کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جلە مۆدەكانى كوردستان، عاجباتى جلە مۆدەكانى دونیایە

Sunday, 22/09/2013, 12:00







جل و بەرگ و پۆشاك لەو پێداویستییە سەرەكیانەى هەموو مرۆڤێكە بەكچ و كوڕ و ژن و پیاو بەهەموو تەمەنێكەوە، لەوەشدا پێویستە بزانین چ جۆرە جلێك لەبەر دەكەین؟ ئەو جلەى لەبەری دەكەین چۆنە؟ ئێمە قسە لەسەر ئەو بەرگانە ناكەین كە كوڕان دەیپۆشن، بەڵكو زیاتر مەبەستمانە تیشك بخەینە سەر ئەو فەوزایە بازاڕگەرایەى ئەمڕۆ هەر ڕۆژەى بەناوێكەوە بازاڕەكانى كوردستانیان تەنیوە و كچان و خانمانیش لەبێ ئاگایی خۆیاندا تووشی گیرۆدەیی بوونە و هەر پێیان دەكرێ مانگانە مۆدێلەكان بگۆڕن و پێڕاناگەن بەوەى پێیەكیان لەماڵ و پێكەى تریان لەبازاڕبێ، لەم ڕاپۆرتەماندا چەند كەسێمان لەو دیدگایەوە هێنایە ئاخافتن:

لەكوردستان مانگانە جلی مۆدە نمایش دەكرێ

خاتوو(پەروین عەزیز كوردە) زیاتر لەبیست ساڵ لەتەڕاوگە لەوڵاتى سوید دەژێ و ماوەى چەند ساڵێكە هاتۆتەوە كوردستان و ئێستا لەهەولێر ژیان بەسەر دەبات، لە لێدوانێكدا لەمەڕ جلی مۆدەوە وتى:

من لە ئەورۆپا زۆر وڵاتان گەڕاوم و زۆر شت لێرە و لەوێ فێر بوومە، بەڵام ئەوەى من لەم كوردستانەم بینیوە، شتاكانى ئێرە ژمارەى پێوانەییان لە عەنتیكەیی و سەیروسەمەرەیدا شكاندووە.. ڕەنگە بپرسی: بۆ؟ هەر من وەڵامت دەدەمەوە و دەڵێم: بەپێی ستاندارتی جیهانى، ساڵانە جارێك نمایشى جل و بەرگ دەكرێ و بەپێی وەرزەكان، ئیدى ئەو نمایشە دەبێتە بنەمایەك تا خەڵك بەپێی توانای دارایی و ئارەزووەكانى حەزى دەچێتە سەر جلێك ئەوە ئەو جلە دەكڕێ، وەلێ لەم كوردستانەى لای خۆشمان، لەچاوچنۆكى و فریودانی كچانماندا بازر گانەكان ژمارەى پێوانەیان شكاندووە، هەر وایەك دەكەن دەچنە سین و ئەم وڵات و ئەو وڵات و تیایدا چ مۆدێلێكى كۆن و بەسەرچووى ئەو وڵاتە هەیە و ئەقڵیان دەیگرێ لە وەرگرتنى چەند نموونەیەكدا(بەدەرزن) جلی لەسەر دەگرنەوە بە كڕینى بڕە پارەییەكى كەم و لێرەش فرۆشتنەوەى بە پارەیەكى خەیاڵی، ئەوەش جگە لەوەى هۆكارێكە ئەو بازرگانە نابەرپرسانە لەسەر حیسابی من تۆدا لەماوەیەكى كەم خۆیان دەوڵەمەند دەكەن، جا ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ساویلكەیی كچان و ژنانى ئەم مەملەكەتە، خەڵكانێكمان هەن مانگانە مۆدێلەكانیان دەگۆڕن، ڕەنگە لەوەشدا ئەوەندە زانیارییان لەسەر ڕەوشی مۆدێلكاری نییە و لێیان ناگیرێ، بەڵام هەقە وا خۆشباوەڕ نەبین و هەوڵبدەین لەدەست نیشانكردن و دیاریكردنى دا مامەڵەكردنمان بۆ مۆدێلەكان ساڵانەبێ و گوێ بەوانە نەدەین باس لەمۆدیلی مانگانە دەكات و هیچی لەبارەوە نازانێ و بێ ئاگایە لەوەى ئەو داهێنانە قسەى هەڵبەستراوى بازرگانە چاوبرسیەكانە بۆ بازاڕ گەرمكردنى خۆی.

ڕوویان ڕەشبێ ئەوانەى جلی كوردی ئەتك دەكەن

(سەمیرە تۆفیق مەجید) بەپێكەنینەوە لەوەڵامى جلی مۆدەدا وتى:

شوكر بۆخوا من خاوەن بڕێ مناڵم و ئەوەندە سەلیقەم لەسەر جل و بەرگى مۆدە نییە و زیاتر ئەو جلانە لەبەر دەكەم كەلەگەڵ تەمەنم دەگونجێ و بەئەدەبە، مەبەستم لەوە دووركەوتنەوەیە لەو جل و بەرگانەى هەر بەناو بەرگن كە لە پۆشین و نەپۆشینیاندا هیچ جیاوازییەك نابینم.... هەروەها ماوەى چەند ساڵێكە لەلایەن چەند كەسێكى خۆپەرست و مشەخۆرەوە بەدەست و نیازێكى گڵاو بۆ ناشیرین كردن و لەباربردنى جل و بەرگە ڕەسەنەكەى باب و باپیرانمان و پێشینانمان، ئەو چاوبرسیانە كراس و كەوێ و جلی وامان بۆ دەدرون و نمایشی دەكەن كە لەبەر تەنكى و كورتى هەموو جەستە و لەشی ئافرەتى پێوە دیارە، ئەوەش جگە لەلێدانى كلتووری نەتەوەییمان، دیوێكى دیكەی خراپ و ناوازەیەشە بۆ داهاتوومان كە پێمان عەیببێ بڵێین ئەوە جلی كوردییە لەكاتێكدا هەندێ لەو جلانە هەر هەست ناكەى جلی كوردین و بەناوى جلی كوردییەوە دوردراون.. گەڕانەوە بۆ ڕابردوو شانازییە و لەسەر ئەم وەتەرە بۆ جلی كوردی دەبێ فاتبیحەى لەسەر بخوێنین.

لەلاسایی مۆدێلی نێو دراما و فیلمەكان ئازاین

(بەسمە هێرش ناسیح) كە كچێكى ژیكەڵەى رۆح شیرین و هەست ناسكە، لە ئاخافتنێكدا وتى: من حەزم لەجلی مۆدەیە، بەڵام جلێك كە ڕێك و پێك و بەئەدەب بێت، بەڵام سەیرم بەوانەدێ، ئەو ئافرەتانى كوردستان لەتەماشاكردنى فلیمێك یا درامایەك و بینینى جلی ئەو ئافرەتەى ڕۆڵی پاڵەوان دەبینێ جگە لەوەى حەز دەكەن منداڵەكانیان بەو ناوەوە ناو بنێن، ئەوجا ئەگەر كچبێ هەر زوو خۆی دەگەیەنێتە بازاڕ و ئەو جلە دەكڕێ گوێی لەوە نییە لەگەڵ تەمەنەكەى دەگونجێ یان نا؟ یان ئەو جلەى لەبەری دەكات بەئەدەبە یان نا؟ ئەوجا دەچن بە پارەیەكى زۆری دەكڕن.

جلی تەسك مەرغوبە و نازانن تووشی نەزۆكیان دەكات

(د. ڤیان عەبدولخالق كەریم) پسپۆڕی بواری نەخۆشیەكانى ئافرەتان و نەزۆكى ئاماژە بەوە دەدات: جلی تەسك جگە لە نمایشی جەستە و خۆدەرخستن هیچی تر نییە، زانستى سەردەم ئەوەى سەلماندووە جلی تەسك ئافرەتان تووشی نەزۆكى دەكات و ئەم وتەیەش لەڕووی پزیشكیەوە سەلمێندراوە و پشتڕاست كراوەتەوە، جێی داخە هەموومان ئەو ڕاستیە دەزانین و بەرگوێمان كەوتووە وەكو چۆن لە پاكەتى جگەرە دەنووسرێ(التدخین سبب رئیسی لسرگان) ئەوجا زۆرینەى پیاوان جگەرە دەكێشن، لەو تەسكى بەرگانەیشدا ئافرەتان دەیبیستن و گوێی پێ نادەن، دەچن كامە جل تەسك و تروسكە ئەو جلە دەكڕن و دەپۆشن.

دەبا جلی بەئەدەب بپۆشین

(شیرین سمایل) بەزەردەخەنەیەكەوە وتى: سەیرە ئەو خەڵكەى ئێمە ئەوەندەى خۆیان بە لاسایكردنەوەى جل و بەرگى ئافرەتانى نێو فلیم و دراماكانەوە خەریك دەكەن، نەخاسمە ئەو جلانەى كورت و تەسك و ڕووتن، نیو هێندە لاسایی ئەو جلانە ناكەنەوە كە باڵاپۆش و جلەكان بەئەدەبن، ئەوەش جێی داخە و نازانم كێ لەخەمى ئەوانەدایە.

ئێمەش لە دوماهی ئەم ڕاپۆرتەمان دەڵێین: مرۆڤ ئازادە لەو جل و بەرگەى لەبەری دەكات، بەڵام هەقە تا بۆمان دەلوێ لاسایی ئەوانە نەكەینەوە كە جلەكانیان ناشەرعین و جلی بەئەدەب بۆ ئافرەت ئەدەبی دەپارێزێ بەوەى كەمتر لەلایەن كوڕ و پیاوانى چڵێسەوە چاوى شەهوەتبازیان تێ ببڕدرێ، هەقیشە كچانمان تا بۆ دواڕۆژیاندا تووشی گیروگرفتى نەزۆكى و منداڵ نەبوون نەیەن با خۆیان لەو جلانە بەدوور بگرن كە جلەكان تەسكن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە