Friday, 13/04/2012, 12:00
گۆڤاری هۆنیا
لەدوای بڵاوبوونەوەی بابەتێك لەژێر ناونیشانی باخان كەمال گلەیی لەگۆڤاری هۆنیا هەیە، بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە كرد و دووبارە گوێمان لەدەنگی تۆماركراوی دیدارەكەی گرتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بۆ باخان كەمال و رای گشتی بڵاو بكەینەوە لەبەر سومعەی گۆڤارەكەمان.
لەڕوونكردنەوەكەی باخان كەمال-دا هاتووە كە گۆڤاری هۆنیا بۆ پڕفرۆش كردنی گۆڤارەكەی كچانی كوردستان دیمانە دەكات و لەبەرگ دایاندەنێت. ئێمە وەك گۆڤاری هۆنیا بەهەموو شێوەیەك بەرپەرچی ئەم قسەیەی دەدەینەوە و دوورە لەڕاستییەوە. تەنها لەبەر زیاتر ناساندن و خزمەت كردن بەخانمانی كورد گرنگیان پێ دەدەین و ئەگەر چاوێك بە بەرگی گۆڤارەكەدا یان ناوەوەی گۆڤارەكەدا بخشێنیتەوە دەبینیت كە دانانی ئەم بەڕێزانە هیچ پەیوەندییەكی بەپڕفرۆشی گۆڤارەكەوە نییە، بۆیە دەڵێین باخان خان ئەم قسەیەی بەبێ رەچاوكردنی هیچ بنەمایەكی ئەخلاقی راگەیاندن كردووە. حەز دەكەین ئەوەش بیری باخان خان بهێنینەوە كە گۆڤاری هۆنیا، گۆڤارێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی و هونەریی گشتییە و ئێستا یەكێكە لەپڕفرۆشترین گۆڤارەكانی كوردستان، ئەمەش بەهەوڵ و ماندوو بوونی ستافی گۆڤارەكە بووە نەك بەدانانی وێنە، هەمیشەش وێنەی ئافرەت لەبەرگی گۆڤارەكە دانەنراوە و چەندین ژمارەمان هەبووە كە وێنەی پیاو و یان كوڕە هونەرمەندێك لەسەر بەرگ بووە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر فرۆش یان ئاستی خوێنەری گۆڤارەكە نەبووە، هەموو ئەو ئافرەتە كوردانەش كە لەبەرگی گۆڤارەكە دادەنرێن كەسوكاری ئێمەن و شایەنی خزمەت و رێز لێگرتنن نەك دانان بۆ پڕفرۆشی گۆڤار، دوای گوێگرتنەوەی تەواومان لەكاسێتی دەنگی دیدارەكەی باخان خان ئەوەمان بۆ دەركەوت كە باخان خان بە دەنگی تۆماركراو دەڵێت: حەز دەكەم ژیانی هاوسەری لەگەڵ كەسێك پێك بهێنم كە تێگەیشتنی وەك پیاوی كورد نەبێت. لەو كاتەی كە رۆژنامەنووسەكەی گۆڤاری هۆنیا لێی دەپرسێت: ئەگەر رۆژێك دەركەوت كەناڵی نالیا سەربە بەرپرس یان لایەنێكی سیاسییە، كاری تێدا دەكەیت؟ لەوەڵامدا باخان دەڵێت: بەڵێ كاری تێدا دەكەم.
ماوەتەوە بڵێین با باخان وەك خۆی داوای كردووە كە گۆڤاری هۆنیا روونكردنەوەی بۆی هەبێت و داوای لێبووردنی لێبكات، بەهیچ شێوەیەك ئێمە داوای لێبووردن لەو بێژەرە بەڕێزە ناكەین و تەواوی دیمانەكەیشی وەكو خۆی بەوپەڕی ئەمانەتەوە بڵاو كراوەتەوە و هەر كاتێكیش پێویست بكات دەنگەكەی بڵاو دەكەینەوە.
لەگەڵ رێزی ستافی گۆڤاری هۆنیا..
10/4/2012
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست