى نیمچە دوورگەى کۆریا لەساڵى (2333)ى پێش زاین واتە پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دامەزراوەو دواى ئەویش سێ وڵات بەناوەکانى گۆگریۆو بایکجیو شیلا دامەزراونو پاشان پاشاى (گۆگریۆ) لەرێگەى خێڵەکەى (مانگال) یەکیخستوون. کۆریا کە تا ڕوخانى ئیمپراتۆرییەتى یابان لەشەڕى یەکەمى جیهانیدا لەلایەن یابانەوە داگیرکرابوو، لەساڵانى (1950 بۆ 1953) دووچارى شەڕێکى ناوخۆیی بوو کە سەرەنجام بەسەر دوو وڵاتدا ، واتە کۆریاى باشوورو باکوور دابەشبوو، سەربارى ئەو دابەشبوونەو جیاوازى سیستەمى سیاسیان بەڵام یەک نەتەوەنو یەک رەچەڵەکنو ئەوەش لە سەر ئاستى میلییدا بەتەواوى رەنگیداوەتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست