کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەسەڵاتێك... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى

Monday, 31/01/2011, 12:00




دەسەڵاتێك شەرم نەكات لەوەى دواى 20 ساڵ لە حكومڕانى میللەتەكەى پاساو بۆ نەبونى كارەبا بێنێتەوە و وەزیرێك ویژدانى ئارام بێت هەموو سەرى مانگێك زیاتر لە دەفتەرێك دۆلار موچەى وەزیرێتى بخاتە گیرفانییەوە و ئەوەش رەوشى كارەباكەى بێت... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.


حكومەتێك شەو و رۆژ بخاتە سەر یەك بۆ ئەوەى بە لێشاوى تەنكەر نەوتى نیشتیمانەكەى ئاودیوى وڵاتێكى بێگانە بكات و روشى بێت نەبونى كارەبا بۆ كەمى سوتەمەنى بگەڕێنێتەوە... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك بە هەشت ساڵ نەخۆشخانەیەكى 400 قەرەوێڵەیى بۆ دروست نەكرێت و دواى خەرجكردنى 50 ملیۆن دۆلار بۆى تازە بە تازە 87 ملیۆن و 400 هەزار دۆلارى تر بەناوى تەواوكردنییەوە تەرخان بكات و بشڵێت كە بوو بە دە ساڵى رێك تەواوى دەكەین... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك زۆربەى شەقامە سەرەكییەكانى هەرێمەكەى بەدەست چاڵ و تاسە و نەبونى گڵۆپى شەوانەوە بناڵێنێت و بەوپەڕى جەریئانەشەوە بڵێت روداوەكانى هاتوچۆ بە هۆى ناهۆشیاریى شۆفێرەكانەوەیە... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك دواى 20 ساڵ حكومڕانى هێشتا لە سەدا 90ى قوتابخانەكانى دوو دەوام و بەرەو سەریان تیابكرێت و 50 قوتابى بە بێ هیچ سەرچاوەیەكى گەرمكرەوە بترنجێنێتە پۆلێكەوە و ناویشى لێ بنێت سیستمى پەروەردەیى سویدیى... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك تەنها بۆ مسۆگەركردنى دەنگى هەڵبژاردن لەسەدا 25ى هاوڵاتیانى هەرێمەكەى بكات بە موچەخۆرى حكومیى كەچى ساڵانە هەزاران دەرچووى زانكۆ و پەیمانگاكان پشتگوێ بخات... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك لەسەر هەرێمێكى گەشتیاریى، دواى 20 ساڵ هێشتا نەتوانێت لە سەدا 3 ى خاكەكەى سەوز بكات... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك لەسەر خاكێكى پان و بەرینى كشتوكاڵیى، دواى 20 ساڵ نەتوانێت یەك بەرهەمى خۆماڵیى بەرهەمبهێنێت و بەرگەى یەك مانگى داخستنى سنورەكانى بە رووى هاوردەى خواردەمەنى وڵاتە دراوسێكانى نەگرێت... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك دەیان لەشكرى گەورەى تایبەت بە پاراستنى سەركردە حزبیەكانى هەبێت بەڵام نەتوانێت دواى 20 ساڵ سوپایەك پێكبێنێت بەرامبەر تۆپبارانى سنورەكان و بەزاندنى ئاسمانى وڵاتەكەى لەرەیەكى لێوەبێت... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.

حكومەتێك دەیان تلریۆن دینار (تلریۆن: یەكێك و 18 نوكتە لەبەردەمیدا) بودجەى ساڵانەى بێت بەڵام بە زۆرى بزانێت پێنج ملیۆن دینار بدات بە پێشینەى هاوسەرگیرى گەنجێك... هەر بۆ ئەوە باشە لێى راپەڕى.
  



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە