پارتی بە تەلەوە بووە ئەگەر شەقام و ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ژیر و هۆشیار و ئازا بن
Monday, 05/12/2011, 12:00
پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفای كورد و كوردستان فرۆش، هەر لەو ڕۆژەوەی دەستیان بەسەر پارتی داگرتووە، هەوڵیان داوە بە هەموو جۆرە فێڵ و ناپاكییەك (خیانەت) خۆیان بەسەر كورد و كوردستان بسەپێنن و بە ئارەزووی خۆیان سەودای پێوە بكەن. بۆ ئەم قسەیەشمان، مێژووی دوور و نزیكی ئەم بنەماڵەیە شایەدە و بە دەیان و سەدان نموونەمان لەبەردەستە، هەر لە لێدانی باڵی مەكتەبی سیاسی شەستەكان و لێدانی شیووعییەكان و لەناوبردنی سەركردەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات و كوردستانی باكوور و ڕۆژئاوا و بەكۆمەڵ كوشتنی خانەوادەی كوردپەروەری حەمەد ئاغای مێرگەسۆری و ئاشبەتاڵی شۆڕش و كارەساتی هەكاری و لێدانی حیزبە كوردییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات... هتد.، تا دەگاتە شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ یەك بە یەكی پارت و حیزبەكانی كوردستان و 31ی ئاب و چلەی 31ی ئاب و سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو لە ساڵی 2005 و شەهید كردنی سۆرانی مامە حەمە و دكتۆر عەبدولسەتار و سەردەشت عوسمان و سووتاندنی بارەگاكانی بززوتنەوەی گۆڕان و هێز كۆكردنەوە بۆ لێدانی گردی زەرگەتە و دوایین كارەساتیش، سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە دەڤەری بادینانی بێناز و دەستبەسەركراو.
دیارە هەموو خیانەتەكانی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا تا ئێستا بۆیان چۆتە سەر، بۆیە لەسەر ئەم كارە ناپاكییانەیان بەردەوام بوون. ئەمەش، بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، كە بە لای ئێمەوە، گرنگترینیان ناهۆشیاریی و ترسنۆكیی شەقام و پارت و هێزەكانی كوردی بوون چونكە هەم بیرەوەرییان (زاكیرە) لاواز بووە و زوو ڕووداوەكانیان لەبیر چۆتەوە، هەم ژیرانە و بوێرانە ڕەفتاریان لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا و دۆخەكە نەكردووە و زۆر لاواز خۆیان پیشان داوە و نەیانتوانیوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەییدا، وەكو پێویست ڕووبەڕوویان ببنەوە.
شەقام و ئۆپۆزیسیۆنی كوردی نابێت ئەوەی ڕۆیشت و ڕابرد، وەك جاران، لەبیری بكەن و بەسەریاندا بڕوات و لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا ئاشت ببنەوە و كۆبوونەوە و گفتوگۆ بكەن، بەڵكو دەبێت ژیرانە و بوێرانە و كوردانە ڕووبەڕووی ببنەوە و نابێت بە هیچ شێوەیەك لێیان خۆش بن. دیارە ڕەوشی جیهان و ناوچە و هەرێمەكەش لە بەرژەوەندیی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفادا نییە و لەناوچوونیان زۆر نزیكە و هەرچەند كاری ناپاكی زیاتر ئەنجام بدەن، ئەوەندە زیاتر كۆتایی و نەمانیان نزیك دەبێتەوە. بە مەرجێك، شەقام و ئۆپۆزیسیۆنی كوردی لە ئاستی ئەم بارودۆخەدا بن.
بۆیە، ئێمە لێرەوە، ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی هەموو كورد، بە ئیسلامی و عیلمانییەوە، بە شەقام و ئۆپۆزیسیۆنەوە، بە پیر و گەنج و پیاو و ژنەوە، هەتا یەكیەتی و ئەو كوردە پاكانەی، بە هەر هۆیەكەوە بێت تا ئێستا لەناو پارتیدا ماونەتەوە، یەك بگرین و دژی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا بوەستینەوە.
1- لەسەر یەكگرتوو پێویستە بە مەبەستی قەرەبووكردنەوە و داوای لێبووردن لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا دانەنیشن و كۆبوونەوە نەكەن، بەڵكو سوور بن لەسەر ئەوەی پەیوەندییەكانیان بە تەواوی لەگەڵ بارزانی و دارودەستە و پارتەكەی ببڕن و كارەساتەكە بە تەواوی جیهان ڕابگەیەنن و لە داگای هەرێم (ئەگەر هەبێت) و دادگای فیدرالی بەغدا و دادگای لاهای و ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە پێویستەكان سكاڵا تۆمار بكەن.
2- لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی، دەرچوونیان لە هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕابگەیەنن نەك بیكەنە ئەگەرێكی نزیك.
3- لەناو پەرلەمانی عێراقدا، كێشەكە باس بكەن بۆ ئەوەی تەواوی عێراق لە ڕووداوەكان ئاگادار بكەنەوە.
4- زیاتر خۆیان لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكان و یەكیەتی و حیزبەكانی تر نزیك بكەنەوە و پەیوەندییەكانیان قووڵتر بكەنەوە لە دژی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا.
5- شان بە شانی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لێداوانی هاوبەش دەربكەن بۆ ڕیسواكردنی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا و هەرسێ لایەن هەڵوێستی خۆیان بكەنە یەك بۆ هەموو پێشهاتێك.
6- لە پەرلەمانی كوردستاندا، پێویستە هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن یەك هەڵوێستی بنوێنن دژی ئەم ڕووداوانە و سووتاندنی بارەگاكانی بزووتنەوەی گۆڕان و كارەساتی 17ی شوباتیش بێننەوە گۆڕێ و زیندوویان بكەنەوە. بۆ ئەمەش، ماوەی چەند ڕۆژێكی كەم بۆ پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا دیاری بكەن تا بكووژ و تاوانبارانی سەرجەم كارەساتەكان ڕادەستی دادگا بكات و ئەگەر نەیكرد، بە تەواوی بایكۆتی پەرلەمان بكەن.
7- هەرسێ لایەن خۆیان ئامادە بكەن بۆ خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە كوردستان، بەڵام ئەم جارە لە شاری سلێمانی دەست پێ نەكەن، بەڵكو لە دەڤەری بادینان و شاری هەولێرەوە دەست پێ بكەن. بەمەش، بە بڕوای ئێمە ئەگەر هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەكیەتی بەشداری نەكەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە زۆرینەیان بەشداری دەكەن بۆ ئەوەی تۆڵەی 31ی ئاب و چلەی 31ی ئاب لە پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا بكەنەوە، چونكە زۆربەی هەرە زۆری ئەندام و لایەنگرانی یەكیەتی بە جۆرێك لە جۆرەكان بوونەتە قوربانیی دەستی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا. ئەم خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی سەرتاسەرییەی كوردستان، پێویستە لە دوای لەناوچوونی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە دەست پێ بكات، كە بێ گومان كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و گەورەی لەسەر دەڤەری بادینان دەبێت تا دژ بەو ستەم و زۆرەی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا ڕاپەڕین بكەن. هەروەها دەبێت بە بەرنامەیەكی تۆكمە و داڕێژراو و لە سەرجەم شار و شارۆچكەكاندا لە یەك كاتی نهێنی و نەزانراو دەست پێ بكات بۆ ئەوەی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا نەتوانن جووڵە بە هێزەكانیان بكەن و ڕووبەڕووی شەقام و ئۆپۆزیسیۆن بوەستنەوە.
ئۆپۆزیسیۆن بە هیچ شێوەیەك نابێت ئەم دەرفەتەی بەسەردا تێپەڕێت و تەماشەكەر بێت، بەڵكو دەبێت بڕیاردەر بێت و بەرنامە دابنێت بۆ لەناوچوونی پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا چونكە تا ئەوان مابن، كورد سەربەخۆ نابێت و دەوڵەتی كوردستان دروست نابێت و ڕۆژی خۆشیمان ئەمڕۆ دەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست