كۆبوونه‌وه‌ی كه‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادیی له‌ دانمارك له‌گه‌ڵ پارتی سۆسیالیستی گه‌لیی دانماركی (SF)

Sunday, 05/12/2010, 12:00



له‌درێژه‌ی کار و چالاکیه‌کانی که‌مپینی به‌رگری له‌ئازادی_دانیمارک ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕێكه‌وتی (٣) ی دیسه‌مبه‌ر كاتژمێر(٩) ی به‌یانی وه‌فدێکی که‌مپینی به‌رگری له‌ئازادی_دانیمارک که‌ پێکهاتبوون له‌ به‌ڕێزان(عوسمان ئه‌حمه‌د، لوقمان مسته‌فا، ئیبراهیم حاجی حه‌مه‌شه‌ریف، ئاراس وه‌هاب) له‌ (كۆپنهاگن) له‌ ته‌لاری په‌رله‌مانی دانماركی له‌گه‌ڵ وته‌بێژ و نوێنه‌ری پارتی (SF) ی دانماركی، كه‌ خاوه‌نی (٢٣) ئه‌ندامه‌ له‌ په‌رله‌ماندا كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان سازدا.

وه‌فدی میوان له‌ هۆڵی ته‌لاری په‌ڕله‌مان له‌لایه‌ن (هۆڵگه‌)ه‌وه‌ نوێنه‌ر و وته‌بێژی پارتی (SF) له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا پێشوازییان لێكراو به‌ره‌و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ڕێكران.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌که‌دا‌ وته‌بێژی كه‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی_دانیمارک سوپاسی پارتی (SF) كرد و ڕۆڵی ئه‌و پارته‌ی وه‌كو لایه‌نێكی كارا له‌ بواری سه‌قامگیركردنی پرۆسه‌ی دیمۆكراسی و ئازادی له‌ به‌گشتی و پشتیوانی له‌داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌تایبه‌ت به‌رز نرخاند. له‌ دوای ئه‌وه‌‌ كورته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ده‌ڤه‌ری باشووری كوردوستان بۆ (هۆڵگه)‌ باسكرد و تیایدا ئاماژه‌ی به‌‌ هه‌وڵه‌كانی (حکومه‌تی هه‌رێم) بۆ خنكاندن و کپکردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئازادیی له‌ کوردستان كرد. پاشان هاته‌ سه‌ر باسی كاره‌ساتی كوشتن و ڕفاندن و ئازاردانی ڕۆژنامه‌نووسان و که‌سانی ئازادیخواز. وته‌بێژی که‌مپینی به‌رگری له‌ئازادی_دانیمارک له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا به‌دیاریکراوی باسی ڕفاندن و پاشان کوشتنی ڕۆژنامه‌نووسی گه‌نج (سه‌رده‌شت عوسمان)ی کرد، هه‌مانکات ئه‌وه‌ی ڕونکرده‌وه‌ که‌ چۆن له‌ژێر گوشارێکی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌دا (لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌) که‌به‌فه‌رمانی (مه‌سعود به‌رزانی) سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان پێکهاتبوو، ڕاپۆرتێکی زۆر لاواز و بێ بنه‌ما ئاکامه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌یسه‌که‌یان ڕاگه‌یاند. ڕاپۆرتی ناوبراو له‌ بری ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌یكی لۆژیكانه‌ و دروست بوایه‌ و كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی بدایه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ چۆن و كێ ئه‌م تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئازادیخوازێكی میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌نجامداوه، هاتوون به‌ تاوانبار له‌قه‌ڵه‌میانداوه‌ و لكاندویانه‌ به‌ یه‌كێك له‌ توندڕه‌وترین بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی سوننی سیاسی به‌ناوی(ئه‌نسار ئیسلام)!!!‌!
دواتر باس له مه‌ترسیه‌کانی سه‌ر ژیانی خێزانی خوێندکار و ڕۆژنامه‌نووسی تیرۆرکراو (سه‌رده‌شت عوسمان) کرا که‌له‌ (هه‌ولێر)ی پایته‌ختی کوردستان ده‌ژین،‌و، جه‌خت له‌ نائارامی بارودۆخی خێزانی (سه‌رده‌شت عوسمان) کراو پرسیاری ئه‌وه‌كرا ئایا ده‌توانرێت چییان بۆ بكرێت!
پاشان پرسیار له‌ (هۆڵگه‌) كرا ئایا به‌ پێی ئه‌زموونی سیاسی و دیبلۆماسی ئه‌وان و به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ئه‌م پارته‌سیاسییه‌ هه‌یانه‌ له‌گه‌ڵ (حکومه‌تی هه‌رێم) و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و (پارتی دیموكراتی كوردستان) ده‌توانرێت چی بكرێت و چۆن ئه‌م گوشاره‌ جه‌ماوه‌رییه‌ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراتی و فروانکردنی مه‌ود‌اکانی ئازادی له‌ کوردستان.
له‌ سه‌ره‌وه‌ختی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا ئه‌ندامانی وه‌فده‌که‌ی که‌مپینی به‌رگری له‌ئازادی_دانیمارک بابه‌تی داوه‌تكردنی هه‌ندێك له‌ ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆی كوردوستان و كه‌سایه‌تی ئازادیخواز و به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنیان بۆ په‌رله‌مانی سویدی كرد، كه‌ تیایدا برای شه‌هید (سه‌رده‌شت عوسمان)یش بانگهێشت كرابوو. لێره‌دا داوا له‌(SF) كرا گه‌ر بكرێت به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئێمه‌وه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی ئازادیخواز و چالاك له‌بواری ڕۆژنامه‌گه‌رییدا بانگهێشت بكرێن و ڕێگه‌یان پێبدرێت له‌ ته‌لاری په‌رله‌مانی دانیماركیدا باسێكی تێر وته‌سه‌لی بێلایه‌نانه‌ی پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین بكرێت و ڕۆڵی ئه‌و ئازادییه‌ له‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به‌دیموکراتیزه‌کردنی كۆمه‌ڵگای كوردیدا هه‌ڵبسه‌نگێنرێت.
له‌ كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا (هۆڵگه)‌ نوێنه‌ری پارتی (SF) گرنگی بوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌كو حوكومه‌تێكی نیمچه‌ ئۆتۆنۆم پیشاندا و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ پرۆتێستۆی خۆیان كردووه‌ و زووتریش هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به‌و پێشێلكارییانه‌ هه‌بووه‌. له‌ په‌یوه‌ست به‌ بابه‌تی بانگهێشتكردنی كه‌سایه‌تی ئازادیخوازو به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆژنامه‌ نووسانی ئازاد لای خۆی یاداشتی كردو به‌ڵێنی ئه‌وه‌یدا، كه‌ كاری له‌سه‌ر بكات. به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی خێزانی (سه‌رده‌شت عوسمان) هه‌مان به‌ڵێنی دووباره‌ کرده‌وه‌و لای خۆی یاداشتی كرد.
دواتر پێش به‌جێهێشتنی شوێنی كۆبوونه‌وه‌ و ته‌لاری په‌رله‌مان (هۆڵگه)‌ كارتی بزنزی خۆی به‌سه‌ر ئه‌ندامانی كه‌مپینه‌كه‌ماندا دابه‌شكرد و داوای لێكردین كه‌ كه‌ناڵیكی په‌یوه‌ندی دروستبكه‌ین تا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌ناڵه‌وه‌ بتوانین ئاگاداری هه‌وڵه‌كانییانبین له‌و بواره‌دا.
له‌ دوای کۆتایهاتنی کۆبه‌نه‌وه‌که‌و به‌ڕێکردنی وه‌فدی میوان و تێپه‌ڕبوونیان به‌ناو هۆڵێكی پێشوازیدا، كه‌ نزیك بوو له‌ ژووری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی (هۆڵگه)‌ وه‌ به‌ڕێكه‌وت سكرتێری پارتی(SF)(ڤیلی سۆنده‌یل)‌ دانیشتبوو توانرائه‌و هه‌له‌ بقۆزرێته‌وه‌ بۆ یه‌کترناسین و وێنه‌یه‌كی یادگاریش له‌گه‌ڵ ناوبراو گیرا.
که‌مپینی به‌رگری له‌ ئازادی_دانیمارک
[email protected]
2010/12/4
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە