سەبارەت بە لابردنى سەرۆكى شارەوانى سیدسادق

Thursday, 29/04/2010, 12:00


بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان
جەماوەرى خۆشەویستى دەڤەرى شارەزوور....
حیزب و لایەنە سیاسى یە بەڕێزەكان ...
دانیشتوانى ستەمدیدەى قەزاى سیدێادق ...
سەبارەت بە لابردنى سەرۆكى شارەوانى سیدسادق بەڕێز ئەندازیار (رۆوف قادر تۆفیق) و دانانى كەسێكى تر لە جێگەى بە شێوەیەكى چاوەڕوان نەكراو سەرنجتان بۆ چەند خاڵێك ڕادەكێشین :
1- ئێمە وەكو یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان لە ساڵى (2000) دا بە هەڵبژاردن پۆستى سەرۆكایەتى شارەوانى سیدێادەقمان بەدەست هێناو لەم ماوەیەدا دوو كەسایەتى شیاوو لێهاتوو و دەست پاكمان پێشكەش كرد بۆ خزمەتكردنى شارەكە كە هەردووكیان ئەندازیارى پسپۆڕى بوراى شارستانى بوون ئەوانیش بەڕێزان (جلال تاهر عبداللە) و (رۆوف قادر تۆفیق) بوون و یەكەمین كارێك تونیان ئەنجامى بدەن لابردنى ئەو كەم و كوڕى و گەندەڵى یە ئیداریانە بوو كە پێشتر لە شارەوانى سیدێادق دا هەبوون .
2- لەم ماوەى (10) ساڵەدا لە شارەوانى سیدێادق توانراوە كۆمەڵێك پرۆژەى گرنگ و ستراتیژى بۆ سیدێادق دابین بكەن و بخەنە بوارى جێ بەجێكردنەوە و هیچ كەم و كوڕیەك یان گەندەڵى یەك لە شارەوانى سیدسادقدا نەبووە و ئەوەندەى كە پەیوەندى بە بەڕێوەبردن و پێشكەشكردنى پڕۆپۆزۆڵ و پڕۆژەى هەبێت حكومەت وەك پێویست و لە ڕادەى فراوانبونى قەزاكەدا نەهاتووە بەدەم شارەوانى یەوە ئەویش گلەیى و گازندەى لەلاى هاووڵاتیان دروست كردووە .
3- لە بەروارى ئەمڕۆ (28 / 4 / 2010) بە شێوەیەكى كتوپڕ بەڕێز سەرۆكى شارەوانى لادراوە كە پێچەوانەى یاساو بنەماكانى دیموكراسى و حسابكردن بۆ ڕاى خەڵك و لەهەمان كاتدا پێشێلكردنى مافى هاوڵاتیانى شارەكەیە كە بەئیستیحقاقى هەڵبژاردن نوێنەرى خۆیان دیاریكردووە ، لە كاتێكدا لە چەند دیدارو سەردانێكدا لەلایەن ئێمەوە داواكراوە لە حكومەت كە لە جیاتى بەڕێز ( رۆوف قادر) كەسى شیاوى تر ئامادەیە جێگەى بگرێتەوە كە بەهۆى بارى تەندروستى بەڕێزیانەوە داواى كردبوو ئەو پۆستەى لێوەربگیرێتەوە ، كە دەبوایە كەسێكى تر لە یەكگرتوو جێگەى بگرێتەوە , خۆزگە حیزبى دەسەڵاتى دەڤەرەكە ئەو مافەى بەخۆى نەدایە , بەبێ گەڕانەوەى بۆ ڕاى جەماوەر كەسێك بسەپێنرێت بە سەریاندا بە تایبەتى لە هەڵبژاردنەكانى ئەم دوایەى (7 / 3) دا دەركەوت هێشتا لە سنورى قەزاى سیدێادقدا دەنگەكانى یەكگرتوو لە دەنگەكانى (ى . ن . ك) لە پێشترە .
لە كۆتایى دا جەماوەرى خۆشەویست ئاگادار دەكەین كە ئێمە وەكو یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان پەیمانى خزمەتكردن بە خەڵكى ئەم شارە نوێ دەكەینەوەو خۆمان ئامادە دەكەین بۆ سەلماندنى خۆشەویستى خەڵكى ئەم شارە بۆ یەكگرتوو لە هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاكان و لە هەمانكاتدا دەست خۆشى و سوپاسى خۆمان ئاراستەى ئەو دوو ئەندازیارە بەڕێزە دەكەین كە لەماوەى ڕابردوودا ئەو ئەركەیان لە ئەستۆگرت، وە داوا لە حكومەتى هەرێم دەكەین چاو بەو بڕیارەیدا بخشێنێتەوە چونكە هێشتا كات زۆر ماوە بۆ هاوكاریكردن و خزمەتكردنى گەلەكەمان لە لایەن هەموو چین و توێژو لایەنەكانى خەڵكى كوردستانەوە 0
مەڵبەندى (10) ى شارەزوورى
یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان
28 / 4 / 2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە