حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڵگەوە سەلماندویەتی کە نەوتی هەرێم بە قاچاخ نابردرێت

Sunday, 05/08/2012, 12:00




وەک ئاشکرایە پرسی نەوت یەکێکە لە گرینگترین باس و خواسەکانی ئێستای وڵاتان و بەجۆرێک دەتوانین بڵێن زۆربەی کێشەکانی نێوان وڵاتان و بەرپرسان وتەنانەت ئەگەر کاربەدەستێکی بچووکیش بێت نەوتە.
ئەگەر بابەتەکە تۆزێک بچوک بکەینەوە و بێینە سەر باسی نەوت لە عێراقدا ،ئەوە ئاشکرایە کە لە کۆنەوە لەسەردەمی سوپای داگیرکاری عوسمانی و بەریتانیەکانیشدا هەمیشە زلهێزەکان چاویان بڕیوەتە عێراق بەهۆی زۆری رێژەی ئەو نەوتەی کە لە خاکی عێراقدا بوونی هەیە تا ئێستاش بەردەوامە و رۆژانە بڕی هەناردەکردنی نەوت لە زیاد بووندایە.
خۆ ئاشکرایە کە لێدانی عێراق و لەناوبردنی رژێمی سەدام حسێن لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانیەوە لەبەر خزمەت کردن بە خەڵک و من و تۆی داماو نەبوە تا لەدەست ئەم دیکتاتتۆرە رزگارمان بکات،بەڵکو تەنها بۆ دزینی نەوت و خێرو بێری عێراق بوە بە پلەی یەکەم لەلایەن ئەمریکا و دواتریش لەلایەن هاوپەیمانانیەوە ،وە روونیشە ئەمە پلانی ئەمریکا بووە لە ساڵانی شەست و حەفتاکانەوە نەوەک پلانێکی نوێ بێت.
لە ئێستاشدا وەک دەبینین کە لە زۆر ناوچەی جیاواز لە هەرێمی کوردستان دا نەوت بەدیار کەوتوە و دەدەهێنرێت و هەناردەدەکرێت و پارەکەشی بۆ گیرفانی چەند بنەماڵەو کەسانێکە، روونتر بڵێین دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی بارزانی و هەندێکیش بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی. کە هەندێ لە میدیاکان دەڵێن فیفتی فیفتیە لە نێوانیان.
باواز لەوە بێنین،لە ئێستا دا زۆربەی هەرە زۆری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش لەسەر ئەو نەوتەوە کە گوایە بە قاچاخ دەنێردرێتە دەرەوە بۆ وڵاتی ئێران لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان.
کێشەکە لەوەدایە کە هەم حکومەتی عێراقی و هەم ئۆپۆزسیۆنی خۆمان و راگەیاندنەکان کە رۆژانە باس لە بە قاچاغ بردنی نەوتی هەرێم دەکەن تا ئێستاش لایان روون نیە کە ئەم نەوتە بەقاچاغ دەبردێتە دەرەوە یان قاچاغ نیە.
من لێرەدا دەمەوێ چەند بەڵگەیەکی سادە بخەمە روو کە دەیسەلمێنێت هەرگیز ئەم نەوتە بەقاچاخ نانێردرێتە دەرەوە بەڵکو زۆر بە ئاشکرایە!
بەڵگەی یەکەم:ئەوانەی باس لەم بابەتە دەکەن تا ئێستا لە واتای ووشەی قاچاخ نەگەیشتوون بگرە لە ناوەڕۆکی ووشەکەش تێنەگەیشتوون ،خۆ ئاشکرایە کە قاچاخ واتە بە نهێنی و بێ ئەوەی کەس پێیبزانێ و زیاتر کاری قاچاخی لە شەوان دەکرێت تا لە تاریکیا کارەکە بکرێت و تەواو بێت،بەڵام هەموومان دەزانین کە ئەم نەوتە بە رۆژی رووناک بە بەرچاوی خەڵکەوە بە پێش زوومی ئەم کامێرایانەی کە رۆژانە وێنەی تەنکەرە نەوتەکان دەگرن دەڕوات و ئەمەش ئاشکرایە کە شتێک بە رۆژی رووناک ببرێت و هەموو خەڵک لێی ئاگادار بێت و بە خاڵی سنووری فەرمی دابڕوات ،دڵنیاین کە ئەمە نە دزیە و نە قاچاغیشە!!
بەڵگەیەکی تر ئەوەیە کە زۆر جار بەرپرسانی هەرێم خۆیان لە لێدوانی جیا جیادا دەڵێن نەوت بۆ ئێران دەنێردرێت تەنانەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش رایگەیاندوە کە نەوت بۆ ئێران دەنێردرێت ،ئێ ئەمە ئاشکرایە کە قاچاخ نیە و بە ئاشکرایە و بۆ خزمەتی میلەتی کوردە!!
لە کۆتاییا دەمەوێ بڵێم دەستی ئەم حکومەتە خۆشبێت کە ئەم کارە دەکات و پارەکەشی بۆ گیرفانی خۆیان دەبەن و عافیەتیان بێت،چونکە ئێمە هەڵمان بژاردوون و کردومانن بە سەرکردەی خۆمان و هەر ئێمەین کە لە کاتی هەڵبژاردنەکان بەرگریان لێدەکەین و دەڵێین هەر ئەوان بیخۆن باشترە لە وەی کەسانی تر بیخۆن!
بیخۆن بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی عافیەتتان بێت و با کوڕەکانتان لاف لێدەن بەسەرمانەوە و ئێمە شایەنی ئەوەین کە وامان لێبکرێت و دەستتان خۆشبێت و لێتان مەمنونین و خوا بۆ ئەو کەسانەتان بهێڵێت کە دەنگتان پێدەدەن و بەرگریتان لێدەکەن و سنگی خۆیان دەخەنە بەر گولە بۆ ئێوە!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە