کۆمهڵێ ههواڵی گرنگ..
Saturday, 04/06/2011, 12:00
خولی زمانی كوردی لەیلا قاسم لەبناری قەندیل كرایەوە لەبناری قەندیل خولی لەیلا قاسم بۆ زمانی كوردی كرایەوە كە تێدا ژنان و
كچانی گەنجی دەڤەری بناری قەندیل بەشداریان كردۆوە. كۆبونەوەی
دەستیپێكردنی خولی لەیلا قاسم بۆ زمانی كوردی بە خۆلەكێك ڕاوەستان بۆ
گیانبەختكردوانی ئازادی دەستی پێكرد. خولەكە فێركردنی زمانی كوردی،
زاراوەكانی كوردی، نوسینی لاتینی و شیوازەكانی تر دەگرێتەوە.
لەسەرەتای كۆبونەوەكە رێكخەرانی خولەكە باسیان لەمێژووی قارەمانێتی
لەیلا قاسم كرد و رایانگەیاند كە لەمێژووی گەلی كورددا دوو كچی گەنج بە
قارەمانێتی چونە بەردەم پەتی سێدارەی داگیركەران. یەكەمیان لەیلا قاسم
كچە كوردی فەیلی خەڵكی خانەقین لەساڵی 1974 بۆ ئازادی گەلی كورد و
پاراستنی ماف و داواكانی گەلی كورد ڕووبەروی سێدارە كرایەوە و تەنانەت
ڕازی نەبوو داوای لێبوردن لەڕژێمی بەعس بكات و خۆی بە قەرزداری
گەلەكەی زانی.
لەكۆبونەوەكەشدا ئاماژە بە كچە شۆڕشگێڕی گەلەكەمان شیرین عەلەم هویی
كرا كە لەلایەن رژێمی ئێرانە لەسێدارە درا، هەردووكیان لە دوو سەردەمی
جیاوازدا بە هەمان هۆكار لەلایەن دوو رژێمی داگیركرەوە لە سیدارە دران.
رێكخەرانی خولەكە دەلێن ئەگەر وەكو كورد هەموو جیهان لەیادمان بكات،
دەبێ ئێمە ئەم دوو ناوە لە یاد نەكەین و داكۆكی و خاوەنداری لە
ناوەكانیان بكەین. كورد لەبەر ئەوەی كە سیاسەتی رژێمیان رەت كردەوە
كیمیاباران كران و ئەنفال كران.
لەهەمان كۆبونەوەدا ئاماژە بە گرنگی رۆڵی ژنان بەتایبەتی لەپاراستنی
زمان و كەلتوری كوردیدا كرا و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە هەر گەلێك بە
زمان و كەلتور و جلوبەرگی خۆیانەوە دەناسرێن. بەشدارانیش ئاماژەیان
بەگرنگی ئەو خولە كردو داوایان لەهەموو كچان و ژنان كرد كە بەشداری لەو
جۆرە كۆڕانەدا بكەن.
>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>
لەرەواندز كچێك خۆی دەسووتێنێت كچەقوتابیەكی پۆلی شەشەمی زانستی بەهۆی ئەوەی كە لەژێر گوشاری
زۆرخوێندنەوەدا دەبێت، توشی هەڵچونی باری دەروونی دەبێت و
ولەئەنجامدا خۆی دەسووتێنێت.
گەیلان سلێمان بەرپرسی هێزی ئامادەباشی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی
رەواندز بە چەتر پرێسی راگەیاندووە: شەوی دووشەممەی رابردو خویندكارێكی
كچ بەناوی ش. ف لەپۆلی شەشەمی زانستی خۆی سووتاندوە. بەپێی لێدوانی ئەو
بەرپرسەی هێزی ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئەو كچە گەنجە هیچ
كێشەیەكی لەگەڵ كەسدا نەبووە، بەڵكو بەوتەی خۆی تەنیا توشی
هەڵچونێكی دەرونی زۆر بوە بۆیە پەنای بردۆتە بەر ئەو كارە.
گەیلان سلێمان ڕاشیگەیاند: بەپێی پشكنینی پزیشكی رێژەی سووتانەكەی
لە(80%)یە، بەڵام ئێستا باری تەندروستی باشە و لەنەخۆشخانەی ئێمرجنسی
هەولێر لەژێر چاودێری پزیشكی دایە.
>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>
دوێنی لەنوێژی هەینی ئازادیدا لەسووریا 150كەس كوژراون دوینێ رژێمی سوریا لەدوای نوێژی هەینی ئازادی، كۆمەڵكوژی ئەنجامدا.
پاش نوێژی ئازادی هەینی لەسوریا لەئاكامی هێرشی سەر خۆپیشاندەراندا
تەنیا لە حەما 53 كەس كوژرا و بەگشتی ژمارەی كوژراوەكان لەوڵات بۆ 150
كەس بەرز بۆوە. رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ كەناوەندەكەی لە لەندەنە،
ڕایگەیاند و پشت راستی كردەوە كە لە هەرێمەكانی باكوری سوریا
لەئەنجامی دەستدرێژی گولەی هیزەكانی دەوڵەتدا، بەلایەنی كەمەوە 53 كەس
لەحەما كوژراون.
یەك لەچاودێرانی ڕیخكراوەكە رامی عبدوڵرەحمان ئاماژە بەوە دەكات كە
ئەو ئامارە لەبەرز بونەوەدایە. هەروەها لە ڕووداوی هاوشێوە لەحەمەس دوو
و لەڕستنیش، 2 كەسی مەدەنی ژیانیان لەدەستدا. ڕاشگەیەنرا كە لەهەرێمی
رۆژئاوای سوریا كەسێك ژیانی لەدەستداوە.
لەلای خۆشیەوە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی سوریا وەلید سفور رایگەیاندووە،
كە لەهەینی ئازادیدا بە گشتی 150 كەس كوژراون و لیژنەكەیان ناوی 46
كوژراوی شاری حەمایان بە دەست گەشتووە.
>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>
گۆشارەكانی دەوڵەتی فەرەنسا بۆ سەر كۆمەڵە كوردیەكان بەردەوامە پۆلیس هەڵیانكوتایە سەر كۆمەڵەكانی كوردان لە ڤیلەر بەل و ئێڤری، لە
نێویاندا سیاسەتمەداری كورد نەدیم سەڤین، 4 كەسیان دەستگیر كرد.
سەرلەبەیانی ئەمرۆ، لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا، هێزەكانی پۆلیس
هەڵیانكوتایە سەر كۆمەڵەكانی كوردان لە ڤیلەر بەل و ئێڤری،
لەنێویاندا سیاسەتمەداری كورد نەدیم سەڤین، 4 كەسیان دەستگیر كرد.
لەكاتی هێرشەكەدا، نزیكەی 30 كەس كە ژن و منداڵیشیان تێدا بوو لە
كۆمەلەكاندا قەتیس مابوون. كوردانیش لەدژی كردەوەكەی پۆلیسی فەرەنسا
لەبەردەم كۆمەڵەكاندا كۆبونەوە و هەڵوێستی پۆلیسیان ریسواكرد؛ بەڵام
جارێكی دیكە پۆلیس پەلاماری جەماوەری دایەوە و بەو هۆیەشەوە 5 كەس
بریندرا بوون. لە 12 و 13 نیسانیشدا لەئاكامی تیرۆری هێزەكانی پۆلیس
فەرەنسا لەدژی كوردان، لەپاریس 3، لەمارسیلایا 2 كورد دەستگیر كرا بوون.
بەرێوەبردنی تیرۆر لەدژی كوردان لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە لەپاش
سەردانەكەی ئەم دوایەی ئەردوغان دێت بۆ ئەو وڵاتە.
لە سالی 2010وە لەئەنجامی هێڕشی پۆلیسی فەرەنسی 66 كورد دەستگیر كراون،
ئەمساڵیش 15 كەسی دیكە دەستگیرا كران.
<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<
درێژەی كۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی نێوپەرلەمان ودەسەڵات رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت كۆبونەوە پێنج قۆڵیەكەی نێوان ئۆپۆزسیۆنی نێوپەرلەمان و دەسەڵات
بەبێ ئەنجام و رێككەوتنێك كۆتایی هات و بڕیاریشە 4 شەممەی
داهاتوو درێژەی هەبێت. عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی
كۆمەڵی ئیسلامی و بەشداربووی كۆبونەوە پێنج قۆڵییەكە
لەلێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنەكان ووتی؛ كۆبونەوەكە دەروازەیەك بوو بۆ
چونە ناو چارەسەكردنی گرفتەكان.
وتیشی: ئێمە پرۆژەكەی خۆمان دووبارە باسكردوە و بڕیارە دوای
تاوتوێكردنی لەمەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی رۆژی 4 شەممە
جارێكی تر دانیشتنەكان درێژەیان هەببێت.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە هیچ رێكەوتنێك ئیمزا نەكراوە، بەڵام
باس لەكێشە و كەم و كوڕییەكانی ئەمڕۆ و كوردستان كراوە.
دوابەدوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكە، هەریەكە لە سەعدی ئەحمەد پیرە
ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەبوبەكر كاروانی ئەندامی مەكتەبی
سیاسی یەكگرتوو كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
پیرە ووتی: لەكۆبونەوەكەدا قسە لەسەر پڕۆژە 17 خاڵییەكەی پەرلەمان و
پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆنی نێوپەرلەمان كراو، هەردوو پڕۆژەكە كرایە
پڕۆژەیەكی 9 خاڵی. بەڵام ئاماژە بە هیچ هەنگاوێك نەكرا كە دەكرێ
بنرێن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و گۆڕانكاری.
>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>>
گەریلای فەلەستینی لەیلا خالید پشتگیری خۆی بۆ بەرەی رەنج، ئازادی ودیموكراسی راگەیاند گەریلای پێشوو و تێكۆشەری فەلەستینی لەیلا خالید بۆ پشتگیری كردن لە
پاڵێوراوی بەرەی ڕەنج، ئازادی و دیموكراسی مێرسین ئەرتوغرول كوركچو
چووە مێرسین. لەو ئاهەنگەی كە لەگەڕەكی چەلیكی مێرسین سازكرا بۆ
پشتگیری كردن لە پاڵێوراوی بەرەكە ئەرتوغرول كوركچو، هەزران كەس
بەشداریان تێدا كرد و سڵاو لە كۆنگرەی هەشتەمی كۆنگرەی گەل كرا.
یەك لەفەرمانداری گەریلا ئەفسانەییەكەی شۆڕشی فەلەستین و ئەندامی بەرەی
ڕزگاری فەلەستین لەیلا خالید و نوسەر و سەرۆكی یەكێتی نوسەران و
رۆژنامەوانانی فەلەستینی تەحسین حەلەبی و زۆرێك لە بەرپرسانی بەدەپە،
رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری ئاهەنگەكەیان كرد.
لەئاهەنگەكەدا، پۆستەری ئۆجەلان، ئاڵای پەكەكە بەرزكرانەوە و لەكاتی
ئاهەنگەكەدا یاری ئاگرین تەقێندران، دروشمی بژی سەرۆك ئاپۆ و شەهید
نامرن وترانەوە. لەیلا خالید لەگەڵ ئەرتوغرول كوركچو دەستی یەكیان گرت و
بە نیشانەی سەركەوتنەوە چونە سەر سەكۆ و سڵاویان لەجەماوەركە كرد.
لەیلا خالید بۆ جەماوەرەكە ئاخاوت و ووتی، گەلان لەهەر كوێیەكی ئەم
جیهانە بن چارەنوس و تێكۆشان و ئامانجیان هاوبەشە، ئەمڕۆ لێرەم و
تێكۆشانی ئێوە بە تێكۆشانی خۆم دەبینم وتیشی: لەسەر ناوی ئەو كەسانەی
لەبەرخودانی گەلی فەلەستیندا ژیانیان لەدەستدا لێرەم و سڵاوی گەلی
فەلەستینم بۆ هێناون و یادی ئەو كوردانەی كردەوە كە لەتێكۆشانی گەلی
فەلەستینیدا گیانیان بەخت كرد و ڕایگەیاند: درێژدان بە هاوكاری و
پاڵپشتی كردنی یەكتری ئەركی شان و بەرپرسیارێتی ئێمەیە. پاش وتەكان،
ئاهەنگەكە تا درەنگای شەو بەردەوام بوو.
<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<<
ئامەد ئەمڕۆ خوبەرێوەبەری دیموكراتیكی ئەرێ كرد ئامەدیەكانی كە نەچونە پێشوازی سەرۆكی جەهەپە كڵچدار ئۆغلو و سەرۆك
وەزیر ئەرۆدغان ئەمرۆ بە سەدان هەزار لەدەوری بەرەی ڕەنج، ئازادی و
دیموكراسی كۆبونەوە و ڕۆژێكی مێژووییان تۆمار كرد. ئامەدیەكان لەو
كۆبونەوەیەدا خۆسەری دیموكراتیان ئەرێ كرد.
كۆبوونەوەی جەماوەری بەرەی رەنج، ئازادی و دیموكراسی بە بەشداریی 100
هەزار كەس دەستی پێكرد. بڕیاری خۆسەری دێموكراتی، كە لەلایەن كۆنسەی
شارەكەوە راگەیەنرا، لەلایەن 100 هەزار كەسەوە ئەرێ كرا. كۆبوونەوە
جەماوەرییەكەی بەرەكە كە گەل ڕۆژانە چاوەڕێی دەكرد، ئەمڕۆ لە
گۆڕەپانی ستاسیۆنی دەستی پێكرد.
لەحەوت ساڵیەوە تا هەفتا ساڵی خەڵكی ئامەد بەشداریان تیدا كرد و
جۆشێكی كەم وێنە لەمەیدانەكان دەبینرا. ناڕازیبوونەكان لەدژی ئاكەپە
لەسەر پانكارت، دروشم و لافیتەكاندا رەنگی دەدایەوە. بە هۆی زۆریی
بەشداربووان، قەرەباڵغییەكی لەڕادە بەدەر پێكهات و لەو جێیانەی كە
بەشی خەڵكەكەی نەدەكرد، خەڵیكی زۆر هەڵكشابونە سەر دیوار، سەربان و
دیوارەكان.
ئاڵاكانی كەجەكە بە گەورەیی دەشەكانەوە و پۆستەرەكانی ئۆجەلان بەرز
كرابوونەوە. بۆ وڵامدانەوەی پارتەكانی سیستەم، خەڵكەكە بە یەكدەنگ وڵامی
بڕیارەكەی ئەنجومەنی شاریان بۆ خۆسەری دیموكراتی بە ئەرێ دایەوە و
بەیەك دەنگ وتیان بەڵێ بۆ خۆبەریوەبردنی دیموكراتیانە. لەكۆبونەوەكەدا
سەرۆكی كۆنسەی شاری ئامەد، شارداری ئامەد عوسمان بایدەمیر، هاسەرۆكانی
بەدەپە فلیز كۆجالی و حامید گەیلانی و سەرۆكی كادەپ و پالێوراوانی بەرەی
ڕەنج شەرەفەدین ئالچی، لەیلا زانا، نوسەرەل ئایدۆغان و سەرۆكی هاكپار
بایرام بۆزیل بەشداریان لەكۆبونەوەكەدا كرد. بەشداران لەوتەكانیاندا
وڵامی بانگەشەكانی ئەرۆدغانیان دایەوە و پشتگیریان بۆ خۆسەری دیموكراتی
و پێداویستی رۆل بینینی رێبەری گەلی كورد عبدوڵڵا ئۆجەلان لە
پرۆسەكەدا و ئازاد كردنی كرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست