کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راپه‌ڕینی گه‌نجان

Friday, 21/01/2011, 12:00


* لە سەرەتادا سەرم دادەنوێنم بۆ شەهیدانی راپەڕینی گەنجانی تونس و چاوی دایكەكنیان ماچ دەكەم و تامی فرمێسكە سوێرەكانیان لە ناو دەمم دایە، چونكە خۆم بە دادەی شۆڕشگێڕان دەزانم و ئاوازی لێدانی دڵم بۆیان دەبێتە چەپڵە.
* بەرلە سێ مانگ گەنجێكی بێكار بەناوی (محەمەد البوعەزیزی) ئاگری بەخۆی دا و گڕی گرت و گیانی پیرۆزی لەدەستدا. چونكە بێكار بوو، دراوسێكان لە پەنجەرەوە دەیانڕوانیە ئەم بینگە جەرگبڕە كە هەمیشە ئەو كوڕە پاڵی بە عارەبانەوە دەنا و گەڕەك بە گەڕەك دەسووڕایەوە و شتی دەفرۆشت، بێكاری بێزاری كردبوو، خاوەن شەهادە بوو، بەڵام دانەمەزرابوو، نەك تەنها خۆی، بەڵكو هەموو گەنجانی تونس كە دەرچووی زانكۆن بێكارن، بۆیە راپەڕین، هەروەها لە ئەنجامی گەندەڵی و گرانی و برسێتی و كوێرەوەری، گەلی تونسی بەدوایان دا راپەڕی و بێ‌دەنگ نەبوو.
* راپەڕینەكە لە شاری (سیدی ابو زید) دەستی پێكرد هەروەها شاری (قەسرێن) و (باجە) و (بن قردان)ی گرتەوەو دواتر هەموو شارەكانی گرتەوە و سەرۆك (زین العابدین بن علی)یان بە چۆك دا كە توندوتیژییەكی خوێناوی دژ بە شۆڕشگێڕان بەكار هێنا.
* لە ماوەی سێ رۆژدا پەنجا تونسی شەهید بوون، حزبی دیموكراسی پێشكەوتووخواز، پشتگیریان لەم راپەڕینە كرد، بەڵام دەسەڵات رێگای لە كادر و سەركردەكانی ئەم حزبە گرت، هەروەها حكومەتی تونسی بۆ ناشرینكردنی ئەم راپەڕینە، ناوی شۆڕشگێڕانی بە كۆمەڵێك گومانلێكراو برد.
* لە شاری دووەمی تونس، (سفاقس) بڕیاری مانگرتن درا، هەروەها لە شاری (قیروان) و (جندوبە) و لەپڕ شۆڕشەكە تەقیەوە.
* لە پایتەختدا پۆلیس دەستی كرد بە لێدانی رۆشنبیران و سینەماكاران و شانۆكاران و هونەرمەندان كە مانیان گرتبوو كۆببوونەوە و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی و دەسەڵات بڕیاری رێگری هاتوچۆیاندا، بەڵام دوبارە هەر تەقییەوە.
* دووبارە بەهۆی بێكاری گەنجێكی تونسی خۆی كوشت.
* راستییەكەی شۆڕشگێڕان چەپڕەون و شۆڕشەكە شۆڕشی نان و كەرامەتە. چونكە تونس قەرزدارە و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی ئابووری و راپرسی هەر هاوڵاتییەكی تونسی دوو ملیۆن و شتێك قەرزدارە. واتە دەسەڵات درۆ دەكات. لە كاتێكدا كە باسی باری ئابووری تونس دەكات. چونكە ئابووری وڵات لە دەستی سەرۆك (زین العابدین بن علی) و چەند بازرگانێك دایە. جگە لەوەی كە خێزانەكانی تونس بە قەرز دەژین و بانكی تونس نەك تەنیا بەتاڵە، بەڵكو قەرزدارە.
* حزبە رادیكالییەكانیش پشتگیرییان لەم راپەڕینە كرد.
* گەنجان سرودی (قەدەر)یان دەوتەوە كە شێعری (ابو القاسم الشابی)یە بە ناوی (ئیرادەی ژیان)، بەڵام مۆسیقاری لوبنانی (حلیم الرومی) ئاوازی بۆ دانا و وتیەوە. گۆرانیبێژانی تریش وتیانەوە. ئەم سرودە بووە سرودی هەموو شۆڕشگێڕە چەیڕەو و راستەقینە و نیشتمان پەروەران و ئازادیخوازان. بە رادەیەك لە سەر دیواری هەموو زیندانییە سیاسییەكان نووسیویانە.
* (ابو القاسم الشابی) لە تەمەنی سی ساڵیدا مرد، بەڵام سرودەكەی ئەمڕۆ لە هەموو سەربازگە و پۆلیس و چەك و تەقەمەنی حكومەتی تونسی كاریگەرترە.
* لەوانەی عەرەبیدا خوێندكارانمان ئەم سرودەیان خوێندۆتەوە و مامۆستاكان بۆیانی راڤە كردوون.
شاعیر دەڵێ:
اژا الشعب یوما اراد الحیاە
و لابد ان یستجب القدر
فلابد للیل ان ینجلی
ولابد للقید ان ینکسر
كاریگەری ئەم سرودە لە سەر ویژدانم زۆرە، پێش راپەڕین كە لە بەغدا بووم كاتێك كە لە كارەكەم دەگەڕامەوە بۆ ژوورەكەم سەر دەكەوتم بەدەم گریانەوە ئەم سرودەم دەوتەوە و هاوارم دەكرد.
دەرگای ژوورەكەمم بە شەق دەكردەوە و دەستم دەكرد بە گریان، چ بۆ نیشتمان چ بۆ شەهیدەكانمان چ بۆ پێشمەرگەكانمان، چ چ چ چ ئینجا دەستم بە نووسین دەكرد. رۆژانێكی رەش و سەخت بوون وەك ئاگرێكی رەش كە هەموو تەمەنمی قووت دایەوە و كردمی بە خۆڵەمێش. نە ماركسیزم، نە بوونگەرایی، نە پوچگەرایی، نە نهیلیستی، نە سۆفیگەری فریایان كەوتم، هەر دەسووتام و چاوەكانم كزتر دەبوون و دەمردم و هاوارم دەكرد.
بە بیرم دێ پێش (23) ساڵ سەرۆكی حكومەتی تونسی (زین العابدین بن علی) كۆدەتایەكی كردە سەر (ئەلحەبیت بوورقێبە) كە سەرۆكی تونس بوو و ماسۆنی بوو. هەروەها پیرێكی زۆر گەندەڵ بوو بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ حوكمی كرد و تونسییەكانی داڕزاند.
لەپڕ (زین العابدین بن علی) كورسییەكەی لێ داگیر كرد و بۆ خۆی لە سەر عەرشی تونس دانیشت. كۆدەتایەكی كتوپڕ بوو. ئێستاش زۆر دەوڵەمەندە و لە ئەنجامی ئەم راپەڕینە دوو جار لە تەلەفزیۆن دەركەوت و شۆڕشگێڕانی بە تاقمێكی گومانلێكراو ناو برد.
* ئەمڕۆ دەرگای زانكۆ و خوێندنگە ئامادەییەكان بۆ كاتێكی دەستنیشان نەكراو داخراون.
* ئافرەتی تونسی رۆشنبیرترین ئافرەتی وڵاتە عەرەبییەكانن و زۆربەری زۆریان كۆمۆنیستن.
* هەموو سەندیكاكان پاڵپشتی ئەم راپەڕینە پیرۆزەن.
* لە ساڵی (1956) تونس ئازاد بوو، چونكە فەڕەنسا داگیری كردبوو.
* ئەمڕۆ بە خوێنی پیرۆزی گەنجان، راپەڕینی تونس بۆ هەموو شارەكان پەرەی سەند و داواكانی شۆڕشگێڕان زۆرن نەك تەنها دامەزراندنیان، بەڵكو ئازادكردنی زیندانییە سیاسییەكان و گۆڕبەگۆڕكردنی دیكتاتۆرییەت، گەڕانەوەی ماڵی دزراوی تونس بۆ گەلی خۆی و لە كۆتاییدا (زین العابدین بن علی)یان تار كرد و لە شەوێكی سامناكدا رووی كردە (جەدە) و وەزیری یەكەم (محەمەد غەنوشی) بۆ ماوەیەكی كاتی بوو بە سەرۆكی حكومەت و ئینجا فواد المبزع که‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان بوو، بووه‌ سه‌رۆکی حکومه‌ت و سوێندی یاسایی خوارد و دامه‌زراندنی حکومه‌ته‌که‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی محه‌مه‌د غه‌نوشی.
* بەناوی گەنجانی كوردەوە پیرۆزبایی لە گەنجانی تونس دەكەم و پێنووسەكەم بۆ شۆڕشەكەیان دادەنوێنم.
هیوادارم سەركەون و نەمرم و گەنجانمان هەرچوار پارچەی كوردستان ئازاد بكەن، سرودی ئەی رەقیب بڵێمەوە.
ژیان هەر بۆ شۆڕشگێڕانە هیوادارم دەسەڵاتی كوردی بەخۆیدا بچێتەوە نەوەك دووبارە وەك (2006) خوێندكارانمان راپەڕن و راپەڕینەكەیان هەموو شارەكانی كوردستان بگرێتەوە.
له‌ سایتی "چه‌تر" بڵاوبۆته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە