نامەیەکی سەر ئاواڵە بۆ بەڕێز ئەمیری قازی و ئەو کادرو پێشمەرگانەی کە هێشتا ماون

Thursday, 16/12/2010, 12:00


نامەیەکی سەر ئاواڵە بۆ بەڕێز کاک ئەمیری قازی، و ئەو کادرو پێشمەرگانەی ساڵەکانی ١٣٤٧- ١٣٤٢ ح.د. ك، کە هێشتا ماون، چ لە ئوروپا دەژین، یان لە گەرمێن و ناوخۆی وڵات.

دەگەڵ ڕێز و حورمەتێکی دۆستانە بۆ هەمووتان!

بەڕێزکاک ئەمیری قازی!
لەم دواییانەدا، نووسراوەیەکتان لەژێر سەردێڕی "لە بیرەوەرییە سیاسییەکانم ئەمیرقازی" چاپ وبڵاو کردۆتەوە.! دواتر تەلەڤزیۆنی'' ئاسۆسات''، لە سەر کتێبەکەت، وتووێژی دەگەڵ کردی و تۆش بەمەیلی خۆت وەڵامی خۆت داوە. جارێ لەسەر وتووێژەکەتان، داوەری ناکەم .

منیش وەک خوێنەرێک کتێبەکەتم خوێندەوە. بۆچوونی من لە سەر کتێبەکەتان ئەوەنیەکە ڕووناکبیرانی ڕەخنەگر، لەسەر نووسراوە جۆراوجۆرەکانی دەگرن. بەداخەوە، ئێمەی چارەڕەش، لەکۆلکە مەلا بەو لاوە، ڕێگامان دەلای رووناکبیرێک نەکەوت کە، شتێکی لێفێربین ولەجێگای خۆیدا کەڵکی لێوەرگرین، بەڵام شتێک فێربووین! ئەویش ئەوەیە: ئەو بەنی ئادەمە دوو پێیە، بوونەوەرێکی سەیرو سەمەرەیە، چاوی هەرگیز تێرنابێ بەجێی خۆی، هەتاخوداش حەزدەکا لەخۆڕازی و ئاشقی نێوو نێوبانگی خۆیەتی! ئیدی ئاوڕ لە خۆی ناداتەوە، بێ حیساب دەرگای ئەنباری وشەی "تعارف و تحاریف" دەکاتەوە جاپەنا بەرخودا؟

زیاترلەمانەش، داب و نەریتی دواکەوتووانەی کۆمەڵگایە، کەبۆتە خۆرە، ئازای گیانی نەتەوە تووک ـ لێکراوەکەی ئێمەی داڕزاندووەو گەیاندوویەتە سەرئێسکانی. دیارە ناکرێ بڵێین نەتەوەکەی ئێمە لە یاسای پێگەیشتنی سروشت، دابڕاوەو گەشەی نەکردووەو ناکا؛ بەڵام هەتا ئێستاش، کۆمەڵگای کوردەواری بەدەست خووخدەی دواکەوتووانەوە دەناڵێنێ و پشتی ڕاست نەبۆتەوە. ئێستاش جورئەت و ڕاشکاوی لە بەرامبەر زێدە وێژی، خۆڵ دەچاوکردن و چاوبەستن و... زۆرکەمەو کەمتر کاردانەوە لەخۆیان پێشان دەدەن. ڕەنگە تاک و تەرا هەبن کەسانێک بەرپرسانە هەڵسووکەوت بکەن، بەڵام ئەوە بە هیچ جۆر وەڵامدەرەوەی هەلوومەرجی سەردەمی دەست وەئاسمان ڕاگەیشتن نییە!
دەزانم دڵ ئێش دەبی، بەڵام خۆم پێڕاناگیرێ بێدەنگ بم!
کتێبەکەی جەنابت ئەگەر بیدەین بەمامۆستایەکی بەئینساف، خۆڕانان و خۆ بەزل نیشاندان و چیرۆکی ڕوونەداو، و خەڵک بە ‌هێندنەگرتنی لێدەرهاوێ، شتێکی وای لێ‌نامێنێتەوە کە، بەنەیارانی بیرو بۆچوونەکەتان ببڕێ؟ بەڵام مرۆڤ دەبێ بێ ئینساف نەبێ هونەری تێداهەیە. هونەریش لەوە مەزنتر؛ ئەو کتێبە قەبارە زلەبنووسی، بابەتێکی واقیعیت لەبەردەست دانەبێ، لە سەر نووسینی مەتڵەبی ڕوونەداویش بۆ نووسین مەحتەل نەبی و کەموکووڕیت نەبێ!
من لە هیچکوێی نووسراوەکەدا سەبارەت بەخۆم هەست بەبێ ڕێزی ناکەم. بەڵام بە تەواوی دیواری ئیعتیمادو بڕوام سەبارەت بەئێوە رووخاوە! من شکم لەوەدانیە کە، خودی خۆتان، ناڕاستگۆیی بەکەسێکەوە ببینن چووکە ترین ئیعتیمادتان بەو کەسە نامێنێ.
ئەگەر ئەوباس و ڕووداوانەی کە، من لە نووسراوەکەی خۆمدابە ناوی "لاپەڕەیەک لە تێکۆشان و جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٧-٤٢ی‌هەتاویی ح. د ك" لە ساڵی٢٠٠٣دا لە وڵاتی سویدچاپ وبڵاو کردۆتەوە، پێچەوانەت نیشان دابن، یان بەخشکە رەدت کردبنەوە؛ لام شتێکی سەیرو سەمەرەنیە، دەبێ هەرواش بێ، دەنا تاریفەکەی خۆم بەنادروستی و غەڵەت دەهاتەدەر.
من ئەو نووسراوەیەم بۆ خەڵک نووسیوەو ڕوونکردنەوەم داوە. جاکە خەڵک بڕاوی پێنەکەن و قبوڵیان نەبێ خۆمن خۆلی بۆ وەسەری خۆم ناکەم! بۆ ئەوانیش ناچمە "قەرەقاجاتە" سوێندیان بۆبخۆم؛ کە بروا بەنووسراوەکەم بکەن...!
دیارە هێندێک لەو باسانەی من نووسیومن، ناوەرۆکەکەیانت بەشێوەیەکی نەشتەرگەری ، کردووتە بەنێو ئاخنی کتێبەی خۆت و پێچەوانەتان نیشانداون. ئەوەش بەلای منەوە هەر بۆباس نابێ، چوونکە ئەوانەی کتێبەکەی منیان خوێندبێتەوە، داوەریی خۆیان بەباش وناباشەوە لە مێژەکردووە.
لەوانەیە کتێبەکەی من، لە چەند شوێندا ناوی کاک ئەمیری‌قازی، تێدا هاتبێ، بەڵام نەک وەک ئەندامێکی چالاک و بەرپرسی تەشکیلاتیی، یان نیزامیی. ڕەنگە لە دوو شوێندا کاک ئەمیر لە دڵی گران هاتبێ کە کورتە ئاماژەیەکم بە ناوبراو کردووە، لەوانیشدا خۆم لەوە پاراستووە کە کاک ئەمیر بنگێوم!
بۆ وێنە: سەیری نووسراوەکەی من بکەن "لاپەڕەیەک لە..." لاپەڕەی ٦٥-٦٦ی _ من چەندە محافزەکارانە بەسەرباسەکەدا بازم داوە، قسەکانی کاک ئەحمەدتۆفیق م نەنووسیوە! بەهیچ جۆرنەمویستووە شعورتان برینداربێ بەو جۆرەی کە نووسیومە؛ باسەکەشم بڕیوەتەوە! تەماشای لاپەڕەی ١٣١ بکەن من بە هیچ جۆر ئامادە نەبوومە کاک ئەمیر وەک "پاراستن" ناو بەرم!
شتێکی زۆرعەجایب نیە کە کاک ئەمیر، شێوە نووسینەکەی منی بەدڵ نەبێ، دەبێ هەرواشبێ! ئەوە ڕاستە، ئێمە دەگەڵ کاک ئەمیر لە بواری بۆچوون بە تایبەتی، کاروباری سیاسی و تەشکیلاتی ئەو سەردەمە، هاوکارو هاوبیرو بۆچوون نەبووین. نەکاک ئەمیر،ئەهلی کاری سیاسی وتەشکیلاتی بوو، نەئێمەش ئەو جۆرەباسانەمان دەگەڵ ئەو دەکرد. بەتایبەتی دوای ئەوەی کە لە سەفەری بە ناو ئوروپا، بەڵام هەروەکوو خۆیان نووسیویانە، لە خەلیج وەدەرکەوت و لە ڕێگای ئێرانەوە گەڕایەوە باشووری کوردستان، نەکاک ئەمیر، ئامادە بوو ڕاپۆرتی سەفەرەکەی خۆی بداتەوە بەکۆمیتەی ناوەندیی، نەکۆمیتەی ناوەندیی، بەتایبەتی شەخسی کاک ئەحمەدتۆفیق، ئامادە بوو هاوکاری دەگەڵ کاک ئەمیر درێژە پێبدات!
من هەرگیز ئەو باسەم بەقەڵەم نەنووسیوە! بەڵام ئەو باسە لەنێو کۆمەڵێک کادرو پێشمەرگەدا ناشاردرێتەوە، هەمووشیان ئاگادارنەبن لانیکەم چەندکەس ئەوە دەزانن! کاک ئەمیر، ئەوباسەی کە، ئەو سەردەمە، ئامادەنەبوو، بینووسێ بۆ کۆمیتەی ناوەندیی، ئێستاخۆی لەکتێبەکەیدا دوای ٤٤ساڵ، باسی کردووە؟ ئەگینا ئێمەباسمان نەکردووە. بەڵام ئەوەی ئێمە لە سەر ئەو باسە بیستوومانە؛ جیاوازی فرەی هەیە دەگەڵ ئەوەی کاک ئەمیر لە کتێبەکەی خۆیدا نووسیویە! هەروەها نەشمان گوتوە کاک ئەمیر کاری سیاسی نەکردووە. بەڵێ کاک ئەمیر کاری‌سیاسی کردووە، بەڵام نەک دەگەڵ کادرەکانی ح. د. ك! ئەو لە خەتێکی دیکە کەوتەکارەوە کە، ئێمە بە هیچ جۆر ڕێگای ئەو شوێنەیان نەداین، نە ئەوان رێگایان داین، نە ئێمەش شانازیی کەوتنەناو ئەو خەتەمان پێبڕا! کاک ئەمیر خۆی لە کتێبەکەیدا لەزۆر جێگا بەقەڵەمی خۆی ناڕاستەو خۆ پێشانی دەدا! ئەو داستانە دوورو درێژە بە لاپەڕەیەک کۆتایی نایە!.
بەهەرحاڵ بەبۆچوونی خۆم، کاک ئەمیر، لە نووسینی ئەو کتێبەداپەلەی کردووە، دەبوا بڕێکی دیکە ڕاوەستابا هەتائێمەش دەمردین، ئاخر منیش لە سەر سەفەرم! هەم تەمەنم ٧١ی وەپشت سەرداوە هەم ئەو نەخۆشینەی کە من هەمەو دەگەڵی بەربەرەکانی دەکەم، "سەرتانی نوخاع"، بە واتایەک دەبوو لە مێژبا مردبام! بەڵام هەتا ئێستاش هەر ماوم ودەست وپەنجەی دەگەڵ نەرم دەکەم!
من هەقم بەسەر خەڵکەوە نیەکە، داخوا هەستیان چۆنەو چ کاردانەوەیەک پێشان دەدەن!. بەڵام لە تەواوی ژیانی ساکاری خۆمدا، هەمیشە سەبارەت بەو ئەرکەی کە وەئەستۆی خۆم گرتووە، هەمیشە خۆم بە بەرپرس زانیوەو بەرپرسانە دەگەڵ ئەرک و ڕاسپاردەو ئەوەی وەئەستۆی خۆم گرتووە مامەڵەم کردووە. ئەوە بەشێک بووە لە ژیانی ساکاری رۆژانەی من. ئەخلاقم ئەوەی بەسەردا سەپاندوم، ئێستاش هەر وەهام. ناتوانم سەبارەت بەوەی پەیوەندیی بەمنەوە هەیە بێ تەفاوەت سەیری بکەم، دەبێ بەرپرسانەی دەگەڵ ڕووبەڕوو بم. ئەو هەستی بەرپرسایەتییە جۆرێک کاری کردۆتە سەرمێشکم کە شتە چووکەکانی سەردەمی مێرمنداڵی و لاویەتیم لە بیر بمێنێ، هەروا دەزانم دوێنێیە کە ڕوویان داوە. دیارە ئەو شێوە بەرپرسییە بەنرخێکی کەمم لەسەر نەکەوتۆتەوە!

من حەز لەوە ناکەم لۆمەو سەرکۆنەی کەس بکەم، بەڵام ئەگەر بگاتە ئەو جێگایە کە، کەسێک بە ناهەق، ودوور لە ئەخلاق بیهەوێ ڕابردووی من بکێشێتە ژێرپرسیارو هێرشی ناڕەوا، بەرێتە سەرهاوڕێ و هاوخەباتم، بەمافی خۆمی دەزانم وەک کۆنە پێشمەرگەیەکی ئەو سەردەمە، لانیکەم بەرگری لە حەیسییەتی ڕابردووی خۆم بکەم. دیارە کاک ئەمیر، بەنێو ناوی منی نەهێناوە، بەڵام وەک مەنشوورە دەڵێن: "من فیتووی خۆم دەناسم"! دەبێ ئەوەش بڵێم من نەئەندامی هیچ حیزبێکم، نەدژی هیچ حیزبێکی کوردستانی، نەسواڵی کەسایەتیش دەکەم.

کاک ئەمیر!
تۆ کە لە حاندکوشتن و گرتن و ڕادەست کردنەوەی باشترین و بەشەڕفترین پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمەی ح. د .ک، وەک ساڵح لاجانی و سولەیمان کەرقەشان و عەلی گوێڕەش و برایمە سووری دەڵاوەیی، حوسێن چل چۆک و قادرپنیرە، و قادرەشەل و مەلارەحیمی وردی و قادرشەریف و... کە بە بەرچاوی خۆتدا، بەمردوویی وبە زیندوویی، و بەساغی و بە برینداری، دەیانکردن بە دیاری بۆ حکومەتی "علیاحچرت همایونی شاهنشاهی ێریامهر"! بێ هەڵوێست بووی بەجێی خۆی، دوای٤٠ساڵ کۆنە برینەکانیش دەکولێنییەوە! لە جیاتی ئەوەی لانیکەم لەپاڵ خۆتدا، خۆت لۆمە بکەی عوزر بێنییەوە...، دەڵێی: "بارزانی نەمر" ئاگای لە کوشتنی فایق نەبوو...! ئەوەیە هەستی ئەخلاقت، لەبەرامبەر ئەوتاوانە نەبخشراوەدا؟ زیاتر لە٤٠سال بەسەر ئەو تاوانەدا تێپەردەبێ. هەرگیز بنەماڵەی بارزانی نەیانگوت "بارزانی نەمر" ئاگای لە کوشتنی فایق نەبوە؟ کێ ئەو وەکالەتەی دابەتۆ لە جیاتی "بارزانی نەمر" سوێند بخۆی؟ ئەگەر هەست بەبارگرانی لەسەرخۆت ناکەی کێ پرسیاری لە تۆکردووە هەتا وەڵامەکەی بەو فەرمایشتە بدەیەوە؟

ئەو کەسانەی، بەخشکە، دەیانهەوێ سولەیمانی موعینی و ئاوارەو شەریفزادەوعەبدولڵاو باقی شەهیدانی جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٧-٤٦ بدەنە بەر پەلامارو جوڵانەوەکە، بە دەستکردی حیزبی توودەی ئێران و حیزبی شیوعی عێراق ناو بەرن، سەری خۆیان لەبەردی دەدەن! ڕاستە هەتا ئێستا داگیرکەران، لەکوردستان بەو پەڕی بێشەرمی درێژە بەداگیرکاری و جینایەتی خۆیان دەدەن، بەڵام هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە خۆڵ دەچاوی خەڵکی بەئەمەگی کوردستان بکەن، و مێژووی خەباتی خوێناوی ئەم گەلەیان بە چەواشە کراوی پێ بسەلمێنن. ئێستاجەنابت گەرکتە بەنێوی... جوڵانەوەی هەقخوازانەی ساڵەکانی ٤٧-٤٦ بەدەستکردی حیزبی توودەی ئێران بەخەڵکی خەباتگێڕی کوردستان بناسێنی؟

ڕاستە ئەو جوڵانەوەیە بەدەستی شاو بەکرێگیراونی لە خوێندا نقوم کراو چەندرۆژێکیش دوو دەسرە سەمایان بۆکرد، ئاکامەکەی چی؟ _ (ازمکافات عمل غافل مشو)!... جوڵانەوەی٤٧-٤٦ لە مێژووی خەباتی خوێناوی کوردستاندا، وەک ئەستێرەیەکی پڕشەنگدار، بۆ هەمیشە لەسەر ئاسمانی کوردەواری دەدرەوشێتەوە، و شەهیدانی ئەو جوڵانەوەیەش بەتێکڕایی، وەک پێشمەرگەیەکی بە ئەمەگی ڕێبازی پێشەوای نەمر، جێگای خۆیان لەدڵ ودەروونی نەتەوەی کورددا، کردۆتەوەو بوون بەڕووگەی خەباتگێڕانی کوردستان و قارەمانی نەتەوەیی نەتەوەکەی خۆیانن، و بەکەس لەو پلەوپایە، نایەنە خوار! خۆت باش دەزانی، دەستی شکاوم نیوگەزەکە کورتە، دەنا...
مامۆستاهێمنی نەمردەڵێ:
کە تەختی بەختی کوردبێ خێودەبینن سولــەیمانی ئەسیری دێـو دەبینن!
بەناهەق خوێنی تێـــــکۆشەر دەڕێژن! شەهیدی بێ سەروبێ شوێن دەنێژن؟
* * * * *

بەڕێز کاک ئەمیر!
من٢١خاڵ، لە گشتی ناوەرۆکی ئەو بەشەی کتێبەکە تان هەڵدبژێرم کەپێوەندی هەیە بەساڵەکانی ٤٧-٤٢. چوارخاڵی ٤و ٣و٢و١کە با ڕیکلام بن بۆکتێبەکەو ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەران بۆ ـ متمانە، ڕاستگۆیی، بەڵێنی...
ئەگەر خاڵێک لە گشت ئەو ١٧خاڵەی تر، دەگەڵ یەکێک لەو چوار خاڵەی کاک ئەمیر، کەوا لە کتێبەکەیدا نووسیونی‌و ئاماژەی پێداون بۆ ـ ڕاستگۆیی ـ دوور لەکینە وبوغز ـ دوور خۆڕانان ـ ڕوون کردنەوە... هەرکام لەو ١٧خاڵانە، لایەنی موسبەتی تێدا جێ بۆوە، ئەوە هەمووی کتێبەکەی ڕاستەو دروستە. هەموو کەس بۆی هەیە من بداتە بەربارانی تۆمەت و نفرەت!

کاک ئەمیر لە لاپەڕەی٣دا لە دەسپێکی کتێبەکەیدا ئاوای نووسیوە:
بەواتایەک بۆ سەرنج ڕاکێشانی خوێنەر، کە کتێبەکەی ئەو وەکی هی خەڵک نیەو... لەوانەشە ئەو وتەیەی دروستبێ!

١_ ("خوێنەری بەڕێز، ئەو بڕە بیرەوەرییە سیاسییە کە دەکەوێتە بەرچاو و، لەبەردەستدایە بەرلەهەموو شتێک بەومەبەست و، هیوایە نووسراوەتەوە کە گۆشەیەکی تاریک، هەرچەند بچوکیش لە تێکۆشانی سیاسی و، بزاوی(بزاڤی) ڕزگاریخوازیی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسووڕ و، دەورانی پەنجا شێست ساڵی ڕابردووڕاتا ڕۆژگاری ئێستا، رووناک بکاتەوە.")

هەمان لاپەڕە دوا پاراگراف:
٢_ ("زاندراوەکە سەرەڕای خەباتی بەردەوام لەپێناو ڕزگاری وئازادیدا، سەرەڕای گەلێک جارهەستان و، کەوتنەوە، دەریا دەریا، لە فیداکاری و، لە خۆبردوویی(بووردوویی) خەڵکی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەسەرهات و، ڕووداوەکانی ئەو زەمەنە، کە کەمیش نەبوون، جاربگرە لەبۆچوون و، ئاکاری هێزو، جەماعەت و، دەستە سیاسیەکانڕا، تادەگاتە کەس و، کەسایەتییە بگێڕو، هەڵسوڕێنەرانی ئەو گشتە گڕو کەفە، زۆرکەم نووسراوەتەوەو، ئەوانەش کە نووسراونەتەوە مخابن، لە ‌‌غەرەزوەرزی و، کین لە زگی و، خۆرانان و، مل بەملەی شەخسی و، تاسوبی لایەن و، لایەنگری بەتاڵ نین.")

لەوانەش گرینگتر ئەو بەڵێنییەکە، لە پاراگرافی چوارەمی لاپەرەی ٤دا، بە خوێنەری کتێبەکەی دەداو دەنووسێ:
٣_ ("بەڵێنیتان پێ دەدەم ڕووداو و بەسەرهاتەکان، ڕاوبۆچوونەکان، چۆن و بەچ شێوەیەک هاتبنەگۆرێ، وەک خۆی بیانگێڕمەوە، بێ لە غەرەز وەرزی، بێ لە خۆشەویستی، دوورلەناخۆشەویستی کەسایەتی و کەسەکان، بێ لایەنگری و دژایەتی چ سیاسی و چ ئیدئۆلۆژیک چۆن بووە، وای بێنمەوە.")

ئەم سێ پاراگرافە زۆر بەنرخن ئەگەر بەجێ بهێنرێن؟
ئێمە لێرەوە بەدوای تاقیکردنەوەی متمانەو بەڵێنی و نەفس بەرزی کاک ئەمیر دا، دەگەڕێین ئەگەر ئەو خاڵە موسبەتانەی کاک ئەمیر بۆخۆی دەسنیشان کردوون، لە ناو ئەو ١٧خاڵە دیاریکراوانەدا، یەکیان جێگای خۆی کردەوە، ئەوە هەرچی کاک ئەمیر نووسیویەتی دروستە. ئەگینا با خەڵکی خاوەن ئەخلاق داوەریی خۆیانی لەسەربکەن!

لە لاپەرەی ٥٦دا دەنووسێ:
٤_ ("... بەبرایانی سەرکردایەتی حیزب لە گەرمێن، ڕاگەیەندراو داواکرا کە لە وێڕا چەند برادەرێکی پێشمەرگە، وەک پارێزگارو ڕێنوێن بۆ سەروبەندی نەورۆزی ساڵی ١٩٦٤ی زایینی، بنێرن بۆ شوێنی دیاریکراو گوندی "سیاقۆڵ" لەوێ یەک بگرینەوەو نوێنەر دەگەڵ خۆ بگەیەننە باشوور...") دیارەمەبەستی لەنوێنەرخۆیەتی!
کاک مەلاحەسەن ڕەستگار! هەم بەرپرس و هەم کادری حیزبی بوو، لەو سەردەمەدا. وەک من لە کتێبەکەی کاک ئەمیردا خوێندۆمەتەوە، دەبێ ئەو سەروبەندە بێ کە، مەلاحەسەن دەگەڵ قەیماس و کەریم، سەفەری ئێران یان کرد و لە گوندی "کەوتەر" میوانی ماڵی مام وسینی کەوتەر، دەبن وکاک عومەری قازی بەرپرسی کومیتەی مهاباد، هاتە لایان...
داوا لە مەلاحەسەن دەکەم بۆخۆی کە، یەکێک بوە لە کادرەکانی ئەو سەردەم وبەرپرسی بنکەی زینوێ، داخوا لەلایەن ڕێبەرایەتی هیچ جۆرە مەعمورایەتی وایان پێ سپاردوە یان شتێکی وەها هەرگیزبوە؟ __ مەلاحەسەن، مەلاڕەسوڵ... حوسەینی مەدەنی، رەئوف مەلاحەسەن، ڕەشە‌ی قاچاخچی ئەوانە کادروئەندامی ئەو سەردەمەبوون، هێشتا هەموویان کۆ بوون، ناکۆکی و لێکدابڕان هێشتا رووی نەدابوو. ئەوانەی مردوون نایان کەم بەشایەد!

لە لاپەڕەی٦٠دا باسی ڕاکردنی خۆی دەکا بۆ گەرمێن، کە کاتژمێر١١-١٠بەیانی گەیشتۆتە مەهاباد تووشی دووکەس لەخزمانی خۆی دەبێ و دوایی دەگەڵ مونتەقیم وکاک مستەفای قازی بەرەو کوردستانی گەرمێن دێت و درێژەی دەداتێ... هەتا دەگاتە لاپەڕەی٦٤... لەوێدا دەنووسێ:

٥_ ("... بەرەبەری بەیانی تازە وڵات ڕووناکی رۆژێی دەکەوتێ، گەیشتینە دێی چەندماڵیی حاجی ئۆمەران و لەوێ ڕوومان کردە بنکەی پێشمەرگان وباقی ماجەڕا... دواتر لەلاپەڕەی ٦٥، پێشمەرگەیەکیان دەگەڵ خستوونە بۆ بنکەی زینوێ کە ١٢-١٠ پێشمەرگە وکادری خۆیانی لێبوەو...")

... لەلاپەڕەی٦٧دادەنووسێ:
٦_ ("... ئێوارەی ڕۆژی دووهەم گەیشتینە، شارۆچکەی سەنگەسەر،... سەرەبەهاری ١٩٦٤ئەوساڵە، وتووێژی بارزانی نەمر دەگەڵ حکومەتی عبدالرحمن عارف، کە لە زستانی ١٩٦٣رادەستی پێ کردبوو...")

بۆئاگاداری کاک ئەمیر! لە وەڵامی خاڵی ٥و٦ دەڵێم: بە شاهیدی هەموو خەڵکی حاجی ئومەران وزینوێ شێخی، تەنانەت ئەو کۆنە پێشمەرگانەی بارزانیش کە ئێستاش ماون، لە ساڵی ١٩٦٤دا، لەو سەردەمەدا، نەحاجی ئۆمەران بنکەی پێشمەرگەی لێبوە؛ نە زینوێ شێخی١٢-١٠ کادرو پێشمەرگەی لێبوە، نە عبدالرحمن عارفیش لەبەهاری ١٩٦٤ دا لەسەر حوکم بووە!

من زۆر ناچمە سەر وردەکارییەکان‌و نامەوێ کاتی خوێنەریان پێبگرم.
بۆ ڕوونکردنەوەی گشتی: پێش سەرە بەهاری ١٩٦٤ واتا پێش نەورۆز، بنکەی زینوێ بە فەرمانی بارزانی، بە مەعمورایەتی زەکی ئاکرەیی دەگەڵ، چەند پێشمەرگەی گەڵاڵە، شەوێک بەسەر بنکەی زینوێ دادەدەن، مەلا حەسەن و سەعیدکوێستانی و حوسێن مەدەنی و مامەندو... گشتیان چەک دەکەن. مەلاڕەسوڵی پێشنماز، ڕەشیدسمێڵ و سەعیدسەقەلی خۆیان بەدەستەوە نادەن، لە مالە ڕەحمانەدرێژی دەبن هەتا پێشمەرگەکانی بارزانی دەڕۆن. دواتر دەگەڕێنەوە بۆ پشدەر، لە قەڵادزێ چەکەکانیان تەسلیم بەکاک ئەحمەد تۆفیق دەکەنەوە. دواتر، بۆ ئەوەی بنکەی زینوێ چۆل نەبێ، کاک ئەحمەد تۆفیق، عەلی پیرمەندو قەیماس خانی جەنگی ناردبوو، هەتا بەرپرسێک دەنێرێ ئاگایان لە بنکە بێت. من و سەید عەوڵا چاوزل بێ چەک بووین و قەیماس و عەلی پیرمەند چەکدار بوون. ئیتر نە کاک ئەمیر هاتووە بۆ بنکەی زینوێ، نە چەکدارێشی لەو دووکەسە زیاتر لێبوە! عبدالرحمن عارفیش دوای ئەوەی عبدالسلام عارف لە ئاپریلی ١٩٦٥دا تەیارەکەی‌بەربۆوە سووتا، عبداڵرحمن عارف کە ژێنراڵ بوو کرا بە سەرۆک کۆماری‌عێراق!

لێرەدا، نووسراوەکەی کاک ئەمیر، نە ڕاستگۆیی تێدایەو نەڕوونکردنەوە، خۆڕانانیش بەپێی فیلان!

*جێگای خۆیەتی لێرەدا ئەوەش بگوترێ: کاک ئەمیر، لە نێو هەموو پێشمەرگەکانی ح. د. ك دا، تاریفی ئازایەتی و تێگەیشن و کوردایەتی قەیماسی دەکات و...؟
بەوتەی خەڵکی بناری قەندیل و سەنگەسەرو بەستەستێن: دوای ئاشبەتاڵ ئەو قەیماسەو هەمزەی برای کە، کاک ئەمیر زۆر تاریفی... دەکات، بە وتەی خەڵکی بناری مەنگوڕایەتی و برادەرانی خۆشمان: بوو بەجاشی عەلی حەسەناغای شەرۆتێ، و خواهەڵناگرێ ئەوەندەی لە دەستی هاتووە لە، نامەردی، خەراپە، وجاشیەتی سەبارەت بەهەژارو کرێکۆڵی بناری قەندیل دەستی نەگێڕاوەتەوە... کە چی یەکێکە لە قارەمانەکانی چیرۆکی کتێبەکەی کاک ئەمیر!! جامن باسی ترسەنۆکی وبێ دەسەڵاتی قەیماس ناکەم، بەڵام داستانی ئەوم لە قادرە خوسی خەڵکی کۆسرەتان، زانیوە. دەنا خەڵکی مەڵبەندی ئێمە نەبووە.
(ئەوباسانە_ ئەوخاڵانە، زۆرلەوە بێ بایخ ترن کە مرۆڤ باسیان لێوە بکا؟ بەڵام چوونکە کاک ئەمیر خۆی سوێندی لەسەرناوەرۆکی کتێبەکەی خواردووە کە، ڕاستگۆ و ڕووداوەو شتەکانی وەکوو چۆن ڕوویانداوە، بیانگێڕێتەوە... بۆیە منیش نیشانی دەدم و خوێنەر دەکەم بە داوەر!...)

لەلاپەڕە٧٥دالە پاڕاگڕافی ٢دادەنووسێ:
٧_ (ئێوارەیەک دەگەڵ کاک ئەحمەد، چووینە خزمەت بارزانی ، بەتەنێ لە ژوورەکەی خۆیدا دانیشتبوو. زۆر زوو پاش سڵاو و چۆن وچاکی پرسی: "ئەحمەد، سولەیمان _ مەبەست لە کاک فایق بوو ـ لە کوێیە؟" کاک ئەحمەد لە جواب داگوتی: "بۆهێندێ کاروبار چۆتە سونێ." بارزانی بزەیەکی هاتێ وگوتی: "وەڵڵانەتزانی وا لەخزمەت برایم ئەحمەدە."...)


سەیری ئەو دەقەی سەرەوەبکەن چەندە بە تەوسە؟ پێتان وایە لەو سەردەمەدا، بارزانی بەو جۆرە لەسەر فایق دوابێ ونەزەری و‌ەهای بووبێ؟

کاک سولەیمانی موعینی لەلایەک دەکا بە عامیلی حیزبی توودەی ئێران و حیزبی شیوعی عێراق، لە لایەک هاودەمی مامۆستابرایم ئەحمەد، و دواییش دەیکا بەباوەڕپێکراوی بارزانی، و دەیکا بەنوێنەری خۆی و دەینێرێ وتووێژ بکادەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی عێراق...! تۆبڵێی کۆمەڵگەی کوردەواری ئێستاش هەروەک ڕابردوو، ساویلکەو، لێقەوماوبێ و لەسەردەمی گەشەی زانستیشدا هیچی پێ نەبڕابێ؟ بەو جۆرە قسانە کاک ئەمیر لێرەوە بەجادەی خۆڕانان دا، خۆی دەکوتێ بۆ هێرش بردنە سەر سولەیمانی موعینی، ئیدی کاری بەوە نیە دەگەڵ دونیایەک تەناقوزات روو بەڕوو بێتەوە؛ بێ ئەوەی بزانێ دەپێشدادەڵێ چێ ودوایی چێ گوتووە؟
، ئەویش قسەی ٤٥سال لەوە پێش کە، هەتا ئێستا بۆی خوردنەکرابێتەوە، باوەڕی پێبکەن!؟ دەبێ ئەو کەسەی کڕیاری ئەو قسانەبێ، زارکی گیرفانی زەین وهۆشی چەندە ئاواڵە و بەفراوان بێ؟

ئەو خاڵەی سەرەوە جگە لەقین دەزگی وبەدگۆیی و... شتێکی دیکەی پێوەدیارە؟
لاپەرەی ٧٦ هەڵقوڵاوی زەینی کاک ئەمیرە، نەک ڕووداو! هیچ بناخەیەکی بۆ نییە!

٨_ (لە لاپەڕەی ٧٧دا باسی ناکۆکی نێوان کاک ئەحمەدو جەماعەتی ک. ساخکەرەوە، دەکا کە قەناعەتی بەکاک ئەحمەد هێناوە بەڵام فایق، دژبوە نەیهێشتوە ئاشتیان کاتەو...)

بۆ ئاگاداری گشتی! کۆنگرەی ٢ی حیزبی دێموکراتی کوردستان بێ گیان ترین کۆنگرەی ئەو حیزبە بووە لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا. جگە لەکاک ئەحمەد تۆفیق، هەتا هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندیی لە کۆنگرەدا، کەس قسەی نەکردووە! لە کۆنگرەشدا کاک ئەحمەد تۆفیق، هێرشی کردە سەر فایق، بەو جۆرە: " فسکەفسکی کاک فایق، دەگەڵ جەماعەتی دەرکراوی خایینی ساخکەرەوە_ قادرە کوێر هاشم ئەقلوتولاب، سەعیدە کوێر گزینگ، مەلاشەلە، مەلا ئەبوبەکری فەلسەفی... بۆ بەخشین‌و چاو پۆشین نابێ و... "
یەکێک لەخاڵە هەرە بەرچاوەکانی ناکۆکی، نێوان کاک سەدیق وسێ کەسەکەی تری کۆمیتەی ناوەندی، دەگەڵ کاک ئەحمەد تۆفیق، بریتی بوو: لەبەخشین و هاتنەوەی کۆمیتەی ساخکەرەوە، بۆناو حیزب لەدوای کۆنگرەی ٢، کاک ئەحمەد، بەمەرجێک ئامادەی گەڕانەوەبوو بۆ نێو برادەرانی خۆی، کومیتەی ساخکەرەوە، بەخایین بناسرێ، و ئەو بەیانییەی ئەو لەسەری دەرکردبوون، کۆمیتەی ناوەندیی ڕێزی لێبگرێ و تاییدی بکات. خاڵی دووهەمی ناکۆکی دەگەڕاوە سەر کاک ئەمیرو ڕاپۆرتی سەفەرەکەی.

داخوا مەلا ڕەسوڵی پێشنماز و مەلاحەسەنی رەستگار، کە ئەندامی کومیتەی ساخکەرەوە بوون، ئەو نووسراوەیەی کاک ئەمیر پشتڕاست دەکەنەوە؟ ڕاستی ‌و دروستی ئەو قسەیە و چۆنییەتیەکەی لای ئەوانە!

لە لاپەڕەی ٧٩را هەتا٩٥ ئەگەر بژاری بکەی کتێبەکەی، دو دێڕی تێدا نیەکە ڕووی دابێ! دواتر هەتا دەگاتە لاپەرەی ١٢٣ بۆ ئەوەی نابێ خۆمی پێوەماندوو بکەم و کاتی خوێنەریشی پێ بگرم. ١٥وشەی تێدا بەدی ناکەم رووی دابێ!

بۆ تاران. لە تارانیشەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بە شاری سلێمانیدا دەگەڕێتەوە خۆی بەو جۆرە دەستدەکات بە گێڕانەوەی ماجەراکە: ئەو ڕووداوە، کاتێکە کە زیاتر لە چوارمانگ بەسەر کۆتایی کۆنگرەی ٢دا تێپەڕیوە!
دەگاتەلاپەڕەی ١
کاتێ کاک ئەمیر لەلایەن کاک ئەحمەدتۆفیق‌ەوە، دەنێردرێ بۆ ئوروپا، بۆ خوێندن بەڵام ڵە ڕێگای خەلیجەوە دەگەڕێتەوە ٢٣ و دەنووسێ:

٩_ (... لەوفکرانەدا، لەبەرپەنجەرەی دانیشتبووم وتەماشای مەیدانی ناوەندیی شارم دەکرد، لەناکاو چاوم بە کاک فایق کەوت کەدەگەل هاورێ و پێشمەرگەی هەرەخۆشەویست، کەریم نستانی(؟) لە مەیدانەکەڕا بەرەو هوتێل دەهاتن. لەخۆشییان هەرگەشکە بووم هاوارم لێکردن، دیتیانم و بەپەلە خۆیان گەیاندە سەرێ و لێم وەژوورکەوتن.
خۆش‌و بێش دەستی پێکرد. بە پەلەو بەموختەسەری،، نیوەی داستانی خۆم بۆ فایق گێڕاوە، پاشان پرسیم لەو هەلومەرجە ناخۆشەدا چۆن و لە بەر چی گەیشتۆتە سلێمانی! بە پێی وتەی کاک فایق دەبێ کاربەدەستێکی حکومەتی لەبەغداڕاهاتبێتە سلێمانی و پرۆژەیەکی نوێی هێنابێ بۆ لێکاڵا کردنی کێشەی شۆڕش و حکومەت. بارزانیش وای بە باش زانیبێ کە کاک فایق بێ بۆسلێمانی و ئەو دەراوە تاقی کاتەوە. نانی نیوەڕۆمان هەر لە ژوورەکەی مندا خوارد، پاشان بەدوای کارەکەیدا ڕۆیشت، نزیکی بانگی شێوان گەڕاوە لامان و گوتی: "کابرای ڕاسپێردراو وەدوای کڵاوی خوار کەوتووە، چی تازەی پێ نییە."
ئەوشەوە لەسلێمانی ماینەوەو...)

ئەوەی دەزانم کە ئەوانەی خەڵکی باشووری کوردستان بن و ئەو دەم ئەگەر پێشمەرگەش نەبووبن دەزانن ئەو نووسراەیە، هیچ بنە مایەکی دروست و عەقڵانی تێدا بەدی ناکرێ!
نازانم کاک ئەمیر، چۆن بیری لەوە نەکردۆتەوە؟ کاتێ شەڕی نێوان حکومەتی ئێراق و شۆڕشی کوردستان، دەستی پێدەکردەوە، بەواتایەک، نێوان بارزانی و حکومەت دەبوو بەشەڕ، ئیتر لایەنگری هیچ یەک لەو دوولایەنە، بۆی نەبوو، و نەیدەتوانی بەسەیتەرەی ئەوی تردا تێپەڕێ! ئەگەر بەهەڵکەوتیش کەسێک ویستبای بە سەیتەرەی هەرکام لەو دوولایەنەدا ڕابردبا، و گومانی لێکرابا، هەر لەوێ دەگیراو دەدرا بە بەندیخانەو دەکەوتە ژێرلێکۆڵینەوەو.... بەو جۆرەی کە کاک ئەمیرباسی لێوەدەکات: لەوانەیە لەو سەر دەمەدا سەیتەرەکانی ئەو لە شکرە؛ لە حکومەتی عێراق هەڵگەڕابنەوە...؟
ئەوە بەجێگای خۆی! بۆ زیادلە تەواوی ئەو کوردستانە، بارزانی، فایق دەنێرێ بۆ وتووێژ دەگەڵ کار بەدەستانی حكومەتی عێراق؟ چما لە کوردستانی عێراق قحت اڵرجاڵ بوو؟
یان نا، لەوانەیە، مەبەستێکی شاراوە وتایبەتی بۆ ئەو باسە هەڵبژاردووە؟

بیر لەوە ناکاتەوە ئاخر ئێستا زەمانی ئەحمەدشای قاجار نیە، سەردەمی ئینترنێت و زانیارییە؛ ئەو رۆژە مێژووییانە هەموو لە دەفتەروقاقەزاندا نووسراون!
ئەگەر نووسیبای سولەیمان، چوو بوو لە سلێمانی بۆ وینە: قوماش و پارچەو کەلوپەلی عەتتاری بۆدوکانی باوکی بکڕێ و بەڕێیکاتەوە بۆ مهاباد، ئەو قسەیە زۆرتر دەبوو بە جێگای بڕوا، هەتا وەک نوێنەر؟ چوونکە باوکی لە مهاباد، دوکانی هەبوو!
دەبێ ئەوەش بگوترێ هەرگیز لەو بەهارەدافایق سەفەری سلێمانی نەکردووە، باسەکە، لەسەرەتاوە، تاکۆتایی هەلبەستراوەو بنەمای ڕاستی بۆنیە! ئەوە خەیاڵی کاک ئەمیرەو بەس!

لە لاپەڕەی ١٢٣-١٢٤-١٢٥
١٠_ (... منیش چوومە نێو کیشەکە و گوتم: " ئەگەر وابێ سەدیق خەریکە وردە حیسابی کۆنی خۆی کە دەگەڕێتەوە بۆ زەمانی کۆمار، کە لە دڵدا تا ئەو ڕۆ هەر ڕایگرتووە کە دەیەوێ لە سەر کۆنگرەو حیزبی دێموکرات پاکی بکا")
ماشاڵڵا! لەو ڕوون کردنەوەیە؟
بۆئاگاداری! نەکاک سەدیق ئاگای لە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەی کۆتایی کۆنگرەبووە، نە کۆنگرە حوکمی دەرکردنی کۆمیتەی ساخکەرەوەی داوە! (ئەوە یەکێک لە خاڵەکانی بەیاننامەی کۆنگرەیە) نەکاک سەدیق لەدژی کۆماری کوردستان قسەی کردووە، نە بێ ئەمری مەلا مستەفا، وتەیەک لە کۆنگرە دا گوتراوە، نەکارێک کراوە. چاک و خەراپی ئەو کۆنگرەیە بەرپرسی ١یەکەم جگە لەکاک ئەحمەدتۆفیق کەسێکی تر نەبووە! کاک ئەمیر دەیهەوێ هەم ناکۆکی خۆی دەگەڵ کاک ئەحمەد بشارێتەوە؛ وهەم لێرەداخۆی بەچەند وشەیەکی بێ واتای موعممائاسا، نیشان بدات و کاک سەدیق چووکە کاتەوە؟ من نازانم کاک ئەمیر چەندە، دەخوێنێتەوەو چەندە دەنووسێ؟ بەڵام دەبوو هێندێک بەئینسافەوە، لانیکەم ئینسافی بەخۆیدا هاتبا، جائەو قسەیەی کردبا، ئەگەر کاک سەدیقی تۆمەتبار دەکرد؟ دەبوو تاوانەکەش دەسنیشان بکا!
شاعیری ناودارو ئەفسانەیی ئیران، نیمایوشیج، بەداهێنەروباوكی شێعری نوێ دەناسرێ؛ ماوەیەکی چەندساڵی لە وەزارەتی فەرهەنگ دا لە تاران، هاوکاری کاک سەدیق دەبێت و لە زۆرێک لەیادداشتەکانی خۆیدا، لەبارەیدا دەدوێ، لە یەکێ لە یادداشتەکانیدا دەبارەی کاک سەدیقی ئەنجیری ئازەردا، دەنووسێ:

لاپەڕەی٢٥١ برگزیدەێپار نیمایوشیج
ئەنجیری ئازەر
ئەم لاوە کوردە لێوەشاوەترین مرۆڤێک بوو کە لەو ساڵەدا شانازی ناسیاویم دەگەل ئەو پێبڕا. ناڵێم ئەم لاوە چەند زمان دەزانێ. ناڵێم ئەو شێعری ئەمرۆ و دوێنێ و هەموو ڕۆژێک لە شاعێرباشتر تێدەگا، ناڵێم تێگەیشتنی ژیروێژی چەندە هەیە. ناڵێم چەندە گەشەی لێکدانەوەی هەیە. ناڵێم ئەو چ کەسایەتێکەو چ دەکا.
ئەو مەزنترین مرۆڤێکە کە لە ماوەی ژیانی خۆمدا دەگەڵی تێکەوتووم _ تووشی بوومە. من دەگەڵ زۆر مرۆڤی هاوبیرو هاوئاسۆی خۆم تێکەوتووم ئەو لە هەمووی ئەوانەی تێپەڕاند بوو.
ئەم لاوە کوردەو بەتایبەتی کوردی بەواتای مرۆڤ تەواوی ساڵی ١٣٣٤و١٣٣٣ بوو بەهۆی تەسکینی دڵی من.
ئەم کوردە بەڕادەیەک تێگەیشتوویە کە تێگەیشتنی ئەو لەسەرەوەی زانیارییەو زانیاری ئەو لەسەرەوەی تێگەیشتن.
من لەمەر زانستی ئەو هیچ ناڵێم (ئەو زۆرشتی خوێندۆتەوە لە خەڵکیتری باشتردەزانێ. ئەو بەزمانی عیرفان بە "حق الیقین"ی زانستییەکانی خۆی گەیشتووە.
ئەو جیالە زانستە. ئەو زانستێکە کە دەبێ زانست بەو هەڵسەنگێنی و بەو لەکەم وکووڕییەکانی زانستی بەشەری بگەڕێی.
کاک ئەمیریش ئاوای باس دەکا لەکتێبەکەی خۆیدا؟
_____________________________________________________________________

لاپەڕەی ١٣١، سەیری ئەو لاپەڕە بکەن جێگای سەرنجە! دەبێ خوێنەر لەسەر دەقیقی و دروستی و ئەمانەتی نووسەر بێ ئەوەی لەوێ بووبێ، یان لەو تەمەن و ساڵە دابێ بزانن چەندە جوانو بەتەرتیب و ڕێکوپێک و ڕاست ودروستی نووسیوە! دەنووسێ:

١١_ (بەسەرهاتی شەهید بوونی کاک باپیر...
ناگوزیر کارەساتی شەهید بوونی کاک باپیرم، لە ڕێگای نامەوەڕاگەیاندو برادەرانم لەبەسەرهاتەکە ئاگادار کردەوەو داوام لە گشتیان کردکە بگەڕێنەوە بۆسونێ. کاک فایق بە دەنگەوە هات و گەڕاوەسونێ و دوا بەدوای ئەو مامۆستامەلارەحیم گەیشتەوە سونێ، باقییەکەی دیکە گوێیان نەدایە و نەگەڕانەوە.

کاک فایق شەش حەوت ڕۆژ لە سونێ ماوە، ئیدی بە نێوی ئەوەی کە کارەکانی بە ناتەواوی بەجێهێشتوون، لەسونێ رووگەردان بوو بەرەوناوچەی ژێرسەرپەرشتی خۆی بەجێی هێشتم. تاگەڕانەوەی کاک فایق بۆ سونێ بۆجارێکی دیکە، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی وەدواکەوت، ناچار، مامۆستا مەلارەحیمیش تائاگاداریی دوایی، بەرەوناچەی خۆی...")

لە ئەساس دا ئەوەی کاک ئەمیر نووسیویە، بوونی نەبووە!
بۆئاگاداری هەموولایەک: کاک باپیر لە مانگی جۆزەردانی ١٣٤٥هەتاوی ١٩٦٦زایینی لە ناوچەی سۆما ڕۆژەکەیم لە بیر نەماوە، دەگەڵ مەلاسمایل وەک کادر، فیروز برای چوکی پێشمەرگە، مام ڕەزای مامی و ناجی خوارزای وەک پێشمەرگە، لە شوێنێک لە ناوچەی سۆما، نزیک گوندی ساکان، بە نێوی گلەخڕ شەهیدکران.
کاک سولەیمان هەرگیز لە١٣٤٥ دوای ئەوەی لە کاری تەشکیلاتی ٣مانگە کە، گەڕاوە بۆ سونێ وچەند ڕۆژی نەخایاند کە دوورخرانەوە بۆ دۆڵەرەقە. کاک ئەمیر بە هیچ جۆر خەبەری شەهید بوونی کاک باپیری لەپێش کاک فایق دانەزانیوە. باشم لە بیرە شەوێک کە ماڵمان تازە چووبووە خەلان، خەبەری شەهیدبوونی کاک باپیر، یەکێک لەخزمەکانی بۆ کاک سەدیق‌ی هێنابوو، نەیانزانیبوو کاک سەدیق بێ جەماعەت... وەشوین بزر بوونی کاک سەدیق کەوتبوون، مانگی مای مانگی٥بوو، لەدەربەندو ئەو ناوە بووین. ئەو تەفسیلەکەم لە لاپەڕەیەک دانووسیوە!
کاک ئەمیر، لێرەشدا دەسکەوتی نیە. کاک ئەمیر نە ئاماژە بە کەسێک دەکا کە پێی ڕاگەیاندبێ، نەساڵەکەی دیارە، نەمانگەکەی؟ پێم ناڵێی ئەوە چ ڕوون کردنەوەیەکی تێدایە؟
گشتی باسەکە، هەڵقوڵاوی زەینی خۆیەتی! ئەوەی کاک ئەمیر لەو لاپەڕەیەدا نووسیویە!
سەروشوێن کراوە. ئەو دەم من و کاک سەعیدکوێستانی لە خەلان بووین و کاک سولەیمان و مەلا قادرو مەلامەحمودو
ل ١٣٣ هاتنی سەیدرەسوڵ بۆ قەندیل یەکەم جارمانگی خەرمانانی ١٣٤٤ بوو. خۆی لەکۆنگرە هەڵبژێردرابوو، بەڵام نەگەیشتەکۆنگرە،لەدەشتی "وەزنێ" لەبەر کڕێوەو باسریشک نەیتوانیبوو خۆی بگەیەنێتە سونێ، بەلام نامەکەی زیندان ونامەی خۆی هاتە کۆنگرەو خوێندراوە. چوو بووە زیندان، بۆ مولاقاتی دوکتور عەلی مەولەوی... ئیتر سەید رەسول هەتامانگی ڕەشەمە١٣٤٤ دەگەڵ مەلاسەید ڕەشید لە شێخان دەبێ دوای ڕۆیشتنی کاک ئەحمەد تۆفیق بۆ بادینان، دەگەڵ مەلاسەید ڕەشید، دێنە سیدەڵان لای پێشمەرگە کان، دواتریش دێتە گەڵوەرەز!

ئەوەی کاک ئەمیر باسی سەفەری ئیران و دۆڵی‌شیخان وداغەو قوڵغەتەپە هەتا دەگاتە لاپەڕەی١٣٩ یەک وشەش بەکردەوە ڕووی نەداوە! تەواوی هەڵقوڵاوی زەین و خەیاڵی خۆیەتی شتی ڕوونەداو، نووسراو، لە کتێبەکەی کاک‌ئەمیرداکەم نین! بۆ ئەوەی شوێنی دیارنەبێ، ساڵەکەی نیشان نەداوە؟ چوونکە، گەڕانەوەی کادرەکان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەراوی دوای کۆنگرەی٢ و ساڵی ١٣٤٤بوو. ئەویش هەموویان بەرچاون... لەوسەردەمەدا، کاک ئەمیر، نەخۆی ئامادەیی هەبوو دەگەڵ کۆمیتەی ناوەندی هاوکاری بکا، نەکۆمیتەی ناوەندی کۆنگرەی٢ش هیچ جۆرە کارێک و لێپرسراوییەتی بە کاک ئەمیر ئەسپاردووە! وادیارە کاک ئەمیردوای ئاوبردنی چەرمەکە، پەژیوان بۆتەوە، ئەوجارە بەخەیاڵ دەچێتەوە بۆکورستانی ئێران و شانە دادەمەزرێنێ؟!
بەرپرسی یەکەم و هەڵسوڕاوی کۆمیتەی مەڵبەندی دێبوکرو داغەو... مەلا محەمەدی مەزنەی و ئەحمەدی عەلیتەی وچەندکەسی تری وەک حەمەگۆران و... بوون، مەلامحەمەد ئێستاوا لە هولەند دەژی، ئەحمەدی عەلیتە و حەمەگۆرانیش کۆچی دواییان کردوە. سەیر ئەوەیە لەهەموو جێیەک شایەدەکانی کاک ئەمیر هەموویان ئەو کەسانەن کە مردوون؟
ئەو باسەی کە چەندین ڵاپەرەی کتێبەکەی پێ پڕ کراوەتەوە تەنانەت دێڕێکی راستیشی تێدانیە! کەنگێ کاک ئەمیر سنووری باشووری کوردستان، ئەوەی پێی دەگوترێ مەرزی ئێران و عێراقی پەڕاندووە؟ خۆ ئەوانەی ئەو دەم دەگەڵ ئێمە هاوکاربوون هەموویان نەمردوون!
کەوابوو لێرەش دا، کاک ئەمیر خاڵی موسبەتی دەست ناکەوێ؟
دواترلە لاپەرەی ١٤٣دا، باسی عەوڵای مەلاعوسمان و ئازایەتی دەگێڕێتەوە. لەمەر، مەلاعەوڵای مەلاعوسمان دەنووسی:
١ (..٢_. لەشەڕی بەناوبانگی "هندرێن" ساڵی ١٩٧٠‌ی‌ زایینی دا، مەعەوڵا بەرپرسایەتیی دەستەی پێشمەرگەی حیزبی بەئەستۆوە بوو. ئەو دەستە پێشمەرگەی دەگەڵ مەلا عەوڵا بوون، ئەوانەبوون کە بەشداری شەڕێ بوون وهێرشی سەر سوپای عێراقیان بۆ دانرابوو...")
ئەوەکە مەلا عەوڵا بەرپرس بووبێ جێگای پرسیارە؟

ئەگەر ساڵی ١٩٧٠ نەک هەر لە هندرێن، ئەگەر لەهەر کوێی ئێراق لە نێوان پێشمەرگەو حکومەت شەڕ هەبوو بێ، ئەوە بەیانی ١١ئازار درۆیە؟!
تەماشای‌ ئەو چەند دێڕە بکە و شەری هەندێن ومێژووەکە سەیر بکە ئەو برادەرە چەندە بەمەسئولییەتەوە ڕووداوەکان بۆ خەڵکی ناشارەزا ڕوون دەکاتەوە؟

لاپەڕەی ١٤٦ لەمەڕ گەڕانەوەی فایق بۆسونێ کە زۆرگرینگە! دەنووسێ:

١٣(... سەروبەندی زستانی ئەوساڵە، ١٣٦٥ پاش ٦مانگ دوور خستنەوەی کاک ئەحمەد، کاک فایق، لە مەئمورییەتی٣مانگەی کارو تێکۆشانی سیاسی، کە ٦مانگیش تێپەڕ ببوو گەڕاوە سونێ.)

ئەوەندە ڕاستە بەلام چۆن؟ چەندڕۆژ لەمانگی خاکەلێوە تیپەڕیبوو، ئەوەندەت شایەدی بۆدەدەم. بەڵام ئەوە پێشترباست کردووە؟

ل ١٤٧لە سەر کۆبوونەوەی دۆڵە ڕەقە ئاوادەنووسێ:
١٤ _ ("... زستانی ساڵی ١٩٦٥مان لەپرش وبڵاوی وکەس لەکەسیدا سەرکرد، سەرەبەهار، وەک ماروموور، بووژاینەوە، بڕیاری کۆبوونەوەیەک لە بنکەی دۆڵەڕەقە، ڕاگەیاندرا. دەوروبەری مانگی پووشپەڕ، لەوێ کۆ بووینەوە. لەئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی دووهەمی حیزب ٣ کەس بەشداری کۆبوونەوەکە بوون. کاک فایق، کاک میرزائەحمەد، نووسەری ئەو یادداشتانە. بێجگە لەو٣ کەسە بەشێکیش لە ئەندام‌و کادرەکانی حیزب تێیداهەبوون. باس وبەرهەمی هەرە گرینگی کۆبوونەوەی دۆڵەڕەقە، دووبەند یان دوو مادەی لەخۆگرتبوو. یەکەم پێکهێنانی کۆنفەرانسێک بۆ چارەسەریی ئەو شپڕێوی و ناکۆکیی ناخۆیی‌یە. دووهەم بەجیددی و لێبڕاوی وەدوای سەروسۆراغی کاک سدیق هەنجیری کەوتن، کەماوەیەک بوو لە ناوچەی باڵەکایەتیدا بی سەروشوین ببوو،
کۆبوونەوەی دۆڵە رەقە...)

من لە "لاپەڕەیەک لەتێکوشان و..."دا ل ١٣١دا لە سەر باسی ئەو کۆبوونەوەیە، کورتەیەکم نووسیوە، بەڵام بەداخراوی!
هاوینی سالی ٢٠٠٨ هێندێک لە دۆستان بە وتەی موسوڵمانان "سیلەی رەحم" یان بزووتبوو لوتفیان کردبوو، بەسەریان کردبوومەوە، هاتبوون بۆ سەردانم لەستۆکهۆڵم. ئەوانەی لە بیرم مابێ: کاک سەلاحی موهتەدی، کاک محەمەدی موهتەدی، کاک ئەمیری قازی، کاک عومەری کاک سەعد، مامۆستا عومەری عەسری و... بوون.
مامۆستاعومەر، رووی کردەمن گوتی: "خزری! تۆ لەکتێبەکەی خۆتدا باسێکت لە سەرکۆبوونەوەی دۆڵەرەقە نووسیوە، دەڵێی: ئێمە لە سەر بڕیاری پێشوو، لە دۆڵەڕەقە کۆ بووینەوە کە، هەتا کۆنگرە، یان کۆنفەڕانسی داهاتوو، ڕێبەرایەتییەکی نوێ بۆکاری سیاسی و تەشکیلاتی خۆمان، هەڵبژێرینەوە. بەڵام بەهۆی هاتنی سێ کەس کەدەبوو نەهاتبان و لەو کۆبوونەوەیەدابەشداریان نە بووبا، رۆژی دوایی کە بڕیاربوو کۆبوونەوەکە دەست بەکاری خۆی بکا، ئەوان هاتن. هاتنی ئەو سێ کەسە، ئێمەی سەبارەت بەیەکتر بەدبین و دڕدۆنگ کرد. هەرکاممان چاومان لەیەکتر دەکرد بە عەلامەت پرسیارەوە، دەبێ کێ بەوانەی گوتبێ...؟ شەو داهات دوای نان خواردنی شەو، یەک ، یەک و دوو دوو بەربووینەوە بۆ خوار هۆڵەکانی دۆڵە رەقە. _ سمایلی شەریفزادە، سولەیمانی موعینی، سەعید کوێستانی، سالار حەیدەری، ڕەحمەتی کاک حەمەدەمینی سیراجی و نووسەری ئەو نامەیە. باسەکەمان دڕی. وەک دەرکەوت هیچ کەس لەوانە باسی کۆبوونەوەو دەعوەتی ئەوسێ کەسەی نەکردووە، پێیان ڕانەگەیاندبوون. ئیتر ئێمە زانیمان ئەوە کاری "پاراستنە" زانیویانە... هاتینە سەر ئەو ڕایە کە سبەی لە کۆبوونەوەکەدا خۆمان قوشقی نیشان نەدەین. کۆبوونەوەکە لە مەسیری خۆی لادەین و بیکەین بە بەدواداچوونی کاک سەدیقی ئەنجیری و... "
مامۆستا عومەر گوتی: ئێستا تۆ دەکرێ باسی ئەو سێ کەسەبکەی یان هەر بە نەناسراوی و نەگوتراوی باسی ناو کتێبەکەت دەمێنێتەوە؟
گوتم: من کە ناوی ئەو کەسانەم نەبردووە لەبەر ترسەنۆکی خۆم و بێ شەهامەتی نەبووە، بەڵکوو نەمویستووە بەنووسراوە، لە نێو کتێبەکەم دا، ناوی خەڵک بەشێوەیەک لەشێوە... بەرم. بەڕەچاوکردنی ئەدەب بووە نەشتێکی تر! یەک لەو سێ کەسە ئەو کاک ئەمیرە حازریە، بوو ٢دووهەم هەڵمەت ناوێ خەڵکی بێژوێی ئالان _ محەمەدی قادری بوو کە، لەشەڕێکدا، لە ناوچەی سوێسنیان، لە گوندی سەرشیو، بەدەستی شەهید قادرشەریف، بەڵیقائوڵلا گەیشت! ئەوی دیکەش کەسێکی تربوو! ئیتر من لە نووسراوەکەی خۆمداکاک ئەمیرم بە "پاراستن" ناو نەبردووە. ماڵی خۆم بوو، دەبوو بە پێی داب ونەریتی کوردەواری تۆزێک، ئەدەبم ڕەچاو کردبا، بەڵام بە وتەی یەکی لە دۆستان جاروبار بێ ئەدەبی وام لێ ڕوودەدا!
ئێستا لێرەدا کاک ئەمیر، کەوتۆتە وردە حیسابان. ئەگەر کاک ئەمیر ئەو دەم بە مەنتیق توانیبای لەو بارەوە دیفاع لەخۆی بکا، هەموو کەس هەقی پێدەدا، منیش هەر شەرمەزاریم بۆدەماوە، ناچاردەبووم داوای لێبوردنی لێبکەم. ئەوەش قسەیەک نیە کەس نەیبیستبێ و پاشملە، بۆم هەڵبەستبێ لانیکەم شەش کەس لەوێ بوون...

ل١٥٠-١٥١ وەها دەنووسێ:
١٥_ (..."چیرۆک ئاوادەست پێ دەکا، کەچەند ڕۆژێک لەپێش ئەوەدا کاک فایق، باشوور بەجێ بێڵێ و بە یەکجاری بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٧-٤٦؛ بە ساڵی ئێرانی؛ واتە ٦٧-٦٨ ی زایینی دست بداتێ، ڕەحمەتی مونتەقیم قازی، دەگەڵ کاک عەوڵای موعینی پێکەوە دەچنە هەولێر.
لەو سەفەرەدا، لەڕووی ساکاری و کەملێکدانەوەیی لە بارودووخەکە، چاویان بە "قادەراغا" ناو دەکەوێ لە عەشیرەتی "مەنتک"، ئەو قادراغایە، هاو زەمان جاش دەبێ، جاشێکی بەدەسەڵات وخەتەرناک، کە ناسیاویی دەگەڵ هەموو ئێمەش دەبێ، چونکە وەختێک لە وەختان، بەندیی شۆڕش و لەبەندیخانەی شێنێ دابوو، کە برادەرانی ئێمە پێی ڕادەگەیشتن بەو شەرتە هەر لە ڕێگای برادەرانی ئێمەشەوە، ڕێی هەڵاتنی لە زیندان، بۆخۆش کرابوو... دەڕوا وڕێگای)

جێگای سەرنجە بۆ ئەو کەسانەی کە، کتێبی "لاپەڕەیەک لەتێکۆشانی ساڵەکانی ٤٧_٤٢"یان لا هەیە، سەیری لاپەڕەی١٥٤ی ئەو نووسراوە بکەن. بێشک ئەوە، پوختەی هێندێک لە هەڵگیرسانی خەباتی چەکداری ساڵەکانی ٤٧-٤٦ ئاگاداری دەست دەکەوێ. من سوێندبۆ کەس ناخۆم کە، بڕوابکەن، بەڵام ئەوە زانیاری منە لەوسەردەمەدا، لەسەرئەو ڕووداوە. ئەوە ڕووداوێکە لەزمان کادرێکی تەشکیلاتی ئەو حیزبەوە دەگوترێ و بەسەرهاتەکەی ئەوجۆرەی ئاگای لێیە بەنووسراوە، بۆخەڵکی کوردستان و بەرەی نوێی خەباتگێڕی نووسیوە!...
کاک مونتەقیمی قازی خوالێخۆشبوو، مامۆستا هەژاری لا، لە مەلاییکەش موقەدەس تر بوو. ئەوەی لای خەڵکی دەیگوت، لای مامۆستا هەژاریشی دەگوت. مونتەقیم ئەوە بەڕاستی با، یان زۆرتر هەر شۆخی بوو: "لێی دەدەین، تۆش دەگەڵدای یان نا؟ لە دێڵە زەردی دەدەین!" (مەبەستی مۆنتەقیم لە دێڵەزەرد، شای ئێران بوو، واتاخەریکە، لەئێران شۆڕش بکات و لەحکومەتی شابدات.)کورت‌و کرمانجی دەکەوێتە داوی کەسێکی پیاوی پاراستن، ئەو کەسە خۆشەویستی مامۆستا هەژارو دۆستی کاک ئەمیرو... زۆرکەس لە کاربەدەستانی "پاراستن" کەم وزۆرئاگاداری ئەوبەسەرهاتە هەن. مونتەقیم لە زینوێ شێخی دەبێ و لەوێڕادەچێ بۆ ، بۆ ماڵی عومەری کوڕی شیخ عوبەیدیللای زینوێ و بەدوای مونتەقیمیش دا، ئەو کەسە دەگاتێ کە پاراستن ناردویە. هەم وەک هاوخەباتی مونتەقیم دەبێ، و هەمیش نێردراوی پاراستن! عومەری کوڕی شێخ عوبەیدیللا هەولێر ، نەوەی شێخ ڕەشیدی لۆڵانە. جاچۆن دەچن بۆ لای قائید فیرقە، من ئەوە نازانم؟ ئەوە پاراستن دەزانێ! من دوای چەندمانگ کە ئەو دەم لە باڵەکایەتی مابوومەوە، هاتووچۆی هەولێرم دەکرد. جارێک چوومە هەولێر بۆشت کرین. زۆر بەزەحمەت خۆم دەژیاند. دەگەڵ سەعید کەبابچی شەریک بووم لەراستیدا ئەو کارەی خەتەرناک بوو بۆژیان ئەنجامم دەدا؛ بەقاچاخی دەچووم بۆهەولێرو موسڵ‌و بەغدا. کەسێک نووسراوەکەی منی خوێندبێتەوە دەزانێ من چۆن ژیاوم؟ قادر مەنتک کە، کاک ئەمیر ئاماژەی پێدەکا، دەگەڵ من و مونتەقیم و مەلامحەمەدی عەجەم، لە هەمووکەس زۆرتر نێوانی خۆشبوو. من زۆر بەسەراحەت و ئاشکرا، نووسیومە چۆن لە زیندانی شێنێ ڕایان کردوە، و پێشمەرگەیەکی مەکتەبی تەنفیزی کە ئەو دەم لە هەڵشۆ بوو، و ناوم بردووە، وەرقەی هێنابوو... تەفسیلاتەکەم لە نووسراوەکەی خۆم دانووسیوە. کەچی کاک ئەمیر، بە بێ ئەوەی ناوی کەس بەرێ دەڵێ:
لەڕێگای برادەرانی ئێمەوە توانیبووی ڕابکا؟ کورت و کرمانجی هەر وەک هاوکارەکانی بە خشکە تۆمەتی بەعسی بوون و... پێشمەرگەکانی کێشکچی بەندیخانەش تۆمەت‌باردەکا بەهاودەستی قادرمەنتک!

بەهەرحاڵ قادرمەنتک دەزانی من لەماڵی سەعید کەباچیم، سیارەیەکی موسەلەحەی پڕلە جاش دەنێرێ بۆ ماڵی سەعید کەبابچی کە ئەودەم لەگەڕەکی خانەقابوو. بەنێوی ئەوەی کە هاتوون من بگرن. دوایی زانیم ئەوە کەڵەکی سەعید کەبابچیە. بە کورتی من دەگەڵ سەعید، چووم بۆماڵی قادراغای مەنتک، شەو میوانی بووم. باسی هاتنی مونتەقیم بۆ ماڵی خۆی و کابرای هاوڕێی بۆ گێڕامەوە. من زۆربەکورتی باسەکەم لە کتێبەکەی خۆمدانووسیوە. قادراغا، باسی موساعەدەو یارمەتی حکومەتی بۆ باس نەکردووم باوەڕ ناکەم یارمەتیان وەرگرتبێ. بەڵام گوتی مونتەقیم، بەواسیتەی ماڵی شێخ ڕەشید چووە. بەهەرحال کابرای هاوڕێی، مونتەقیم قانع دەکا، پێکەوە نەچنەوە بۆ باڵەکایەتی. ئەو دەپێشدا دەگەڕێتەوەو دوای ئەو مونتەقیم. کاتێ مونتەقیم دەگاتە سەیتەرەی پێشمەرگەی لە بەرزیوە، ماشێنەکەی ڕادەگرن لە موونتەقیم پرسیاردەکەن. وەک هەمیشە خۆی وەک مونتەقیمی قازی، دەناسێنێ! دەڵێن کاکە ئەتۆ دابەزە، دایدەبەزێنن و شەوێ دەیهێنن بۆ حەبسخانەی گەڵاڵە. بەیانی زوو یەکێک لە کێشکچییەکان دەڵێ: کێ ئامادەیە بێت بچین لە فڕنیخانە نان بێنین؟ مونتەقیم دەڵێ ئەمن! تەلیس هەڵدەگرێ و بە نێو شەقامی گەڵاڵەدا، تەلیس بەکۆڵەوە، تووشی یەکێک، یان چەند کەس، لە برادەرانی هەورامی دێت و دەڵێن کاک مونتەقیم ئەوەچیە بەکۆڵتەوە؟ دەڵێ نانەو گرتوویانم و ئەوە لەبەندیخانەی گەڵاڵە حەبسم! دوێنێ کە لە هەولێر گەڕاومەتەوەو لە ڕێگا گرتوویانم و هەواڵ بدەن بە برادەران نیگەران نەبن!
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە کاک ئەمیر، باش دەزانێ کێ دەگەڵ مونتەقیم چووە بۆهەولێر! لەمن باشتر دەزانێ کە عەبدوڵڵاموعینی نەچۆتە هەولێر، نەچۆتە ماڵی قادر مەنتکیش! بەڵام چاوی خەڵکی پێ دەبەستێ و عەبدوڵڵاش تۆمەتباردەکا بەپێوەندی کردن بەجاشێکی خەتەرناک؟... دەنووسێ: دەگەڵ مونتەقیم چۆتە هەولێر وهەڵبەت نزیکەی٢٠_١٥ساڵ دوای مەرگی مونتەقیم ئەوەی دەدرکێنێ. چوونکە ئەگەر مونتەقیم مابا، ڕاستی و دروستی ئەو باسەی باشتر، ڕوون دەکردەوە و ڕازەکەش باشترکەشف دەبوو!

ل ١٥٢و١٥٣تەحلیلێکی وەها هەتا ئێستا کەس نەیتوانیوە ، دەریببڕێ‌؟

١٦_ (... " بەبۆچوونێ خۆم، لەم‌نێوەدا بۆ بەئامانج گەیشتنی حیزبی توودە، دەسکیسی حیزبی شیوعیی برا لە عێراق، نەخشێکی گرینگی تایبەتی هەبوو، هەم بۆ تێکدان و هەم هاندەریی. لەڕاستیدا حیزبی شیوعیی ببوو بە واسیتەو بەدەڵاڵی پێوەندییەکانی حیزبی توودە. بە شێوەی جیاواز جیاواز، دەچوو دە کەڵێشەی هێندێک کادرو پێشمەرگەی ئێمەوە، تابەهەر جۆرێک بێ، لەدیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بکەنەوە، بەقەولی خۆیان شۆڕشێکیان لەو دیوی سنوور، پێ سازبکەن.
لەو کارەیاندا مەبەستێکی دیکەشیان دەپێکا، بەومانایە کە دەبوون بەبەرهەڵست لە دەسەڵاتی شۆڕشی باشوور، لە حیسابی خۆیاندا وایان دانابوو ئێستا کە ئێران توانیویەتی شۆڕشێک لە عێراقدا بەرپا بکا، ئەدی ئەوان بۆ نەتوانن لەئێراندا هەمان کار ڕاپەڕێنن!
بەش بەحاڵی خۆم، هەم لە هەڵسووڕانیان هەم لە نییەتی حیزبی شیوعی ئاگادار بووم، بەڵام ئەو کاتەی لێم بوو بەیەقین کە نوێنەرێکی خۆیان ناردە لای منیش، هەرچەند دەیانزانی نە لەخەتی ئەواندام و نە پشتگیری دەکەم لە هەڵگیرسانی تەقەو پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات لە بارودۆخی ئەو ڕۆژگاردا.
نوێنەری حیزبی شیوعی بۆ دیدارولێگێڕانەوەم بۆ بەشداری لە شۆڕشی بنیاتنراویاندا، برادەرێک بوو بە نێوی "عەلی..."ناسراو بەدوکتور عەلی، بەرپرسی کۆمیتەکانی حیزبی شیوعیی لە مەڵبەندی ڕانیە، کە بۆ ئەو مەبەستە، هات بۆ دیتنم. دوکتورعەلی ساڵەکانی پاشتر لەحیزبی شیوعی وەلاکەوت، بە خۆی و خانمی هاوسەریەوە"دادەمریەم" تائاخر ڕۆژی شۆڕش لەباشووری کوردستان، هەردەگەڵ شۆڕش مانەوەو پێشمەرگەبوون...) _ (ئەوەش تەحلیلی کاک ئەمیر لەسەر حیزبی شیوعی و توودەو توودەکراتانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟!!)
سەیری ئەو تەحلیل‌و مەنتیقە بکەن؟ هەتا ئێستا، هیچ سیاسەتمەدارێکی سیاسی ڕاست، یان چەپ، هەتا تەنانەت لایەنگرانی وڵاتانی ئیمپریالیستیش بە وتەی ئەو سەردەم، حیزبی توودەیان بەئینقلابی و.شۆڕشگێڕ نەناسیوە، و ناونەبردووە؟... بەجاسوسی ''سۆڤیەت‌''و'' کا گێ بێ'' یان ناو بردووەو ناساندویانە، بەڵام هەرگیز بە ئینقلاب و شۆڕشگێر نا، هەروەها حیزبی شیوعی عێراقیش! حیزبی شیوعی لە کودیتای ١٩٦٣دا، دوای ڕووخانی عبدالکریم قاسم، ڕوویان کردە چیاو هاتنەناو شۆڕشی کوردستان، گەرچی لەناو شۆڕش دابوون، ڕەنگە لەبواری هەڵسەنگاندن ولێکدانەوە، تووشی تەوەهوم هاتبن بەڵام بەپیلانگێڕ ناویان دەرنەکردووە. هەرئەو تەوەهومەش بووەکە، تووشی شکست بوون و ناچار دیسان ڕوویان کردۆتەوە شاخ. بەهەرحاڵ کاک ئەمیر بۆخۆی ئیقراردەکا دەڵی: ئەوان (حیزبی شیوعی عێراق) باشیان دەزانی من لەخەتی ئەواندانیم...!
ئەوە بەتەواوی دروستەو کەس شکی لەوە دانیە! لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش کاک ئەمیر، کەدەڵێ ئەوان باشیان دەزانی کە، من لە خەتی ئەواندا نیم! ئەدی چۆن بوو، ئەوان پێوەندیان بەتۆوەگرت، کە بچی لەئێران شۆرش سازکەی. لەسەری دابوون، ماخولیابوون؟ نوێنەری خۆیان نارد بۆلای جەنابت کە بچی لەو دیو، شۆڕش هەڵایسێنی؟؟؟ یان ئەو باسەش وەک نوێنەرایەتییەکەی کاک فایقە، کە بارزانی ناردی بۆوتووێژی سلێمانی؟ بێشک ئەو باسە پرسیاری زۆری بەدواوەیە!
ئەندامانی حیزبی توودەی ئێران هەموویان خاتەراتی خۆیان نووسیوەتەوە. کامەیان لەسەر جووڵانەوە چەکدارییەکەی ساڵی١٣٤٧ -١٣٤٦ دێڕێکیان نووسیوە کە سەروە حیزبی توودەی ئێران بووبێ؟ بەڕاستی ئینساف شتێکی باشە!


ل ١٥٦دەنووسێ:
١٧ی_ (..." کاک فایق، بە لەبەرچاوگرتنی کەش وهەوای نالەباری لە ئارادا، بەتایبەتی لەسەر خودی وی، لەلایەک سۆزو قسەی ژێربەژێری دەگەڵ حیزبی شیوعی، لەلای دیکەوە سەفەری بەتازەگی کراوی ڕەحمەتی مونتەقیم و کاک عەبدوڵای برای لە هەولێر، کەباسی کرا، لەو پەیامە دڕدۆنگ دەبێ وترسی لێ دەنیشێ.
.......
کەسێک لەهاوکارەکانی خۆی دەنێرێ بۆ مەکتەبی تەنفیزی تالەو پەیامە بکۆڵێتەوەکە بە نێوی مەکتەبی تەنفیزی بۆی هاتووە.
کابرا،، گۆیا دەچێ و دەگەڕێتەوەو پێی دەڵێتەوە کە مەکتەبی تەنفیزی گوتوویانە ئەوان پەیامیان بۆ نەناردووە چ کاڕێکیشیان پێی نییە...")

کاک ئەمیر هەرچەند بەڵێنی دابوو، کە دوور لە بوغزوکین ڕووداوەکان، ئەو جۆرەی کە ڕوویانداوە بنووسێ! یەکەم ئەو کەسەی بۆ مەکتەبی سیاسی ناردبوو، سەعیدکوێستانی بوە کە، کە تۆ بەناهەق، لەبەر ناخۆشەویستی و قین ناوی نابەی؟
دووهەم کاک فایق، ئەو کەسەی بۆ مەکتەبی سیاسی ناردبوو، نە ک مەکتەبی تەنفیزی؟ لە دێڕێک داپیاو دوو جاربە پێچەوانەی بەڵێنی خۆی بنووسێ و بەڵێنییەکە لەژێرپێی خۆی بنێ، چۆن دەتوانێ ببێتە جێگای ئیعتیماد بۆ کەسانی تر؟ جامەگین خوای نەخواستە ئەو کەسە یان ئەو کەسانە، نانی گەنمیان نەخواردبێ!


١٧٠لاپەرەی ماجەرای کاک ئەمیر وا دەنووسێ:
١٨(..." جارێ هیچ نەگوترابوو فەرمووی: " عەمەرا‌ئیدریس لەکوێیە! داگازی کەیە"هێندی بڵێی یەک و دوو ڕەحمەتی کاک ئیدریس وەژوور کەوت، دەگەڵ ویش چایچی بەسینەچایەوە وە ژوور کەوت، بارزانی نەمر، بەگلەییەوە گوتی: "ئیدریس! حەیف بۆمن کوڕی وەک تۆم هەیە، شەرم ناکەی من دێنییە شوێنێک کە وێنەی شای بەدەرو دیوارەوە بێ! ڕووی‌ زمانە ڕەش بێ رۆژم کەوتۆتە ئەو ڕۆژ، دەناهەر لە چیلکە ڕۆژێ دووسێ‌یەکی وەک ئەو کابرایە دروست دەکەم. ئاماژەی دا بە پارچە مۆقەببایەکی ڕۆنی "شاپەسەند"'
ماشاڵڵا لەو حیکمەتە؟
تۆخوا ئەو قسەیە بۆ نووسین دەبێ؟

لەپەرەی١٧٣دا دەنووسێ:
١٩_ (... " سەعات زیاتر(بەڵام ژمارەسەعاتەکان ڕوون نیە؟) قسەی کردو لە چوارچێوەی مەنتیقیش دەرنەچوو. کە گەیشتە وەزعی تایبەتی ئێمە و ئەوەی دەرهەق بە ئێمە کرا، گلەمەند بوو لە دەورووبەری خۆی، گوتی ئێستا ئیدی نایەڵن خەڵکەکە بگاتە من، (نکە ئێختیاری بەدەست خۆی نیە؟) لەبەسەرهات و کردەوەکان تاڕادەیەکی بێ خەبەرم. لەباس لەسەر عەبدولوەهاب ئەتروشی، بێ دەسەڵاتی خۆی بەسەردا ڕاگەیاند. وام لێکداوە کە دەزانێ بەکرێگیراوی ئێرانە بەڵام ناتوانێ یان نایەوێ لەوێی لابا. گوتی : "چی بکەم من لەسەر پردێ گەیشتوومەتە ورچێ دەبێ پێی بڵێم خاڵە، دەنا دەمدڕێ" .)

ئاوا دەبێ تەحلیل!
خاڵی ١٨لاپەرەی١٧٣کاک ئەمیر باسی ئەوە دەکا: سەعات زیاتر دەگەڵ "بارزانی نەمر" قسەی کردەوە، چەندەکەی دیار نیە؟
داخوا خوێندەوارێکی باشووری کوردستان نەماوە کە لانیکەم هەیاران، جارێک، لە بۆکارێک، ڕێگای دەلای بارەگای "بارزانی نەمر" کەوتبێ وچووبێتە لای بارزانی؟ داخوا بارزانی ئەوەندە بێکاربوە بەسەعاتان دەگەڵ کەسێک تەنانەت زۆرگرینگیش بێ قسە بکات؟ دیارە من خۆم بەتەواوی نازانم بەڵام ئەوە بۆمن جێگای پرسیارە؟ بەڵام شکم لەوە دانیە، گێڕانەوەی ئەو باسە، جگە لە خۆڕانان هیچی تێدا بەدی ناکرێ!
ل١٨٢ ئەگەر ئەوەی لە بارەی برینداربوونی عەبدوڵڵا نووسراوە دەبێ لەدرێژەی ئەو باسەدابێ کەدەگەڵ کاک ئەحمەدتۆفیقی کردووە وەک‌خۆی دەڵێ دبێ ١٩٦٨بێ؟
١٩_ (..." لەو سەروبەندانەدا خەبەرێک هات کاک عەوڵای موعینی بەدەستی بریندارەوە، بە نهێنی، هێنراوەتە قەڵادزێ و لەوێڕا بەرەو سلێمانیان بردووە، بەحیساب دەبێ دۆستانی حیزبی شیوعی، کاری ئەوهێنان و بردنەیان، لە ئەستۆ بووبێ. هەر چۆنێک بێ لە سەروبەندی خەبەرەکەدا، نێوەڕۆژێک چوومە بنکەی هێزی کاوە، لای کاک حەسۆمیرخان. گشتە خەڵکێکی لەلابوو؛ لەوانە کەسێک ئەگەر ناوێم لە بیرمابێ "وەستامحەمەد" هەوادارێکی حیزبێ شیوعی کە دەموچاوێکی بەڵەکیشی هەبوو. دیاربوو کە کاک حەسۆ هێناوێتی بۆ هێز بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هێنان و بردنی کاک عەوڵا.)

ئەوە لێرەدا، دەبێ مەلارەسوڵ وەڵامی ئەوپرسیارە بداتەوە. من خۆم لە سەر ئەو شتە لێدوان نادەم چونکە مەلا رەسوڵ دەگەڵ فایق و مینە شەمی شەهیدو گشت پێشمەرگەکانی نستانێ، گەڕانەوە ئەو دیو. لەشەڕی سپی سەنگیش، دەگەڵ دابوو، دەگەڵ عەبدوڵڵاش هاتبۆوە بۆسلێمانی و سیتەک.
بزانین ئەو لە سەر ئەو باسەی کاک ئەمیر، سەبارەت بە خۆی چۆن دەدوێ؟
_

لاپەڕەی ١٨٩-١٨٨-١٨٧-١٨٦
20_ (لێرەدا من لەسەر چوارلاپەڕە لە جیاتی کاک ئەمیر شاهیدی خۆم دەدەم، جگە لەوە کە دەڵی: چاوی بەمحەمەدی خزری.... باقی باسەکانی تری گشتیان خیلافی واقیعە، من خۆم لە بەغدا بوومە و چاوم بەسولەیمان و دوکتورقاسملوی شەهیدکەوتووە، قەول و قەرارمان لە نێوخۆماندا دانابوو...
لەوانەیە کاک ئەمیر، باشتری ئاگا لێبێ چوونکە بەڕێزیان زۆر لە "بارزانی نەمر" نزیک بوون؟ ئەگەر ئەوەی لەبارەیدادەگوترا: ئەندامی پاراستنیش درۆ بێ؛ بە وتەی خۆی کەس وەکوو ئەو لە بارزانی نزیکتر نەبووە، بارزانی لە سەر هەمووشت ئەوی ئاگادار کردۆتەوە؟ پێویست بەوەش ناکا بڵێی بارزانی ئاگای لە کوشتنی فایق نەبووە! ئەو باسە لە مێژە ڕووی داوە، تازە نەفایق زیندوو دەبێتەوە، نەکەسیش باسی ئەوەی لەتۆ پرسیارکردووە؟ نەدەبوو جارێکی تر خوێ بەو برینەداکەی و بیکولێنییەوە؟
بەڵام لەدەوروبەری مەڵبەندی ئێمەدا،مەسەلێک هەیە: "داشتەمری .. دەکرد، هەمزاوایی سوێندیان دەخوارد"! بێ قەزابی دوکتور مەحموود لە مێژ ساڵە لەسەرکوشتنی فایق زانیاری خۆی ئەوەی زانیویە، باسی کردووە؛ ئێستا مەوجودە. ئەتۆ دەتەوێ بڵێی چی؟؟ دیارە کاک ئەمیر لە خۆی بەشکە، پێی وایە ئەوە کە دەڵێن: ڕەنگە یەکێک لەو سێ کەسە کوردە ئێرانی‌یە، یەکیان خۆی بێ کە، لە شەوی دادگایی کردنەکەی فایق دا، بانگیان کردبوون! دیارەمن نازانم ئەگەر زانیبام، بێشک دەم‌نووسی و نەم‌دەشاردەوە!

هەرپێموایە دوێنێ بوو کە، ئەو ڕووداوە ڕووی دا!
نازانم لەبیرت ماوە، یان نا؟ ئەو ڕۆژەی کە من لەزیندانی خەلان ئازاد بووم، ئێوارەکەش جەنابت دەگەڵ مامۆستاهەژار، هاتنەوە گوندی ئازادی. مامۆستا هەژار هێشتا ماڵەکەی بەشێوەیەکی کاتی دەخانووەکەی ئەحمەدە کوێری بارام میرزای دابوو. خانوەکەی چووکەبوو، جێگای مامۆستا و منداڵەکان نەدەبۆوە....

ئەحمەدە کوێری بارام میرزای، وەک دەیانگوت "پاراستن" خانوەکەی بۆ کڕیبوو، بیکاتە قەلەمندارە، بۆ چاودێری کردنی ئەو کەسانەی وەکوو ئێمەمانان کە، لە گوندی ئازادی دەژیاین چاوەدێریمان بکا...
بۆئەوەی لەباسەکەم دوور نەکەومەوە، شەو لای ئێمە بوون، و بەیانی ئەو ڕۆژەش بەیەکەوە چووین بۆ "پاراستن" لەناوپردان. لای کاک فایق عەقراوی. لە بیرمە بە هۆی جەنابتەوە زۆریان ڕێزو حورمەت گرتم. ئیتر جەنابتان داوای دەمانچەکەی منتان لێکردنەوە، پیاو هەق بڵێ خێرا دەمانچەکەیان بۆهێنام ودایانەوە دەستم. فیشەکێک لە فیشەکەکان کەم بوو، گوتیان تەقاندویانە... بەهەرحاڵ زۆرم سوپاس کردن و چایەکی شیرینمان پیکەوە لەخێوەتەکەی کاک فایق عەقراوی خواردەوە، و ئیتر ئێوە بەرەو خوار داگەڕان، فەمووتان نیازی لای کاک ئەحمەد تۆفیقم هەیە!... منیش بەرەو ماڵ بوومە... ئیترچاومان بەیەکتر نەکەوتەوە هەتا میتینگە بەناوبانگەکەی مهاباد لە ساڵی١٣٥٧ لە مەیدانی فوتباڵ، دوکتور قاسملوی شەهید، بۆیەکەم جار، بەئازادی لەمهاباد بۆ خەڵک قسەی کردو مامۆستا هێمنیش شێعری پاییزی خوێندەوە!
مەبەست لەو باسە ئەوەیە: نازانم بۆچی دوای ئەوەندەساڵە؛ خوێ بەو کۆنەبرینە وەردەکەی مەبەستت لەو باسە چیە؟ هەروەها دەفەرمووی من چووبووم بۆ لای کاک ئەحمەد تۆفیق، شۆفیری ماشێنەکەی سواری ببووی، خەبەری کوشتنی فایق‌ی پێداوی!
داخوا بەو جۆرەباسانە گۆشە تاریک و نادیارەکان ڕوون دەکەیەوە؟

٢٠٤لاپەڕەی دەنووسێ:
٢١_ (... " ئەوجار بارزانی وەقسەهات و دەستی کرد بەگلەیی لەکاک ئەحمەد...
" دانیشتنی دوو قۆڵی و وتووێژ، کە زیاتریش هەر بەڕێزیان دەدوا. زیاتر لە سەعات ونیوی خایاند. لە هەستاندا فەرمووی: "پێم باشە بچی وچاوت پێی بکەوێ، لە زمان منیشەوە گلەیی لێ بکەی. عەرزم کرد: "من بەڵگەو وەسیلەی سەفەری بەغەدام نییە، ڕەنگە برادەری وامان هەبن ئاسانتر سەفەری بۆ بکرێ." فەرمووی :پێم خۆشە خۆت بچی، دەگەڵ ئیدریس قسەبکە ئەو بۆت تەرتیب دەکا"...)

ئەوەش یەکێک لەو فەرمایشتە سەمەرانەیە؟ گەرکتانە وانیشان بدەن کە ئێوە دەگەڵ کاک ئەحمەد، ئەوەندە لێک نزیک بوون خۆشەویستی یەکتر بوون کە، ئیترلە گێڕانەوەو تاریف نایە؟
کاک ئەمیر، ئێوە دوای ئەو سەفەرەی کە، بە نێوی دەروەی وڵات، دەگەڵ عەوڵای موعینی و هەمزەی ئاریا، کەتۆ بەهەمزەی بایەزیدیتان ناوبردووە؟ کردتان و دوایی ئەوان لەبەغدا گەڕانەوە بۆکوردستان. تۆش کۆڵت نەدا، لەڕێگای قاچاخەوە بەرەو ئوروپا رۆیشتن ، بەڵام ئێستا دەڵێی بۆ میسر دەچووم.
دوایی بەڕێگای خەلیج وئێرانەوە گەڕانەوە بۆکوردستانی گەرمێن. کاک ئەحمەدتۆفیق، داوای ڕاپۆرتی سەفەرەکەی دەکرد، ئێوەش نەچوونە ژێرباری گوشاری کاک ئەحمەدتۆفیقەوە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا نەبوونەوە جێگای بڕوا بۆ کاک ئەحمەدتۆفیق!. بە تایبەتی دوای ئەوسەفەرە کە، خۆت ئاماژەت پێداوە، لە ئێرانەوە گەڕاونەوە بۆ باشووری کوردستان!
پێشترمن، ئیستیفانامەی کاک ئەحمەد تۆفیق خۆم وەرمگرتن و بۆ بنکەکانی دیکەی حیزبم بەڕێ کردن. لە نووسراوەکەی خۆمدا لە "لاپەڕەیەک لە..." لە پەڕەی ٦٦_٦٥دا بەکورتە ئاماژەیەک نووسیومە. من لەوێ بووم کە کاک ئەحمەد، رووی نەکردە جەنابت، گوتی :کاک ئەمیر، من تۆم بۆکوێ ناردبوو، تۆ بەکوێداو چۆن هاتوویەتەوە، بۆ ناینووسی؟
تۆش فەرمووت من نەئەندامی کۆنگرە بوومە، نە ئاگام لێبووە، ئێوە لە خۆڕامنتان هەڵبژاردووە، بێ ئەوەی بزانن، من ئەو بەرنامەیەم قبوڵە یان نا؟ نە خەتێک دەنووسم، و نە خۆم بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە دەزانم ونە هاوکاری ئەو کۆمیتەناوەندییەش دەکەم!

کاک ئەحمەد تۆفیق، لە سەر دووخاڵ لە حیزب زیز بوو!

١_ مەسەلەی گەڕانەوەی جەنابتان و نەنووسینی ڕاپۆرتی سەفەرەکەتان، بۆکۆمیتەی ناوەندی... ؟

٢ _ خالی دووهەمی زیزبوون وئیستیفای کاک ئەحمەد تۆفیق، وەک لەچەند جێگای تردا باسم لێوە کردووە، هاتنەوەی جەماعەتی کۆمیتەی ساخکەرەوە بوو، بۆ نیو حیزب. کاک ئەحمەد گوتی: من لەلای سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان، سەرم بەرزە؛ هەرگیز دەخەیانەتەوە نەگلاوم، هەتاماوم دەبێ بەسەری بەرزەوە بژیم. ئامادەنیم دەگەڵ جەماعەتێکی خایین، جارێکی تر هاوکاری بکەم و چاو لەڕاست خەیانەتەکەیان بنووقێنم! خۆشت لەمن باشتر دەزانی! کاک ئەحمەد تۆفیق کەسێک نەبوو، پێ لەسەر کارێک یان قسەیەک داگرێ و پاشەگەز بێتەوە!

دوای ئەوەی کە کاک فایق دوورخراوە، لە سونێ بۆ دۆڵەرەقە، ئیتر هیچ بنکەیەکی حیزبی لەسونێ وسنووری گەرمێن و کوێستان بۆ هەمیشەنەما. کاک حەمەدەمینی سیراجی و سالارو سمایلی شەریفزادە، لەخانوەکەی گەڵوەڕزێ مانەوە، وجەنابیشت لەوێ دەبووی؛ وماوەیەکیش سەیدرەسوڵ لەوێ بوو، بەڵام نەپێشمەرگەی لێبووە، نە بنکەی حیزبیش بوو. جاروبارمەلائاوارەی شەهید، بەمیوانی دەهاتەوە دیوی گەرمێنێ لەلای حەمەدەمین و سمایل دەماوە. بەڵام هەر گیز دوای خاکەلێوەی ١٣٤٥سنووری سونێ بنکەی حیزبی لێدانەنراوە.
دوایی کاک ئەمیر، زۆر باسی پەسنەکانی کاک ئەحمەد تۆفیق دەکا؛ بەهە ق لەبواری دەست پاکی، داوێن پاکی لەحیزبی دێموکراتی کوردستاندا، رچەشکێن بووە! من پرسیارێک لەبەڕیزکاک ئەمیر دەکەم؟ :_ ئەدی چۆن بوو کاک ئەمیر، ئەو پیاوە گەورەیەی بەجێ هێشت و بەوتەی خۆی: "دەگەڵ جەماعەتێکی توودەکرات کەوت" کە، نیازیان بووە، سەری بە فەتەرات بدەن و شوێنە ونی کەن؟_ ئاخر بەواتەیەک هەرکەس کوردباو کەوتبا زیندانی بەعسەوە شوێنە ون دەکرا؟...

208 دەقی کتێبەکەی کاک ئەمیرە!
ئەوەش کەسایەتی کاک ئەمیر _ جابائەوانەی قسەی بەلاش دەکەن سەری خۆیان لەبەرد بدەن؟

لاپەڕەی٢٠٨_٢٠٤ ئەوچەند لاپەڕەبخوێننەوە وکاک ئەمیری‌قازی بناسن لە لاپەڕەی٢٠٨ دا دەنووسێ:
٢٢(... " رۆژی پاش ئەو ئاخردیدارە دەگەڵ کاک ئەحمەد، گەڕامەوە کوردستان. لە گەڕانەوەدا چوومەوە خزمەت بارزانی نەمرو بەسەرهاتم بۆ گێڕاوە. لەهەستاندا کە ئیزنی رۆیشتنم خواست، فەرمووی: " ئەگەر دەچییەوە سەردانی برادەرانت، ئەوە بچۆ بەڵان رۆژی جومعە، تاریخەکەم لەبیر نەماوە، وەرە بۆ حاجی ئۆمەران. لە حکومەتی ئێراقەوە خەڵک دێنەلای من، پێم خۆشە ئەو ڕۆژە تۆش لەوێ بی. "فەرمووی" وتووێژم دەگەڵ حکومەت هەبووەو سازاوم، ئەوجارە نۆرەی ئێوەیە"
گوتم: پێوەندی بۆ ئێمەڕەنگە جارێ زوو بێ، بابزانین وتووێژی جەنابت و حکوومەت دەگاتەکوێ! "فەرمووی": سازاوم باش سازاوم. کات بۆ ئێوە سازگارە." دووبارەی کردەوە" رۆژی جومعە وەرە حاجی ئومەران." فەرمووی: "نەوەک من لەبیرم بچێ، چ مەسعود، چ سابیر، هەرکامێک لەبەردەرگای میوانخانە بن، بلێ مستۆ منی داوا کردووە دەبێ بچمە ژوور." عەرزم کرد: "بەڵێ."
جومعەی دیاریکراوسەعات٢ی پاشنیوەڕۆ، گەیشتمە حاجی ئۆمەران شوێنی میوانخانەی بارزانی، شەهید کاک سابیر بارزانی بەتەنێ لەبەردەرگای میوانخانەی دانیشتبوو، سڵاوم کرد، لەبەرم هەستا، گوتم: "کاک سابیر، بارزانی ئەمری کردووە بچمە خزمەتی،: فەرمووی لێ کردم. چوومە ژوورو سڵاوم کرد. دەگەڵ سڵاو، بارزانی نەمر بەپێی شەخسیەتی بەرزو بەڕێزی خۆی، یەکپێ لەبەرم هەستا و بەخێرهاتنی کردم، هاوکات جەماعەتی عەرەبی میوانیش، چوار پێنج کەسێک، بەپێڕەوی لەبارزانی هەستانە سەرپێ. بۆوەی بارزانی نەمربە پێوە رانەگرم، بەپەلە هەر لەبەر دەرگاوە دانیشتم. ئەگەر لە بیرم مابێ، ئەو سەعاتە دوکتور مەحمود عوسمانیش لەوێ بوو لە خوارەوەی بارزانی‌یەوە دانیشتبوو.
بارزانی نەمر، ڕووی کردە یەکێک لە عەرەبەکان کە لە سەرووی خۆشی داینابوو وپاشتر دیاری دا ئەو کەسایەتییە "عبدالخالق سامڕائی"یە دووهەم کەسی دەسەڵاتدار لە حکوومەتی ئێراقدا پێی فەرموو: " ئەو شەخسە نێوی ئەمیر قازی‌یە، کەسایەتییەکی بەرپرسە لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی بەشی ئێراندا. خەڵکی ئەو حیزبە ماوەیەکی دوورودرێژە لێرەن لەلای من دەگەڵ ئێمە بوون خزمەتی شۆڕشی ئێمەیان کردووە، ئێستا کە ئێمە پێکەوە سازاوین، جێی خۆیەتی ئێوە چاوتان لێیان بێ، و پێوەندیتان دەگەڵیان هەبێ ، یاریدەویارمەتیان بدەن بۆکوردەکانی ئەودیو."....
دەفەرموو دەی! بێ تەعبیر وتەفسیر! لاپەرە٢٠٨_٢٠٩ ؟؟؟
*****
من هەتاساڵی ١٩٦٨زایینی ١٣٤٧هەتاوی لەسەر ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە دوام.
ئیتر لە لاپەڕە٤٠٧و٤٠٦ کاک ئەمیر، ئەوەی لە دڵی دابووە ڕشتوویەتی، بە بڕوای خۆم هەموو کەس بۆی هەیە ئەوەی لە دڵیدایە، دەریبڕێ. پێموایە، ئێوە ئەگەر دەخۆتان‌ ڕادیبا، زۆرترتان سولەیمان دەدا بەربارانی بێ ئەخلاقی. چوونکە باسەکە، لەسیاسەتی بەسەرکردو گەیشتە ئەخلاق؟ ئیتر لێرەوە من باسەکەی خۆم جارێ قەپات دەکەم!
لەکۆتایی دا، جارێکیتر داوا لە هەموو کادرو پێشمەرگەکانی ساڵەکانی ٤٦_٤٧ ح. د. ك دەکەم کە، ئاگاداری ئەو ڕیزە باسانەن بەئەخلاق و شەڕافەتەوە، لە سەر هەقانییەتی کتێبەکەی کاک ئەمیر، و ناهەق بوونی من، یان بە پێچەوانە، داوەری خۆیان بکەن!

محەمەد خزری
ستۆکهۆڵم
٢٠١٠١٢١٣
Mohammad khizri
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە