بەڕێشمەكردنی سۆزی ئاینیی كورد
Thursday, 29/07/2010, 12:00
هەفتەی رابردوو كوژرانی 3 لاوی كورد-ی سەقزی كەلە واری ئەفخانستان شانبەشانی تالیبانیەكان لەرووبەروبونەوەیەكیاندا لەگەڵ سوپای ئەو وارە دا كوژراون، بڵاوكرایەوە، دایكانی ئەم كوژراوانە
رایانگەیاندبوو كە ڕۆڵەكانیان بە فیت و هاندانی مەلایانی مزگەوتەكانی سەقز فریویان خواردووە.*
قۆستنەوەی سۆزی ئاینیی كوردان پیلانێكی نوێ نیە، لەوەتەی ئیسلام پێی ناوەتە واری كوردستان لەهەموو سەردەمەكاندا داگیركەرەسەردەستەكان ئەم سۆزەئاینیەیان وەك ڕێشمە بۆ كوردیان بەكارهێناوە تاكو بەهەرئاراستەیەكدا بیانەوێت بیجوڵێنن، ئەم مەلا ئەڵقەلەگوێیانە ئەمە پێشەیان بووە، مێژووی نزیكمان بڕوانین لە هەڕەتی دەستپێكردنی ئەنفال و قڕكردنەكانی كورددا مەلاكان دەكرانە بڵندگۆی هەڵمەت و پەلامارەكانی سوپای كۆماری ئیسلامیی ئێراقی بۆسەرگوندەكان و، لەو دەمەشدا كە مرۆڤی كورد لە كۆڵانەكان و گەڕەكەكاندا بەبەرچاوی دانیشتوانەوە گوللەباران دەكران كە زۆرجار مەلاكانیش ئامادەی بینینی دەبوون، كەچی ورتەیەكمان نەبیست كە لەم هەموو رۆژەهەینیانەی مەلا تێیاندا ئاین بە دادپەروەر و قبووڵنەكەری مافخواردن پیشاندەدات، كورد هانبدات تا دژی چەوساندنەوە بوەستێت،لە سەدەی نۆزدەدا لەودەمەی كەتوركەكان هەستیانكرد كە رێبازی پەیڕەوی نەقشبەندی خەریكە وەك تاكپەیڕەو پشتیوانیی كۆمەڵانی گەلی كورد و وارەكانی چواردەوری كوردستان بەدەست دێنێت،
خێرا پەیڕەوێكیان لە دژی قوتكردەوە لەژێرناوی قادریی، كە سەرئەنجام هەرەدیارترین رووداو هەڵاتی مەولاناخالیدی بەرەو سوریا لێكەوتەوە كە تا مردن و گۆڕەكەشی هەر لەوێ ماوەتەوە هەروەك لە هەڕەتی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكانیشدا بینیمان توركیا ویستی سەرلەبەری تاوانەكە بخاتە ۆباڵی كورد، بە بیانووی هەستی بەهێزی ئایینیانەوە، كە لەوسەردەمە دا كورد گوێچكەلەمشتی ئیمپراتۆرێتیی ئیسلامیی ئوسمانی بووە..
ئەم بەشە ڕزگاربووەی نیشتمان كە وەك هەڵاتنی خۆری ئاڵاكەی كوردستان بۆ بەشەكانی دی كوردستان تیشك دەداتەوە، تێیدا پارتە ئیسلامیەكانیش چالاكن، كە هەردەم لەبەردەم گەلی كورددا خۆیان
بە ژمارەیەكی داخوازیە ئاینیەكانی كورد دەناسێنن، دەبوا رۆژانە لە هەواڵەكاندا چالاكیەكانیانمان بەرچاوبكەوتایە لەو ئاستەی پێچەوانەی داگیركەرە سەردەستەكانی كوردستان خۆیان سۆزی ئاینیی كوردانیان بەرەو بەرەكانی جەنگ لەپارچەكانی دی كوردستان ئاراستە كردبا نەك بەرەو رووی پارتە نائیسلامیەكانی كوردستان كە لە ڕابرووی نزیكدا وێنەی ئەم رووبەرروبونەوانە زۆربەمان بینیمانن،
پێم سەیرە كە پارتە ئیسلامیەكانی كوردستان هەوڵی فراوانكردنی پێگەی خۆیان لە بەشەكانی دی كوردستاندا نادەن، پێم سەیرە كە ناچن چالاكی گیانبەختكردن شانبەشانی برایانیان لە قەندیل لاوان هانبدەن ، كە بۆ سەربەخۆیی كوردستانیش لە داهاتوودا دەبنە خاوەن جەماوەری خۆیان، دڵنیام ئەگەر لەسەردەمی فەرمانڕەوایێتیی
پارتی بەعس دا ئەم جێگاوڕێگایەی ئێستاتان هەبوایە و سەرۆك سەدام فەرمانی پێتانكردبایە بۆ جەنگی دژ بە ئیسرائیل بچن بۆ فەلەستین، بێگومان یەكودوتان لێ نەدەكرد و دەچوون، وەك ئەوەی خوا فەرمانی پێتانكردبێت كە شەڕ لەپێناو ئەرەبی فەڵستینیدا جیهادەو، لەپێناوی كوردی هاوخوێنمان لە دژی توركیا جەنگ حەرامە, نوێترین دیاریی دەسەڵاتدارێتیی توركیای ئیسلامی بۆ كوردو كوردستان ئەم عەلی ــەی لەمەڕ قەرەداخەكەی لای خۆمانە كە لەو كۆنگرە ئیسلامیەی لەبەشە ئەوروپاییەكەی واری توركیادا كردی بەسەرۆكی هەموو مسوڵمانانی جیهانی و پیشانی ئەوروپای دا كە ئەوانی عەلمانی باشترن لە كوردی ئیسلامی كە ئەوروپا؛دیموكراسیی كردۆتە مەرج بۆ بەئەندامبوونەكەی لە یەكێتیەكەیدا لەناویاندا كورد بە مافە كلتوریەكانی خۆی بگات، بەڕێشمەكراویی كاك عەلی بەوەدا دەركەوت كە هێزی پاراستنی گەلی كورد پ.ك.ك ـی بە تێرۆریست ناوبرد، كە ئـەمە یەكەم ساتی هەڵبژاردنێتی ئاوها بەرامبەر كورد هەڵوێستی بەڕێشمەكراوە، ئەبێ كورد بۆ دواتر چیتری لێ چاوەڕێ بكات و، چۆن لەبری شانازیی؛ شەرم دامانناگرێت دەمێك كە یەكێك دەڵێت سەرۆكی ئەم كۆمەڵە جیهانییە كوردە چۆن شانازیی پێوە بكەم كە ئەو بەسەر قەندیلدا بازدەدات وچارەسەری كێشەی قیرقیزستان دەكات لەهەماندەمدا كێشەی نەتەوەكەی بەجێدەهێڵێ؟، ئەی بۆچی كە لەساڵی 2008 دا كوردانی ئەم قیرقیزستانە بەرشاڵاوی كوشتن و گوند بەسەردا سوتاندن بوونەوە، نەتچرپاند بەبنگوێی سەرۆكەكەی ئەو دەمەی كۆمەڵەكەت دا: ئا لەوێ كورد هەیە، یان گوتبات مرۆڤ هەیە، یان هەر هیچنەبا گوتبات لەوێ موسڵمان هەیە، موسڵمانی دی دەیچەوسێنێتەوە!!!، بۆ كوردان وابوشترە كە بەهیچ شێوەیەك ئەم عەلیـە بەكورد ناونەبەین، تەنانەت لەسەر خاكی كوردستان كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیی بۆ سازنەكەین
فینلاند
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست