25 تەموز لە نێوان كودەتاى دەسەڵات و شۆرشى سپى خەڵكدا

Wednesday, 05/08/2009, 12:00


ئەوەى لێرەدا زیاتر مەبەستمە كە بیڵێم هەردوو چەمكى شۆرشى سپى و كودەتایە ، هەرچەندە زۆربەى كات كودەتا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجام دەدرێت ئیتر ئەو ئۆپۆزسیۆنە ئەگەر سەربازى بێت ئەوا بێگومانە كە كودەتاكە سەربازى و هەندێك جاریش خوێناوى دەبێت و شۆرشیش لەلایەن خەڵكەوە ئەنجام دەدرێت زۆربەى كاتیش شۆرش مەحاڵە بە بێ خوێن و قوربانیدانى گیانى ئەنجام بدرێت ، بەڵام ئەم جارەیان واتە لە 25 ى تەموزى ئەم ساڵدا شتەكان ئاوەژو كرانەوە دەسەڵات كودەتاى كردو خەڵكیش شۆرشى سپى ، لەو رۆژەدا خەڵك دەنگى خۆى بە بێ دەنگى و بە شێوەیەكى دیموكراسیانەو سەردەمیانە بەرزكردەوەو ئاشكراى كرد كە ئیتر ئامادە نییە جارێكى تر دەسەڵاتێكى لەو جۆرە قبوڵ بكاتەوە كە هەژدە ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێت ، ناڵاندنى خەڵك بەدەست دەسەڵاتى كوردیەوە ئەو دەسەڵاتەى كە سەدەیەك زیاترە خەونى پێوە دەبینێت و لەم پارچەیەى كوردستاندا ئەو خەونەى بەچاوى خۆى بینیەوەو هێشتا لە پارچەكانى دیكەى كوردستانیشدا هەر خەونەو نەچوەتە چوارچێوەى جێبەجێكردنەوە (كە هیوادارم ئەگەر لەو پارچانەش ئەو خەونە هاتە دى وەك هەرێمى كوردستان نەبێت)، خەڵكى هەرێمى كوردستان لە 25 ى تەموزدا شۆرشێكى سپى بەسەر قۆرخكردنى دەسەڵات و ناعەدالەتی و گەندەڵیدا ئەنجام داو لەولاشەوە دەسەڵات بەهەردوو پارتى دەسەڵاتدار بەگشتى و پارتى دیموكراتى كوردستان بەتایبەتى بۆ مانەوەى هەیمەنەى خۆیان و بەردەوام بوونیان لە قۆرخكردنى دەسەڵات كەوتنە پەنابردن بۆ هەر شتێك ئەگەر چى جارێكى دیكە هەرێمەكەش بخرێتەوە لیستى رەشەوە ، تەنها بۆ مانەوەیان ، دەسەڵات لەوەها رۆژێكدا كە خەڵك خەریكى شۆرشى سپى خۆى بوو ئەو كودەتایەكى ئەنجامدا و بۆ هێشتنەوەى هیچ نەبێت بەشێك لەو دەسەڵاتەیان ناشارستانیترین ئسلوبیان بەكار هێناو بە دزى و ساختەكارى و فرت و فێڵ جارێكى دیكە دەستیان گرتەوە بەسەر دەسەڵاتداو ئەو پەرلەمانەى كە وەك دەڵێن بەرى رەنجى خەبات و ماندوو بوونى چەندین ساڵەو خوێنى شەهیدانە ئەوان بەو كارە ناشارستانیەیان كردیانەوە بە دەزگایەكى مردووى پیرو پەكتەو بەخێوكردن و جێگاى سەرخەو شكاندنى كوڕە بێ دەم و دەسەڵاتەكانى حزب ، دەسەڵات لەمانگى كودەتاكانى بەعسدا كودەتایەكى دیكەیان بەسەر ئیرادەى خەڵكدا ئەنجامدایەوە ، كودەتایەك كە هیچى كەمتر نییە لەو هەموو نەهامەتیانەى كە بەسەر ئەم خەڵكە بەش مەینەتەى كوردستاندا هاتووە ، كودەتایەك بەسەرپەرشتى باڵاترین دەسەڵاتى هەرێم و بەهاوكارى و دەستخۆشى كۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان كە هیچ گومانێكى تێدا نەماوەتەوە كە كۆمسیۆن لە كودەتاى 25 ى تەموزى دەسەڵاتەوە بەهیچ شێوەیەك بەسەر بەخۆیى نەماوەتەوە .


[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە