شاندێكی رەوتی یەكگرتنەوە سەردانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانیان كرد
Monday, 15/06/2009, 12:00
رۆژی دوو شەممە 15-6- 2009 سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان و هاورێ لەگەڵ سەردار ستار جێگری سەرۆك وهێڤی ئەحمەد وئازاد رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی پێشوازیان لەشاندێكی رەوتی یەكگرتنەوە كرد كە پێكهاتبوون لەبەرێزان عەبدوڵڵاكۆنەپۆشی بەرپرسی رەوتی یەكگرتنەوەو سەبری بەهمەن ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری ورەحیم فەیزولڵاهی و ئیقبال مورادی كادیرانی كۆمەڵە.
بەرێز عەبدولڵا كۆنەپۆش خۆشحاڵی خۆی بەوسەردانە دەڕبڕی و جەختی لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا كردەوە. هەورەها گوتی ئێمە ئەوە بۆچەندین ساڵە لەباشووری كوردستانداین، هەستمان بەوە كردووە پێویستە لایەنی نەتەوایەتی زیاتر بەرەو پێش بچێت ولەم لایەنەوە خەبات وتێكۆشان بەلاوازی بەرێوە دەچێت وئەوەشی وەكونموونە هێناوە كەهێشتا لەباشووری كوردستان بەوان دەڵێن ئێرانی. لەكاتێكدا نەتەوەكانی دیكە بەوشێوەنین و هەر تاكێكیان لەهەر شوێنێكی دونیا بێـت بەهەموو شێوەیەك پشتگیری خیانی لێدەكەن. هەروەها گوتیشی سەردانی ئێمە لەم كاتەدا بۆ ئەوەیە تاپشتگیری خۆمان بۆ تێكۆشانی نەتەوەیی ودیموكراتی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دووپات بكەینەوە.
بەرێز دیار غەریب سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وێرای بەخێرهاتنی شاندی رەوتی یەكگرتنەوە تیشكی خستە سەر تێكۆشانی نەتەوەیی ودیموكراتی و گوتی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا چاوەڕێ دەكرا بەرەیەكی دیموكراتی لەنێوان پارتەكانی ساز بدرێت، بەڵام پارچەبوون هاتە ئاراوە. هەموو نەیاران و دوژمنانی گەلی كورد لەبەرامبەر بەگەلی كورد یەكن، بەلام گەلی كورد رووبەرووی پارچەبوون بۆتەوە. ماوەیەك لەمەو پێش هەوڵدرا بەو پۆتانێسەلەی هەیە كۆنفرانسێكی نەتەوەیی ساز بدرێت، بەڵام ئەم كۆنفرانسە زیاتر دەستی دەرەكی تیادا حاكم بوو، هەوڵدەدرا لەو كۆنفرانسە بانگەوازی بكرێت كە پەكەكە چەك دا بنێت. بەڵام سەركەوتنی دەتەپە لەباكووری كوردستان ئەم هەوڵەی پووچەڵ كردەوە. ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان دەزانین كە گەلی كورد لەوئاستەدایە كە كۆنفرانسی نەتەوەیی ساز بدات وستراتیژییەتی خۆی دیاری بكات ئەو كۆنفرانسە میكانیزمی یەكێتی و یەكگرتنەوەی نەتەوایەتی پێشدەخات ودەبێتە هۆكارێك بۆ خاوەن دەركەوتنی كوردان لەیەكتری. هەروەها بەرێزی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ئێستا هێرشێكی گەورە لەسەر گەلی كورد ودەستكەوتەكانی بەرێوە دەچێت. تەنها بەهێزی یەكێتی نەتەوەیی دەتوانین ئەو هەوڵە پووچەڵبككەینەوە.
هەروەها لەدانیشتنەكەدا باس لەهەڵبژاردن كراو دەرخستنی لیستی هیوا لەهەڵبژاردنەكان بۆ هەڵسەوكەوتی دیكتاتۆرانە ودوور لە دیموكراتی گەڕێنرایەوە. لەم بارەیەوە سەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان گوتی لیستی هیوا بەریارێكی سیاسی دەرخراوە، ئەگینا ئەو مەرجانەی لەیاسای ئەحزابی هەرێمدا هاتووە بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن تەنها ئێمە دەگرێتەوە. كۆبوونەوەكە نزیكەی یەك ونیم كاتژمێری خایاند ودواتر شاندی میوان بەگەرمی بەڕێ كران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست