کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


له‌ باوكی سوركێوه‌وه‌ بۆ باوكی رێژوان

Friday, 25/02/2011, 12:00


ئه‌ی ئه‌و باوكه‌ دڵشكاوه‌ی
دڵڕه‌قانه‌ خونچه‌ی ژینیان په‌ڕپه‌ڕ كردی!
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی خوێنی رۆڵه‌ت
تینوێتیه‌كه‌ی پێ نه‌شكاندن و
به‌ باڵای خۆشتا هه‌ڵگه‌ڕان!
منیش وه‌ك تۆم!
هاوئازارتم و هاوخه‌متم!
گه‌ر كوڕی تۆ و كوڕی من و ئه‌وانی تر
خونچه‌ی به‌هاریان هه‌ڵوه‌ری،
گه‌ر له‌ پێناو ئازادیدا ژینیشیان به‌ تاڵان برا،
له‌ مه‌یدانی ئازادییه‌وه‌ بانگت ده‌كه‌م بۆ ئازادی!
دڵنیابه‌ ئه‌و پاییزه‌ی خونچه‌ی گوڵه‌كان ده‌وه‌رێنێت،
له‌ خشه‌ خشه‌ی گه‌ڵاكان ترساوه‌
بۆیه‌ به‌ باڵاتا هه‌ڵڕۆسكاوه‌!
ئه‌و پاییزه‌ی به‌ نیازه‌ بتكاته‌ به‌رده‌بازی خۆی،
ئه‌و پاییزه‌ی به‌ نیازه‌ ره‌نگی زه‌ردی،
به ناخه‌ بێگه‌رده‌كه‌ت و
به‌ خوێنی ئاڵی رۆڵه‌كه‌ت سوور هه‌ڵگێڕێ،
هێنده‌ ره‌نگ زه‌رده‌ كه‌ چاوی
هه‌ته‌ر ناكات دوو بست ئه‌و لای خۆی ببینێت!
ده‌ی تۆش هاوڕێم له‌ ره‌نگ زه‌ردیی خه‌زان گه‌ڕێ،
وه‌ره‌ با من و تۆش و هه‌موومان،
به‌ خوێنی رۆڵه‌كه‌ی خۆمان
نه‌مامی ئازادیی شین كه‌ین
هه‌نگاو بنێین به‌ره‌و نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و
به‌ره‌و به‌هاری ئازادی!
وه‌ره‌ با پشت له‌ پاییز و
رووه‌ و به‌هاری ئازادی،
ده‌سته‌كانمان تێك باڵده‌ین و
"مڵه‌" نه‌كه‌ینه‌ سه‌رداری
سه‌ر سفره‌ی به‌هاری ژینمان!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە