عیراق و بەنـــدی 7 لە پەیمانی نەتەوە یەکگرتوەکان

Sunday, 24/07/2011, 12:00


بەندی 7 چی یە؟
پەیمانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕۆژی 26 حەزیرانی 1945 لە شاری سان فرانسیسکۆ لە ئەمریکا دەرچووە، بریتیە لە 19 بەش (بەند) کە تێکڕا 111 مادەیە لێرە تەنیا باس لە بەندی حەوت دەکەین کە پێکهاتوە لە 13 مادە.

تایبەتمەندی ئەو بەندە ئەوەیە ئەنجومەنی ئاسایش پابەند دەکات کە دەست بەکار بیت بۆ بەکارهێنانی هێزی نێو دەولەتی (هێزی سەربازی) بۆ تەمێکردن و سەرکوتکردنی ئەو دەولەتەی مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست دەکات وەک بەکارهینانی هێزی سەربازی بۆ دەستێوەردان و چارەسەری کێشە نیشتمانیەکان ، چۆن لە هایتی و لیبیریا و ئەفغانستان پیادە کرا.

کوێت هەتا جەنگی یەکەمی جیهان ناوچەیەکی بیابانی و دەوار نشین و وێران و دواکەوتو بوە ، بەلام دوای دۆزینەوەی نەوت لە لایەن نیردراوی دەریاوانی ئینگلیز ، سەرکەوتنیان لە هەلکەندنی یەکەم بیرە نەوت لە سالی 1937 دەرگای خێر خۆشی لەو شێخ نشینە گەرمەسێرە کراوە.

لە سالی1961 بەریتانیا بڕیاری دا سەربەخۆیی بدات بە کوێت بەلام سەرۆک وەزیری عیراق زەعیم عەبدولکەری قاسم کوڕی جاسم کوڕی بەکر کوڕی عوسمان فەزلی (1914 -1963کوژراوە) حەوت رۆژ پاش دەرچونی ئەو بڕیارە ، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو وەزارەتی بەرگری لە رۆژی 25/مانگی حەزیرانی 1961داوای کرد کوێت بخرێتە سەر عیراق لەسەر ئەو بنەمایەی لەسەردەمی حوکمی عوسمانیدا قەزایەک بووە لە سنچقی بەسەرە ، بەلام بەریتانیا کوێتی لە پەلاماردان پاراست.

سالی 1963 عیراق بەئیمزای سەرۆک کۆمار ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر (1914 -1982) بەفەرمی دانی بە سەربەخۆیی کوێت نا .

دوای ئەوەی (سەددام حسین مەجید تکریتی 28 نیسانی 1937 - 30 دیسەمبەری 2006 لەسێدارە درواە) لە جەنگی هەشت سالەی لەگەل ئێران (سبتیمبەری(1980 - ئابی 1988) کە دەوروبەری یەک ملیۆن کوژراو برینداری لێکەوتەوەو نابوت دەرچوو ، پاش شکستی لەو جەنگە ناڕەوایەدا گێچەلی بە دەولەتی کوێت کرد * لەڕۆژی 2 ئابی 1990 لە ماوەی دوو ڕۆژدا داگیری کرد ، ڕێگەی خۆشکرد بۆ شڕە خۆرەکانی ئەوسای عیراقدا تالانی بکەن و بیرە نەوتەکانی سووتاند و ژێرخانەکەشی تێک و لێکدا.

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سزا دانی عیراق و دەرپەڕاندنی لەو وولاتە لە سالی 1990 بە بڕیاری 678 عیراقی خستە ژێر بەندی حەوتەم ، کۆمەلە بڕیارێکی بەپاڵپشتی ئەو بەندە دەرکرد ، لەوانە بڕیاری 678 کە داوای بەکار‌هینانی هێز دەکات بۆ دەر پەڕاندنی هێزی داگیر کەری عیراق لە کوێت ، هەروەها بڕیاری 986 بریاری نەوت بەرامبەر بە خۆراک بۆ دانیشتوانی عیراق.

دوای داگیرکردن کە حەوت مانگی خایاند 34 دەولەت بەشداربوون لەهاوپەیمانیەک بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە سوپای داگیرکەری سەددام و وەدەرنانی لە خاکی کوێت لە ڕۆژی 26 / شوباتی 1991کوێت ڕزگار کرا.

بۆ تێکشکاندی سوپای عیراق و مڵ پێکەچکردنی بۆ هەموو مەرجەکانی هاوپەیمانان فرۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا زۆر بە خەستی بێ بەزەیانە بۆمبارانی سوپا ڕاکردوەکەی سەددامیان کرد و پاشەکشەکە بێسەرو بەری و شپرەزەیی تەواوی تێکەوت بەشی زۆری تانکەکەکانی تێکشکێنراو سەربازەکانی تارومار کران.

پاشان لە خالی (سەفوان) چادرێکی زلیان هەلدا بۆ ئیمزاکردنی پەیمانی شەڕ وەستاندن .

شاندی سەربازی عیراق پێکهاتبوو لە وەزیری بەرگری عیراق لیوا ڕوکن هاشم سولتان و لیوا ڕوکن سەلاح عەبوود و شاندی سەربازی هێزی هاوپەیمانان پێکهاتبوو لە ژەنڕال نورمان شوارسکۆف و خالد کوری سولتان سەرکردەی هێزەکانی عەرەب و بەئامادەیی نوێنەری روسیا یفگینی بریماکۆف لەو دانیشتنەدا عیراق دانی بە دۆڕاندنی جەنگی دووەمی کەنداو نا ، هەروەها دانی بە سنوورو سەربەخۆیی دەولەتی کوێت نا وێڕای سەلماندن و پابەند بون بە بڕیاری قەرەبوو کردنەوەی تەواوی زەرەرو زیانەکانی کوێت.

زیانەکانی جەنگی دووەمی کەنداو بە 177.6 میلیار دۆلار خەملێندرا . نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا 37.2 میلیار بدرێت بە کوێت بۆ قەرەبو کردنەوەی زەرەرو زیانەکانی لە ئەنجامی وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت و سووتاندنی بیرە نەوتەکانی جگەلە زیانەکانی تر کە ئێستا بەردەوام لە سەدا پێنجی پارەی فرۆشتەنی نەوتی عیراق وەر دەگریت کە رەنگە هەتا سالی 2016 بخایەنێت .

مادەی حەوت ئەو دەولەتانە ناگرێتەوە کە ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایش چونکە ئەندامی هەمیشەی دەتوانی بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ بەرگری لەخۆیو لە هاوپەیمانەکانی بکات و هەر بڕیاریک لە بەرژەوەندیان نەبیت هەلی وەشێنیتەوە ، ڤیتۆ ووشەیەکی لاتینیە واتە (من ڕیگە نادەم) بڕیاری وا گرینگ لای کەم پێویستی بە دەنگی نۆ ئەندام هەیە لەوانە دەبی هەر پێنج ئەندامی هەمیشەیی (چاینا ، ڕوسیا ، بەریتانیا ،فەرەنسا ، ئەمریکا) بەئەرێ دەنگی لەسەر بدەن.

* ڕوبەری کوێت 17.818 کیلۆمەتری دوجایە ، لە شەش پارێزگا پێکهاتووە ، شاری کوێت کەپایتەختە ، پارێزگای جەهراو ، پارێزگای حۆلی ، پارێزگای ئەلفروانیه‌ ، پارێزگای موبارەکی گەورە ، پارێزگای ئەحمەدی .

هەروەها نۆ دورگەشی هەیە : دورگەی بۆبیان ، فەیلەکا ، ووربە ، کبر ، عۆهە ، ئوم ئەلمەرادم ، مسکان ، قاروە ، ئوم نەمل

سەرچاوە:

ویکیپیدیا ،ئینتەرنیت

http://www.un.org/en/documents/charter/chapter7.shtml

http://www.ebnmasr.net/forum/t34188.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە