ئەو ئازارانە بە نووكى خامەوە دانامركێنەوە
Thursday, 20/05/2010, 12:00
سەردار قادر - پەخشانە شیعر
پێشكەش بە گیانى پاكى شەهیدانى قەڵەم سۆرانى مامە حەمەو كاكە سەردەشتى جوانەمەرگ
دڵۆپ دڵۆپ وشەى خوێنین
لە قڵیشى كارەساتەكاندا
مەیوو مەیوو كۆستەكان بژار دەكەن
ئەو ئازارانە لە هەناوی خامەدا لە ئانو ساتدان
لە باسو خواستی شتە نەوتراوەكانەوە شاكارێكی نوێن
پێدەچێ كارەساتێك بخولقێنن
دەبێتە مەرگى رۆژنامەنووسێك
كەرنەڤاڵى شینو واوەیلا ئەم دوورگەیە دادەگرێ
ئەرێ چیە ئەو بانگو سەڵایە
سەراپا عەرشى گریاندووە؟
ئەوە چەپك چەپك یاداشتەكانی خامەیەكن
پڕ لە وشەى سپین
كتێبێك لە رەنگى بەفرو
پۆلێك كۆترى رەنگ سەهۆڵین
بە ئاسمانی ئازادیدا شنەی با هەڵدەمژن
بزێو بزێو دێنو دەچن
بەرچنەیەك تەژى لە مۆسیقا و
باوەشێك لە ئاواز
بەدیارى بۆ سروشت دەنێرن
بۆ دواجاریش گومانێكى رەش
هەناویان رادەچەنێ
ئەو گوناهبارانە كێن
بوونەتە گومانى ئەو هزرانە
ئەى ئەو زەبەلاحانە كێن
بۆ ساتێكیش گوێ لە مۆسیقا ناگرن
هیچ شتێك وەك مۆسیقا
لە مۆندیالى ئەم مەرگەدا گریاوتر نییە
ئێستا نیشتمان
هێشوو هێشوو
ئەندێشەى خەم رەنگ
بەربۆتە پرچی درەختى
جوانەمەرگ بوون وەرزێكە زۆر لە پایز دەچێ و
چرۆى سەوز لە هەرەتى ناسكیدا هەڵدەوەرێنێ
تەرمی كامێراكان بەقەدماغەى خوێنەوە
هێشتا سۆماى چاوی گەشی بۆ ساتێكیش ناتروكێ
قەڵەمەكان شۆرشێكى هێندە یاخین
لێرەوە دەبنە سروودێكی نەترساو
لێرەزوە دەبنە گەردەلولێك لە ناونیشانی بەرخوردان
ئەمڕۆ سوتانى كتێبە بەنرخەكانە
ئای چەندە بێ ڕەحمە كڵپەى ئاگر
نازانم بۆ نایان بەخشێ لە قەهرى خۆیدا
دەڵێن ئەمڕۆش ئاهەنگى خولى دەرچوانەو
سەردەشت سومبلى هەموو پۆلە
بەڵێ سەردەشت زیرەكترین قوتابیەو لە كارواندا سەرقافڵە چیە
پۆل پۆل مامۆستایانى زانكۆ لێویان زەردەی لێ دەڕژێت
هاوەڵەكانى بە رۆبى زانكۆوە
بەشەپقە رەشەكەى سەریانەوە
لە خۆشیاندا گوڵبارانى دەكەن
ئەفسوس ئەو لە ناویاندا خەیاڵەكانی بۆ جیهانێكی تر ڕۆیشتووە
گومان لە زەنگێك دەكا ڕۆحی لێ بسێنێ
نا نا! ئەمڕۆ لەت لەت كردنى ئاوازەكانە
لە گەرووى موزاتــا
مەرگى مۆسیقایەكە لە جوانترین پێكى سەوزدا
پروشە بە پروشە
برینی خامەكان تك تك خوێنیان لێ دادەچۆڕێ
دوا هەناسەى گومانەكان لە سینەدا جێ دەهێڵن و
وشەكان بە سەربڕاوى
لە پۆلەكانى زانكۆدا چنگ لە تارمایى گیر دەكەن
ئەرێ بیستن.... نابیستى كەڕ
بۆ خۆشترین سروەى رۆح لە ئەوین دەتۆرێنى
نەفرەت لە مرۆڤە نابیناكان
لە گەمژەو بێ هۆشەكان
چۆن دەتوانن هێندە نەیاربن بە ئەشق و ژیان
بە سروەى رازەكان بە موژدە خۆشنودەكان
ئەوەندە دەزانم ناحاڵین رۆح كوژو شەڕەنگێزو شەڕانین
فتواتاندا قەڵەمێك بە ژانەوە سەربڕن
كتێبخانەكانى شار بسوتێنن
لە رقتانا چڵى ناسك بشكێنن
هەر وڵاتێك ئەمە یاسای بێ
هەر وڵاتێك پیرۆزى زانكۆ وردو خاش بكا
من پێى دەڵێم بائاڵاكەى داگرێ
هەر وڵاتێك ئازادییەكانى خۆى سەربڕێ
با دیموكراتى نەكاتە منەت و
بەرەو چاخى جەهالەت با ملى رێگا بگرێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست