بەڕێوەبەرەكەى نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر مانگانە 250 هەزار دینار غەرامە دەكرێت
Friday, 21/12/2012, 12:00
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر ماوەى ساڵێكە ئۆتۆمبێلى حكومی بەكاردەهێنێت، بەڵام ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی هەتا ئێستا نەگۆڕیوەو مانگانە 250 هەزار دینار غەرامە لەسەر بوودجەى بەڕێوەبەرایەتیەكە دەدرێتە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەى جەنابی بەڕێوەبەر بەئارەزووى خۆى ئۆتۆمبێلەكە بەكار بهێنێتو كەس نەزانێ ئەم ئۆتۆمبێلە موڵكی حكومەتە و ژمارەی رەنگی شینی پێوە نەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر دەكەوێتە گەرەكی ئازادی لەشارى هەولێر، بەڕێوەبەرەكەى ناوی (بەختیار سەدرەدین گەردی)یە، ئەم بەڕێوەبەرایەتیە سەر بەوەزارەتی شارەوانییە، ماوەى ساڵێكە ئەم بەڕێوەبەرە ئۆتۆمبێلى دائیرە بەكار دەهێنێت بەڵام ژمارەی كاتی خستۆتە ئۆتۆمبێلەكە بۆ ئەوەى كەس نەزانێ ئەمە ئۆتۆمبێلی حكومییە، و جەنابی بەڕێوەبەریش شەوو رۆژ بەئارەزووی خۆى بەكار دەهێنێ، دیارە ئەم دیاردەیە لەزۆر شوێنی دیكە هەیەو بەرچاو دەكەوێت، بەڵام ناكرێ بێدەنگی لێ بگرێت، چونكە مانگانە بڕى 250 هەزار دینار غەرامەی ئەم ئۆتۆمبێلە دەكەوێتە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتیەو بەڕێوەبەرەكەشی بێباكانە ئەو بڕە پارەیە بە ژوورى حسابات دەژمێرێت.
جگە لەم گەندەڵییەى بەختیار سەدرەدین دەیان گەندەڵی دیكە لەم بەڕێوەبەرایەتیە هەیە، جێگەى باسە ئەم بەڕێوەبەرە لەلایەن (نەریمان) سكرتێرى پێشووى وەزیرى شارەوانی دانراوە، كە ئەوكاتە سەمیر وەزیرى شارەوانی بووە.
ئەوەی جێگەى پرسیارو تێرامانە بەختیار سەدرەدینی بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانان و ئاوەدانی هەولێر بە میزاجی خۆى كار دەكات و زۆربەى كارەكانی بۆ چین و توێژى دەولەمەندەكانە و وەك هەمیشە چینو توێژى هەژاران فەرامۆش دەكات، هەروەها زۆربەى پرۆژەكانی هەولێر بۆ كەسایەتی و دەولەمەندو سەرمایەدارەكان بەبڕێك پارە جێبەجێ دەكات، ئەمە جگە لەوەی چەندین جار ئەو بەڕێوەبەرە لەگەڵ فەرمانبەران و كەسانی دیكە بەهۆى هەلسوكەوتە ناشرینەكانی رووبەرووی شەڕ بوەتەوەو بەتایبەت لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی هەولێر چەند جارێك بە شەڕ هاتووە.
لەلایەكی ترەوە ئەم بەڕێوەبەرە كێشەی شەخێی لەگەڵ كۆمەڵی خەڵكی دیكە هەیە، بۆیە بەردەوام رووبەڕووى كێشە دەبێتەوە، ئەمە سەرەڕاى ئەوەی تەنها لەماوەی ساڵی رابردوو بڕى 2 ملیۆن و 600 هەزاری غەرامەی ئۆتۆمبێلەكەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەى بە هەدەر داوە.
بۆیە ئەگەر لە ئێستاوە چارەسەرى ئەم گەندەڵییەى بەختیار سەدرەدین نەكرێت ئەوا بەردەوام دەبێت لە بەهەدەردانی پارەو سەروەت و سامانی گشتی كە ئەمەش تاوانێكەو پێویستى بە لێپرسیینەوە هەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست