بەعسیەكان پەروەردەى شەقڵاوەیان داگیركردوە
Saturday, 24/01/2009, 12:00
لەم وڵاتە و لە ژێر سێبەرى حكومەتى هەرێمى كوردستان ئەوەى بەعسى نەبووبێ و خیانەتى نیشتیمانى نەكردبێ و دەستى سوور نەبووبێ بە خوێنى كوردان، نە رێزى هەیە و نە هیچ پۆستێكى پێدەسپێردرێ. حاڵەتەكە گەیشتۆتە رادەیەك كە هیچ گومانێك بۆ ئەوە نامێنێتەوە كە هێنانە پێشەوەى بەعسیەكان لە ئیدارەى حكومەتدا، بە پلان و بەرنامە دەكرێت و ئامانجى خۆیشى لە پشتەوەیە. بۆ سەلماندنى ئەم قسەیەشم نموونە بە پەروەردەى شەقڵاوە دەهێنمەوە كە تۆرێكى گەورەى بەعسیە كۆنەكان بەرێوەى دەبەن. یەكێك لە وانەى كە ئێستا خەبیرى وەزارەتى پەروەردەیە و بەرێوەبەرى پێشووى پەروەردەى شەقڵاوە بووە مامۆستا (عەلى حەمەد) كە ئێستا هاوكات كارگێرى لقى 24 ى شەقڵاوەى پارتیشە. ئەو پیاوەى ئێستاى پارتى كاتى خۆى بەرپرسێكى باڵاى مونەزەمەى بەعس بوو لە شارۆچكەى هەریر بە دەیان خەڵكى دەستگیركردوەو رێنیشاندەرى بەعسیەكان بوو بۆ ئەنفال كردنى بارزانیەكان لە ساڵى 1983 لە كۆمەڵگاى هەریر. ئێستاش یەكێكە لە دەوڵمەندترین كەسەكانى ناوچەكە و چەندین كۆشكى دروست كردوەو چەندین مەزرەعەى داگیركردوە و خۆى و هەردوو كورەكانیشى ئۆتۆمبێلى جۆرى وەنەوشە لێدەخورن. (عەلى حەمەد) كە لە دزیكردن ژمارەى پێوانەیى تۆماركردبوو، بۆیە لە پۆستى بەرێوەبەرى پەروەردەى شەقڵاوە لادرا. بەڵام وەكو عادەتى هەمیشەیى پارتى كە باوەشى كراوەیە بۆ دزو بەعسیەكان پاش ماوەیەك لە دوورخستنەوە جارێكى تر گەراندیانەوەو پلەى خەبیریان لە وەزارەتى پەروەردە پێ بەخشى.
ئەوەى كە روونە ئەو پیاوە تەنها لە دزیكردن خەبیرە ، ئەگینا لە هیچ بوارێكى تر بەهرەى نیە.
یەكێكى تر لە بەعسیە دیارەكانى پەروەردەى شەقڵاوە، مامۆستا(شێرزاد حەمەدەمین)ە كە پلەى جێگرى بەرێوەبەرى پەروەردەى شەقڵاوەى هەیە. شێرزاد پێشتر لە كاتى بەعس یەكێك بوو لە رەفیق حیزبیە دیارەكانى سنوورى قەزاى شەقڵاوە و جاشى (موحەمەدى قادراغاى سوورچى) بوو، كە ناوى لە نێو داواكراوەكانى تاوانبارانى دۆسیەى ئەنفال دا هەیە.
كەس هێندەى شێرزاد بۆ بەعس دڵسۆزو بەوەفا نەبوو، بە راپۆرت نووسین سەرى دەیان مامۆستاى لە قور ناوە. ئێستاش بە هەمان شێوە لە ئیدارەى پارتى بەرپرسێكى دیارى پەروەردەیەو پاڵێوراویشە بۆ پۆستى بەرێوەبەرى پەروەردەى شەقڵاوە. ئەوەى كە روون نیە، بۆچى تەنها بەعسیەكان پۆستە باڵاكان وەردەگرن؟ ئایا هیچ رێكەوتنێكى ژێر بە ژێر هەیە كە ئێمە نەیزانین؟
بۆچى من كە زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە مامۆستام تاكو ئێستا پۆستى جێگرى بەرێوەبەرى قوتابخانەیەكیان پێ رەوانەبینیوم؟ ئەى بۆ شێرزاد حەمەدەمین و عەلى حمەد ى بەعسى دەكرێنە خەبیرو بەرێوەبەر. پێویستە وەزیرى پەروەردە هۆشیار بێت لەوەى رێگە نەدات چیتر بەعسیەكان بە ئارەزووى خۆیان پۆستە باڵاكان بە سەر خۆیان ببەشنەوە. خەڵكى دڵسۆز بەرپرسیارێتى وەربگرێت نەك خەڵكى خائین و خۆفرۆش.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست