گۆڤارى (كۆنترۆڵ)... پێویستە كۆنترۆڵ بكرێت ڕاستكردنەوەو وەڵامێك بۆ ڕاپۆرتێكى گۆڤارى كۆنترۆڵ
Saturday, 29/08/2009, 12:00
بە داخەوە ڕۆژنامەوانى لە كوردستاندا لە دواى بڕینى هەنگاوێك بەرەو لوتكە، لە گۆمێكى بۆگەندا لاى هەندێك كەس لەنگەر ئەگرێت، ئەوەش ئەسەفێكى قووڵە كە هەموو ڕۆژنامەوانە حەقویستو ویژدان پرتەقاڵییەكان لە ناخیاندا هەڵئەقوڵێ.. ئەو دوو دێڕەم تەنها بۆ مەڵۆ خستنە سەر بێتاقەتى ئەو ڕۆژنامەوانە خۆشەویستانە نوسى، بە هیواى ئەوەى پێكەوە گرێ كوێرەكانى ئەو نەخۆشیانە بدۆزینەوە.
لە ژمارە 3ى بەروارى 22-8-2009 ى گۆڤارى (كۆنترۆڵ) دا ڕاپۆرتێك لە ژێر ناونیشانى (ئارام قادر هەورامى بەڕە لە ژێر پێى عەلى باپیرو زاواكانى دەردەهێنێت) بڵاوكردۆتەوە، كە سەرتاپاى پڕ لە هەڵەى زەقو لێكدانەوەى بێ مانا، بۆیەش لە ڕوانگەى هەستكردن بە لێپرسراویەتى بەرامبەر بە مێژووى ئیسلامىو ڕابوونە شیرینەكەم ئەم وەڵامدانەوەیە بە پێویست دەزانم، ئەوەش لە چەند خاڵێكدا ئەخەمە ڕوو:
یەكەم: زۆر دوور ناگەڕێمەوە دواوە، ساڵى ڕابردوو لە ژێر هەمان ڕیتمى (كۆنترۆڵ) دا ڕۆژنامەیەك كە دواتر بوو گۆڤار بە ناوى (ئیسلام پۆست) بڵاوكرایەوە، ئەوەش لاى هەموو خوێنەرێكى كورد ئاشكرابوو كە چۆنو بە چى مەبەستێك دەر ئەكرا، هەموو هەوڵى خۆى ئەدا بۆ ئەوەى ئیسلامییەكان بە گشتىو كۆمەڵى ئیسلامى وەك یەكێك لە هێزە كاریگەرە ئیسلامییەكان پەرتەوازە بكات، كە ئەوەش هەوڵێكى نەزۆك بوو و هەر زوو فەشەلى هێنا، بەڵام شتێك كە جێگاى خۆشحاڵى بوو، ئەو ڕوونكردنەوەیەى هەفتەى ڕابردووى سەرنوسەرو ستافى (ئیسلام پۆست) بووكە دانیان نابوو بەو هەڵانەى بەرامبەر بە ئیسلامییەكان كردبوویانو داواى ئیستیغفارو لێخۆشبوونیان لە خواو گەردن ئازادییان لە ئیسلامییەكان كردبوو... بەڵام پاش كۆتایى هێنان بەو ئەزمونە نا تەندروستە لە كاروانى ئیسلامى وا ئەوانەى كە هەمیشە گرەو لە سەر ئەسپى تۆپیو دەكەن بەدیلیان بۆ (ئیسلام پۆست) دانا و هەموو خوێنەر و هۆشیارێكى كود دەزانێت چى لە پشت گۆڤارێكى لەم شێوەیەدایەو هەنگاوى هەڵەو مەبەستى شێواو بەو لاوە چیترى لێ ناخوێنرێـتەوە.
دووەم: لە سەرەتاى ڕاپۆرتەكەدا ئامادەكار "وەسفێكى ئارام قادر ئەندامى مەكتەبى سیاسى كۆمەڵى ئیسلامى ئەكات بەوەى كە گەنجێكى سیاسیەو لێهاتوویەكى باشى هەیەو ئەو لێهاتوویەشى لە پێناو دژایەتى عەلى باپیر بەكارخستووە"، بڕوا ناكەم هیچ كەسێكى ئیسلامى كوردستان بە تایبەت ئەندامو كادیرانى ئیسلامییەكان نكۆلییان لەوە هەبێت كە ئارام قادر پیاوێكى سیاسیەو خاوەنى ئەزموونێكى چەندین ساڵەى كارى سیاسىو ڕێكخراوەییەو ئەوەش جێگاى دڵخۆشى مسوڵمانان بە گشتىو ئەندامانى كۆمەڵى ئیسلامییەو بە بوونى چەند كەسێكى وەك ناوبراو دڵێان بەكاركردن لەناو ئەو حزبەدا گەشاوەتەوە، لێكدانەوەكە لەوە بەدواوە مانایەكى تەواو پێچەوانە هەڵئەگرێت بەوەى كە بە دڵناییەوە ئارام قادر هیچ پێویستى بەوە نیە دژایەتى ئەمیرەكەى بكات و هەرلەسەرەتاوە یەكێك بووە لەپایەكانى هاوپەیمانى بۆ پێكهێنانى كۆمەڵى ئیسلامى و ڕۆڵێكى كاراى هەبوو لە ڕاگەیاندنى كۆمەڵ دا، و بەیعەتى بە مامۆستا عەلى باپیر داوە و بە برا گەورەى خۆى هەڵیبژاردووە.
سێیەم: لە بەشێكیترى نوسینەكەدا باس لەوە دەكات كە ئارام قادر هەموو هەوڵێكى خۆى خستۆتە گەر بۆ ئەوەى خەتى خۆى بەهێز بكاتو كوتلەكەى چالاك بكات، وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، كاك ئارام لە ڕوانگەى ئەزموونى سیاسیەوە، باوەڕى تەواوى بە نوێبوونەوەو چاكسازىو بەخۆداچوونەوە هەیەو ئەوەش لە تەواوى نوسینو وتارو دیمانەكانیدا ڕەنگى داوەتەوە، بەڵام هەموو كەسێكى دڵسۆز چاك ئەزانێت، كە لە ناو كۆمەڵى ئیسلامییدا هیچ جۆرە تەكەتولێك بوونى نەماوەو خەت خەتێنو باڵ باڵێن لە گەڵ ڕاگەیاندنى كۆمەڵى ئیسلامییدا ووردە ووردە لە كزبوون بووە و تەكەتول لە ئاوابوونە لە ناو كۆمەڵدا، ڕاستە كۆمەڵ شانازى بەوەوە دەكات كە بوارێكى زۆر باشى بۆ ئەندامانى كردۆتەوە كە ڕاى جیاجیایان هەبێت بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەو ڕا جیاییە نەبۆتە هۆى لێكترازان.
چوارەم: (تایبەت بە كۆنترۆڵ) ئەلێ، ململانێى زۆر توند لە نێوان شەخێى ئارام قادرو عەلى باپیردا هەیەو ئارام قادر تەواوى هەوڵى بۆ خستنى عەلى باپیرە، ئەوەش سەراپا هەڵبەستراوە، چونكە ئەو متمانەیەى ئارام قادر بە مامۆستا عەلى باپیر لە رووى رۆشنبیرى و واقیعبینى وفراوانى لە فیقهى ئیسلامى و پەیوەندى گەرم وگورى نیوان هەردووكیان جێگاى ئێرەیى چەندین كەسى وەك نوسەرى ئەو ڕاپۆرتەیەو جێگاى دڵگەشى ئەندامانى كۆمەڵو مسوڵمانانى كوردستانە.
پێنجەم: لە دێڕێكیترى ئەو نوسینەدا باس لە هەورامى چیەتى ئارام قادر ئەكات، كە ئەوەش هیچ پێویست بە ڕاستكردنەوە ناكات، چونكە ئارام قادر كەمترین ژیانى لە ناو هەوراماندا بردوتە سەر و زۆربەى ژیانى لە هەڵەبجە وسلێمانیدا بووە و مەسەلەى دەمارگیرى و خزم خزمێنە لە فەرهەنگى ئەو وەك سەركردەیەكى ناو كۆمەڵى ئیسلامیی جێگەى نابیتەوە، ئەویشو برایانیترى سەركردایەتیش بە شانازییەوە جێگاى ڕێزى تەواوى ئەندامانى كۆمەڵن، بۆ ئارام قادریش، بادینییەكو هەورامییەك وەك یەك لە ڕیزى ئیحتیرامدانو هەمووشیان پێكەوە ئەندامێكى دڵسۆزى كۆمەڵى ئیسلامین.
شەشەم: یەكێكیتر لەو هەڵە زەقانەى كە (كۆنترۆڵ) تێى كەوتووەو نەیتوانیوە خۆى كۆنترۆڵ بكات ئەوەیە كە ئەنوسێ، ئارام قادر بە تەواوى دژى لیستى خزمەتگوزارىو چاكسازى بووە، سەرەتا هەر ئەوەندەى كە ناوبراو كاندیدێكى ئەو لیستە بووە بۆ پەرلەمانو ئێستاش ئەندامێكى پەرلەمانە لە چوارچێوەى ئەو فراكسیۆنەدا هەڵتەكاندنى ئەو ڕایەیە، پاشان بە خوێندنەوەى یەك وتارى ئارام قادر بۆت دەرئەكەوێت كە ناوبراو پاڵپشتێكى زۆر گەورەى برایەتىو هاوپەیمانى ئیسلامییەكان بەگشتىو بە تایبەت یەكگرتووى ئیسلامییەو پتەوى پەیوەندىو هەماهەنگى لەگەڵ پارتە نەتەوەییەكان بە چارەسەرێكى زۆر باشى قوتاركردنى گەلى كوردستان لە دەستى گەندەڵىو ناڕێكى ئەزانێت.
لە كۆتاییشدا جارێكیتر بیرى برادەرانى (كۆنترۆڵ)ى ئەخەمەوە، كە ئەو هەڵانەى خەڵكیان پێ گلا دووبارە مەكەنەوە، بۆ ئەوەى گلان لە ئێوەش نەئاڵێت... كە دڵنیاشم هەر لەم سەرەتایەوە گۆڤارى (كۆنترۆڵ)ى تێوەگلا....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست