کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لە بەرامبەر ئه‌و بێڕێزییه‌ی فەتاح بەگی جاف، تۆڵەی خۆمانی لێده‌که‌ینه‌وه‌

Tuesday, 09/11/2010, 12:00


کوردستانپۆست: له‌نامه‌یه‌کدا که‌ کۆمه‌ڵیک له‌ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان واژوویان له‌سه‌ر کردووه‌، ئه‌م نامه‌یه‌ان بۆ ناردووین، له‌ خواره‌وه‌ نامه‌که‌ بڵاوده‌که‌ینه‌وه‌، لێ به‌باشمان نه‌زانی ناوه‌کان وه‌ک خۆی بڵاوبکه‌ینه‌وه‌.

************************
فەتاح بەگى مستەشار و ئەنفالچى لە چاوپێكەوتنێكى دا لە دواژمارەى رۆژنامەى ئاوێنەدا زۆر بێشەرمانە، بێ باكانەو بێ منەتانە لەگەرمیانى بریندارى ئەنفال و مەنزڵى زۆرترین كەسوكارى ئەنفالكراوەکان، بە هەموو شەهیدانى ئەنفال دەڵیت بێ ئەقڵ ، بە زیاتر لە سەد هەزار كوڕ و كچ و ژن و پیاو و پیروگەنجى ئەنفال كراو دەڵى بێ ئەقڵ .جەنابى فەتاح بەگ بە پشتێكى قایم و پتەو و بێ ترسانە (بێگومان دەسەڵاتێكى زلو زەبەلاح و دوو حزبى خاوەن هێز و كەسایەتى وەك تاڵەبانى لەپشتە) بۆیە ناترسێ ، شەهیدەكانى نیشتمانێك بە بێ ئەقڵ لە قەڵەم دەدات.

فەتاح به‌گ راست ده‌کات، که‌ ئەوان بێ ئەقڵ بوون، چونكە خۆیان كرد بە قوربانى نیشتمان و وەك جەنابت خۆیان و نیشتیمانیشیان نەفرۆشت ، چونكە ئەوان وەكو جەنابت نەبون بە پێشمەرگە كوژ لە پێناوى برێك پارەو بەخشینى نەجمەیەكدا ، چونكە ئەوان مردنێكى سەربەرزانەى ناوكۆڕێكى بەكۆمەڵى حەزەروحەمرین و ناوچە لماویەكانیان پێ باشتربو لەژیانێكى ریسوایى و شەرمەزارى وەك ئەوەى ئێٍستاى جەنابتان (هەرچەند پێم وانیە شەرمەزار بى چونكە ئەگەر شەرمەزار بویتایە دەبو ئێستا خۆت بكوشتایە) سەیرە لەم وڵاتەدا چەندین خائین بە ئازادى دەسورێتەوە و پاسەوانى دەكرێن ، لەلایەن دادگاوە داوا كراون و دەستگیر ناكرێن ، هەزاران كەس خۆپیشاندان دەكەن و یاداشت دەدەنە بەرپرسان و داواى دەستگیركردنیان دەكەن هەر گوێیان لێ ناگیرێ ،لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بە شوڕَش گێڕ دادەنرین و قاسم ئاغا وتەنى سەرۆكى هەرێم نەبێ حساب بۆكەس ناكەن ، سەربارى هەموو ئەوانەش هەموو ئەنفالكراوەكان بە بێ ئەقڵ دەزانن!


لە رێگەى ئەم نووسینەوە داوا لە هەمو كەسوكارى ئەنفالكراوان و رێكخراوەكانى تایبەت بە ئەنفال و هەموو چالاكوانانى ئەنفال و رۆشنبیران و خاوەن قەڵەمە ئازادەكان دەكەین لە ئاست ئەم بێرێزیە بە ئەنفالكراوەكان و كەسوكارەكانیان بێدەنگ نەبن و رێگە نەدەن فەتاح بەگى ئەنفالچى و هاوشێوەكانى، كە بەرپرسى شاڵاوەكانى ئەنفالن و كەسوكارەكانی ئێمەیان ئەنفالكرد بەوشێوەیە سووكایەتیمان پێبكەن ، لەمە بەدوا ئێمەى كەسوكارى ئەنفالكراوان بێ دەنگ نابین و چاوەڕوانى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان ناكەین دڵنیابن لەمە بەدوا خۆمان تۆڵەى خۆمان دەكەینەوە ئەگەر جارێكتریش ئەنفال بكرێینەوە.

تیبینی: له‌به‌ر مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌و که‌سانه‌، كوردستانپۆست بە باشی نه‌زانی ناوه‌کانیان بڵاوبكاتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە