بەیاننامەى بزوتنەوەى دیموكراسیخوازنی كوردستان لە یادی حەڤدە ساڵەى دامەزراندنیدا
Monday, 28/03/2011, 12:00
هاووڵاتیانی ئازیزی كوردستان:
هاوڕێ و دۆستانی دیموكراسیخوازان
لە 28/3/ 2011 بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستان حەڤدە ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت، بەم بۆنەوە پیرۆزبایى لە سەرجەم كادیر و ئەندام و دۆست و لایەنگران و خەڵكى كوردستان دەكەین.
بەڕێزان ئاشكرایە لە كاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە, كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە زنجیرە رووداوێكی یەكجار هەستیار و گرنگدا تێ ئەپەرێت , ئەم رووداوانە گۆڕانكارى و چاكسازی سیاسی و ئابورى و ئیدارى و ...هتد كردۆتە خواست و داوایەكی زۆر جدی هەموو لایەك, بەجۆرێك ئیتر هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێـت خۆى لێ ببوێرێت , دیارە كوردستانیش وەك بەشێكى دانەبڕاو لە ناوچەكە خۆپیشاندانی جەماوەرى و كێشە و تەنگژەى سیاسی هاتۆتە ڕێ، كە بەداخەوە بەم هۆیەوە توندوتیژى لێكەوتەوە و چەند كەسێك شەهید و بریندار بوون و چەند رووداوێكى نەخوازراویش روویاندا, دیارە ئێمە هەر لە زووەوە تارمایى ئەم مەترسیانەمان بەدیكردوون و هەر لەم پێناوەشدا بە چەندین شێوە و شێوازى جیا و بە چەندین پرۆژە و پێشنیار سەرنجى لایەنە بەرپرسەكانمان بۆ سەر خاڵە لاواز و كەماسییەكان راكێشاوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تێبینی دەكرێت تا ئێستا نەتوانراوە میكانیزمێكى وەها بدۆزرێتەوە كە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەرێكی ریشەییانە بە شێوازى دیموكراسیانە و ئاشتیانە كە هەموو چین و توێژەكانی خەڵك و هێزە سیاسییەكانیش پێى رازی بن , كە ئەمەیش دوور نییە كوردستان بەرەو دەیان كێشە و گرفتی نەخوازراو رووبەڕوو بكاتەوە لەكاتێكدا دۆخى كوردستان و بزاڤە نەتەوەییەكەى لەدۆخێكى هەستیاردایە, هەر بۆیە داواى ئێمە لە سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمان و حكومەت ئەوەیە هەرچی زووترە بەكردەیى بە دەنگ داواكارییە رەواكانی خەڵكی كوردستانەوە بێن و بە گیانێكی لێپرسراوانەوە لە خواست و پەیامی خۆپیشاندەران تێبگەن, هەرگیز ڕێگە نەدەن ئاسایشى نیشتمانی و كۆمەڵایەتی كوردستان بەهۆى كێشەو ناكۆكییە سیاسییە ناوخۆییەكانیەوە بكەوێتەوە مەترسیەوە.
دەربارەى بارودۆخی رێكخراوەیى و سیاسی بزوتنەوەى دیموكراسیخوازان:
وەك ئاشكرایە بەهۆى كێشە ناوخۆیى و ڕێكخراوەیى و داراییەكانمانەوە نەمانتوانیوە ببینە هێزێكی چالاك و كاراى ئەو ڕووداوە سیاسیانەى ئەمڕۆ كوردستانی پیا تێپەڕ دەبێت , بەهۆى ئەو غەدر و پێشێلكاریە یاساییانەى حكومەتی هەرێمەوە هەموو دام و دەزگا میدیاى و رێكخراوەییەكانیشمان تووشی وەستان و لەكاركەوتن هاتوون , بە جۆرێك نانبڕینی وەزارەتی ناوخۆ سنورى حزبیشى تێپەڕاند و دواجار یەخەى پۆلیس و پاسەوانی بارەگاكانیشمانی گرتووە، ئەوەى جێى سەر سوڕمانە لەو بڕیارەى وەزارەتى ناوخۆ لە نانبڕینى پۆلیس، ئەوانە كارمەندى ئەو وەزارەتەن و هیچ پەیوەندیەكیان بە سیاسەتەوە نییە، سەیرتر لەمە ئەم بڕیارەى وەزارەتى ناوخۆ تەنها ئەو پۆلیسانەى گرتۆتەوە كە لە هەولێر مووچە وەردەگرن، لەكاتێكدا ئەگەر یاسا سەروەر بوایە بەپێى بڕیارى دادگا كە ساڵى پار بڕیارى دادگا لەبەرژەوەندى ئێمە یەكلایى بۆوە، دەبوو مامەڵەیەكى ئاسایمان لەگەڵ بكرێ نەك وەك ئێستا كە ئەمە ساڵێك زیاترە خراوینتە ژێر گەمارۆیەكى ئابورى توند و بودجەى مانگانەمان راگیراوە و حجزیش خراوەتە سەر پارەو پول و حسابى بانكیمان. دیارە بەرامبەر ئەم هەموو پێشیلكاریە یاساییەى حكومەت بەرامبەر دیموكراسیخوازانی كردووە ئێمە ڕێگاى یاسایى و فشارى مەدەنیانە دەگرینە بەر , لێرەوە رایدەگەێنین و ئەندام و دۆست و لایەنگران و خەڵكى كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هەر سورین لەسەر خەبات و لەپێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجانەى كە دیموكراسیخوازانى لەسەر دامەزراوە.
دووبارە پیرۆزە ساڵیادى دامەزراندنى دیموكراسیخوازان
سەركەوێ خەباتى دیموكراتیانەى میللەتەكەمان
مەكتەبى سیاسى
بزووتنەوەى دیموكراسیخوازانى كوردستان
28/3/201 هەولێر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست