نامەیەك بۆ ئەنجوومەنی سەرای ئازادی لە سلێمانی..
Monday, 14/03/2011, 12:00
سەرنجێك: من نووسەرێكی ناسراوم زۆربەتان لە نزیكەوە دەمناسن، وەلێ لەبەر ترسی دژەتیرۆر ناتوانم ناوی خۆم ئاشكراكەم ، لەبەرئەوەی لەناو شارم چونكە ئەوان رێژوان و سوركێو و گەرمیانیان لە پشتەوە شەهیدكرد، ئامادەشن لە پشتەوە فیشەكێك بە منەوە بنێن، چونكە دەبینین ئەمانە چ دەسەڵاتێكی چەتەگەرییان بەرپاكردەوەو هەڕەشەی كوشتن لە نوسەران و چالاكوانانی مەدەنی و پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن دەكەن ..
*
پێتان دەڵێم ئایا دكتۆر بەرهەم ساڵح خۆی گێل دەكات، یان ئێوەو خەڵك بە گێل دەزانێ؟ ئەو راگەیەنراوەی 14/2 كە لە یانزە خاڵ پێكهاتووە، دوای كۆبوونەوەكەی جەلال تاڵەبانی دێت لەگەڵ حیزبەكەیدا هاتووه، كە دەیان هەڕەشەو گوڕەشە لەلایەن تاڵەبانیەوە كراوە دژ بەجەماوەری خۆپیشاندەر، بە تایبەتی ئێوەی خۆراگری سەرای ئازادی و، تەنانەت دوای ئەو كۆبوونەوەیە هێز هێنرا بۆ پەلاماردانی ئێوەو مەكۆی گۆڕان. تەنانەت حاكم قادر لە میدیاكانی ئۆپۆزسێۆن دانی بەوەدا ناوە كە تاڵەبانی داوای لە هێزەكانی ئاساییشی سلێمانی كردوە كە تووندو تیژیی بەكاربهێنن دژ بە خۆپیشاندەران . ئێدی ئەم یانزە خاڵە لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە ، ئەگەر فێڵێكی دیكەی تاڵەبانی نەبێت لە پێناوی بنەماڵەی كوردفرۆشی بارزانیدا؟! . بۆ یەكێك لەو خاڵانەی كە باسی كردوە دەستگیركردنی ئەوانەی خەڵكیان لەسلێمانی و گەرمیان شەهیدكرد ، دەڵێم ئێوە تەحدای بكەن ئەگەر بتوانێ ئەوانەی لقی چوار دەستگیر بكات، یان ئەوەی كە لە چەمچەماڵ گەرمیانیان شەهیدكرد كە چەكداری لقی 19ی پارتی بوو، یان ئەو پارتیانەی كە لە كەلار بیلالیان شەهید كرد! برادەرینە ئەم كابرایە لەسەرۆكی حیزبەكەیەوە فێری درۆ بووە كە خوای درۆیە. یان دكتۆر هەر خۆی نەبوو كە برٍیاری دەركرد كە هەرچی ماڵ و موڵكی گشتی هەیە بگەرێتەوە بۆ دەوڵەت، بەڵام بەقسەی ئاگاداران تا ئێستا ژوورێك نەگەڕاوەتەوە بۆ حكوومەت ، یان تەحدای بكەن ئەو دەتوانێ داوای سەری رەش بكات كە موڵكی دامەزراوی گەشت وگوزارە، یان مونتەجەعی دوكان كە سكرتێری حیزبەكەی داگیری كردوە؟ ئەو دەڵێ ئێوە بەشداربن لە دانیشتنەكانی پەرلەمان یان ببنە چاودێر بەسەر ئەدای حكومەتەوە! باشە لە خۆتان بپرسن ئۆپۆزسیۆن 35 كورسی لە پەرلەماندا هەیە تا ئێستا چەند بەقسەیان كردون؟ تا چ ڕادیەك دكتۆر بەرهەم قبووڵی بووە ئەم پەرلەمانتارانە چاودێر بن بەسەر كابینەكەی ئەوەوە؟ ئیدی بەچ ئەقڵێك ئەم قسە تووڕهاتانە دەكات؟ گەرچی ئەو یانزە خاڵە داوای هەنووكەی ئەنجوومەنی سەرای ئازادین، نەك داخوازیەكانی جەماوەری كوردستان، كە داوای هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و پەرلەمان و دەست لەكاركێشانەوە بەڕێزی دەكەن لە پۆستەكەی. گەرچ ئەم یانزە خاڵە راگەیەنراوە نەك بڕیاربێ، ئەو ئەگەر جورئەتی هەیە بابیكاتە بڕیار و بیبات بۆ لای مەسعود بزانە ئیمزای دەكات!!. حەزدەكەم بە ئێوەی بەڕێزی راگەیەنم ئەمە تەڵەیەكە جەڵال تاڵەبانی ناوێتیەوە، ئەگەربكەونە تەڵەكەوە ئەوا ئەوان سەركەوتوو دەبن ومیللەتیش كێشەكەی دەدۆڕێنێ ، ئەگەرنا تاڵەبانی خۆی ماتداوە بۆ كارەساتێك كە ئەنجامەكەی خۆی تێوەدەگلێت لە گەڵ حیزب و دەسەڵاتەكەیدا . بۆیە دەبێ وریای فێڵەكانی ئەو رێویە بن ، كە كاتی خۆی شەهید ئارام ووتبوی نەهێلن ئەو رێویە بێتەوە كوردستان چونكە كارەساتی بەدەستەوەیە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست