گۆڤاری شەپۆل ئیدانەی دەستدرێژیی بۆ سەر ئاسۆس هەردی دەكات
Wednesday, 14/09/2011, 12:00
ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا ئەوەبوو كۆمەڵێك چەكدار بە نێوێژی نیوەڕۆ و لە چەقی شاردا هەڵبكەوتنە سەر نووسەر و رۆژنامەنووس "ئاسۆس هەردی"، بەڵام بە داخەوە بینیمان لە بری ئەوەی یاسا سەروەر بێت و دوا قسە بۆ یاسا بەجێبهێڵرێت، بەشێوەیەكی زۆر نا مرۆڤانە هێرش دەكرێتە سەر ئاسۆس هەردی. ناوبراو ئەگەر تاوانیشی كردبێت "كە هیچ تاوانێك لە ئارادا نییە" مافی هیچ كەس و لایەنێك نییە بەو شێوە مافیائاسایە هێرشی بكاتە سەر، بەپێچەوانەوە هێرشكردنە سەر "ئاسۆس هەردی" بەڵگەی ئیفلاسی سیاسیی و ویژدانی بكەرەكانی و ئەو دەستانەشە كە لەپشتەوە نەخشەی لێدانی رۆژنامەنووسان دەكێشن. وەك هەموو لایەكیش دەیبینن ماوەیەكە بەشێوەیەكی زۆر سیستماتیك و نەخشە بۆِ داڕێژراو بە تایبەت لە شاری سلێمانی هێرشی فیزیكیی و مەعنەویی بۆ سەر رۆژنامەنووسان لبە زیادبووندایە،ـ هەموو دەبینین بە كلكە دەمانچە پەلاماری بەڕێوبەری كۆمپانیای ئاوێنە دەدرێت و لەوەش سامناكتر بەشێوەیەكی زۆر ناشارستانی و ناسەدەرمیانە سەرنووسەری گۆڤاری "لڤین" دەستگیر دەكرێت كە سامناكی ئەم كردەوەیەش لەوەدایە لەلایەن پۆلیس و پیاوانی یاساوە ئەنجامدراوە. ئێمە وەك ستافی گۆڤاری شەپۆل بە توندی ئیدانەی هێرشی بەربڵاو بۆ سەر رۆژنامەنووسان دەكەین بە تایبەت لە شاری سلێمانی كە خەریكە لە پایتەختی رۆشنبیرییەوە دەبێتە دۆزەخی رۆژنامەنووسان و رووناكبیریی. داواش لە سەرجەم نووسەران و رۆژنامەنووسان و خەڵكی ئازادیخواز دەكەین لە ئاست ئەو دەستدرێژییانە بێدەنگیی هەڵنەبژێرن.
بەڵی بۆ سەروەریی یاسا، نا بۆ لێدان و سووكایەتیكردن بە نووسەران و رۆژنامەنووسان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست